بۆچی ژەنەڕاڵە ئێرانییەكە بەغدادی جێهێشت؟

2021-05-22

لە دوومانگی ڕابردوودا ناكۆكییەكانی ئێران و ملیشیاكانی حەشدی شەعبی گەشتووەتە لوتكە، بە جۆرێك بەرپرس و سەرپەرشتیاری میلیشیاكانی حەشد هەفتەی ڕابردوو بەغدادی جێهێشتووەو گەڕاوەتەوە مەشهەد و دەستلەكار كێشانەوەی پێشكەش كردووە.

هۆكاری ناكۆكییەكان؟

لە دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە دانوستاندنەكانی ئەمەریكا و ئێران لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران دەستیپێكردووە و یەكێك لە تەوەرەكانی دانوستاندنەكان پرسی میلیشیا شیعیەكانی ئێرانە لە عێراق.

،،

میلیشیا شیعیەكانی عێراقیش ترسی ئەوەیان هەیە بكرێنە قوربانی هەڵگرتنی سزا ئابورییەكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران و دوای ٨ ساڵ ئێران پشتیان تێبكات، چونكە پرسی میلیشیا شیعەكانی عێراق یەكێكە لە پرسە گرنگەكانی دانوستاندنی ئێران و ئەمەریكا.

لە مانگی نیسانی ڕابردوودا ئەبوعەلی عەسكەری وتەبێژی میلیشیاكانی حیزبوڵا و ربع الله بە ناڕاستەوخۆ ئەم مەترسیانەی خستەڕوو و ڕایگەیاند كە حیزبوڵا هەر دۆخێك ڕووبدات دەستبەرداری موجاهیدەكانی نابێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە ژیان و بژێوی و خوێن و قوربانیەكانیان بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆیان و دەیانپارێزن.

ژەنڕاڵە ئێرانیەكە بۆچی بەغدادی جێهێشت؟

هەفتەی ڕابردوو ژەنڕاڵ حەیدەر ئەفغانی سەرپەشتیاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەغدادی جێهێشتوو گەڕایەوە شاری مەشهەد و نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئیسماعیل ئاقانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی كردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی Middle East eye هۆكاری دەستلەكاركێشانەوە و جێهێشتی بەغدادی ژەنراڵ حەیدەر ئەفغانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەر كردەی میلیشیاكانی حەشد گوێ بە فەرمانەكانی نادەن و سەربەخۆ بڕیار دەدەن.


بێ ئاكام بوونی هەوڵەكانی قائانی:

تەنها لە ماوەی مانگێكدا قائانی دووجار سەردانی بەغدادی كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی سەركردەكانی حەشدی شەعبی و لە كۆتا كۆبوونەوەدا كەلە كێڵگەكەی شبل زەیدی ئەنجامدراوە قائانی تووڕە بووە و هەڕەشەی لە سەركردەكانی حەشد كردووە.

،،

هاوكات هادی عامری ڕاسپاردووە كە سەركردەی میلیشیاكانی حەشد ڕازی بكات گرفت بۆ ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێران دروست نەكەن، بەڵام هەوڵەكانی عامریش بێ سود بووە و سەركردەكانی حەشد داوای دەستلەكاركێشانەوەی عامریان كردووە لە سەركردایەتی حەشد.

هەربۆیە ئاقانی بەناچاری لە ئێستادا پەنای بۆ خودی خامەنەئی بردووە بۆ كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و پابەند كردنیان بەبڕیاری فەیلەقی قودسەوە ئەگەرنا هاوكارییەكانیان. بۆ حەشد ڕادەگرن.


هەڵبژاردن و مۆتەكەی حەشد؟

لە ئێستادا كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كاتەكەی نزیك دەبێتەوە میلیشیاكانی حەشد ترسیان لە پەراوێزخستنیانە ئەگەر ئێران. پشتیوانیان نەكات، چونكە كازمی بە ئێرانییەكانی ڕاگەیاندووە كە هیچ كارێك و بەرپرسیارێتیەكی گرنگتر لە هەڵبژاردنی نیە و ڕێكخستنی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە دوور لە فشاری چەكی میلیشیاكان ئامانجی حكومەتی ئێستایە..

هەر هەوڵێك بۆ دەستێوەردانی میلیشیاكان لە هەڵبژاردن بەهێز وەڵام دەدرێتەوە بێ گوێدانە دەرئەنجامەكان، بۆیە پێویستە ئێران ڕێگری لە گروپەكانی حەشدبكات دەستێوەردان لە هەڵبژاردن بكەن.