ژەنەڕاڵێك دەبێتە سەرۆكی ئێران

2021-05-11

ئەمڕۆ ٢٠٢١/٥/١١دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئێران دەرگای خۆپاڵاوتنی كردەوە بۆ تۆمار كردنی ناوی بەربژێرەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران كە بڕیارە سیازدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار ڕۆژی ٢٠٢١/٦/١٨بەڕێوە بچێت.


گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێران:

ئێران لەماوەی ٨ ساڵی سەرۆكایەتی ڕۆحانی دا بە چەند قۆناغێكی گرنگدا تێپەڕیووە لەوانە دەركەوتنی دەسەڵاتی داعش لە سوریا و عێراق كە ئێران. توانی بە پلانێكی وورد لە دەرگایی داعشەوە دەست بەسەر عێراق و سوریادا بگرێت بە تەواوەتی بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ هاوكێشەكە لە سوریا گۆڕاو و ڕووسەكان ئێرانیان كەنارگیر خست.

هەرچی پەیوەستەبە یەمەنەوە بەهەمان شێوە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ئێران سەرۆكایەتی حوسیەكانی كرد بۆ دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتداو دواتر لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٥ سعودیە بڕیاریدا لەماوەی دوو هەفتەدا حوسیەكان لە دەسەڵات لابدات بەڵام ئێران لە دوای ٦ ساڵ شكستی بە سعودیە هێنا.

هەرچی پەیوەستە بە عێراقەوە، ئێران لە سەردەمی ڕۆحانی دا بەتایبەت دوای ساڵی ٢٠١٤ بەتەواوەتی دەستی بەسەر گۆڕەپانی عێراقدا گرت كە ئەمەریكا ساڵی ٢٠١١ بەتەواوی لە عێراق كشایەوە و گۆڕەپانەكەی بۆ ئێران چۆڵكرد.

بەڵام لە عێراق بە پێچەوانەی لوبنان و سوریا و یەمەنەوە لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ و دواتر كوشتنی قاسم سولەیمانی نفوزی ئێران. لە عێراق بەركەنار كرا بە جۆرێك لە شەقامەكاندا بە ئاشكرا دروشم دژی ئیران. دەڵێنەوە لە كاتێكدا ئێران پێیوایە عێراقی لە داعش ڕزگار كردووە.

،،

هەرچی پەیوەستە بە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئیرانەوە كە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزا كراو بوو بە گرنگترین دەستكەوتی ڕۆحانی بەجۆرێك لە ساڵی ٢٠١٦ ڕێژەی پشتیوانی ڕۆحانی بۆ سەدا ٦٧% بەرزبوویەوە

بەڵام ئەم دەستكەوتەی ڕۆحانی لە دوای دەستبەكار بوونی ترومپ و لە ئایاری ساڵی ٢٠١٧ لەناوچوو، چونكە ترەمپ بڕیاریدا ئەمەریكا لە ڕێكەوتنەكە بكشێتەوە و لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ زیاتر لە ١٤١ سزای جۆراوجۆری بە سەر ئێراندا سەپاند.

كشانەوەی ئەمەریكا و سزاكان ئێرانیان خستە دۆخێكی ئابوری سەختەوە و دراوی تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی پێوانەی دابەزی بەجۆرێك ١ دۆلار بۆ ٤١هەزار تمەن بەڕزبوویەوە و هەڵئاوسانی ئابوری بۆ سەدا ٢٤٠% بەرزبوویەوە.

ئەمەش وایكرد كە دەسەڵاتی ڕۆحانی لە خولی دووەمدا بە خراپترین ئەزموونی ٤١ ساڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران ناوببرێت، چونكە ئێران كەوتووەتە دۆخێكی قورسی ئابوری و ناوچەی و گیربوونی جیۆسیاسی و سەربازییەوە ئەمەش وا پێویست دەكات كە بژاردەی خامەنەئی بۆ سەرۆكایەتی ئێران ژەنراڵێكی بەهێز بێت كە توانای بەرەنگاری و خۆڕاگری هەبێت

بۆچێ سوپای پاسداران. دەیەوێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت؟

لە ماوەی دەسەڵاتی ڕۆحانیدا سوپایی پاسداران بە سودبینین لە گۆڕانكاری و ئاڵۆزییە ئەمنیەكان توانی بە خێراییەكی پێوانەی گەشە بكات بە جۆرێك وەك جواد زەریف دەڵێت( قاسمی سلێمانی هیچ گوێی بە حكومەت و وەزارەتی دەرەوە نەدەدا و وەك دوو دەوڵەتی جیاواز بووین وئاگاداری كارەكانی نەبووین).

لەئەم كارەدا لەسەر ئاستی دەرەوە قاسمی سولەیمانی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی بەڕێووە دەبرد و خاوەنی بڕیاری كۆتایی بوو جواد زەریف و ڕۆحانیش بەهۆی شكستی ڕیككەوتنامەی ئەتۆمییەوە خۆیان لەژێر سایەیدا حەشاردابوو.

لەسەر ئاستی ئابوریش سوپای پاسداران لە ڕێگەی ئیمبراتۆریەتە ئابورییەكانی قودسی رضوى و خاتم الأنبياء و دامەزراوە بانكیەكانی سوپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەر لەسەدا ٥٧% كۆی ئابوری ئێراندا گرت.

لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە بەهۆی سزا ئابورییەكانی ئەمەریكاوە كەرتی ووزە و هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتیەكان و خامە كانزاییەكان كەوتە دەستی سوپای پاسداران و بە بیانوی پاراستن و بەنهێنی هەناردەكردنیەوە كۆنترۆڵی كەرتی نەوت و غاز و كانزاكانی ئێرانی كرد.

ئەندازیارێكی گەنج پلاندانەر و جوڵێنەری ئەم. ستراتێژە ئابوریەی سوپای پاسدارانە ئەویش ژەنراڵ محمد سعیدی سەرۆكی ئیمبراتۆریەتی ئابوری خاتم الانبیاء ه كە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا سێ گریبەستی لە بواری نەوتدا بە بڕی ٢١ ملیاردۆلار لە حكومەت وەرگرتووە.


كێ دەبێتە سەرۆكی داهاتووی ئێران:

بەپێی ڕای زۆرینەی توێژەرانی ناوەند ( جگە لە كارل بانون) سەرۆكی داهاتووی ئیران ژەنراڵیك دەێت لە سوپای پاسداران چونكە ئەمە خواستی خامەنەئیە و دۆخی ئێستای ئێرانیش بۆ چەند ساڵی داهاتوو پێویست بە ژەنراڵێكە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی سوپای پاسداران دەیەوێت ڕێگری لەسوپا بكات و ژەنراڵەكە لە پاسداران بێت:

١- لە ئێستادا خامەنەئی دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە دوو هەفتەی ڕابردوودا جارێكی تر نەشتەرگەری پرۆساتی كردووە كە چەند ساڵێكە بەدەست شێرپەنجەی پرۆسات و لاوازی گورچیلەوە دەناڵێنێت.

،،

هەربۆیە سوپای پاسداران. دەیەوێت ئامادەكاری بكات بۆ قۆناغی دوای خامەنەئی كە دەسەڵات بەتەواوەتی دەكەوێت دەستی سەرۆك كۆمار و گرنگە لەلایەك بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و پەرژەوەندیان و لە لایەكی دیكەوە بۆ سەركوت كردنی هەر پشێوی ناڕەزایەتیەك كە ڕووبدات گرنگە سەرۆك كۆمار ژەنراڵی پاسداران بێت.

٢- سوپای پاسداران ئەو دەستكەوتە ئابوری سەربازیانەی بەدەستیهێناوە نایەوێت مەترسی بۆسەر دروست بێت بەتایبەت پرسی سیستەمی موشەكی بالیستی سوپای پاسداران كە بۆ ئەو هێزە لە پرۆژەی ئەتۆمی گرنگترە و نایەوێت سەرۆكی داهاتوو لە ژێر فشاری ئەمەریكا سازش لە پرۆژەی موشەكی بالیستی سوپای پاسداران بكات.

٣- لە ڕووی سیاسیشەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی مانگی شوباتی باڵی توندڕەوی ڕژێم بەتەواوی دەستی بەسەر پەرلەماندا گرت بەهۆی كەمی بەشداری ڕیفڕۆم خوازەكانەوە، بۆیە دەیەوێت دەست بەسەر سەرۆكایەتی كۆماریشدا بگرێت و ڕێگری لەهەر لادانێك بكات لەبەرژەوەندیەكانی.

٤- ناوچەكە لەڕووی ئەمنیەوە لە قۆناغێكی ئاڵۆزدایە و لەناوچەكەدا چەندین هاوپەیمانی دژی ئێران سازدراوە بۆیە بۆ سوپای پاسداران گرنگە عەقڵێكی سەربازی حكومی ٤ ساڵی داهاتووی ئێران بكات.


گرنگترین بەربژێرەكان:

لە ئێران ڕژێمی سیاسی دابەش بووە بەسەر دوو بەڕەدا كە ئەوانیش توندتروەكان(پارێزگارەكان) و ڕیفۆرم خوازەكانن كە لە ماوەی ڕابردوودا هەمیشە عەمامە بەسەرەكان(جگە لە خامەنەئی كە نێوەند گیرە) ڕێفۆرم خوازبوون و سەربازییەكانیش توندڕەو پارێزگار بوون.

لە كۆتا هەڵبژاردنیش كە ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا بۆیەكەمینجار لە مێژووی كۆماری ئیسلامیدا كەمتر بوو لە سەدا٥٠% و تەنها سەدا٤٢% دەنگدەران بەشداریان كرد، لەو ڕێژەیە تەنها سەدا ١٢% دەنگیان فە ڕیفۆرم خوازەكان داوە و سەدا٣٠% دەنگیان بە پارێزگارە توندڕەوەكان داوە.

لەئێستاشدا لە نێو بەربژێرەكاندا ژەنراڵەكانی سوپای پاسداران چانسی بردنەوەیان. هەیە كەلەخوارەوو باسیان. دەكەین:


١-حسین دەهقان: حسین دەهقان یەكێكە لە بەهێزترین بەربژێرەكان بەهۆی بەهێزی پێگەیەوە لە ناو سوپای پاسداراندا، چونكە دەهقان لە ساڵی ١٩٧٩ یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی سوپای پاسداران و دواتر چەندین بەرپرسیارێتی سەربازی وەرگرتووە لەوانە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران و پۆستی وەزیری بەرگری لەكابینەكەی ڕۆحانیدا،تاكە گرفتی دهقان تەمەنەكە ٦٥ ساڵی تێپەڕاندووە و خامەنەئیش هەرچەندە دژایەتی ناكات بەڵام پێی باشە سەرۆكی ئێران گەنج بێت،( بەپێی دەنگدانی توێژەروانی ناوەند لە كۆی ١٣ دەنگی دیسكی ئێرانی ٩ دەنگی بەدەست هێناوە).

٢- بەربژێری دووەم ژەنراڵ محمد سەعیدی سەرۆكی ئیمبراتۆریەتی ئابوری خاتم الأنبياء كەلە پێشوودا باسكرا، محمد سەعید باوەڕی بە حكومەتی تەكنۆكرات هەیە بە عەقڵی ئابوری سوپای پاسداران دادەنرێت.

كەسێكی نزیكی عەلی خامەنەئی و چینی ناوەندی سوپای پاسداڕانە و یەكەم بەر بژێرە كە مەرجەكانی خامەنەئی تێدابێت و كەسێكی گەنجە بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە لاوازە و هیچ ئەزمونێكی كاری سیاسی نیە،هۆكارێكی دیكە معمد سعید لە لیستی سزادراوانی ئەمەریكادایە كە ئەمەش خاڵی لاوازی محمد سەعیدە( بەپێی دەنگی توێژەڕەكانی دیسكی ناوەند لە كۆی ١٣ دەنگ ١٠ دەنگی بەدەستهێناوە)

٣- بەربژێری سێهەم محمد قالیبافی سەرۆكی ئێستای ئێرانە و یەكێك لە سەركردە مێژووی و ژەنراڵەكانی سوپای پاسدارانە لە هەڵبژارنە پەرلەمانیەكەی مانگی شوباتی ٢٠٢٠ زیاتر لە ١ملیۆن ٢٠٠ هەزاردەنگی بەدەست هێنا و بە سیاسیەكی ژیر و پراگماتیكی ناسراوە،بەڵام خاڵی ڵاوازی بریتیە لە تێوەگلانی لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی كە تا ئێستا دانەخراوە.

٤- بەربژێری چوارەم كە بەربژێری هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی خولەكانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩-٢٠١٣ لە هەموو خولەكاندا شكستی هێناوە محسن ڕەزائیە كە ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە و پێشتر ١٦ ساڵ فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران بووە.

،،

محسن ڕەزائی كەسێكی نزیكی خامەنەئیە و قاڵبووی سیاسەتی سوپای پاسدارانە بەڵام لە شەقامدا پشتیوانی ئەتۆی نیە و ئەمەش خاڵی لاوازی ڕەزائیە( بەپێی دەنگدانی توێژەرانی دیسكی ئێران لە كۆی ١٣ دەنگ٥ دەنگی بەدەستهێناوە).

٥-بەربژێری پێنجەم كە ڕێفۆرم خوازە علی موتەهەری كوری بیرمەندی گەورەی ئێران مورتەزای موتەهەرییە، علی موتەهەری بە عەقڵێكی گەورەی ئابوری سیاسی دادەنرێت بەڵام لەگەڵ خامەنەئی دا ناكۆكە و ساڵی ٢٠١٣ دژی سەپاندنی سزا بەسەر سەركردەكاتی شۆڕشی سەوزدا وەستایەوە و دژی سیاسەتی خامەنەئیە لە پرسی ئابوریدا.

بەڵام لە شەقامدا خاوەن پێگەی جەماوەرییە ئەمەش وادەكات كەلە ڕێگەی فشاری شەقامەوە ئەنجومەنی باڵای دەستوری ناچار بكات كە كاندید بوونی قبوڵ بكەن كە پێشتر بەربژێربوونیان ڕەتكردبووە.

جگە لەئەو بەر بژێرانە چەند ناوێكی دیكە هەیە لەوانە ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری هەر چەندە تا ئێستا بەربژێربوونی خۆی ڕانەگەیاندووە، جگە لە ئیبراهیمی ڕەئیسی ژەنراڵ قاسمی ڕۆستەمی یاریدەدەری فەرماندەی فەیلەقی قودس یەكێكی ترە لە بەر بژێرەكان.


ئەو بەر بژێرانە كەناویان هێنرا دابەش دەبن بەسەر سێ بەرەدا، حسین دەهقان و محمد سعید لەباڵی توندڕە و قالیباف و محسن ڕەزائی لەباڵی ناوەند و علی موتەهری لە باڵی ڕیفۆرم خوازەكانە


دەرئەنجام:

١- ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلای دەكاتەوە خواستی علی خامەنەئی و ڕێژە و چۆنیەتی دەنگدانە، بە واتایەكی تر خامەنەئی لە نێوان دوو كەسدا كە زۆرینەی دەنگیان بەدەستهێنابێت كەسێكیان دیاری دەكات.

وەك ئەوەی ساڵی ٢٠٠٩ لە نێوان ئەحمەدی نەژاد و میر حسین موسەوی دا ڕوویدا خامەنەئی احمدی نەژادی هەڵبژاردوو ئەوەش خۆپیشاندان. و شۆڕی سەوزی ئێرانی لێكەوتەوە.

٢- هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمجارە گرنگە بۆ جیهان. و ناوچەكە چونكە هەرچەندە بڕیاری كۆتایی پرسی ئەتۆمی ئێران لەدەستی خامەنەئی دایە و پرسی ئەمنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەش سوپای پاسداران بەڕێووەی دەبات بەڵام سەرۆكایەتی ڕۆڵی لە هێوركردنەوە یان توند كردنەوەی ئاڵۆزییەكاندا دەبێت.

٣- وەك پێشبینی دەكرێت ڕێژەیەكی كەمی خەڵك بەشداری پرۆسەی دەنگدان بكەن بە تایبەت ڕیفۆرم. خوازەكان. ئەمەش بردنەوەی باڵی پارێزگاڕە توندڕەوەكان بەهیز دەكات.

٤- حكومەتی داهاتوو كاری یەكەمی هەستانەوەی ئابوری لە ئەمەش دا توانا و ستراتیژی سەرۆك كۆمار ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت، چونكە گەندەڵی و بازرگانی نایاسای و خۆدزینەوە لە باجو بێكاری و هەڵئاوسان. و داكشانی كەرتی پیشەسازی جگە لە سزاكانی ئەمەریكا سەرچاوەی داڕمانی ئابوری ئێران بوون.

٥-ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كاریگەری ئەتۆی لەسەر پرسی عێراق نابێت چونكە ئەو پرسە ئەمنیە و لە ژێر دەسەڵاتی سوپای پاسداراندایە بەڵام پرسی دبلۆماسیەت و پەیوەندیەكان. لە دەرەوەی ناوچەی شەڕ لە دەستی حكومەت و سەرۆك كۆماردا دەبێت.

٦- نرخی تمەن لە داهاتوودا پەیوەستەبە سێ بنەمای سەرەكیەوە،یەكەم سزاكانی ئەمەریكا، دووەم پلانی حكومەت بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان، سێهەم ئایا سەرۆك كۆماڕ لە باڵی توندڕەو دەبێت یان باڵی ڕیفۆرم خواز

-بەگشتی هەڵبژاردنەكانی ئێران كاریگەری ڵەسەر ئایندەی ناوچەكە لە ڕووی سیاسی و هاوكێشەكانی سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان و پەیوەندیەكانی ئێران. و سعودیە و ئیمارات دەبێت، بۆ ئێرانیەكانیش كە چاوەڕێن دەرگای كردنەوەی ئومێدبێت.


- د. سەنگەر سەیدقادر

بەرپرسی دیسكی عێراق و كوڕدستانی
ناوەندی ئیمارات بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی