د. سەڵاحەدین سەنگاوی: عەلائەدین سەججادی ڕچەشكێنی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی بوو

2021-05-24

لەم دیدارەدا کە " گروپی گوڵنار" لەگەڵیدا سازیانداوە، دکتۆر سەڵاحەدین سەنگاوی، زانای ئاینی، لەتەک باسکردنی چەند وێستگەیەکی ژیانی خۆیدا، دەربارەی هەندێک لە مونەوەرو کەسایەتی دیاری ئاینی کورد دەکات.


* مه‌سعوود موحه‌ممه‌د كێوێك بوو لە فیكر و تێڕامان و گەورەیی
* عەلائەدین سەججادی بۆ كورد و زمانی كورد و نووسینی كوردیی خزمەتێكی كرد، بە حیزبەكانی ئێستاش ناكرێ
* به‌خوا مه‌وله‌ویی تاوگۆزی، ئه‌ڵێی ڕووح و گیانه‌ بۆ لاشه‌ی مرۆڤ
* مامۆستا قانعی شاعیر لەبەر ئەوەی دژی تێگەیشتنی درۆیینەی شێخ و ئاغا بوو، بۆیە بە كافر ناساندیان
* فوئاد عارف و برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بە بەردەوامی لە حوجرەكەی عەلائەدین سەججادی كەوتبوون و سەردانیان دەكرد
* كەسایەتیی بە هیممەت و بە شكۆی وەك مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵم زۆر بە كەمی دیتووە
* لەو سەردەمەدا كە كورد و زمان و فەرهەنگەكەی بێناز و پڕ مەترسی بوون، عەلائەدین سەججادی بۆ زیندووكردنەوەیان بووە ڕچەشكێن و ڕێی بۆ خەڵك ئاوەڵاكرد
* ماڵی مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیس، ماڵەباوانی هەموو كوردێك بوو لە شاری بەغداددا
* مەلا جەمیل بەندیی ڕۆژبەیانیی لە ڕووی فیكرییەوە باوەڕی بە مەلایەتیی نەمابوو و وابزانم هەر باوەڕیشی بە خودی ئیسلام نەمابوو

گوڵنار: لە بارەی شۆڕشەكانی ئەوسای كورد، بە تایبەت شۆڕشەكانی شێخ مەحموود و قازی موحەممەدەوە، بەشداریی بنەماڵەی ئێوە چۆن بووە؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: وابزانم باوكم بەشداریی شۆڕشەكانی شێخ مەحموود و شەڕی ئاوباریكی كردبێت، بەڵام زۆریش دڵنیا نیم، بەڵام بۆ كۆماری مهاباد هیچم لە بیر نییە، چونكە من لەو كاتەدا سێ چوار ساڵ بووم. بەڵام ئەوەم لە بیرە كە شۆڕشی ئەیلول دروستبوو، باوكم هەمووجار بێئومێدیی پێوە دیار بوو، دەیگوت: ئەم سەربەخۆیی و سەركەوتنە بۆ شێخ مەحموود نەبوو، بۆ مەلا موستەفا هەر نابێت!

گوڵنار: ساڵی چەند چوویت بۆ بەغدا؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: وا بزانم ساڵی 1963 بوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە كاتی خۆی حەوزەی قادریی خوێندنی لێبوو بەڵام چۆڵكرابوو، بەهۆی پشێوییەكانی دوای عەبدولكەریم قاسمەوە، وە تەواو خاڵی كرابوویەوە لە هەموو قوتابییەكی كورد. چونكە فەقێ و قوتابییەكانی ئەو سەردەمە زیاتر سەر بە ڕێچكەی چەپ بوون، وە قوتابییە عەرەبەكانیش زیاتر نەتەوەیی بوون، بۆیە ئەم دوو دژە (ماركسییەت و نەتەوەییەكان) پێكەوە نەیاندەكرا، بۆیە ئیزنیان دان. تا سەردەمی مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیس فەقێی كورد نەچوونەوە بەغداد. عەبدوڕەحمان موفتی باوكی مامۆستا شەماڵ موفتی، پلەیەكی بەرزی هەبوو لە سوپای عێراقدا، نازانم عەمید بوو یا عەقید، لەگەڵ بنەماڵەی گەیلانییەكان و یوسف گەیلانیی كە موتەووەلی تەكیە بوو، پەیوەندیی هەبوو، ڕۆشتبوو بۆ لای یوسف گەیلانیی و گلەیی لەوە كردبوو كە جاران ئەم حەوزە عیلمییە تەژی بوو لە فەقێی كورد و پاكستانیی و فارسیی، بەڵام ئێستا فەقێتان نەهێشتووە. ئەویش گوتبووی: "دە بنێرە با فەقێ بێن" موفتیش نامەیەك دەنووسێت بۆ مەلا موحسین كە مەلا بوو لە مزگەوتی موفتی كە ئێستا بووە بە چاخانەی شەعب، گوتیان: نامەیەك هاتووە و دوو فەقێیان دەوێ بۆ بەغدا، من و مامۆستا یاسین دەروێش دیاریكراین و چووین بۆ لای مامۆستا موحسین، ئەویش نامەیەكی پێداین بۆ مامۆستا عەبدوڕەحمان موفتی، ئێمەش بە نامەكەوە چووین بۆ لای و ئەویش نامەكەی بردبوو بۆ لای یوسف گەیلانیی و دامەزرێنراین. ئیتر چووین بۆ لای مامۆستا مەلا كەریم، ئەویش زۆر نەبوو لەوێ دامەزرابوو. دوای ئێمە خەڵكێكی زۆر لە كورد هاتن بۆ ئەوێ، یەكێك لەوانە دكتۆر موحەممەد گەزنەیی، نوورەدینی شێخ كاكە، مامۆستا عەبدوڕەحمان مەسۆیی و مامۆستا مەلا غەفوور كە زاوای مامۆستا مەلا سەعید زمناكۆیی بوو، وە كۆمەڵێكی تریش هاتن.

گوڵنار: چەند ساڵ لە خزمەت مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیسدا مایتەوە و خوێندت؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: ئەوی ڕاستی بێت زۆر نەبوو، هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە مامۆستا یاسین دەروێش بووە هۆی ئەوەی كە چۆڵی بكەین. ئەو كاتە بڕوانامەی دوازدە هەبوو، من لێرە بڕوانامەی تا پۆلی هەشتم هەبوو، لەوێ كە بڕوانامەی دوازدەت وەردەگرت ئیتر لە عەسكەریی دەبەخشرای، یا ئەگەر خۆت بتویستبا دەیانكردی بە نایب زابت، گەر نەشتكردایە ئەوا بە زۆر نەدەكرای بە عەسكەر. من كە چووم بۆ بەغدا وازم لەو پۆل و ژماردنی پۆلەكانی قوتابخانە هێنا، بەڵكە هەر بە شێوەی قەدیمی فەقێیەتی دەمانخوێند، پاش ماوەیەك ئێمەش بۆ ئیمامەت و خەتابەت چووین تاقیكردنەوەیەكمان كرد و بووین بە مەلا. تەنانەت كە چووم بۆ بەغداش، پرسم بە مامۆستا (قانع)ی شاعیر كرد و پێمگوت: لەگەڵ برادەرێكی تردا ناومان دەرچووە كە بچین بۆ بەغداد و لەوێ بخوێنین، ئیتر نازانم بچم یا نا؟ مامۆستا قانع گوتی: "لێرە بخوێنیت و ببیتە عالمێكی گه‌وره‌، لەگەڵ ئەوەی بچیت بۆ خزمەت مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیس و له‌وێ بەس بخەوی، ڕۆشتنەكەی لای مامۆستا مەلا كەریمم پێباشترە"! بەڕاستی ماڵی مامۆستا مەلا كەریم ماڵەباوانی هەموومان بوو.

گوڵنار: باست لە عەلائەدین سەججادی كرد، پێم خۆشە باس لە ئەزموون و پەیوەندییەكانی خۆت بكەیت لەگەڵ ئەو پیاوەدا؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: مامۆستا عەلائەدین سەججادی (بە ڕەحمەت بێ) یەكێك بوو لە دۆستە هەرە نزیكەكانم و زۆرجار دەچوومە خزمەتی و پێكەوە دادەنیشتین، بەڵام زۆر زۆر بەداخەوە ئەو پیاوە گەورەیە ئێستا نە ئەو ڕێزەی لێگیرا كە پێویست بوو بۆ ئەو لە بەرامبەر گەورەیی و كارە گەورەكانیدا، نە وەك پێویست ناسێندرا و باسكرا! نووسەرە خەڵاتكراوەكانی ئەمڕۆ، ئایا بە هەموویانەوە هێندەی مامۆستا عەلائەدین سەججادییان كردووە بۆ كورد؟! بۆ نووسەرە تازەپێگەیشتووەكان ڤیستیڤاڵ و سیمینار ساز دەكرێ و پەیكەریان بۆ دروستدەكرێ و هۆڵیان بە ناوەوە دەكرێ! بەڵام مامۆستا عەلائەدین سەججادی بۆ كورد و زمانی كورد و نووسینی كوردی خزمەتێكی كرد، بە حیزبەكانی ئێستاش ناكرێ! من پێموانییە هەموو ئەوانەی كە خزمەتی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی كوردییان كردووە، بگەنە ئاستی مامۆستا عەلائەدین سەججادی. جا من پێش ئەوەی بچم بۆ بەغدا و بە خزمەتی بگەم، لە سلێمانی (مێژووی ئەدەبی كوردی)یەكەی مامۆستای سەججادیم هەبوو و ئاشنابووم بە ناوی ئەو كەسایەتییە. كە چوومە بەغدا، سەردانی مزگەوتەكەی مامۆستا شێخ ئەمین شێخ موستەفام كرد و لەگەڵ ئەودا چووین بۆ خزمەتی مامۆستا عەلائەدین سەججادی و لەوێوە ناسیم. ئیتر پاش ئەوە خۆم بە بەردەوامی سەردانم دەكرد و ئولفەتمان بە یەكەوە گرت. ئەو عادەتی وابوو دەوامی مزگەوتی بە ڕێكوپێكی دەكرد، فوئاد عارف و برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی بە بەردەوامی لە حوجرەكەی عەلائەدین سەججادی كەوتبوون و سەردانیان دەكرد. مزگەوتەكەشی زۆر كۆن و شڕ بوو، بەبێ موبەڕیدە، پانكەیەكی شڕۆڵەی هەبوو، شەربەیەكی ئاوخواردنەوەی دانابوو لای پەنجەرەكەوە بۆ ئەوەی هەوایەك لێیدا و كەمێك سارد ببێت. لە نوێژی مەغریبەوە تا عیشای دانابوو بۆ ئەم سەردانە كۆمەڵایەتییانە. پاش نوێژی عیشا دەستی دەكرد بە تەواوكردنی ئەو نووسین و ئەركانەی كە بە ڕۆژ بۆی تەواونەكرابوون. ماوەیەكیش لە بەشی كوردی زانكۆی بەغدا دەرسگوتنەوەی هەبوو، بۆیە زۆر سەرقاڵ بوو. كتێبخانەیەكی دەوڵەمەندیشی هەبوو كە پڕ بوو لە سەرچاوە فارسیی و عەرەبیی و كوردییەكان.
سینییەكی دانابوو زۆرجار دەستی دەكرد بە پێچانەوەی سیگار و تووتن و دەیكێشا. مەجلیس و دانیشتنەكانی زۆر خۆشبوون، بەسەرهات و قسەی خۆشی زۆر دەگێڕایەوە، دەتگوت: كەسایەتییەكەی ناو ڕشتەی مروارییە لە قسەخۆشیی و گێڕانەوەی سەیروسەمەرەدا. جا خۆی گێڕایەوە كە (ڕشتەی مرواریی) داناوە، ڕۆژێك دەچێتە خانەقین، لێیدەپرسن: "توخوا مامۆستا عەلائەدین ئەوە چییە تۆ داتناوە ئێمە هەر لێی تێناگەین؟!" ئەویش دەفەرمووێت: "جا بۆچی، خۆ ئەوە كوردییە" ئەوانیش گوتوویانە: "ئەی ئەو شتە قۆڕ و بێمانایانە چین كۆتكردوونەتەوە؟" ئەویش دەفەرمووێت: "ئاخر ئەوە بە كوردیی نووسراوە بۆیە بە قۆڕ و بێمانای تێدەگەن"! بەڵام بێنازیی و بێمنەتیی ئێمەیە دەرهەق بەو زاتە گەورەیە، ئیتر بیانووش بۆ نووسینەكانی دەهێنینەوە. ئەگەرنا فارس و عەرەب و میللەتانی تریش سەدەها نووسەری تری وایان هەیە. ڕاغیبی ئەصفەهانی خاوەنی كتێبی بەناوبانگی (موفرەداتی قورئان)ـە، بەڵام بڕۆ (محاضرات الادبا‌ء)كەی بخوێنەوە، زۆر زۆر لەوەی مامۆستا عەلائەدین سەججادی بێپەردەترە. یا پیاوێكی تری وەكو (ئەبوحەییان و ئەقدەفەری).

گوڵنار: پێشتر باسی ئەوەت كرد كە عەلائەدین سەججادی خزمەتێكی زۆری كورد و هەموو ژانرە ئەدەبییەكانی كوردی كردووە، سەیرە مەلایەك بە جبە و عەمامەوە و لە شاری بەغداد خزمەتی كورد بكات، بەڵام ئێستا لە سایەی حوكمی كورددا ئەو مەلایە هیچ ناو و قەدرێكی ئەوتۆی نەبێت، پێمخۆشە باس لە ڕۆڵ و ئەركی پیاوە مونەووەرەكانی كوردمان بۆ بكەیت كە خزمەتی كوردیان كرد، لەوانەش: شێخ موحەممەدی خاڵ و مەلای مودەڕیس و مەلای گەورەی كۆیە و موستەفا زەڵمی و مەلا شوكر و تا دوایی.


د. صەلاحەددین سەنگاوی: با هەر باسی مامۆستا عەلائەدین سەججادی بكەین، منیش هەمان ڕەئی و بۆچوونی تۆم هەیە، مەلایەك بە جبە و عەمامەوە ئەو خزمەتە بكات، بەڵام باكیان پێی نەبێت، من زۆر جار دەڵێم: بۆیە باسی ناكەن و پێشچاوی ناخەن، لەوەچێ لەبەر ئەو جبە و عەمامەیە بێت. ئەگەرنا ئەو پیاوە زمانی كوردیی، ناوی كوردیی، پاراست. ئەو كاتە بەڕێوەبەری ئەوقاف كەسێك بوو كە شۆڤێنیتریین كەسایەتیی بوو، یەكێك بوو بە ناوی ناجی مەعروف، تەنانەت كتێبێكی هەیە بە ناوی (العلما‌ء المنصوبون الی العجم)، ناسراوە كە عەرەبچێتییەكی دەمارگیرانەی دەكرد. لەو كتێبەدا ڕەخنە لە مامۆستا عەلائەدین سەججادی دەگرێت، مەلای كورد و ڕۆژنامەی گەلاوێژ و نزار و ئەو نووسراوانەی تر، بە جبە و عەمامەوە و بە فیكری كوردستانییانە چۆن فێربووە؟ لەو سەردەمەدا كە كورد و زمان و فەرهەنگەكەی بێناز و پڕ مەترسی بوون، عەلائەدین سەججادی بۆ زیندووكردنەوەیان بووە ڕچەشكێن و ڕێی بۆ خەڵك ئاوەڵاكرد! وەك چۆن نالی و گۆران بە ڕچەشكێنی شیعری كوردی دادەنرێن، باوەڕتان هەبێت مامۆستا عەلائەدین سەججادیش ڕچەشكێنی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی كوردی بوو، بە تایبەت لە ژێر حوكمی ڕژێمێكی داپڵۆسێنەری زاڵمی وەك بەعسدا. بۆیە مەلا و زانایانی كورد، دەرچووانی حوجرە و مزگەوتەكان بە ڕاستی خزمەتێكی وەهایان بە كورد كردووە كە نادیدە ناگیردرێت، ئەگەریش هەوڵی نادیدەگرتنی بدرێت، ئەوە سپڵەیی و بێوەفاییە.

گوڵنار: قانع بە شاعیری چەوساوەكانی كورد ناوی دەركردووە، ئایا ئەمە تەنها نازناوێك بوو، یا لە ژیان و سەروسیمایشیدا ڕەنگی دابوویەوە؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: نەك پێوەی دیار بوو، بگرە ئەو جلوبەرگەشی كە لەبەریدا بوو، زۆر كەس بە شیاوی ئەوەشی نەدەبینی كە فڕێی بدا! زۆر كەس ئامادەبوو پارەت بداتێ تا بۆی فڕێبدەی. پیاوێك بوو فیز و تەكەببور توخنی نەكەوتبوو. پێش ئەوەی بچین بۆ بەغدا، من لەگەڵ بورهان و وریای كوڕیدا یەكتریمان دەناسی. كوڕەكانی مامۆستا هەرسێكیان خوێنەوار و شاعیری زۆر چاكبوون، بەڵام لە بواری ئایینەوە هیچ ناڵێم. ئەو ساڵەی كە مامۆستا قانع تێیدا نەخۆشكەوت، من هێشتا دانەمەزرابووم، چونكە لە یادەوەرییەكانی خۆمدا نووسیومە، بەڵام لە بەغدا چەند جار دیتمەوە، جارێك لە خزمەت مامۆستا مەلا كەریمی مودەڕیسدا چووین بۆ لای لە ماڵی صەلاحی كوڕی بوو لە كەڕادە، خۆشم سەربەخۆ یەك دوو جاری تر چوومەتە خزمەتی هەر لەو ماڵە. جارێكی تریش لە خزمەت مامۆستا مەلا كەریمدا چووین بۆ لای، لە فەزڵ بوو لە ماڵی بورهانی كوڕی. ئەوەندەی من بزانم مامۆستا مەلا كەریم دوو سێ جار تەشریفی بردووە بۆ خزمەتی قانعی شاعیر.

گوڵنار: با لە باسی ئەم هەژاریی و نەبوونییەی قانعەوە، باس لە پێشكەوتنخوازیی و دوور لە خورافەیی قانع بكەین، كە ئەمەش وا دەكات لەلایەن خەڵكی عەوام و بەشێك لە شێخەكانی تەریقەتەوە بە زەندیق و كافر ناوزەند بكرێ،

ئەویش لەبەر ئەو بۆچوونە پێشكەوتنخوازییانەی كە هەیبوون لە ژیاندا و بە خورافە و عاتیفە دینداریی نەكردووە، ئایا ئەمە دروست و ڕاستە؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: ئەوە بە هیچ شێوەیەك وا نەبووە كه‌ مامۆستا قانع كافر و زه‌ندیق بووبێت، هەرچەندە خۆی شیعرێكی هەیە بە ڕواڵەت زۆر ساكارە، بەڵام لە ڕاستییدا قووڵ و جوانە، ئەوەی كە دەڵێت:
"ئەشعەری و موعتەزیلە، سەرنەكەوتن لەم پلە
ئێمەی بێ كایە و مایە، چی بكەین لەم موعەمایە
بەخوا، بە خوا موحتاجین، بۆ وەستا ناعیلاجین"
قانع لەبەر ئەوەی دژی تێگەیشتنی درۆیینەی شێخ و ئاغا بوو، بۆیە بە كافر ناساندیان. خۆی لە شیعرەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە من ڕێی شێخ و مەلا ناگرم، وەسیەت بۆ وریای كوڕی دەكا كە مەلایەتیی نەكا. تەنها لەبەر ئەو بۆچوونانەی بوو كە لەگەڵ تێگەیشتنی كۆمەڵگە و خەڵكی سادەدا یەكی نەدەگرتەوە، بۆیە هەڵڵای شیوعییەتبوون و كافربوونیان بۆ بەرپاكرد. مامۆستا مەلا كەریم زۆر جار دەیفەرموو: "قانع پێیگوتووم تۆ سەیری من و مەلا كەریم بكە، مەلا كەریم دەچێ بۆ ناو خزمەكانی لە هۆزی قازی و عەشایەرەكانی، خزمەتی چاكی دەكەن و ڕۆنەكەرە و نان و ماست و دۆ و مریشكی دەدەنێ، بەڵام خزمەكانی منیش ئەوەندە نەدار و هەژارن، كە دەچمەوە بۆ ناویان ئەوە كە هیچیان نییە بیخۆم ئاساییە، بەڵام سەگەكانیشیان لە برساندا پێڵاوەكانم دەبەن"! بۆیە قانع و عەلائەدین سەججادی پیاوی گەورەی كورد بوون، ئێستا هەر كەسێك هەڵدەستێتەوە و شتێكی سادە دەنووسێ، ڕێزی لێدەگرن و ڤیستیڤاڵی بۆ دەگرن، بەڵام ئەو پیاوە گەورە و ناودارانەی كورد ناویان ونكراوەتەوە.

گوڵنار: با بچینەوە سەر باسی شێخ موحەممەدی خاڵ.

د. صەلاحەددین سەنگاوی: پێشتر گوتم هەوڵم دەدا بگوازرێمەوە بۆ سلێمانی، مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵ جوابی ناردبوو بۆ مامۆستا مەلا ڕەحیمی پەرخیی خەزوورم، گوتبووی: "مامۆستا مەلا ڕەحیم وەك بیستوومە زاوایەكت هەیە لە بەغدا خەریكی ئیمامەتە، با هەوڵێكی بۆ بدەین و بێتەوە بۆ سلێمانی لە مزگەوتەكەی خۆمدا" ئێوارەیەكیان لە خزمەت مامۆستا مەلا ڕەحیم و مامۆستا سدیقی كوڕیدا چووین بۆ خزمەت مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵ لە سلێمانی. ئەو كاتە پیریی بە تەواویی بڕستی لێ بڕیبوو و نیشانەكانی پیریی لێ دەركەوتبوون. بەڵام بۆ مێژوو دەیڵێم كە جەنابی مامۆستا نیوەڕوان و ئێواران خواردنێكی تایبەتییان بڕیبووبووەوە بۆ فەقێیەكان. براكانیشی زۆر ڕێزیان لێ دەگرت، دەهاتنە مەجلیسەكانییەوە، شەخسییەت و كەسایەتییەكی زۆر بەهێزی هەبوو، كەسایەتیی بە هیممەت و بە شكۆی وەك مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵم زۆر بە كەمی دیتووە. وە كەسایەتییەكی زۆر جوانخاس بوو، هەمیشە بە مێزەر و جبەوە دەتبینی.

گوڵنار: لە بارەی ئەزموون و یەكتربینینت لەگەڵ مەسعوود موحەممەدەوە قسەمان بۆ بكە.

د. صەلاحەددین سەنگاوی: بە خزمەتی گەیشتووم چەندجارێك، بەڵام زۆر شارەزا نەبووم لەگەڵی. جارێكیان لە (كۆڕی زانیاریی كورد) بینیم. جارێكی تریش (مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی) لەگەڵ شێخ حوسێنی خانەقادا، كە لە ئێران هاتبوونەوە، لە ئوتێلێك لایان دابوو، له‌گه‌ڵ ئەم مامۆستا شێخ موحەممەد عەلی قەرەداغییە چووین بۆ لایان. كە چووینە ئەوێ، دەبینین مەسعوود موحەممەدیش لەوێیە، وە هەندێ نوكتە و قسەی خۆشیش كرا لەو مەجلیسەدا. لە بارەی شەخسیات و كەسایەتیی مەسعوود موحەممەدەوە دەڵێم: هەتا بڵێی پیاوێكی بە شەخسیات و سەنگین بوو، كێوێك بوو لە فیكر و تێڕامان و گەورەیی. چۆن باسی مامۆستا قازی شێخ موحەممەدی خاڵم بۆ كردن، كتومت ئەو وەسفانەش بۆ مەسعوود موحەممەد دەست دەدەن! مەسعوود موحەممەد بە شەخسیات، زانا، موفەكیر، دڵسۆز، زمانەوان و عەبقەریی بوو. دەستی نووسینی بۆ هەر شتێك ببردایە، بۆ دەیهێشت هیچی لێبەجێ بمێنێ و مافی خۆی نەداتێ؟! بۆ دەیهێشت لەو شتەی كە باسی دەكات و قەڵەمی بۆ دەخاتەگەڕ، زیادەڕەویی و كەمڕەویی دەركەون و بوونیان هەبێت؟! ئەوەندە بە وردیی لەسەر شتی دەنووسی، بچووكترین كون و كەلەبەری نەدەهێشتەوە كە یەكێك بێت و بڵێت: بریا لێرەدا ئەمەی بنووسیایە و لێرەشدا ئەمەی نەگوتایە. مەسعوود موحەممەد كە دەشینووسی، گوێی لەوە نەدەبوو كە وتارەكەی چەند سەد پەڕەی لێ ڕۆشتووە و درێژە، یا كورت و بچووكە، چونكە لە هەردوو بارەكەدا بە تەواوەتیی مافی بەو نووسینە دەدات و وه‌ ئه‌و بۆ خودی خۆی ده‌ینووسی و گوێی له‌ لۆمه‌ و تانه‌ی كه‌س نه‌بوو. بە مانای كەلیمە لێكۆڵەر و بیرتیژ بوو. ئەو كاتە من گەنج بووم و زۆر لە كتێبەكانیم دەخوێندنەوە كە لە كۆڕی زانیاریی كورد دەردەچوون.

گوڵنار: باست لە مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی كرد، ئەزموون و نزیكیت لەگەڵیدا چۆن و چەند بوو؟

د. صەلاحەددین سەنگاوی: تەبعەن مامۆستا مەلا جەمیل بەندی ڕۆژبەیانی عالمێكی گەورە بوو، بەڵام لە كۆتاییدا نەدەبوو بەو شێوەیە بێت. لەم كۆتاییەی تەمەنییەوە ڕەخنەی لە من و مامۆستا موحەممەد عەلی قەرەداغی دەگرت بەوەی كە هێشتا جبە و مێزەر و عەمامەمان فڕێنەداوە! ئەو بە شێوەیەكی ڕەها لە مەلایەتیی تەكیبووبووەوە و چاكەت و پانتۆڵی دەكردە بەری. بەڵام ئەو لە ڕووی فیكریشەوە باوەڕی بە مەلایەتیی نەمابوو، ئەگەرنا چاكەت و پانتۆڵ و ڕواڵەت نابنە پێوەر بۆ مەلابوون یا نەبوون. ناشمەوێ لە بارەی دین و پابەندییەكەیەوە هیچ بڵێم، بەس لەوە نەدەچوو كە باوەڕی بە دینیش مابێت. چونكە دین بیر و فیكری ناخە، من و تۆ ناتوانین دەركی پێ بكەین بزانین ماوە یا نا! وە تەكفیر و كافركردن بە لای منەوە زۆر زەحمەتە، من یەكێكم لەو كەسانەی كە پێم وایە بێ دینی بۆ مرۆڤ زۆر زەحمەتە، وە كۆمەڵێك دروشم و گوفتار و نواندن نابنە پێوەر بۆ دەرچوونی مرۆڤ لە دینەكەی.

گوڵنار: وەك زانایەكی ئایینی نێوانت لەگەڵ ئەدەبیات و شیعر چۆنە؟
د. صەلاحەددین سەنگاوی: ئەو كاتەی كە گەنج بووم و لە بەغداش نزیك بووم لە بەشێك لە شاعیرانی كورد، بە تایبەت مامۆستا قانع، بەشێكی زۆری دیوانە شیعرییەكانم لەبەر بوون. بەشی هەرە زۆری دیوانی مامۆستا قانعم لەبەر بوو، پاشتریش بەشێكی تر لە دیوانی (نالی)م لەبەركرد. خۆیشم دەمویست ببمە شاعیر و لاسایی هەندێ شاعیر بكەمەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبووم. من كە سەیری نالی دەكەم، دەڵێم: ئەگەر من گەنج بوومایە و لە تەمەنی ئێوەدا بوومایە، بەراوردێكم لە نێوان سالم و نالییدا دەكرد، وە دەشمسەلماند كە نالی زۆر گەورەترە لە سالم و زۆریش دونیای شیعرییان جیاوازە. چونكە نالی ڕچەشكێن بوو بۆ هەموو شاعیرانی دوای خۆی. دانانی كوردی و سالمیش لە بەرامبەر نالییەوە وەك سێكوچكەی شیعری بابان، گومانم بۆ ئەوە دەچێت كە تەنها لەو مەیدانەدا پێویست بووە كەسێكی تری لەگەڵدا بێت بۆ جۆرێك لە شیعربازیی و تێگەیشتن لە یەكتر، ئەگەرنا هیچكات ئەو دووانە و هی تریش ناگەنە ئاستی نالی لە شیعرییەت و بەلاغەت و داهێنان و وشەئارایی و زمانزانیدا. من دیوانی نالی و سالمم خوێندووەتەوە، وە تێبینی و پەراوێزی خۆشم لەسەر هەردووكیان نووسیوە، بەڵام ئەو چێژ و بەهێزییەی لە شیعری نالیدا هەیە، كوا سالم دەگاتە پێدەشتی ئەو كێوە بەرزەی نالی؟! نالی زۆر عەزیمە. بەڵام با بێینە سەر مەولەویی، مەولەویی بەڕاستی بەڕاستی ئەڵێی گیان و ڕووحە بۆ جەستە، زیندووەتی دەدا بە مرۆڤ! من هەمیشە دەڵێم: بۆ نمونە پیاوێك هەیە وەستا و بەننایەكی زۆر لێزان و مەزنە، ئەمە لای من نالییە، كە بە كەرەستەی زۆر جوان و پێشكەوتوو، بەڵام هی دەرەوەی كوردستان، بە مەڕمەڕی ئیتالیی و بەردی حەلان و شتی تری ئێرانی و توركی و عەرەبی، خانوویەكی ڕازاوەت بۆ دروستدەكات. بەڵام مەولەویی دێت، هەر بە دار و بەرد و كانیاو و گوڵ و گوڵزارەكانی كوردستان، كۆشكێكت بۆ دروستدەكات گەورەتر و ڕازاوەتر لە خانووەكەی نالی! ئەو مەولەوییە هەرچی كەرەستەی ئەم كوردستانە و شوێن و ناوچە و گوندی ئەم كوردستانە هەیە، هەمووی لە شیعری خۆیدا جێكردووەتەوە. وە هیچكەسێكی تریش ئیشی وای پێناكرێت. وە ئەو شین و سۆزەی كە بۆ مەرگی خێزانەكەی (عەنبەرخاتوون) دەیكات، پێموانییە لە كورد و عەرەب و فارسیشدا، كەس گەیشتبێتە ئەو ئاستە ئەدەبییە بەرزە. هەروەها لە بارەی مەحوییەوە دەڵێم: مەحویش زۆر زۆر قووڵە، بە تایبەت لایەنی عیرفانیی و تەسەووفییەكەی. وە حافزی شیرازیشم زۆر پێخۆشە، هەرچەندە فارسییەكەم زۆر باشنەبوو، بەڵام ماوەیەك خۆم خەریككرد بە حافزی شیرازییەوە و لە لای مامۆستا مەلا كەریم بە دەرس خوێندم. هەمووجار بە سوعبەتەوە دەیگوت: "صەلاح وەرە با فاڵێكی لێبگرینەوە"! جا مەحوی و مەولەویی لە لایەنە عیرفانییەكەوە لە یەك نزیك نابنەوە، بەڵام مەحویش ناگاتە مەولەویی! تۆ سەیری سادەیی دەربڕینەكەی مەولەویی بكە، هەم سادە و هەمیش قورسە. وەك ئەوە وایە كەسێك یارییەك یا سەركێشییەك دەكات، تۆش دەڵێیت: جا ئەوە چییە؟ وەڵا منیش لەوە چاكتر دەزانم بیكەم! كە دەچی ئەو یارییە ئەزموون دەكەیت، تەماشا دەكەیت هەر لە هەنگاوی یەكەمدا فەشەلت هێنا. بەڵێ شتەكانی مەولەوییش لە ڕواڵەتدا سادە و ساكارن و هەر ئەو كەرەستانەشی بەكارهێناوە كە من و تۆ دەیانبینین و ئێمەش دەتوانین بەكاریانبهێنین، بەڵام كە دەچێتە مەیدانی كردارەوە، هیچمان پێناكرێ و ئەوسا دەزانین كە چەندە قووڵ و قورس و ناڕەحەتن! ئینجا هەموو ئەوەی كە ئێمە باسی دەكەین لەوساوە، تەنها ڕەهەندە شیعرییەكەی مەولەویی بوو، ئەی بۆ باسی ڕەهەندە عیلمییەكەی ناكەیت؟! تۆ بڕۆ كتێبەكانی (ئەلوەسیلە، ئەلفەوائیح، عەقیدەی مەرزییە) بخوێنەوە كە هەموویان لە عیلمی كەلام و فەلسەفە و عەقیدە و خواناسییدان. شتی ئاوا زۆر دەگمەن هەڵدەكەوێت، وە پێموانییە هیچكەس شان لە شانی بدات. تۆ وەرە لە وڵاتێكی بێ زانست و دواكەوتوو، لە گوندێكی دوورەدەستی ئەم كوردستانە، ئەم عالمە فازیل و هێژایە هەڵكەوێ و ئەو هەموو كتێبە كاریگەرە بنووسێت! به‌ڕاستی جێی سه‌رسامیی و شوكرانه‌بژێریی خودایه‌.


گوڵنار: پیرەمێردی شاعیر دەفەرمووێت: "تا مەولەویی تاوەگۆزییم نەناسیبوو، نالیم بە پێغەمبەری شیعری كوردی دەزانی" لای جەنابتان مەولەویی باڵاترە یا نالی؟
د. صەلاحەددین سەنگاوی: بەخوا من ناتوانم ئەو بەراوردە بكەم، چونكە من لەو ئاستەدا نیم، وە شارەزایی ئەدەبییشم نییە. بەڵام دەتوانم ئیجازە بە خۆم بدەم بەراودی نێوان سالم و نالی بكەم و بڵێم: نالی زۆر لە سالم باڵاتر و گەورەترە! بەڵام بۆ مەولەویی و نالی ناتوانم. وە بۆ نالی دەتوانم بڵێم: وشەی شیعرەكانی زیاتر ئەرستۆقراتییانەیە. وە پێمگوتی: كە لە زەخرەفە و مەڕمەڕ و حەلانی ئیتالیی و توركی خانووەكەی دروستكردووە. وە من بەهۆی ئیشە جوانەكانی مامۆستا مەلا كەریمەوە عاشقی زمانە قووڵە هەورامییەكەی مەولەویی بووم و لێیان تێدەگەم. هەر شتێكیش كە حەزت لێیكرد ئیتر دەتوانی زاڵ بیت بەسەریدا. وە شیعرەكانی مەولەویی زۆر زۆر بەرزن، بۆیە مرۆڤ ناچار دەبێت كە هەوڵی فێربوونیان بدات.


گوڵنار: ئایا مامۆستا مه‌لا كه‌ریمی موده‌ڕیس، لای ئێوە باسی ئەو دەربەدەریی و تەنگپێهەڵچنینەی خۆی نەدەكرد لەلایەن شێخانەوە لە بیارە دەرهەقی كرا؟
د. صەلاحەددین سەنگاوی: هیچكات باسی شتە شەخسییەكانی خۆی نەدەكرد، نەیدەویست كە دڵی خەڵكی پێ تەنگ بكات. بەڵام مامۆستا مەلا كەریم هەمیشە چاكە و بەسەرهات و ئەزموونی خۆشی برادەر و دۆستانی خۆی دەگێڕایەوە. تەنانەت زۆر جار لە گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆكی برادەرێكیدا، دەگریا. زۆر جار باسی مامۆستا مەلا باباڕەسوولی بێدەنی دەگێڕایەوە و دەگریا، چونكە برادەری بووبوو، لە هەمانكاتیشدا ئەو مامۆستا مەلا ڕەسوولی بێدەنییە مامۆستای حاجی مامۆستا مەلا ڕەحیمی پەرخی بووبوو.