سەرۆك كۆمار پلانێكی نوێی پێیە بۆ پاراستنی هەولێر

2021-04-30

پێشوازیكردن لە بەرهەم ساڵح، لە بەرزترین ئاستی ماڵە بارزان كۆتایی بەو ساردی و بێمتمانەییە هێنا كە كە لە ڕابردوودا هەبوو


سەرۆك كۆماری عێراق لەماوەی 48 كاتژمێری رابردودا لەگەڵ سێ‌ بارزانیەكەو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆبۆتەوەبۆتەوە.

پێشوازیكردن لە د.بەرهەم ساڵح، وەك سەرۆك كۆماری عێراق و كردنەوەی دەرگای هەولێر بەڕویدا و پێشوازیكردنی لەسەر بەرزترین ئاستی ماڵە بارزان، كۆتایی بەو ساردی و بێمتمانەییە هێنا كە ماوەیەكە لە نێوانی پارتی و بەرهەم ساڵحدا هەیە.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین،هۆكاری ئەو گۆڕانكاریە لە سیاسەتی پارتیدا بەرامبەر بە سەرۆك كۆمار بۆ هەریەكە لە هۆشیار زێباری و نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە
بەتایبەت دوای ئەوەی هۆشیار زێباری چەند جارێك چوەتە بەغدا و لەنزیكەوە ئاگاداری رۆڵی سەرۆك كۆمار بووە لە یەكخستنی گوتاری كوردی و بونی بە چەتری دیپلۆماسیەتی كورد لە بەغدا.

هۆشیار زێباری دوایكردووە پارتی سیاسەتی بەرامبەر سەرۆك كۆمار بگۆڕێت و وەك نوێنەری كورد و سەرۆكی تیمی كوردی لە بەغدا قبوڵی بكات و پشتیوانی بكات.

،،

بەبڕوای زێباری بەرهەم ساڵح لە سەرۆكایەتی كۆمار هەمان رۆڵی تاڵەبانی بینیوە و خاوەن پەیوەنددیەكی دیپلۆماسی فراوانە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش كەسایەتیەكی سیاسی ڕێزلێگیراوە.

لەهەموو ئەو كێشانەشدا كە لەبەغدا ڕویداوە سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی كۆمار رۆڵیكی گرنگ و میحوەریان گێراوە و بەبەردەوامی دیوەخانی كۆشكی سەلام جمەی دێت لە مێوانانی ناوخۆیی و بیانی و ترافیكی دیپلۆماسی لەسەرە.

لەهەمانكاتدا نێچیرڤان بارزانی كە لەماوەی رابردودا چووە بەغدا، بەرهەم ساڵح پێشوازیەكی شاهانەی لێكرد و تەمی ئەو ساردوسڕیەی ڕەوانەوە كە لەرابردودا لە نێوانیان دروستبووببو.

سەرۆك كۆمار پەیامێكی گرنگی پێیە؟

لەوانەیە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو پێشوازیەی بارزانیەكان پەیوەندی بە ناوەرۆكی ئەو پەیامەوە هەبێت كە سەرۆك كۆمار لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتبوو بۆ هەولێر.

ناوەرۆكی پەیامەكە بریتی بوو لە ڕێگەچارەیەكی ستراتیژی بۆ پاراستنی هەولێر و بەدورگرتنی لەو هێرشە تیرۆریستانەیەی كە ناوبەناو دەكرێنە سەری و ئەو ئەجێندا ترسناكانەی خەریكە هەولێر دەكەنە گۆڕەپانی جەنگێكی ئیقلیمگیر.

بەرهەم ساڵح، هاتۆتە هەولێر تا پێگەكەی وەك سەرۆك كۆمار و پەیوەندییە دیپلۆماسییە فراوانەكانی بخاتە خزمەتی پاراستنی ئاسایش و ئەزمونی هەرێمی كوردستانەوە. هەر ئەمەشە وایكردووە كە هەنگاوەكانی سەرۆك كۆمار بەلای مەسعود بارزانییەوە جێگەی ڕێز و پێزانین بێت.

،،

سەردانەكەی بەرهەم ساڵح بۆ هەولێر ڕێك دوای چەند ڕۆژێكی كەم لە سەردانەكەی جەواد زەریف دێت بۆ عێراق و كوردستان، زەریف دوای ئەوەی لە بەغدا بەرهەم ساڵحی بینی هاتە هەولێر و پەیامی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەولێر دەربری و پەیامی پراستنی هەولێری گەیاندە بارزانی.

ئێستا ئێرانیەكان لەدوای قاسمی سلێمانیەوە مامەڵەیەكی ئیجابیانەتر لەگەڵ سەرۆك كۆمارە كوردەكە دەكەن لە بەغدا و وازیان لە نیگەرانیەكانی جارانیان هێناوە بەرامبەر بەرهەم ساڵح، لەبری مامەڵەی ئەمنی خوازیاری مامەڵەی دیپلۆماسین لەگەڵ سەرۆك كۆمار. بەتایبەتی كە ڕۆڵی ئیجابیانەی سەرۆكە كوردەكەیان بینیوە لە هاوكێشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانی عێراق كە خوازیاری دورخستنەوەی عێراق و هەرێمە لە كێشە و دروستبونی جەنگی تیرۆر و تایەفی.

سەرەڕای ئەو ململانێیانەی لە ڕابردودا هەبووە لە كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆمار چ لەلایەن پارتیەوە كە هەمیشە خۆی بە بەدیلی بەرهەم ساڵح زانیووە و چ ئەوانەی لەناو حیزبەكەی بەبەردەوامی باڵۆنی كاندیدی بەدیلیان فڕێدراوە، بەڵام لەوانەیە ئێستا زۆركەس لەو راستیە گەیشتبێت بەدیلی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆكی كۆمار، هەر بەرهەم ساڵحە.


تەنانەت نوسەرێكى وه‌ك ئیبراهیم زوبه‌یدى  له‌ رۆژنامه‌ى ئه‌لعه‌ره‌بى چاپى له‌نده‌ن ده‌ڵێت: مۆدیلی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقیش گونجاوە. بەتایبەت كە بەرهەم ساڵح كەسێكی تایەفی و مەزهەبی نییە و وەك سەرۆكێكی لیبراڵ توانای كۆكردنەوەی جیاوازیەكانی بەدەوری خۆێدا هەیە.

ئەوەی بەلای بارزانییەوە جێگای خۆشحاڵی بووە رەواندنەوەی ئەو گومانانە بووە كە لەسەر بنەمای زانیاری ناراست بە چواردەوری بەرهەم ساڵحدا هەڵچنرابوون لەبارەی عێراقچێتی سەرۆك كۆمارەوە.

،،

 بەرهەم ساڵح بەرونی ستراتیژیەتی كوردستانی بونی خۆی بۆ بارزانی خستۆتە ڕوو، لە ڕێگەی میدیا فەرمیەكانی عێراقیشەوە بەرامبەر رای گشتی عێراقی شەرمی لە كوردبونی ناسنامەی و كوردستانی بونی بیركردنەوەی نەكردووە.

لە هەمانكاتدا بەرهەم ساڵح بەڕونی بە هەرسێ‌ بارزانیەكە و سەركردە و ئەمیندار وسەرۆكی یەكگرتوو كۆمەڵ و تەنانەت مەكتەبی سیاسی یەكێتیشی وتووە كە كورد لە هەڵبژاردنی ئایندەدا لەبەردەم تەحەداو هەڕەشەی مەترسیداردایە و ئەوەش پێویستی بە یەكخستنی نێوماڵی كوردی و یەكگوتاری كوردیی هەیە لە بەغدا و داوای لێكردوون كە كورد بە یەكەوە بۆ ئەو قۆناغە خۆی ئامادە بكات،بەرلەوەی ڕەشەبای گۆڕانکاریەکان لولی بکات.