تورکیا دەیەوێت چی بکات؟

2021-05-09

گۆڕانێكی جۆری لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا دەستی پێكردەوە، كە بە ئاڕاستەی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ وڵاتانی جیهان.
لە رۆژهەڵات دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر ئاسایی بكاتەوە، لە ڕۆژئاواش بە ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپایە، كە ماوەیەكی زۆرە گرژی لە پەیوەندییەكانیاندا بوونی هەیە، هاوكات توركیا دەیەوێت دیواری پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارەی جۆبایدن بشكێنێت و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دروست بكات و هەڵوێیستەكانی ئەمریكا بگۆڕێت، ئەم هەنگاوانەی توركیا چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە چی وای كرد وا بە خێرایی لە ململانێی و دوژمنایەتی بۆ هاریكاری و دۆستایەتی هەنگاو بنێت، چی ڕوویداوە و ئەنكەرە هەستی پێكردووە؟.

ئێستا ئەنكەرە دەیەوێت باز بەسەر ناكۆكیەكان هەڵبدات، كە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی ڕووداوەكانی ناسراو بە " بەهاری عەرەبی"سەریان هەڵداوە، كە فەرمانڕەوای وڵاتانی گۆڕی و سیاسەتی توركیاشی لە نەرمەوە بۆ دەستوەردان و پاشان بۆ دەستوەردانی سەربازی لە سوریا و لیبیا و هەرێمی كوردستان گۆڕی، ئەمە جگە لەوەی هێزە هەرێمیەكانی دیكەش هاتنە ناو قەیرانەكە و قەیرانێكی قوڵتری بۆ هەموو لایەك لە ناوچەكە دروست كرد.

،،

سیاسەتەكانی توركیا بووە هۆی ئەوەی كە خۆی گۆشەگیر بكات، لەبری ئەوەی " كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سفر بكاتەوە

پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان سفر كردەوە، ئێستاش دەیەوێت ئەو هەڵەیەی كردی چاكی بكاتەوە و بە هەموو ئاراستەكان هەنگاوە گوفتاری و كردارییەكانی دەست پێكردووە.

گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوا:

پێش كۆتایی ساڵی 2020، سیاسەتی دەرەوەی توركیا بە ئاڕاستەی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بوو، بەرپرسانی توركیا چەندین لێدوانی ئەرێنیان بە ئاراستەی وڵاتانی ئەورپا دركاند، كە هەموو لێدوانەكان بە ئاشكرا ویستی توركیای بۆ باش كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا نیشاندەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو داوای كردنەوەی دەرگاكانی ئاشتی و كەناڵە دیپلۆماسیەكانی كرد، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە سەرجەم كێشەكان بە خێرایی چارەسەر بكرێن، ئەردۆگان وتی" ئێمە هیچ ڕەتكردنەوەیەكی نهێنی و ئاشكرامان نیە،یان دوژنمداری و حساباتی ناڕوونمان دژی هیچ كەسێك نیە، بەو پەڕی خۆشەویستی و ڕاستگۆییەوە، داوا لە گشت لایەك دەكەین كە پێكەوە كار بكەین بۆ بنیاتنانی قۆناغێكی نوێ لە چوارچێوەی سەقامگیری و ئاسایش و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە یەكتری".
هەروەها لە لوتكەی ئەوروپاش كە لە كانوونی یەكەم بەڕێوەچوو، توركیا چەندین لێدوانی بۆ هەڵدانەوەیەكی پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئەوروپا دا، هەروەها ئەردۆگانیش وتی :"ئەوروپا داهاتووی توركیایە"،بەڵام برۆكسل داوای لە توركیا كرد، ئەم قسانە بە كردەوە بسەلمێنێت، هەروەها مەرجی لەسەر توركیا دانا، كە كۆتایی بە ناكۆكیەكانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس بهێنێت، هەرچەندە توركیا ڕاستەوخۆ پابەندبوونی بەو كۆتایی هێنانی كێشەكە نیشاندا، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا هێشتا لە كردەوە و مەبەستەكانی توركیا گومانیان هەیە.

گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات:

لەلایەكی دیكەوە، هەڵبژاردنی جۆبایدن بە سەرۆكی ئەمریكا، پاڵنەر و هۆكارێك بوو، بۆ ئەوەی فشار لەسەر توركیا دروست ببێت و سیاسەتی دەرەكی خۆی بگۆڕێت، چونكە پێشتریش جۆبایدن پاڵپشتی لە سیاسەتێكی توند دژ بە ئەردۆگان و توركیا كردوە، خۆیشی بەشێك بووە لەو سیاسەتە و لە ڕووی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە، فشارێكی زۆری لەسەر توركیا كردوە،هەموو ئەمانە وای لە ئەنكەرە كردووە، كە بە جدی بیر لە كۆتایی هێنانی كێشەكان بكاتەوە و كێشە هەرێمیەكان چارەسەر بكات، بۆ ئەم مەبەستەش بە جدی هەوڵێكی زۆری بۆ باش كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر دا،هەروەها هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات دا،بۆ ئەمەش وەبەرهێنانی لە بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ هەرسێ وڵاتی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین كرد،

،،

هەروەها بۆ باش كردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ میسر، قوربانی بە " ئیخوان موسلمین"دا

كە لە ساڵی 2013ەوە پشتگیری لەو بزوتنەوەیە دەكات، بەهۆیەوە زیانێكی زۆری لە بەرژەوەندییەكانی توركیا داوە و توركیای ڕووبەڕووی گۆشەگیری هەرێمی كردبوویەوە.

كردنەوەی كەناڵی دیپلۆماسی:

ماوەی سێ ساڵە توركیا باس لە گرنگی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر دەكات، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی لێدوان تێپەڕی نەكردبوو، دواتر توركیا بە كردەوە هەنگاوی بۆ باش كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ریاز و ئەبو زەبی نا، هەروەها بە ئاراستەی ئیسرائیلیش رۆیشت.
رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممەی هەفتەی رابردوو، وەفدێكی توركیا بەسەرۆكایەتی سعاجات ئاوناڵ جێگری وەزیری دەرەوە سەردانی قاهیرەی كرد، كە ئەمەش یەكەم سەردانی بەرپرسانی توركیا بوو، دوای 8 ساڵ لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
لەو سەردانەدا، وەفدی توركیا چاوی بە حەمدی سەند لۆزا جێگری وەزیری دەرەوەی میسر كەوت، سەرچاوەكانیش ڕایانگەیاند توركیا تەنها مەبەستی باشكردنەوەی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ میسردا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، حكومەتی توركیا ڕێنماییەكی بۆ كەناڵەكانی سەر بە ئیخوان موسلمین دەركرد، كە هێرشەكانیان بۆ سەر میسر و سەرۆك عەبدولفتاح سیسی ڕابگرن، هەروەها دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی میسر نەكەن،ئەمە جگە لەوەی هۆشداری بە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دا، كە لێدوانی توندڕەوانە دژ بە میسر نەدەن.
توركیا بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر، هیچ مەرجێكی پێشوەختەی نیە، بە پشت بەستن بە بنەما نێودەوڵەتیەكان دەیەوێت پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە.

توركیا دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، هەمان كار بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵیاندا ئاسایی بكاتەوە، كۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنێت، كە هەر خۆی دروستی كردووە.

بۆچی سیاسەتی توركیا گۆڕانكاری بەسەردا هات؟

ئەم گۆڕانكارییە خێراییە لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا، بەهۆی چەندین هۆكاری گرنگەوە بووە، كە بریتین لە هاتنی جۆبایدن بۆ سەر دەسەڵات و فشار لەسەر توركیا، بەوەی ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت، هەروەها ئەمریكا سیاسەتی پشتگوێ خستن دژ بە توركیا پەیڕەو دەكات، هەروەها قەیرانی ئابووری تەنگی بە توركیا هەڵچنیوە، كە لەساڵی 2018ەوە بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتوە و وەبەرهێنەرانی بیانی بە كۆمەڵ ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن،بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت خۆی و توركیا لەو قەیرانە قورسە ڕزگار بكات، پێش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هاوینی 2023 بەڕێوەبچێت.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم سیاسەتی توركیا تەنها مانۆڕێكە و گۆڕانە لە ئسلوبی، واتە هیچ گۆڕانكارییەك لە ئامانجە ستراتیژییەكانی نەهاتۆتەدی،دەیەوێت بەجۆرێكی دیكە سیاسەتە كۆنەكانی جێبەجێ بكات، كە ئەوان " بە عوسمانی نوێ" ناوزەندی دەكەن.