ململانێیەكان و بەرپرسیاریەتیەكان

2021-04-28

د، كامەران مەنتك


ململانێ بەشێكە لەسروشتی مرۆڤ، تاوەكو مرۆڤ هەبێت، بەرژەوەندیی جیاواز دەبێت، بەم پێیەش بۆچوون و روانگەی جیاواز بەرامبەر رووداوەكان و شێوازی دروستكردن و مامەلەكردن لەگەڵ رووداوەكان لەدایك دەبێت. بۆیە ململانێ لەسەر بەرژەوەندیەكان لەنێو هەموو كۆمەڵگایەكدا سیفەتێكی بەردەوامی هەیە، هەرچەندە لەسەر یەك ئاستدا گوزەر ناكەن و دەمیك چڕ دەبنەوەو تاوێكی تر بەنەرمی بەڕێوە بچن.

،،

ئەگەرچی ململانێكان زۆرجار مەترسیدار دێنە بەرچاو، بەڵام كرۆكی كێشەكان لە كرۆكی خودی ململانێیەكانەوە نیە، بەڵكو لەشێوازی ئیدارەدانی ململانێیەكانەوەیە!.

چونكە ئەوە شێوازە ئیدارەدانەیە، كە وا دەكات ململانێكان لەبەرژەوەندی كۆمەڵگا بشكێنەوەو ببنە هۆكاری گۆڕانگاری ئەرێنیانەو پێشووەچوون، یاخود ماڵوێرانی و كاولكاری لەگەڵ خۆیاندا بێننە ئارا.

كەواتە لەشێوازو چۆنیەتی ئیدارەدا
ململانێیەكاندا دەتوانین ئاستی هوشیاری و دنیا بینی كۆمەڵگاكان تێبگەین و بزانین لە چ قۆناغێكی مێژوویی خۆیدا دەژین. لەبەرئەوەی ململانێ پەیوەندیەكی پتەوی بە بەرپرسیاریەتی مێژووییەوە هەیە، هەركاتێك ململانێیەكان لەرێگای گەشەسەندنی سروشتی خۆیان لایاندا، یاخود كۆمەڵگا كەوتە قۆناغێكی مەترسیدارەوەو هەڕەشەی كەوتە سەر، ئەو كاتە رۆڵی بەرپرسیاریەتیەكە زەق دەبێتەوەو فاكتەری مانەوەو بەرژەوەندیە باڵاو زیندووەكانی كۆمەڵگا وا دەخوازێت هەندێك ململانێ بۆ ماوەیەك كەمبكرێنەوە یاخود سڕ بكرێن، تاوەكو قۆناغە مەترسیدارەكە تێدەپەڕێت.


تێگەیشتن لەبەرپرسیاریەتی بەشێوەكی تۆكمە بە پەروەردەو ئاستی رۆشنبیری تاكەكانەوە بەستراوەتەوە، بە واتایەكی تر پەیوەندی بەشێوازی گۆشكردن دروستكردنی كەسایەتی تاكەكانەوە هەیە، چەندەی تاكەكان هوشیارتر بن، زیاتر لە بەرپرسیاریەتیەكانی خۆیان تێدەگەن و سنووری ململانێیەكان دەزانن، بەپێچەوانەی ئەمەش هەر كاتێك كەسایەتیەكان لەو ئاستەدا نەبوون، ئەو كاتە رەچاوی بەرژەوەندیە نیشتمانی و نەتەوەییەكان ناكرێت هەر كەسەی ئاردی خۆی لە ئاشێك لێدەكات، ئەمەش جۆرە فەوزاریەك دێنێتە ئارا، لەكاتێكدا دەبێت رێز لەئیدارەدانی ململانێكان بگیرێت و هەموو تواناكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندیە باڵاكان كۆبكرێنەوەو یەكبخرێنەوە، كەچی لەجیاتی ئەمە وەك كورد دەڵێت پێ لە تەختەی چرووك دەنرێت و لەپەنای دروشمی زەق و بریقەدارەوە، راستیەكان دەشێوێنرێت و سەرچیخكردن و تێنەگەیشتن لە دۆخەكەو لەئاست نەبوونی بەرپرسیاریەتەكە، وەك تێگەیشتن و بەرپرسیاریەتی دەخرێتە بەرچاوی خەڵك.

بەداخەوە ئەمە رێك ئەو دۆخەیە، كە لەباشووری كوردستان دەگوزەرێت. لەكاتێكدا هەموو باشوور كەوتۆتە ژێر هەڕەشەی پۆستاڵی سوپای توركیا، لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت مریشك لە هێلكەیە یاخود هێلكە لەمریشكە

،،

میدیاكان لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدەن ئاڕاستەی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە یەكتر نزیك بكەنەوە، كار لەسەر زیاتر پەرتەوازەكردنی ئەو دوو هێزە دەكەن و بەشێوەیەك لەشێوەیەكان دەهۆڵی شەڕ دەكوتن.

میللەتی هوشیار دەبێت لەوە تێبگات ئەو هێرشەی توركیا راستە رووكەشدا دژی پارتی كرێكارانی كوردستانە، بەڵام بەراستەقینەدا دژی هەموو كوردەو بە پلەی یەكەمیش پارتی دیموكراتی كوردستان لێی زەرەمەندە، چونكە شەڕەكە لەناوچەی ئەو دەگوزەرێت و هیزەكانی توركیا نەك ئەو دەڤەرە، بەڵكو ئابڵووقەی خودی بارزانیشیان داوە، كەواتە ئەگەر توركیا باشووری كوردستان بە تەواوی داگیر بكات ئەوە یەكەمین جار تەواوی ناوچەكانی پارتی بەشێوەیەكی كردەیی داگیر دەكات، نەك بە تەنیا چەند بنكەو بنەگەیەك دابنێت!. بۆیە هەرچەندە ململانێكانی نێوان پارتی و پەكەكە چرو قووڵ بێت، خالە هاوبەشەكانیان، كە رەنگ بیت خالی بنەڕەتی مانەوەی ئەو دوو هیزە بێت، زۆر لە خالە جیاوازەكان گرنگترو ستراتیژیترە، هەردوو هێز دەبێت درك بەوە بكەن، جۆرە هاوسەنگیەكی هەستیار لەنێوان هەردولایان دروستكراوە بەشێوەیەك كەوتنی یەكیكیان دەبێتە هۆی كەوتنی ئەوەی تر. بۆیە پێویست دەكات لەو قۆناغە هەستیارەدا رۆلی تیگەیشتن لەبەرپرساریەتیەكان زیاتر زەقتر بكرێتەوەو هەموو لایەك لە ئاستی بەرپرسیاریەتیە مێژووییەكاندا دابن، هەرچۆنێك بێت دەبێت ململانێیە ناوخۆییەكان نەرمتر بكرێتەوەو پردی پەیوەندیەكان بەهێزتر بكرێت و هەموو هێزەكان بۆ بەرپەچدانەوەی هەڕەشە دەرەكیەكان كۆبكرێتەوە.

دەبێت تاكی كورد و ئەوانەی پێیان
دەگوترێت حزبی كوردی لەو قۆناغەدا هوشیارانەتر بیر بكەنەوە، دوژمنەكان بەكەم سەیر نەكەن و بەتەواوی لە ستراتیژی ئەوان تێبگەن، راستیەكی تاڵ هەیە پێویستە بینۆشن و دركی پێبكەن، ئەویش ئەوەیە توركیاو ئیران و سوریاو ئێراق، كە هەرچەندە ئەو دوو دەوڵەتەی دوایی لەناو شەڕدا دەژین و وا وینا دەكرێن، كە لەوانەی تر لاواز ترن، بەڵام دەبێت درك بەو راستیە بكەین، كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە بەهێزترین قۆناغی خۆییاندا دەژین!. ئێستا توركیاو ئێران بوونەتە دوو ئیمپراتۆریاو لەسەر تەختەی شانۆی نێودەوڵەتی جێگای خۆیان گرتووە.

سوریا وا خەریكە زیندوو دەكرێتەوەو دەسەڵاتی رژێمەكەی ئەسەد گەڕێنراوەتەوە بۆ بەشێكی زۆر وڵاتەكەی، ئەمە وادەكات رۆژئاوا لە مەترسیدا بێت و نۆرەی بۆ شەڕێكی گەورە گرتبێت.

،،

ئەوەی پەیوەندی بەئیراقەوە هەیە نابێت بەو فەوزایە رووكەشەوە فریو بخوێن، كە ئێستا ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، چونكە لەژێرەوە زۆر بەجدی كار بۆ بەهێزكردنەوەی ئێراق دەكرێت و سالانە بای ملیاران دۆلار چەك دەكڕێت

دەبێت چاوەروانی ئەوە بكەین، لەپڕ گۆڕانكاریەك رووبدات و سەدامێكی تر بهێنڕیتەوە سەر جڵەوی دەسەڵات، ئەو كاتە چاوەروانی هەلەبجەو ئەنفالی تر بین. بەكورتی دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە پێوستە لەو قۆناغە هەستیارو ترسناكەدا ئاوەزمەنداتر مامەڵە لەگەل ململانێكان بكەین و زیاتر لە بەرپرسیاریەتیەكە تیبگەین و هەموو توانایەك بۆ بەیەكەوە كۆكردنەوەی هێزە شەركەرو ركابەری كوردی بخەینە گەڕ.