لە بابەت فەلەستیندا، قورئان و تەورات یەک ڕایان هەیە.

2021-05-11

ئیسماعیل حەمە


ئەوەی دەیان ساڵە لەو سەرزەمینە دەگوزەرێت و خوێنی ده‌یان هه‌زار كه‌سی لەسەر ڕژاوە هه‌ریه‌ك له‌و به‌ره‌ ناكۆكانه (عه‌ره‌ب / ئیسرائیل)‌ دەیان فاکت و هۆکاریان بۆ ئه‌و خوێن ڕشتنه‌ خستووه‌ته‌ ڕوو. ئەگەر بەشێوەیەکی دوور لە دەمارگیری ئاینی و قەومی، سەیری ئەوباتە بكه‌ین، دەبینین لە دووهۆکار بەدەرنییە، یان ئەوەیە ئەم بابەتە سیاسییە و بەسیاسی کراوە، هه‌روه‌ك چۆن لەزۆربەی وڵاتان ئەمریکا و زلهێزەکان بۆ قایمکردنی جێپێی خۆیان، زەوی كێشه‌ له‌سه‌ر (متنازع علیها)یان دروست کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ چاویان له‌ چاره‌سه‌ری ئه‌وان بێ. بە هەمان شێوە فه‌له‌ستینیش هاوشیوەی سۆدان و عێراق و ئەرمینیا و...تد. ئەم کێشەیەیان دروستکردووە و دەیان ساڵە ئەم دوونەتەوە لەسەر ئەو سەرزەمینە شەڕەدەنوکیانه‌ و نەوەدوای نەوە یەکتری لەسەر دەبڕنەوە، ئەمە جگە لەوەی خودی هێزە ناخۆییەکانی هەردوونەتەوەی عەرەب و ئیسرائیلیش کێشە و گرفتیان هەیە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە..


بەڵام ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌ دیوی ئاینی مه‌سه‌له‌كه‌یه به‌ پشتبه‌ستن به‌ هه‌ردوو ده‌قی پیرۆزی (قورئان) و (ته‌وارت/ په‌یمانی كۆن - عهد القدیم). له‌م دوو كتێبه‌ ئاسمانییه‌دا بە ئاشکرا خاوەندارێتی ئەم سەرزەمینە یەکلاکراوەتەوە و دراوه‌ به‌ نەوەکانی (بەنی ئیسرائیل). بۆنمونە: ئایەتی (21) لە سورەتی (المائیدة) دەڵێت (يَا قَوْمِ ادْخُلُوا الْأَرْضَ الْمُقَدَّسَةَ الَّتِي كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَلَا تَرْتَدُّوا عَلَىٰ أَدْبَارِكُمْ فَتَنقَلِبُوا خَاسِرِينَ) ڕاڤه‌كارانی دیاری قورئان هه‌ریه‌ك له‌ ئیبن كه‌سیر و ڕازی و ڕای هەریەکە لە قەتادە و موجاهید و عکرما و سوددی، وایە: كه‌ ئەم زەوییە واتە: (فه‌له‌ستین) هه‌ر له‌ (لەوحل مه‌حفوز)دا نوسراوە: (بۆ نەوەی ئیسرائیلە)، لەبارەی ئەوناوچانەی کە پێیان دەوترێت (الارض المقدسة). ئیبن عباس و سودی و ئیبن زید بڕوایان وایە: کە دیمەشق و فه‌له‌ستین هەندێک خاکی ئۆردنە، قەتادە وتویەتی کێوی طورو دەوروبەریەتی.


هەروەها لەئایەتی (59)ی سورەتی (شوعەراء) دەفەرموێت (كَذَٰلِكَ وَأَوْرَثْنَاهَا بَنِي إِسْرَائِيلَ) واتە:

،،

نەوەدوای نەوە بەمیرات دراوە بە بەنی ئیسرائیل.


هەروەها بە بەنی ئیسرائل دەفەرموێت: (وَیَسْتَخْلِفَکُمْ فِی الأرْضِ فَیَنْظُرَ کَیْفَ تَعْمَلُونَ). ئەمانە و چەندین ئایەتی دیکە هەن لەڕووی مێژوییەوە ئەم سەرزەوییە میرات و موڵکی بەنی ئیسرائیل ده‌زانن. جگە لەوەی لە چەند ئایەتێکی قورئاندا بە بەنی ئیسرائیل دەڵێت: (يا بني إسرائيل اذكروا نعمتي التي أنعمت عليكم وأني فضلتكم على العالمين) واتە: (فەزڵی ئێوە دراوە بەسەرهەمو جیهاندا) ئەم ئایەتە قورئانیانە تاڕادەیەک دووبارەکردنەوەی ڕیوایەتە تەوراتییەکانە بۆنمونە لە (سفری تكوين/۱۷ ئاية/۸) دەڵێت: (وَأُعْطِي لَكَ وَلِنَسْلِكَ مِنْ بَعْدِكَ أَرْضَ غُرْبَتِكَ، كُلَّ أَرْضِ كَنْعَانَ مُلْكًا أَبَدِيًّا. وَأَكُونُ إِلهَهُمْ) یان لە (سفری تکوین/15/ ئایە18) دەڵێت: (فِي ذلِكَ الْيَوْمِ قَطَعَ الرَّبُّ مَعَ أَبْرَامَ مِيثَاقًا قَائِلًا: «لِنَسْلِكَ أُعْطِي هذِهِ الأَرْضَ، مِنْ نَهْرِ مِصْرَ إِلَى النَّهْرِ الْكَبِيرِ، نَهْرِ الْفُرَاتِ.) بۆئەوەی بابەتەکە ئاڵۆز و درێژنەبێتەوە، تکایە خۆتان بفەرمون تەفسیرو مانا عەرەبییەکانی لێک بدەنەوە. تەنها ئەوە بزانن کە قورئان و تەورات لەم بابەتەدا یەک ڕایان هەیە،

،،

کە سەرزەوی ئەوەی پێی دەوترێت زەوی پیرۆز (الارض المقدسة) کە فەلەستین و بەشێکی میسرو سوریا دەکات، موڵکی بەنی ئیسرائیلە.


ئەوەشی کە ئێستا و لە ڕابردووشدا هوتافی بۆ ئەو باتە کێشاوە، یان روویەکی عاتفی بووە، یان هاوسۆزی سیاسی، هەندێک جار لایەنی مرۆیی ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە کۆکردنەوەی سۆزی میلەتانی دیکەش بۆ مەسەلە به‌ جۆرێك نەک تەنها موسڵمانان هاوسۆزی گەلی فه‌له‌ستین بن، بەڵکو زۆرجار بابەتی فەلەستین و دۆزەکەی ڕێکخراوە مرۆییە ڕۆژئاواییەکان زۆر توند و ڕوژدن لەسەر ئه‌وه‌ی كه‌ ئەم بابەتە پێویستە چارەسەربکرێت.