جۆرێكیان گازی غەردەل بووە

2021-05-17

لێكۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان ئاشكرای دەكەن، كە ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش، چەندین جۆر لە چەكی كیمیاوی لەسەر گیراوە عیراقیەكان تاقیكردۆتەوە، بۆ ئەوەی كاریگەری چەكەكە بزانێت، یەكێك لەو جۆرانەش غازی خەردەل بووە، كە جۆرێكی مەترسیدارو كۆمەڵكوژە.

رۆژنامەی " واشنتن پۆست"ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، كە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن داعشەوە لە ساڵی 2015ەوە دەركەوتووە، هەروەها بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا و عیراق نیگەرانی و ترسی خۆیان لەو كاتەدا نیشانداوە، كە داعش هەوڵ دەدات پەرە بەو جۆرە چەكە بدات.
بەرپرسان دووپاتی دەكەنەوە، كە ئەو كات ڕێكخراوەكە هەوڵی داوە هاوكاری لە زانایانی عێراقی و سوری و ناوچەكانی دیكە وەربگرێت، بۆ ئەوەی بنكەیەكی توێژینەوە و تاقیكردنەوەی چەكی كیمیاوی و بایۆلۆژی بكاتەوە.

،،

داعش لە كۆتایی ساڵی 2016دا، لە هێرشەكانیدا چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە، لەوانە خەردەل و كلۆر و كبریت، هەروەها ڕوانگەی ململانێكانی سەر بە سەنتەری توێژینەوەكان (IHS) ئاشكرای كردووە، كە داعش لە سوریا و عیراق بەلانی كەمەوە 52 جار ئەو چەكانەی بەكارهێناوە.

ئەنجامە نوێیەكانی لێكۆڵەرەوان ئاشكرای دەكات، كە داعش دوای داگیركردنی موسڵ لە ساڵی 2014دا، چەندین جۆر چەكی كیمیاوی لەسەر گیراوان و ڕفێنراوەكان تاقیكردۆتەوە.

ئەو لێكۆڵەرەوانە ئەوەش ئاشكرا دەكەن، كە داعش زانكۆی موسڵ-ی وەك سەنتەری لێكۆڵینەوە و تاقی كردنەوەی چەكە نوێیەكانی بەكارهێناوە، هەروەها لیژنەیەكی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرای دەكات، كەبەشێك لە زیندانیكراوە عیراقیەكان لەكاتی تاقی كردنەوەی چەكەكان گیانیان لەدەستداوە.


لە سالیۆمەوە بۆ نیكۆتین:

لێكۆڵەرەوان بەدواداچوونیان بۆ ئەو ڕاپۆرتانە كردووە، كە باسیان لەوە دەكرد بەشێك لە زیندانیكراوان گازی سالیۆم-یان لەسەر تاقیكراوەتەوە، لەگەڵ مادەی نیكۆتین كە بە مادەیەكی بكوژ دادەنرێت، ئەگەر بە شێوەیەكی خەست بەكاربهێنرێت.
هەروەها ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە داعش هەوڵێكی زۆری داوە، بۆ ئەوەی گازی كلۆر و خەردەلی كبریت بەرهەمبهێنێت، كە لە جەنگی یەكەمی جیهاندا بەكارهێناوە و هەزارەها سەربازی پێكوژرا.
هەروەها بەڵگە نوێیەكان ئاشكرای دەكەن، كە گروپی تیرۆرستی داعش چەكی كیمیاوی لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنیش بەكارهێناوە، ئەم بەڵگەیەش لە ڕێگای پشكنینی مۆبایل و كۆمپیوتەری كوژراو و دەستگیر كراوەكانی داعشەوە دەست كەوتووە.

ڕاپۆرتەكە دەڵێت:" ئەو بەڵگانەی بەردەست كەوتوون، دەریدەخەن كە داعش بە كرداری موادی بایلۆژی و كیمیاوی لەسەر زیندانی كراوەكان تاقی كردۆتەوە، بەهۆی ئەم تاقی كردنەوەشەوە ژمارەیەك لەو زیندانیانە گیانیان لەدەستداوە".
داعش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا ناوچەیەكی فراوانی لە عیراق داگیر كرد،چەكدارەكانی دەستیان بەسەر بڕێكی زۆری كلۆر لە وێستگەكانی پاكژكردنەوەی ئاودا گرت،دواتریش لە هێرشەكانیان دژ بە هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوڵاتیانی مەدەنی بەكاریان هێنا.


میراتی سەددامە:

داعش ژمارەیەك لە زانا و ئەندازیارانی بە سۆغرە گرت، ئەوانەی كە پێشتر لە كارگەكانی سەددام حسێندا كاریان دەكرد، ئامانجی داعش لەم كارەی بۆ ئەوەبوو، ئەو زانایانە هاوكاری گروپەكەی بكەن، بۆ ئەوەی غازی خەردەل لەناو زانكۆی موسڵ بەرهەمبهێنن.
لێكۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی دووپاتی دەكەنەوە، كە داعش تا ڕادەیەك لە بەرهەمهێنانی جۆرێكی خراپی خەردەل سەركەوتنی بەدەستهێناوە، كە دواتر لە ڕێگای قازیفەوە بەكاریهێناون.
شارەزایان لەو باوەڕەدان، كە داعش توانیویەتی بە تێپەڕبوونی كات كوالێتی گازی خەردەل باش بكات، ئەم كارەشی لەڕێگای زانایانی بواری كیمیاوی ئەنجامداوە، بەتایبەت ئەو زانایانەی كە لە نێوان ساڵانی 2015 و 2016 دەستگیری كردبوون.


لەلایەكی دیكەوە، ریچارد بیلچ بەڕێوەبەری بەرنامەی چەكی كیمیاوی و بایلۆژی لە سەنتەری جیمیس مارت بۆ توێژینەوە لە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەكی كیمیاوی لە كالیفۆرنیا دەڵێت:

،،

" راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات، كە توانای داعش كەمێك پەرەی پێدراوە،ئەگەر هات و ئەو زانیاریانە پشت راست بكرێنەوە، ئەوە پێویستە ڕێكاری نوێ بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا لەو ناوچەیە بگیرێتە بەر".


ئەو راپۆرتەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی فراوان دێت، كە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەو زانیاری لەسەر تاوانەكانی داعش ئەنجامدراون، وەك تاوانی داعش دژ بە ئێزیدیەكان و كوشتنی هەزارەها سەرباز و خوێندكاری سەربازی و ئەفسەری پۆلیس.
كەریم ئەسەد ئەحمەد سەرۆكی لیژنەكە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ئاشكرای كرد،كە" بەڵگەكان روون و بڕوا پێهێنەرن" كە داعش كۆمەڵكوژی ئەنجامداوە، بەتایبەت دژ بە ئێزیدیەكان".
وتیشی:" بەڵگەكان لەسەر كوشتن و ئەشكەنجە و مامەڵەی توند و بێڕێزی كۆكراونەتەوە".