بۆچی قودس زۆر هەستیارە؟

2021-05-11

بەشی قودسی رۆژهەڵات، شەوانی ڕەمەزان شەڕو پێكدادان بەخۆیەوە دەبینێت، كە ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان فەلەستینیەكان لەلایەك و پۆلیسی ئیسرائیلی لەلایەكی دیكە ڕوودەدات.
هۆكاری ئەم شەڕو پێكدادانە و قەبارەی ناڕەزایەتیەكان پەیوەستە بەلایەنی ئاینی و خاك و سیاسەتەوە، بەڵام ناوەخنی ململانێ نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینەكان لەسەر خودی شارەكەیە، كە لەیەك كاتدا شوێنێكی پیرۆزی مسوڵمانان و مەسیحی و جولەکەكانیشە، هەر ئەمەش وایكردووە، كە قودس هەمیشە لە ململانێی و ناكۆكیدا بژێت و هەر لایە و بە موڵكی خۆی بزانێت.

ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارە كەی دەستی پێكرد؟

وا بڕیارە دادگای باڵای ئیسرائیل، دانیشتنێك بۆ چاوخشاندنەوە بە كەیسی دەركراوەكانی فەلەستین بكات، كە بە ناحەق لە ماڵەكانی خۆیان لە گەڕەكی " الشیخ جراح" دەركراون، كە گەڕەكێكی نزیك لە " باب العامود"ـە، ئەو ماڵانە دراون بە جولەكەكان هاوردەكان.
بە كرداری جولەكان هێنراون بۆ شەقامی " المقصود" كە دیواریان بە دیواری ماڵە فەلەستینەكانەوەیە، ئەو فەلەستینیانەی كە لە ماڵەكانیان دەردەكرێن.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنەكە، فەلەستینی و ئیسرائیلیەكان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی كرد

،،

فەلەستینیەكان دەركردنیان ڕەت دەكەنەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو كارە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تەواوی گەڕەكەكە دەبێت، كە زۆرینەی لە فەلەستیەكان پێكدێت.


هەروەها گەڕەكی " الشیخ جراح" شوێنێكە كە جولەكەكان بەشوێنی پیرۆزی خۆیانی دەزانن، بەو پێیەی گۆڕی " حاخام سمعان"ی تێدایە،بۆیە جولەكەكان بەردەوام سەردانی ئەم گەڕەكە دەكەن، بەهۆیەوە هەمیشە شوێنی شەڕ و ناكۆكی نێوان دانیشتوانە فەلەستینیەكان و جولەكەكانە.

دادگاكە پێشتر بڕیاری داوە، كە قودسی ڕۆژهەڵاتكە ناوچەی جێناكۆكە لە پێش ساڵی (1948)ەوە، شوێنی جولەكەكان بووە، ئەم كەیشە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی گرنگیەكی زۆری پێدرا، هەروەها ڕەخنەی توندیش لە نیشتەجێ كردنی جووەكان گیرا.

دوای ئەوە چی ڕوویدا؟

دانیشتنی دادگا لەسەر پرسی چۆڵ كردنی گەڕەكەكە دواخرا، بۆ ئەوەی ناكۆكیەكان چارەسەر بكرێت و كاتێكی زیاتر بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە دابنرێت، هەروەها كاتێكی دیكە لە دوای ڕەمەزان بۆ دانیشتنی دادگا دیاری بكرێت، كە نابێت لە 30 رۆژ تێپەڕ بكات.
رۆژی دووشەممە رۆژی قودسە، كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی داگیركردنی قودسی رۆژهەڵات لەلایەن ئیسرائیلەوە، كە لە جەنگی ساڵی 1967 داگیری كرد، بەشێوەیەكی گشتی ئەو ڕووداوە لەلایەن ئیسرائیلیەكانەوە یاد دەكرێتەوە، پۆل پۆل جووە توندڕەوەكان سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی دەكەن، كە بێگومان ئەمەش دەبێتە خاڵی هەڵگیرسانی ململانێ و پێكدادان.

بۆچی قودس زۆر هەستیارە؟

لەناو قودسدا گردێك هەیە، كە لای جووەكان زۆر پیرۆزە و بە " چیای هەیكەل" ناسراوە، پیرۆزترین شوێنی جووەكانە، جووەكان لە كۆندا لەو شوێنە پەرستشەكانی خۆیان ئەنجامدەدا، هەروەها دوای كەعبەی پیرۆز، دوو پیرۆزترین شوێنی مسوڵمانانی لێیە، كە " قبە الصخر" و " مزگەوتی ئەقسایە".
هاوكات مەسیحیەكانیش شارۆچكەیەكی تایبەت بەخۆیان هەیە، كە بە پیرۆزترینی دەزانن و پێیان وایە، ئەوە شوێنی ئامۆژگاری و هاتنی حەزرەتی مەسیحە( درودی خوای لەسەر بێت).
كێشەكە هەر بەوە كۆتایی نایەت، بەڵكو

،،

ئیسرائیل قودس بە پایتەختی هەمیشەیی خۆی دەزانێت، لە بەرامبەریشدا فەلەستینیەكان بە پایتەختی دەوڵەتی داهاتووی خۆیان دەزانن.

غەزە بۆچی؟

بزووتنەوەی حەماس لە ساڵی (2007)ەوە، بەكارهێنانی چەك و ڕووبەڕووبونەوەی لە كەرتی غەزە كردووە بە پلان و بەرنامەی ستراتیژی خۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئیسرائیل، ئەمە وای كردووە، كە ببێتە شوێنێكی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی حەماس هەمیشە هێرشی بكاتە سەر.
غەزە بۆ حەماس پێگەیەكی باش و گونجاوە، چونكە ڕاستە دەكرێت لەدەرەوە گەمارۆ بدرێت(بەهۆی بچووكی رووبەرییەوە)،بەڵام قورسە لەناوەوە داگیر بكرێت(بەهۆی زۆری دانیشتوانەكەیەوە، كە ئەمەش تەواو پێچەوانەی كەرتی خۆرئاوایە، كە قورسە لەدەرەوە گەمارۆ بدرێت، هۆكارێكی دیكە ئەوەیە، كە زۆر دوورە ئیسرائیل هێرشی زەمینی بكاتە سەر غەزە، چونكە لەبەرژەوەندیدا نیە، كە غەزە داگیر بكات، بۆیە تەنها پشت بە هێرشی ئاسمانی دەبەستێت،بەم شێوەزەش حەماس بە موشەك هێرش دەكات و ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دەداتەوە، یان بە پێچەوانەوە.


دواین پەرەسەندنەكان:

ئەمڕۆ حەماس هەڕەشەی وەڵامی توندی لە ئیسرائیل كرد، هەروەها كەمێك لەمەوپێش لە كەرتی غەزە نزیكەی 40 موشەكی ئاراستەی ئەو وڵاتە كرد، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی موشەكانی حەماسی دایە و چەند پێگەیەكی لە غەزە بۆردومان كرد، كە بەپێی راگەیاندنەكان نۆ كەس كوژراون، كە دوانیان منداڵن.
حەماس بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكیەكە ڕاگەیاند، هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەمە لە وەڵامی تاوانەكانی ئیسرائیلە لە مزگەوتی ئەقسە و گەڕەكی شێخ جەراح.
هێرشی حەماس و ئیسرائیل دژ بەیەك لە پەرەسەندنی بەردوامدایە، تاكو ئێستاش جگە لە دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، بە كردەوە هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەكان نیە.