شمشێرەكەی بەرهەم ساڵح،ملی گەندەڵكاران دەبڕێت یان دەستی خۆی؟

2021-05-24

راكێشانی كارتی پڕۆژە یاسای گێڕانەوەی پارە دزراو و تاڵانكراوەكانی عێراق لەدەرەوەی وڵات" ناردنی بۆ پەڕلەمان تا دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا، كارێكی پڕ لە جورئەت بوو لەلایەن سەرۆك كۆمارە كوردەكەی كۆشكی سەلامەوە.

وا دیارە د.بەرهەم ساڵح،سەرۆك كۆماری عێراق، شمشێری روبەڕوبونەوەی گەندەڵی تیژ كردووە و دەیەوێت روبەڕووی شەپۆلی بەهێزی گەندەڵی ببێتەوە لە وڵاتەكەیدا.

هەرچەندە ئەم كارەی سەرۆك كۆمار گرنگ و پڕ لە جورئەتە،بەڵام دەبێت بزانێت ئەو شمشێرەی هەڵیگرتووە دوور نییە لەبری ملی گەندەڵكاران، دەستی خۆی ببڕێت.

عێراقی نوێ‌ لە دوای ساڵی 2003 وە كە پارەیەكی بێ‌ شوماری هاوپەیمانان ڕژایە ناوی،لەلایەن نوخبەی سیاسی و حوكمڕانی نوێوە، ڕوبەڕوی شەپۆلێكی گەورەی تاڵانكاری و دزی بۆتەوە و بەشێكی زۆری نوخبەی حوكمڕانی عێراق لە گەندەڵیەوە تێوە گلاون.

لە عێراقدا هاوپەیمانێتیەكی گەندەڵی گەورە هەیە لە نێوان نوخبەی سیاسی وحوكمڕاندا بەجیاوازی ئایدۆلۆژیا و ئینتیمای سیاسیانەوە. كە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیەكانی یەكتر بونیات نراون و وەك تۆڕێكی فراوانی گەندەڵی بەرگری لە یەكتر دەكەن.

،،

روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بە یاساو بەو میكانیزمە نێودەوڵەتیەوە كە بەرهەم ساڵح پلانی بۆ داناوە بەمانای دەستخستنە بینە قاقای چینی گەندەڵكاران و راگەیاندنی جەنگێكی گەورە دێت بەرامبەر خەڵكانی خاوەن نفوس و دەسەڵاتی ناو جومگە هەستیارەكانی دەوڵەت و حیزبە حوكمڕانە گەورەكان.

كارەكەی بەرهەم ساڵح ئاسان نییە، دوریش نییە هاوپەیمانی گەندەڵەكان روبەڕوی نەبنەوەو تەنگی پێ‌ هەڵنەچنن،تا ئاستی هدروستكردنی مەترسی لەسەر ئایندەی سیاسیی، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەرهەم ساڵح دەتوانێت بە تەنها روبەڕوی ئەم فیرعەونە گەورانە ببێتەوە؟

بەپێی زانیاریەكان د.بەرهەم ساڵح، بەنیازە هاوپەیمانێتیەكی نێودەوڵەتی هاوشێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ ئەم كارەی دروست بكات و لە ئێستاشەوە لەگەڵ سەرۆكی چەند دەوڵەتێك گفتۆگۆكانی بۆ ئەنم مەبەستە دەستپێكردووە، لە دەوڵەتانی زلهێز و گەورەی دونیا و ئەو دەوڵەتانەش كە هەمان كێشەی عێراقیان هەیە.

هەروەها دەیەوێت ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی نێودەوڵەتی و پۆلیسی ئینتەرپوڵ هاوكاری جێبەجێكردنی یاساكە بكەن و ئەركی گەورەش لەم پرۆسەیەدا بۆ لێكۆڵینەوە و پەیوەندی دەكەوێتە سەر بانكی ناوەندی عێراق. بۆ زانین و ئاشكراكردنی ئەو جوڵە داراییانەی لەناو عێراق و دەروە رویانداوە و ئەو عێراقیانەش كە لە بانكە نێودەوڵەتیەكاندا جوڵەیان بە پارەوە كردووە.

،،

ئەگەر سەرۆك كۆمار بتوانێت پڕۆژەكەی سەرپێ‌ بخات و ئەنجامی راستەقینەی هەبێت بۆ گەلی عێراق، ئەوا بەدڵنیایەوە لە دەرگایەكی زێڕینەوە ناوی دەچێتە مێژووی عێراقی هاوچەرخەوە و دەبێتتە خاوەنی دەستپێشخەریەك لە مێژووی عێراقدا كە پێشتر هیچ سەرۆكێك نەیتوانیوە خۆی لە قەرە بدات.

خۆئەگەر بێت و بتوانێت پڕۆژەكەی سەرپێ‌ بخات و ئەنجامی راستەقینەی هەبێت بۆ گەلی عێراق، ئەوا بەدڵنیایەوە لە دەرگایەكی زێڕینەوە ناوی دەچێتە مێژووی عێراقی هاوچەرخەوە و دەبێتتە خاوەنی دەستپێشخەریەك لە مێژووی عێراقدا كە پێشتر هیچ سەرۆكێك نەیتوانیوە خۆی لە قەرە بدات.