كازمی دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران؟

2021-05-01

هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، كە لەسەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگیەكی زۆری پێدەدرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق بە دۆخێكی ناسەقامگیردا تێپەڕی.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، پێشبڕكێی پێشوەختە بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆك وەزیران دەستی پێكردووە، هەر لە ئێستاوە ڕەوتە سیاسیەكان وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان كردووە بە دروشمی سەرەكی خۆیان، بۆ نموونە ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، زۆر بە ڕاشكاوی باسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانیان كردووە.

،،

هەرچەندە ئەو هێزانەی كە باڵی سەربازییان نیە، باسیان لە وەرگرتنی پۆستەكە نەكردووە، بەڵام وەرگرتنی پۆستەكە، تەنها پەیوەست نابێت بە ڕێژەی كورسی پەرلەمانی، بەڵكو پەیوەست دەبێت بە هاوپەیمانێتی نێوان لایەنەكان و دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی

لەو میانەیەدا زانیارییە دزە پێكراوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كە بژاردەی دانانەوەی مستەفا كازمی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی وەزیران، ئەگەرێكی دوور نیە، بەتایبەت كە زۆرێك لەلایەنە شیعیەكان ڕێگری لێناكەن و كوردیش كازمی بە دۆستی خۆی دەزانێت.
وا دیارە هەوڵەكانی عێراق، بەتایبەت دواین هەوڵی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ یەكخستنی لایەنە جیاوازەكان، گرنگی زیاتری ئەم هەڵبژاردنە دەربخات.


خۆكاندید نەكردنەوەی كازمی و ئەگەری دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران:

مستەفا كازمی ڕایگەیاند كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكان ناكات، هەروەها پارتی " المرحلە" كە پشتگیری دەكرد، لە بەشداری كردنی هەڵبژاردنەكان كشایەوە، ئەم هەڵوێستە خاڵێكە چەندین لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، هەندێك لە چاودێران پێیانوایە كە ئەمە هەنگاوێكی پێشوەختەیە بۆ كۆمەڵێك حساباتی نوێ، لەوەیە لەم هەنگاوەدا دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش بەشداربن و رۆڵێكی سەرەكی لە دانانەوەی كازمی ببینن، بەڵام چاودێرانی دیكە، پێیان وایە ئەم كشانەوەیە لە ژێر فشاری هاوپەیمانێتی " فەتح" و " سائرون" بووە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو لایەنانە دوور بخەنەوە كە نەخشەی هەڵبژاردنی شیعەكان تێكدەدەن.

رۆڵ و پشتگیری وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی بۆ فەرمانڕەوایەتی عێراق دوای هەڵبژاردنەكان، وا دیارە تەواو ڕوون و ئاشكرایە، بەتایبەت دوای ئەوەی كە كازمی هەوڵێكی زۆریدا، كە عیراق پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ ریاز و تاران هەبێت و كرانەوەیەكی باشی بەخۆیەوە بینی، هەروەها وەك نێوەندگیریش لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەركەوت، بۆیە زۆر نزیكە هەردوو وڵات " سعودیە و ئێران" پشتگیری لە دووبارە كاندید كردنەوەی مستەفا كازمی بكەن.


كارتی فشار و پڕو پاگەندەی پێشوەختە:

هەرچەندە لایەنە سیاسیەكان چەندین جار باسیان لەوە كردووە، كە مەرجیان بۆ هاوپەیمانێتی داهاتوویان ئەوەیە، كە كورسی سەرۆك وەزیران بۆ خۆیان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها وەك كارتێكی فشاری پێشوەختەیە، سیاسیەكان پێش مێزی دانوستان داوای زۆر دەكەن، بۆ ئەوەی بە سودێكی زۆرەوە بێنە دەرەوە، ئەمە داواكارییە پێشوەختەیە بۆ چۆنیەتی دابەش كردنی پۆستەكانی كابینەی داهاتووە، نەك یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكی حكومەت.
دیاری فەیلی لە لێدوانێكیدا بۆ "Independent" پێی وایە، كە " هاوسەنگی سیاسی كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دێتە كایەوە، ناتوانرێت پێشبینی بكرێت".
دەشڵێت:

،،

" پێكهێنانی دەسەڵاتی داهاتوو، بە دوو لایەن كاریگەر دەبێت، یەكەمیان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانە، كە هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە لە چ لایەنێكەوە نزیكن، دووەمیشیان كاریگەری هەرێمی و نێودەوڵەتیە، كە دوای جوڵەكانی كازمی بەتایبەت لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە، دووبارە بەهێزەوە گەڕایەوە".


پشتگیری لە ناڕەزایەتی جەماوەر و وەبەرهێنان لەو ناڕەزایەتیانە، رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لەوەی كە كێ دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران، واتە پشتگیری لە داوای جەماوەری ناڕەزایی، ڕێگایەكی سەرەكیە بۆ گەیشتن بە كورسی سەرۆك وەزیران، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شەقامی ناڕەزایی عیراق متمانەی بە زۆرێك لەسەركردەكان نەماوە، بە واتایەكی دیكە، مەرج نیە هەرلایەن و سەركردەیەكی پشتگیری كردن، شەقام متمانەی پێبدات.


لێكتێگەیشتن و ترس لە كەمی بەشداری هەڵبژاردنەكان:

لەوەیە ترسی لایەنە سیاسیەكان وابكات، كە زوو بگەنە ڕێك كەوتن، بەتایبەت كە زۆرینەی كوتلە سیاسیەكان ترسێكی زۆریان لە كەمی بەشداری دەنگدەران هەیە، چونكە ڕێژەی كەمی بەشداری هاوڵاتیان، وا دەكات جارێكی دیكە شەقامی عیراق ئاڵۆز ببێتەوە و شەقامەكان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كۆنترۆڵ بكرێت.
هەیسەم هیتی مامۆستای زانستە سیاسیەكان لەو باوەڕەدایە كە"دانانی نەخشەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەكان، لە ئێستاوە دەستی پێكردوە، بەتایبەت لەلایەن لایەنە سەرەكیەكانی موعادەلەی دەسەڵاتەوە، كشانەوەی كازمی لە هەڵبژاردنەكان بەشێكە لەو موعادەلەیە".

بە دوور نازانرێت كە، كازمی جارێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكرێتەوە، بەتایبەت كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەشێك لەلایەنە سیاسیەكان هەیە، لەوانە ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندیەكی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی سعودیە و ئێران و ئەمریكا هەیە، بەڵام ئەگەرێكی دیكە پەیوەستە بە كاندید كردنەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق بۆ پۆستەكە،

،،

بەڵام ئەگەر بێت و ڕكابەری بكەوێتە نێوان عەبادی و كازمی، ئەوە زۆر نزیكە كازمی پۆستەكە وەربگرێت، چونكە كازمی پشتگیری كورد و سەدر و ئەمریكا و سعودیە و تەنانەت ئێرانیشی هەیە.


ماوەتەوە بڵێین، نەخشەی داهاتووی سیاسی لەعیراق، ئاڵۆزەو پەیوەستە بە چەندین ئەگەری ناوخۆیی و دەرەكی، ئەگەر هات و ژمارەیەكی بەرچاوی دەنگدەران بەشداریان لە هەڵبژاردنەكان كرد و كەمترین ساختەكاری تێدا كرا، ئەوە فراكسیۆنە گەورەكان دەتوانن مەرجەكانی خۆیان بسەپێنن، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بوو، كە ئەمەیان ئەگەرێكی نزیكترە، ئەوە لایەنە سیاسیەكان دەكەونە ماڵا و ماڵ و لە ماڵی سەركردەكان ڕێكەوتن دەكەن و لە پەرلەمان بەرگێكی یاسایی لەبەردەكەن.