جەنگ ڕاوەستا، ڕق نەوەستا

2021-05-22

زمناکۆ ئیسماعیل

٧ ئایاری ٢٠٢١، خولێکی دیکەی جەنگ، لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس هەڵگیرسایەوە، پاش ١٤ ڕۆژ لەکوشتارو ماڵوێرانی، لە ٢١ ئایاری ٢٠٢١، ئەم خولەی جەنگ کۆتایی هات، ئەوەی جەنگی بردەوە سیاسییەکانن، ئەوەشی جەنگی دۆڕاند، هاووڵاتی و هاونیشتیمانی هەردوو بەرەی بەشەڕهاتووی ئیسرائیل و فەڵەستینە، وەک لەم گۆتارە شیکارییە ئاماژەی پێدەکەین.

جەنگ چۆن هەڵگیرسا؟

رۆژی ٦ ئایاری ٢٠٢١ دادگای باڵای ئیسرائیل، داوای جێبەجێکردنی بڕیاریکی دادگای ووڵاتەکەی دەرکرد، سەبارەت بە دانیشتوانی موسڵمانی گەڕەکی شێخ جەڕاح، داواکارییەکەی دادگاش ئەوەیە کە دەبێت موسڵمانانی دانیشتوی ئەو گەڕەکە، لەماڵەکانیان دەربچن و بەرەو رۆژهەڵاتی ناوچە کۆنەکەی ئۆرشەلیم – قودس، بکشێن، واتە دەبێت ماڵیان چۆڵ بکەن بۆ ئیسرائیلییەکان.
رۆژی ٧ ئایاری ٢٠٢١ و لەپاش نوێژی شێوان، پۆلیسی ئیسرائیل لەگەڕەکی شێخ جەڕاح بڵاوە پێکران، ڕووەو مزگەوتی قودس رەوانەکران، بەهۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی نێوان پۆلیس و نوێژخوێنان، نزیک بە ٢٠٥ نوێژخوێن بریندار بوون
رۆژی ١٠ ئایار توندوتیژییەکان سەریان کێشا بۆ پاککردنەوەی مزگەوتی قودس لەموسڵمانان، بەو هۆیەوە ٣٣١ کەس بریندار بوون، لەنێویاندا ٧ رۆژنامەنوس و ووێنەکارو کارمەندانی فریاگوزاری سەرەتایی هەبوون، کەتائیبەکانی قەسام، داوایان لە سوپای ئیسرائیل کرد، هەتا ٦:٠٠ بەیانی هەمان رۆژ، لەگەڕەکی شخ جەڕاح بکشێتەوە، ئەگەر ئەو داوایە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا گرژی و ئاڵۆزییەکان بەرەو ئاراستەی شەری سەربازی هەنگاو پێدەنێن.
بەهۆی بەهەند وەرنەگرتنی داواکەی کەتائیبەکانی قەسام و بڵاوەپێکردنی سوپاو پۆلیسی ئیسرائیل لەو گەڕەکەو دەوروبەری مزگەوتی قودس، کەتائیبەکان قەسام و بزوتنەوەی حەماس، موشەکبارانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلی کرد، بەجۆرێک کە توانییان، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری سەرەتا ١٠٥٠ ساروخ، ڕووەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل ئاراستە بکەن، هەمان رۆژ ١١ ئایاری ٢٠٢١ بەهۆی تەقاندنی فیشەک لەلایەن سوپای ئیسرائیل، لەشاری للد، کەسیک کوژراو ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەمان رۆژ لەشارەکانی حەیفا و یافا شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و خۆپیشاندەران هەڵگیرسا.

زیانی ئەو جەنگە چەند بوو؟

لەڕووی مرۆڤایەتییەوەو بەهۆی موشەکبارانکردنی بزوتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەتەنها ١٢ کەس ژیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ٥ سەرباز و ٩ مەدەنی هەیە، لەهەمانکاتدا ٣٣٦ کەسی دیکە بریندار بووە، بەڵام لەلایەن فەڵەستین و موسڵمانانی ئەو ناوچەیە، ٢٣٢ کەس کوژراوە، ٦٥ کەسیان منداڵن و هەزارو ٩٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، بەهەزاران خانوو خاپورکراوەو خەڵکیکی زۆریش ئاوارەو بێلانە بوون.

زیانە ئابورییەکانی ئەو جەنگە. . .
تێچووی ئەو جەنگە، لەنێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس جیاوازە، بەو پێیەی ئیسرائیل توانیویەتی پێشکەوتوترین بۆمبەکانی سەربازی و تەکنەلۆژیای جەنگ بەکار بهێنێت، هەر بۆیە خەرجی ئیسرائیل لەو جەنگە، مەزەندە دەکرێت بە دوو ملیارو ٥٠٠ هەزار دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل سیستەمی زیرەکی تەقاندنەوەی بۆمبی بەکارهێناوە، بۆ تەقاندنەوەی هەر بۆمبێک لەئاسمان ٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار دۆلار تێچوو بووە، بێجگەلە درۆن و فڕۆکەی زیکزیکەی ئاسمانی و هێزی ئاسمانی و مانگە دەستکردەکانی کە بەشداری ئەو شەڕە بوون، زیانێکی زۆری ئابوری بەووڵاتەکەشی گەیاندووە، لەڕووی بینا و گەشتکردن و راوەستاندنی جوڵەی ئاسمانی و ووشکانی و بازرگانی، بەوەش نزیک بە دوو ملیارو ٥٠٠ هەزار دۆلار خەرجی ئەو ١٤ رۆژەی جەنگ بووە، بەراوبەر بەوەش حەماسی فەڵەستین ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریان لەو جەنگەدا خەرجکردووە، بەڵام مەزندەکردنی زیانەکانی ژێرخانی ئابوری خاپوور بوون و داڕمانی باڵاخانەکانی فەڵەستین بەملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت، وەک میدیا عەرەبییەکان باسی دەکەن و دەڵێن " شەش هەزار خانوو یەکەی نیشتەجێبوون زیانی بەرکەوتووە"، ئەو زیانەش بەخەرجی لێکەوتەکانی جەنگ هەژمار دەکرێت.

ئێران جەنگی بردەوەو تورکیاش شیڕاندی . . .

لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە، ئێران رۆڵی بەرچاوی گێڕا لەو جەنگە، بەجۆرێک توانی هاوکارییەکانی خۆی بۆ بزوتنەوەی حەماس بگەیەنێت، هەربۆیە ئەو بزوتنەوەیەش توانی ساروخی عەیاش یەک، بەکاربهێنت، لەهەمانکاتدا بەو ساروخە گومەزی ئاسینی ئیسرائیلی بڕی، بەجۆرێک، وەک میدیا ئیسرائیلییەکان گۆتیان" لە٤٠ کاتژمێردا، ١٠٥٠ ساروخی کەتائیبەکانی قەسام بەڕووی ئیسرائیلدا تەقێندراوە، هەندێک لەوانە گومەزی ئاسنینی بڕیوەو کەوتونەتە نێو خاکی ئیسرائیل"، بەڵام تورکیایی هاوپەیمانی ئیسرائیل، لەڕێگای ئەدرۆگانی سەرۆکییەوە، بەردەوام هاواری بوو دەیشڕاند "ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستە"، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە لەساڵی ١٩٩٦ەوە ئیسرائیل و تورکیا، هاوپەیمانی یەکترن بۆ تەکنەلۆژیای سەربازی، تەنانەت لە رڤاندنی سەرۆک ئاپۆ لەنایرۆبییەوە بۆ تورکیا، ئیسرائیل لەڕێگای موسادەوە، هاوکارێکی باشی تورکیا بوو، لەهەمانکاتدا لەتەکنەلۆژیایی سەربازی و هێرشی تورکیا بۆ سەر قەندیل، ئیسرائیل هاوکاری باشی تورکیایەو گرێبەستیان هەیە لەو بوارەدا، بەوەش تورکیا بەتەنها خۆڵی کردە چاوی موسڵمانان و ئێرائیش ساروخی کردە چاوی ئەو جەنگەوە، هەر بۆیە ئێران جەنگی لەتورکیا بردەوە.


لەڕووی دیبلۆماسییەوە میسڕ جەنگەکەی بردەوەو توکیاو ووڵاتانی عەرەبی دۆڕان. . .

میسڕ نێوەندگیرکاری ئەم جەنگە بوو، چەناڵی العربیە دەڵێت سەرچاوەیەک لەکۆشکی سپی پێی راگەیاندوین " ئەمریکییەکان ٨٠ جار پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ ئیسرائیل گرتووە بۆ وەستاندنی جەنگ، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نەبوون ئەو جەنگە رابگرن"، بەراوبەر بەوەش میسڕییەکان لەیەککاتدا لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس کۆبونەوە بۆ راگرتنی جەنگ، میسڕییەکان لەوەدا سەرکەوتوبوون، لای خۆشییەوە سەرۆکی ئەمریکا بایدن رایگەیاند: سەرۆکی میسڕ (سیسی)، پێی راگەیاندوم، (ناتانیاهۆ)، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئامادە بوون جەنگ رابگرن، بەراوبەر بەوەش حەماس و لایەنە بەشەڕ هاتووەکانی بەرەکەی دیکەی جەنگ، قەبوڵیانە جەنگ رابگرن"، ئەم هەوڵەی میسڕ سەرکەوتنێکی گەورەیە بەسەر رکەبەرکارەکەی تورکیا لەنێو جیهانی ئیسلامی، تەنانەت سەرکەوتنێکی گەورەیە بەسەر هاوبەشە زمانەوانییەکانیان ووڵاتانی عەرەبی، بەوەش میسڕ لەلای ووڵاتانی خوازیاری ئارامی وەک ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل و فەڵەستینیییەکانیش خۆشەویست بوو، بەوەش بوو بە براوەی ئەم جەنگەو بەسەر رکەبەرکارەکانی سەرکەوت.


جەنگ ڕاوەستا، ڕق نە وەستا

جەنگی ١٤ رۆژەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ڕاوەستا، ئەوەی کە نەوەستاوەو ماوەتەوە، ئەو رقە زۆرەیە کە لەنێوان نەتەوەی ئیسرائیل و عەرەب لەلایەک و موسڵمان و جولەکە لەلایەکی دیکەو، ووڵاتانی ئیسلامخوازو زایۆنیزم لەلایەکی دیکە بوونی هەیە، ئەم رقە زۆرە لەنێوان دوو بەرەی دژبەیەکی دینی ئیسلام و یەهودییەت، لەسەردەمانێکی دوورو درێژەوە هاتووە بۆ ئەمڕۆ، چارەسەری ئەم جەنگە نەکردەیە و بوونی نییە، چونکە ریشەی ئەم جەنگە لەنێو دوو دینی جیاوازدایە، هەمیشەو لەپاش راوەستاندنی جەنگ، براوە سیاسییەکان و دەوڵەتانی بەرژوەندیخوازن، ماڵوێرانی و نەهامەتییەکانیش، بۆ مرۆڤەکانن کە کەوتونەتە نێو بەرداشی جەنگی ئەو دوو بەرەیە لەسەر ئەو خاکەی کە جەنگی لەسەر هەڵدەگیرسێنن و هەریەکە بەخاکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن، هەمیشە جەنگ رادەوەستێت، بەڵام رقی ئەو دوو بەرەیە راناوەستێت کە ساڵانێکی زۆرە بوونی هەیە و خوێنی زۆری بۆ خۆی بردوە، دەبێت دەرئەنجامی هەموو جەنگێکی نێوان ئەو دوو بەرەیە، بەم خاڵە گرێبدەینەوە بۆ خولێکی دیکەی جەنگی داهاتووی ئەو دوو بەرەیە.