مونا کوردی، چۆن بوو بە سیمبولی بەرگری لە قودس؟

2021-05-14

مونا كوردی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستەگرام، بەردەوام ڕووداوەكانی گەڕەكی شێخ جەراح بڵاو دەكاتەوە، كە فەلەستینەكان دروشم دژی بە زۆر چۆڵكردنی ماڵەكانیان دەڵێنەوە، مونا گرتەی ڤیدیۆیی گەڕەكەی خۆیان بڵاو دەكاتەوە، هەروەها توندوتیژی سەربازانی ئیسرائیل نیشانی جیهان دەدات، كە چۆن هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكان و گەنجان و ژنان دەستگیر دەكەن و ناچاریان دەكەن، ماڵەكانیان بۆ جووەكان جێبهێڵن.
بڵاو كردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیانە لەلایەم مونا كوردییەوە، دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتۆتەوەو كاریگەری لەسەر رای گشتی دروست كردووە، هەروەها بۆتە هۆی ئەوەی كە كێشەی گەڕەكی شێخ جەراح بەجیهان بگەیەنێت.

هەر بەهۆی ئەم كارەیەوە ژمارەی فۆلەوەرەكانی لە 13 هەزارەوە بۆ زیاتر لە 300 هەزار بەرزبوویەوە، ئەو هەژمارەكانی خۆی بۆ گواستنەوەی ڕووداوەكانی فەلەستین تەرخان دەكرد، بۆیە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەژمارەكەیان لە فەیسبووك راگرت، هەروەها بڵاو كراوەكانیشی لە تویتەر و ئینستەگران سڕدرانەوە.

مونا و بوون بە سیمبولی بەرگری لە قودس:

مونا كوردی كچێكی بەڕەگەز كوردی شاری قودسە و كچی نەبیل كوردیە، كە لەگەڵ خێزانەكەیدا ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە لەو ماڵەدا دەژین، كە خانووەكەی لەلایەن خێزانێكی جولەكەوە هەوڵی داگیركردنی دەدرێت و موناش دەیەوێت ڕێگری لێبكات و ساتی گفتوگۆی لەگەڵ جولەكەكەدا بڵاو دەكاتەوە:
مونا بە زمانی ئینگلیزی بە جولەكەكە دەڵێت كە ناوی یەعقوبە: "تۆ ماڵەكەم داگیر دەكەیت".
یەعقوبیش لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەگەر منیش داگیری نەكەم، یەكێكی دیكە داگیری دەكات"، موناش پێی دەڵێت:"بۆ هیچ كەسێك نییە داگیری بكات".
ئەم گفتوگۆیە هەر زوو هەموو تۆِرە كۆمەڵایەتیەكانی هەژاندو لە ماڵپەڕە جیهانیەكانیش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و موناش بوو بە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی جووەكان.

،،

مونا تەمەنی 23 ساڵە و بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی بیرزیت-ی تەواو كردووە، ئێستا وەك پەیامنێرێك ڕۆڵ دەبینێت، هەروەها هەر خۆیشی بەیاننامە و دروشمەكان دەنوسێت و وێنە و ناونیشانەكان هەڵدەبژێرێت، زوو بڵاو بوونەوەی ئەم كارانەی مونا، بەهێزی ئەو كچە كوردە دەردەخەن.


مونا لەسەر كارەكانی دەڵێت:" بێگومان كاری من وەك رۆژنامەنوسێك بەرپرسیاریەتیەكی گەورەیە، چونكە دانیشتوانی گەڕەكی شێخ جەراح دەڵێن مونا ڕۆژنامەنوسی گەڕەكەكەیە، كە دەمانەوێت هەواڵەكانمان بۆ بنوسێت و ئەو بابەتە بڵاو بكاتەوە و ئەو وێنەیە دابنێت، بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو كارە هەمووی هی منە،بەڵكو هەوڵی چالاكوانانی قودس و دەرەوەی قودس و دەرەوەی فەلەستینیشە".
دەربارەی هاوسۆزی خەڵكی دوای بڵاو كردنەوەی بابەتەكانی، مونا كوردی دەڵێت:" خەڵكی لە هەموو ناوچەكانی فەلەستینەوە بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزی دێن، تەنها لە غەزەوە نەبێت، چونكە ئەوان ناتوانن سەردانمان بكەن، زۆرینەی فەلەستینەكان دەتوانن بێن، هەست دەكەن ئەو ماڵ و ئەو گەڕەكەی هی خۆیانە".

مونا توشی كێشە بۆتەوە:

مونا تاكە چەكی دەستی، بڵاو كردنەوەی هەواڵ و بابەتەكانی تایبەت بە دەركردنی ماڵە فەلەستینیەكانە لە گەڕەكی شێخ جەراح لە تۆِرە كۆمەڵایەتیەكان، بەڵام ئێستا هەژماری لە فەیسبووك داخراوە، هەروەها لە تویتەرێكیش ناتوانێت هیچ بابەتێك دابەزێنێت و تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگەرامیش، ئەو بابەتانەی دەسڕێتەوە، كە تایبەتە بە دەركردنی ماڵە فەلەستینیەكان.
شارەزایانی بواری تەكنەلۆژیا، ئاشكرای دەكەن، كە هەموو ئەو زانیاریانەی تایبەتە بەدەركردنی ماڵە فەلەستیەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەسڕدرێتەوە،كە ئەمەش بە بەرنامە لەلایەن تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بەڕێوەدەچێت.
شارەزایان دەڵێن:" تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان سەدان هەژماریان سڕیوتەوە، بەتایبەت ئەو هەژمارانەی كە باس لە ڕووداوەكانی گەڕەكی سێخ جەراح و مەزگەوتی ئەقسا و كەرتی غەزە دەكات".
گرنگترین بابەتیش كە سڕدرابێتەوە، بڵاو كراوەیەكەی مونا كوردیە، كە دەڵێت:

،،

ئەو ماڵەكەم دەدزێت و لە ساڵی 2009ەوە تێدا دەمێنێتەوە.


بەڵام وتەبێژی كۆمپانیای فەیسبووك كە هاوكات ئینستاگرامیش لقێكە لە كۆمپانیاكە، ڕەتی دەكاتەوە كە بەئەنقەست ئەو كارەیان كردبێت و دەڵێت:" ئەو كێشەیە تەكنیكیە و لەسەرانسەری جیهاندا ڕوودەدات، پەیوەندی بە بابەتێكی دیاری كراوەوە نیە".


بنەماڵەی مونا كوردی

بنەماڵەی مونا كوردی لە بنەڕەتدا خەڵكی كوردستانی باشورن، بەڵام لەگەڵ رۆیشتیان بۆ فەلەستین لەگەڵ سەركردەی كورد سەلاحەددینی ئەیوبی نەگەڕاونەتەوە، ئێستا لەگەڵ باوكی (حاجی نەبیل) و خوشك و براكانی كە لە پێنج ئەندام پێكدێن لە گەڕەكێكی شێخ جەراح دەژین، بەڵام لە ساڵی 2009ەوە، بەشێكی ماڵەكەیان لەلایەن جووە هاوردە كراوەكانەوە داگیر كراوە و بە پارچەیەك قوماش لەگەڵ ئەو بەشەی خۆیان جیایان كردۆتەوە.
نەنكی مونا(دایكی نەبیل) ڕۆژی ساڵی رابردوو لە تەمەنی 103 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، كە چالاكوانێكی بەناوبانگی گەڕەكی شێخ جەراح بوو، ببوە ئایكۆنی بەرگری كردن لە گەڕەكەكە.

،،

بنەماڵەی مونا لە ساڵی 1956ەوە لە گەڕەكی شێخ جەراح نیشتەجێ كراون، دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی 1954 و 1955 لەلایەن ئاژانسێكی ئاوەدان كردنەوەی ئوردنیەوە ماڵێكیان بۆ دروست دەكرێت، ئەو كات گەڕەكەكە چۆڵ بوو، كەمترین كەسی تێدابوو، زیاتر دار و ڕووەكی تێدابوو.


بەڵام جووەكان لەسەرەتای حەفتاكانەوە، هاتنە ناوچەكە و بڕیاریان دا كە دەست بەسەر ماڵ و ئەو ناوچەیەدا بگرن.
ئەم خێزانە كوردییە، لە ساڵی 2009 بەشێكی ماڵەكەیان داگیر كراوە، بەڵام لە ساڵی 2011دا بە ئاشكرا ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە دادگای ئیسرائیل دەربڕی، چونكە دادگاكە لە مانگی تەموزی ئەو ساڵەدا ، ئاگاداری كردنەوە كە ئەو ماڵەی ئەوان تێدا دەژین، هی ئەوان نیە، بەڵكو خاوەندارێتی بۆ جووە هاوردە كراوەكان دەگەڕێتەوە.
بنەماڵەی مونا تەسلیمی بڕیارەكەی دادگا نەبوون،پارێزەرێكی خێزانەكەیان ڕووی لە دادگاكە كرد و هەموو بەڵگەنامە و نوسراوەكانی پێشكەش كردن، كە دەیسەلمێنێت خانووەكە خاوەندارێتی بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە،بەڵام سودی نەبوو.


بۆیە جووەكان بە هاریكاری سەربازانی ئیسرائیل، لە هەرچوار لاوە گەمارۆی ماڵی دایكی نەبیلیان دا و كەرەستەی ماڵەكەیان لە پەنجەرەكانەوە بۆ فڕێدانە دەرەوە.
دوای كۆچی دوایی" دایكی نەبیل"، كوڕەكەی بە ناوی نەبیل لەسەر ڕێبازی دایكی بەردەوام بوو، هەروەها ئێستاش نەوەكەی بە ناوی " مونا كوردی" بۆتە ڕەمزی بەرخۆدانی گەڕەكی شێخ جەراح و تەواوی نەهامەتیەكانی فەلەستینیەكان بە جیهان دەگەیەنێت.