چی ڕوودەدات لە غەززە

2021-05-14

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

ئەوەی لە قودس و غەززە دەگوزەرێت لە تیرۆری دەوڵەت زیاتر هەڵناگرێت وەک پێناسە. ئیسرائیل بە هەمو پێوەرو پێودانگە نێودەوڵەتییەکان مومارەسەی تیرۆری دەوڵەت دەکات بەرامبەر فەلەستینییەکان، ئەمە جگە لەوەی هەمان ئەو سیاسەتەی هۆڵۆکۆست کە لەدژی خۆی لە ئەڵمانیای نازییدا بەکارهێندرا ئێستا لە غەززە خۆی دووبارەی دەکاتەوە. مرۆڤ دەبێت لەکاتی ڕوودانی زوڵمدا تەرەفی خۆی مەحکەم بکات لە دژی زوڵم و بەو ئەداتەی لە دەستیدایە بەرەنگاری ببێتەوە، جا ئەداتەکە نوسین بێت، قسەکردن و خۆپیشاندان بێت یا ڕووبەڕووبوونەوەی یەکسان. بێلایەنیی خراپترین جۆری پشتیوانییکردنی زوڵمە لەکاتێکدا دەبینیت خەڵکێکی بێ گوناه لە مناڵ و ژن و پیر وادەبنە سوتماکی شەڕێکی سەپێنراوی پرۆکسیی و بەوەکالەت.

دیارە لە دوای ۱۹٦۷ ەوە ئیسرائیل و بە دیاریکراویش بزوتنەوە زایۆنییەکانی نێو دەوڵەتەکە بەهاوکاریی گرنگترین و ستراژییترین هاوپەیمانیان کە کۆماری تورکیا بووە و تا ئێستاش بەردەوامن لەهاوکاری یەکتر، کاریان بچوککردنەوەو قووتدانی فەلەستین و ئاوارەکردنی خەڵکەکەکەی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو وڵات بووە بووە. لە هیچ پارچەیەکی مێژووی نوێی تورکیا تا ئێستا مەوقیفێکی ستراتیژیی تورکیانییە دژ بێتبە بەهاو پرەنسیپەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل.


ڕۆڵی ئێران لەوەی ئێستا ڕوودەدات

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە نێوان قودسییەکان و سوپای ئیسرائیلدا جوڵەیەکی خۆبەخۆی خەڵکێکی موتەمەسیک و ملنەدەرە بۆ ملهوڕییەکانی حکومەتە دینییەکەی نەتەنیاهو. ڕێگریی لەخەڵک دەکرێت، لێیدەدرێت، مەنعی نوێژی لێدەکرێت لە هەندێ شوێنی ئەقسادا و پەلامار دەدرێت. بەڵام ئەوەی لەنێوان غەززە و سوپای ئیسرائیلدا ڕوودەدات شەڕێکی نابەرابەری ماڵوێرانکەرە کە بزوتنەوەی مومانەعە و موقاوەمە ئەمجارە دەستپێشخەری کرد لە هەڵگیرسانیدا. پێناچێت قاعیدەی بزووتنەوەی ئیسلامی حەماس و خەڵکی غەززە پێیانخۆشبووبێت ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لەم جەژنەدا ڕووبدات. دەیان هێماو ئاماژە هەن لەسەر شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ڤیەننای نێوان ئامریکا و ئێران. جۆن کێریی کە بە ئەندازیاری زیندووکردنەوەی ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران دادەندرێت پێناچێت ڕازی بێت بەوەی ئێران پارێزگاریی لە مووشەکە بالیستییەکانی بکات. هەربۆیە ئێران ناڕاستەوخۆ پەیامی ئەوەی دا کە ناوچەکە دەکاتە ساجێکی داخ لەژێر پێی سەربازان و بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و بۆیان دەکاتە دۆزەخ لە ئەکەری شکستهێنانیدا. گەر نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا دوور نییە هاوشانی غەززە شەری تائیفی لەلوبنان و عێراق زیندوو نەکرێتەوە و جارێکی دیکە حوسییەکانی یەمەنیش نەکەنەوە بەگژ سعودییەی هاوپەیمای ستراتیژیی ئامریکادا. هەفتەی پێشوو هێزی دەریایی ئامریکا کەشتییەکی ئێرانی پڕ لە چەک و ساروخ و جبەخانەی قورسی لە دەریای عومان دەستبەسەر کرد کە بۆ یەمەن و حوسییەکان دەچوو.

مەحەلی تورکیا لە ئیعرابی غەززەدا چییە؟

تورکیا لەم شەڕەی غەززەدا وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بەشوێن بەرژەوەندیی خۆیەوەیەتی. ئەوەی کە چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی لێدەکات لە ناردنی سەرباز بۆ غەززە، موهاتەراتێکی سیاسەتە سەرسەریانەکەی ئاردۆگان شتێکی دیکە نییە و بۆ گەوجاندنی شەقامی عەرەبی وئیسلامی سیاسییە.

،،

کۆماری تورکیا لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دامەزراوەو و یەکەم وڵاتیش بووە دانی بەدەوڵەتی ئیسرائیلدا هێناوە. دواتر و لەساڵی ۲۰۰٦ یەکێک لە پێشمەرجەکانی بوونی ئاردۆگان بە سەرکردەیەکی نێو پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە پاراستی ئاسایشی دەرەکیی ئیسرائیلە.

کۆتایی ساڵی۲۰۰۲ کە شەمعون پێرێس مەدالیای جەسارەتی زایۆنیزمی بەخشییە ئاردۆگان، بە دەقیقی پێی وت "بەخێر بێیت بۆ ئۆرشەلیم، پایتەختی ڕەسەنی دەوڵەتی یەهود، ئێوە یەکەمین سەرکدە ڕۆژهەڵاتن شەرەفی ئەوەتان پێدەبڕدرێت ئەم مەدالیایە وەربگرن". ئاردۆگان یەک کێشەی لەگەڵ ئەم قسەیە نەبوو، بەتایبەت کە ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی دەوڵەتی دینییەهودی ناوبرد. ۱٦ ساڵ دوای ئەو وادەیە بوو ترەمپ واژووی لەسەر ئەوەکرد قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی یەهود و هەڵایان لەسەر هەڵگیرساند.

پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل:

هەموو هاوڵاتییەکی ئیسرائیلی دەتوانێت بە بێ ڤیزا گەشتی تورکیا بکات، لەکاتێکدا فەلەستینییەکانی زیفەی غەربی و غەززە ناتوانن.
حکومەتەکەی ئاکپارتی لەماوەی ۱٥ ساڵدا بە ڕێژەی 700% بەڵی لە سەدا حەوتسەد ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرزکزردۆتەوەو مناڵی بەرپرسانی ئەو حیزبە و خودی ئاردۆگان خاوەندارێتی بەشی هەرە زۆری ئەو بازرگانییە دەکەن

ساڵی ۲۰۱۲ تورکیا بە دەنگی بەڵێ دەنگی داوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بچێتە نێو "پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی- ناتۆ" وە

ساڵی ۲۰۱۲ لە شاری مالاتیای تورکیا بیرۆیەک دامەزرا بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە هەڕەشەکانی ئێران و بە ئەکتیڤی لەو ساڵەوە چالاکیی ئەنجام ددات. مالاتیا شارێکی زۆرینە کوردە.

،،

لە پاش ۲۰۱٥ سێزدە دەورەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانی لەشاری قۆنیای تورکیا بۆ فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان کراوەتەوە، بەشێکی ئەو فڕۆکەوانانەی ئەمڕۆ غەززەیان بۆمباران دەکرد لە قۆنیە ڕاهێنانیان کردووە


بەگوێرەی سایتی تانکەر ترەکەرز Tanker trackers کە ڕێژەی هەناردەی نەوت لە ڕێگای دەریاوە بۆ بەندەرەکانی جیهان دەپێوێت، تەنها مانگی ڕابردوو یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە ڕەوانەی ئیسرائیل کراوە. کەشتییەکانی بوراق ئاردۆگان بەشێکیان ئەم کارە دەکەن.

لە ساڵی ۱۹۲۷ ەوە تا ساڵی ۲۰۱۰ تەنها پازدە دۆنم زەوی لەتورکیا فرۆشراوەتە ئیسرائلییەکان، تەنها لەنێوان ساڵانی ۲۰۱۲-۲۰۱٤، ٥۹ دۆنم زەوی ناوچە کوردنشینەکان فرۆشراوەتە ئیسرائیلییەکان. ئامارەکان دەڵێن تا ساڵی ۲۰۲۰ ئیسرائیل هێندە ئەوەی دەوڵەتی دووەمی خۆی لە خاکی توریادا دروستبکات دۆنم و زەوی و زاری لە تورۆیا کڕیوە. بەشی زۆری ئەو زەوییانەش دەکەونە ناوچە کورد نشینەکانی تورکیا.


بە دانپێدانانی خودی ئاردۆگان لەبەرنامەیەکی CNNTURK هەندێ لەکەشتییەکانی بوراق ئاردۆگانی کوڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئیسرائیلە