بە بۆنەی رۆژی جیهانی قودسەوە: پرۆژەیەكی دیموكراسی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی فەلەستین

2021-05-05

مەهدی شوشتەری
سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی

مزگەوتی ئەقسا، یەكەمین قیبلەی موسوڵمانانی جیهانە كە چەندین دەیەیە لە چنگی زایۆنیزم دا یەخسیر كراوە. لە سەرەتای داگیركاری قودس و فەلەستینەوە، خەڵكی فەلەستین، موسوڵمانان و ئازادی خوازانی جیهان بەرهەڵستی ئەو كارەیان كردووە و لە ئاست كردەوە داگیركاری و دوژمنكاریەكانی رژێمی زایۆنی بەرگریان كردووە. لە دەستپێكی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە تاكو ئێستا، دۆزی فەلەستین و پێویستی پشتگیری كردنی گەلی ستەملێكراوی فەلەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لە دژی داگیركاری و دوژمنكاری لە بنەما حاشاهەڵنەگرەكانی سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە؛ لەم چوارچێوەیەدا دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ر.ع) بۆ راكێشانی سەرنجی كۆمەڵگەی جیهان لەمەڕ چارەنوسی قودس و رزگاركردنی فەلەستین لە چنگی رژێمی تاوانكاری زایۆنیزم، تەنها چەند مانگ پاش سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، كۆتا هەینی مانگی پیرۆزی رەمەزانی وەك "رۆژی جیهانی قودس" ناولێنا بۆ ئەوەی زەمینەی یەكێتی موسوڵمان و تەواوی ئازادی خوازانی جیهان لە ئاست مافە یاسایی و مرۆڤایەتیەكانی گەلی فەلەستین دەستەبەر بكات و رۆژی قودسی نە تەنها بە رۆژی فەلەستین بەڵكو بە رۆژی ئیسلام ناوزەد كرد.

،،

قەیرانی 73 ساڵەی داگیركاری و زەوت كردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەكردنی ملیۆنان فەلەستینی لەسەر خاكی باوباپیری خۆیان و دیدگای دوژمنكارانە و تاوانكارانەی رژێمی داگیركاری زایۆنی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا، قەیرانی فەلەستینی كردووە بە بەردەوام ترین و درێژترین و خەمناكترین قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

بە رەچاوكردنی ئەزمونە قورسە بەدەستهاتووەكان لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا و روبەڕووبونەوەی ئەم راستیە تاڵەی كە رژێمی زایۆنی پابەندی هیچ ڕێگەچارەیەكی سیاسی لەسەر بنەمای مافە لەكیسچووەكانی گەلی فەلەستین و چارەسەری بنەڕەتی ئەم قەیرانە نییە، زۆرینەی خەڵك و گروپە فەلەستینیەكان بژاردەی بەرگریان هەڵبژاردووە كە لە بنەما بنەرەتیەكانی مافە نێودەوڵەتیەكانە. ئەوان بەرگری هەمەلایەنە تا هەڵگرتنی تەواوەتی داگیركاری سەرزەمینەكانی فەلەسەتین و پێكهێنانی حكومەتی یەكپارچەی فەلەستین كە پایتەختەكەی قودسی شەریفە، بە تاكە رێگەی بەردەم خۆیان دەزانن.


تەواوی گفتوگۆكان و ئەو پڕۆژانەی كە بۆ ئاشتی و چارەسەركردنی ئەو قەیرانە لە ماوەی چەند دەیەی كۆتایی دا پێشكەش كراون، بەهۆی رەچاونەكردنی ریشە بنەرەتیەكانی قەیرانەكە، پابەندنەبوونی رژێمی زایۆنی بە هەرجۆرە هەوڵێكی ئاشتی خوازانە بەهۆی ماهیەتی پشت ئەستور بە دوژمنكاری، داگیركاری و فراوانخوازیەكانی ئەم رژێمە و هەروەها پشتگیری ئاشكرای دەسەڵاتە گەورەكان و ناوبژیوانە رۆژئاواییەكان لە رژێمی زایۆنی، لەبارچووە و شكستی خواردووە. پڕۆژە و پێشنیارەكان دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە ڕەچاوی ریشەكانی قەیرانەكە بدات. داگیركردنی سەرزەمینی فەلەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەلەستینی و بەردەوامی كردەوە توندئاژۆ و رۆژانەكانی رژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستین كۆمەڵێكن لە ریشە و هۆكارەكانی بەردەوامبوونی قەیرانی فەلەستین. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە تەنیشت رەچاوكردنی ریشەكانی قەیرانەكە، دەبوو بە شێوەی شێلگیرانە میكانیزمێكی گونجاو بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامی كردەوە تاوانكاریەكان و تیرۆریزمی رێكخراو و حكومی رژێمی زایۆنی لە دژی فەلەستینیەكان ئامادە بكات. تا كاتێك ئیسرائیل ئەو هەستەی هەیە كە هەر جۆرە كردەوەیەك لە دژی فەلەستینیەكان و گەلانی ناوچەكە بەبێ سزا دەمێنێتەوە، هیچ گەرەنتیەك بۆ وەستانی ئەم كردەوانە بوونی نابێت.

،،

هەروەها بۆ گەرەنتیكردنی رێگەچارەیەكی شایەنی جێبەجێ كردن بۆ قەیرانی فەلەستین، رۆژئاوا و لە سەرویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبوو كۆتایی بهێنێت بە پشتگیری كردنی تاكلایەنە لە رژێمی زایۆنی كە لە ماوەی حەوت دەیەی رابردوودا ئەنجامی داوە.


لە تەواوی پرۆژە پێشكەش كراوەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی داگیركاری فەلەستین بچوكترین ئاماژە بە جێبەجێ كردنی مافی بنەڕەتی چارەی خۆنوسین بۆ خەڵكی فەلەستین نەكراوە. لەسەر ئەم بنەمایە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەیەكی چوار مادەیی لەمەڕ چارەسەری قەیرانی فەلەستین لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە نێوان فەلەستینیەكان ئامادەكردووە و خستووەتەڕوو كە بەپێی بنەمای دیموكراسی و مافە نێودەوڵەتیەكان لە لایەن تەواوی وڵاتان و گەلانەوە بە تایبەت مافی دانپێدانراوی چارەی خۆنوسین پەسەندكراوە و لە سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دا بە فەرمی تۆماركراوە. ئێمە بڕوامان وایە ئەم پڕۆژەیە ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاوە لە بەرامبەر پڕۆژە شكستخواردوەكانی پێشوودا.

ئەم پڕۆژەیە لە خۆگرتەی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
1- جێبەجێ كردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەكان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان؛
2- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵكی ڕەسەنی فەڵەستین كە لە پێش بەیاننامەی بیلفۆر لە فەلەستین دا نیشتەجێ بوون؛ لەخۆگرتەی شوێنكەوتووانی هەموو دینەكان (موسوڵمان، یەهودی و مەسیحیەكان) بەمەبەستی دیاریكردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستەمی سیاسی؛
3- پێكهێنانی سیستەمی سیاسی جێگەی خواستی زۆرینەی خەڵكی فەڵەستین؛
4- بڕیاردان لەسەر بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستەمی سیاسی هەڵبژێردراوی زۆرینەوە.