دەست بۆ بردنێکی ھەڵەو بەرەنجامێکی نەخوازراو

2021-05-12

پێش دەستبردن بۆ ھەندێ کەیسی ھەستیار، پێویستە رەچاوی ڕەھەندە نێوخۆیی و دەرەکیەکان و دەرھاویشتەکان بەجوانی بکرێت. کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان ھەر لەسەرەتاوە بەھەڵەو تاك لایەنانە مامەڵەی لەگەڵدا کرا؟! ئەمەش وایکردووە زیاد لەپێویست ئاڵۆز ببێت و تێچونەکانی بۆسەرھەرێمیش گەورەتر بێت!


ھەڵەی کەیسەکەش لەچەندین شتدایە، لەوانەش:

١- کێشەوململانێ و دابەشبون و بێ متمانەییە ناوخۆییەکانی قوڵترکردەوە، لەکاتێکدا تاسەر ئێسقان پێویستیمان بەپێچەوانەکەی ھەیە.

٢- ھێندەیتر دەسەڵاتی داوەری و دادگاکانی لەھەرێمی کوردستاندا بردە ژێر پرسیارەوە، لەکاتێکدا بەشێکی گەورەی شکۆی ھەردەسەڵاتێكی نیمچە دیموکراسیش لە شکۆی ئەم دەسەڵات و دامەزراوەداو سەربەخۆیی و بێلایەنی ئەو نەك چنگاڵی ئەمنیدا ڕەنگدەداتەوەو بەر جەستە دەبێت.

٣- ھەرێم دەخاتە ژێر پرسیاری چەندین ڕێکخراوو دەوڵەت و نێوەندی نێودەوڵەتی و ناوبانگی ھێندەی تر لەکەدار دەکات و دۆستەکان تەریق دەکاتەوەو ئەو ھەندە جیاوازییەی لەگەڵ دەوروبەر ھەمانە ھێندەی تر کاڵی دەکاتەوە.

بەمەش پێداگرتن لەسەر کەیسەکە و ئازادنەکردنی گیراوەکان، کەلەڕوی یاسایی ڕوتیشەوە چەندین پرسیار لەسەر بڕیاری حوکمدانەکەیان ھەیە، دەڕژێتە بەرژەوەندی ناحەزە ھەرێمایەتیەکانی پرسی کوردو ھەرێم.

٤- گەر ئامانجی پشت دەستگیرکردنەکە کۆنتڕۆڵی دۆخەکەو ڕێگرتن بێت لە دەستێوەردانی دەرەکی بەو جۆرەی باسدەکرێت، پێم وایە بەرەنجامی پێچەوانە بەدەستەوە دەدات، دۆخی نێو خۆ ھەڵوەشاوەتر دەکات و ڕێگا بۆ دەستێوەردانی زۆرتر دەکاتەوەو پاساوی زۆرتری دەخاتە بەردەست.
ئەمە لەڕوی ئامانج و لێکەوتەکانەوە. لەڕووی جۆری بەڕێوەبردنی قەیرانەکەشەوە( کەبەداخەوە بەھۆی ھەڵە مامەڵەکردنەوە لەکەیسەوە بەرەو قەیران برا؟!)

چەندین ھەڵە ڕویداوە، لەوانەش:

١- حساب نەکردن بۆھەستیاری کەیسەکە، کەپەیوەندی بەئازادی ڕادەربڕین و مامەڵەکردن لەگەڵ کونسوڵخانە خۆرئاواییەکانەوە ھەیە.
٢- پێشبینی نەکردنی قەوارەی کاردانەوەکان و توندی و
جۆراوجۆریان.
خۆئەگەر پێشبینی کرابێت و سەرەڕای ئەوە پێداگیری کرابێت، ھەڵەکە قورستر دەبێت.
٣-گوێنەدان بەلاوازی پاساوەکان و قەناعەت پێنەکردنیان لەلایەن کۆڕو ناوەندو لایەنە جۆراوجۆرە نێوخۆیی و دەرەکیەکانەوە؟! بەمەش حکومەت وسەرۆکەکەی خۆیان توشی دابڕان و جۆرێ لەئابڵۆقەی مەعنەوی کردووە.

لەناوخۆوو دەرەوە پاساوی سەربەخۆیی و بێلایەنی دادگاکانی ھەرێم ڕەتدەکرێتەوە. بڕوایەکی بەھێز بەوە لەئارادایە کە کەیسەکە بەپلەی یەکەم سیاسیەو دادگای وەکو ئامراز تێدا بەکار ھاتووە. بەڵگەکان بۆئەو جۆرەحوکومدانە باوەڕپێکراونین و نادادپەروەری بەئاشکرا دەبینرێت.

،،

ھەروەھا حکومەت شکستی ھێناوە لەوەی بیسەلمێنێت، کەیسەکە ئاسایشی و تاوانکاریەو پەیوەندی بەئازادی ڕادەربڕین ومیدیاو چالاکی سیاسیەوە نیە.


٤- گوێنەدان بەو ئاماژە ناردن و ناڕەزایەتیانەی ھەرلەقۆناغی یەکەمی دادگایی کردنەکەوە، بەحکومەت و لایەنی پەیوەندیدار گەیشتن.
٥- حسابنەکردن بۆ وێناکردنی کەیسەکە لەبەرگی حیزبی و پارتیداو دابەشبونی حکومەت لەنێوخۆیدا، کەئەوەش دەرگا بەڕوی توندتربونی ھەڵوێستەکان و زیاتر بەکەرەسەکردنی کەیسەکەی لێدە کەوێتەوە.

لەکۆتایدا گەر ھەرێمێکی بەھێز، تۆکمەیی و سەقامگیری نێوخۆیی و ڕێگری لەدەستێوەردان و یاریکردن بەچارەنوسمان مەبەستە، کەبەش بەحاڵی خۆم پشتیوانی لێدەکەم، وە پێویستیەکی سیاسی و نیشتیمانی حاشاھەڵنەگری ئێمەیە، ڕێگاکەی دیارەو بەم گوزەرانەدا تێدەپەڕێت:

١- کۆتایی ھێنان بەناکۆکی نێوخۆیی دەیانساڵەی نێوان یەکیەتی و پارتی کەماکی ھەرە گەورەی زۆربەی خیانەت و دەستێوەردان و دواکەوتویی و کێشەو لەدەستدانی دەرفەتەکانە.
٢- کۆتایی ھێنان بە پاشماوەکانی شەڕی نێوخۆ، کەلە دابەشبونی ھەرێم و زۆنی کۆنتڕۆڵکراوی حیزبی و دابەشبونی دامەزراوەکاندا خۆی دەبینێتەوە.
٣- بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵات لەڕێی:
٭ پەسندکردنی دەستورێکی سازان لەسەرکراو و لێک جیاکردنەوەی کردەیی و ڕاستەقینەی دەسەڵاتەکان و بێلایەنکردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی داوەری و دادگاکان و چاکسازیی قوڵ تیایاندا.
٭ بەدامەزراوەیی کردنی ھێزە چەکدارەکان و ئاسایشی نێوخۆیی و دەزگا ھەواڵگرییەکان و قەدەغەکردنی کاری حیزبیی تیایاندا.

٤- پەسندکردن و پیادەکردنی پڕۆژەیەکی ھەمەلایەنەی چاکسازی سیاسی، دارایی و ئیداری و وپەروەردەیی، کەبەدەستەبەرکردنی ھەڵبژاردنی پاك و دادپەروەرانەو دور لە ساختەکاری دەستپێدەکات، بەحوکمی ئەوەی ئاماژە دەبێت بۆ ویستێکی ڕاستەقینەی سیاسی بۆ چاکسازی.
٤- کاراکردنی دەزگا چاودێرییەکان بەپەرلەمانیشەوە.
٥- کۆتاییھێنان بە پەیوەندی و مامەڵەی حیزبی بەتایبەتیش دوپارتە دەسەڵاتدارەکە لەگەڵ دەورو بەر.
٦- خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕن و ڕۆژنامەگەری و چالاکی سیاسی وحوکومڕانی باش.

ئەمە نەخشە ڕێگای سەقامگیری و ھێزو پێشکەوتن و گەلێکی خۆشگوزەران و ناسنامەیەکی ھاوبەش و گەورەکردنی دەستکەوتەکان دەرگاکردنەوەیە بەڕوی ئایندەیەکی گەشتر بەڕوی ھەرێم و دۆزی کورد لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا.

،،

نەخشە ڕێگایەك، بەداخەوە تائەم ساتەوەختەش بەھۆی نەبونی ئیرادەیەکی نیشتیمانیی خاوەن بڕیارەوە، ناخەمڵێت، ئەوەی ئەمەشی پێناکرێت بەناویەوە خۆی بەشتی لاوەکیەوە سەر قاڵ نەکات، چونکە تەنھا چارەسەرەکان پڕ خەرجی ترو کێشەو قەیرانەکان ئاڵۆزتر دەکات.


ڕومان لەسەرۆکی حکومەتیش دەکەین و دەڵێین: بەرژەوەندی خۆت وحکومەت وحیزبەکەت وھەرێم لەوەدایە، سود لەھەموو دەرچە دەستوری ویاساییەکان وەربگرن وھەڵەکە ڕاستبکەنەوە. کورد وتویەتی زەرەر لەنیوەشی بگەڕێتەوە باشە، لەمێژوی ئاینیمانداو لەنامەیەکی خەلیفەی دووەمی ڕاشیدینش بۆیەکێ لەداوەرەکانیدا ھاتووە( کاتێ ڕوی ھەقت لەکەیسێکدا بۆ دەردەکەوێت، با بڕیاری دێنێ ولەمەوپێشت لەوبارەوە، ڕێگر نەبێت لە پێداچونەوەو بڕیاری نوێ)
دڵنیاش بە وەڵامدانەوەی ئەرێنی بەفشاری ڕەواو ھەمەلایەنە،

نیشانەی لاوازی نیە، بەڵکو ئاماژەیە بەلێپرسراوێتی لەئەستۆگرتن. خەڵکی و زۆر ناوەندی نێودەوڵەتیش، ڕێز لەھەستێکی لەوجۆرە دەگرن وپێگەکە وئەرکت لەپاراستنی بەرژوەندییەکانی ئەوھەرێمەی بەناوی ئەویشەوە حوکومڕانی دەکەیت، ئەوەت لێدەخوازێت.