دواچاوپێکەوتنم لەگەڵ سەدام حسێن

2021-05-25

فوئاد عارف

پێشتر هەندێک لایەنی ئەو چاوپێکەوتنانەم باسکرد کە لە ئاخروئۆخری سەردەمیدا، لە نێوان سەرۆک سەدام حسەین و مندا دروستبوو، بە تایبەت ئەو چاوپێکەوتنەی موکەڕەم تاڵەبانی ڕێکیخستبوو، پێم وایە دواین چاوپێکەوتنی نێوانمان گرنگترین چاوپێکەوتن بوو. کە زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوی گفتوگۆمان کرد.

ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتم بۆ پرسگەی کۆشک بۆ وەرگرتنی دیارییەکەی سەرۆک (پێشتر باسی دیارییەکەی کردووە کە ئۆتۆمبیلێکی تۆیۆتا کرۆلای یابانی مۆدێل ١٩٩٩ بووە) .
بە ئەحمەد حسەین حزەیر ئەلسامەڕائی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیم وت : هیوادارم سڵاو و سوپاسم بگەیەنیتە جەنابی سەرۆک بۆ دیارییەکەی و پێی بڵێت حەزدەکات بەخۆی سەردانت بکات، بۆ ئەوەی چەند بۆچوون و بیرۆکەیەک هەیە بیخەمە بەرچاوی، چونکە زۆر گرنگە بۆ ئەم قۆناغە سەختە کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت .

سەرۆکی دیوان پێشنیارەکەمی قبوڵکرد و ڕۆژی دواتر بە تەلەفۆن ئاگاداری کردم کە سەرۆک بۆ سەردانیکردنی ڕەزامەندی دەربڕیوە، پێیگوتم دەبێت سبەینێ کاتژمێر ٨ ی بەیانی لە پرسگەی کۆشک ئامادەبیت.
لەکاتی دیاریکراودا ئامادەبووم و ئۆتۆمبێلێکی داخراو بردمیانە شوێنێک کە نەمدەزانی کوێیە، چوومە ژوورێکەوە عەبد حەمودی پاسەوانی تایبەتی سەدام حسەین چاوەڕوانی دەکردم، دوو بە دوو دانیشتین و دەستمان بە قسەوباس کرد و چەند وێنەیەکی لەگەڵ گرتم.
لەناکاو سەدام حسەین هاتە ژوورەوە، بەگەرمی چاک و چۆنی لەگەڵ کردم و لەگەڵمان دانیشت، دوای ئەوە چووینە هۆڵێکی تەنیشت، دوای چەند خولەکێک کامێرای تەلەفزیۆن ئامادەبوو ، عەبد حەمود لە شوێنێکی دوور لە ئێمە دانیشت ، وێنەگرەکان زۆرتر فۆکسیان خستبووە سەر سەرۆک، بەڵام داوای لێکردن تەرکیز بخەنە سەر منیش، قسەمان لە باسە گشتییەکان دەکرد و هەندێک قسەی خۆشیشی تێدەکەوت، دوای ئەوە پێمگوت: جەنابی سەرۆک حەزدەکەم دوو بە دوو دوور لەچاوی کامێرا پێکەوە دانیشین، چونکە بابەتێکی تایبەت هەیە حەزدەکەم بیخەمەڕوو بۆ جەنابتان.
سەدام ڕازی بوو کامێرا و وێنەگرەکانی دوورخستەوە و ئەمجا وتی: ئەگەر ئاسایی بێت عەبد حەمود لەگەڵمان بمێنێتەوە.
پێمگوت: بۆمن کێشە نییە ئەوەیان لای جەنابتان دەمێنێتەوە.

دوای ئەوە دەستم بە قسانکرد و بەر لەهەر شتێک پرسیارم لێکرد: جەنابی سەرۆک ، حەزدەکەیت وەک سەرۆک کۆمار قسەت لەگەڵ بکەم یان وەکو مامە و برازاییەکەی جاران بێت؟
بە بزەیەکەوە وەڵامی دایەوە: باوکی فەرهاد! وەکو جارانی پێشوو، ئازادی تەواوی خۆت وەرگرە.

پێمگوت: جەنابی سەرۆک هەر بڕیاردەرێک بڕیار دەدات لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانە دەیدات کەپێی دەگەن، ئەگەر زانیارییەکان ڕاستبن ئەوا بێگومان بڕیارەکان گونجاو و ڕاست دەبن، بەڵام دڵنیام لەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانت لە ئاستی پێویستدانین.

تا ڕادەیەک بە بێتاقەتبوونەوە وتی : چۆن وادەڵێیت؟ دەمەوێت ڕاشکاوانە مەبەستی خۆتم پێبڵێیت.

وتم: سەرچاوەی زانیارییەکانت کەسانێکی وەک عیززەت ئەلدوری و تەها ئەلجەزراوی و هاوشێوەکانی ئەوانن، کە هەموو ڕاستییەکانت پێناڵێن، ئەوەی تەنها و پێش هەموو شتێک بەلای ئەوانەوە گرنگە ڕازیکردنی دڵی تۆیە و دۆستت ئەوەیە قسەی ڕاستت لەگەڵ بکات.

جەنابی سەرۆک: ئێمە ئەمڕۆ بە ڕۆژگارێکی سەخت و دژواردا گوزەر دەکەین، دەبێت تێبگەین و واقیعەکە وەک خۆی ببینین، ئەمریکا ئەمڕۆ بەهێزترین وڵاتی دونیایە ، هەروا گاڵتە نییە بەو دواییانە زیاتر لە 120,000 سەربازی هێناوەتە ناوچەکانی دەوروبەری عێراق، وێڕای ئەوە، چەند کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگریشی هێناون، بارودۆخی ئەم قۆناغە زۆر جیاوازە لە بارودۆخی قۆناغی سەرۆک جەمال عەبدولناسر کە دەیتوانی پشت بە هێزێکی نێودەوڵەتی گەورەی وەک یەکێتی سۆڤێت ببەستێت کە هیچی لە ئەمریکا کەمتر نەبوو، بەڵام ڕووسیای ئەمڕۆ یەکێتی سۆڤێتی جاران نییە، بەڵکو خۆی پێویستی بە یارمەتی ئەمریکایە.

سەدام ئا لێرەدا قسەکەی پێبڕیم و وتی : کەواتە دەبێت من چی بکەم؟ ئەگەر ئەمریکا هێرشی کردە سەرمان لە بەرگری زیاتر هیچ چارێکی ترم نییە!
پێمگوت: جەنابی سەرۆک: دەبێت پەنا ببەیتە بەر مناوەرە و مساوەمە، هیچ نەبێت بۆ سوود وەرگرتن لە کات، بە پێویستی دەزانم دەست بدەیتە هەندێک چاکسازی، بۆ ڕازیکردنی جەماوەر کە لە پێناوی حکومەتەکەتدا دەردیسەری زۆریان چەشت، هەروەها پێشنیار دەکەم پەیوەندی بکەیت بە سەرکردایەتی کوردەوە و هەندێک تەنازولاتیان بۆ بکەیت، بۆ ئەوەی بەلای خۆتدا ڕایانکێشیت وەک یەکێک لە دڵنیاییەکانی سەقامگیری.

لە وەڵامدا وتی: لاریم نییە لە بەهەند وەرگرتنی تێبینییەکانت و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد پەرە پێبدەین.
لەوێدا قسەکەم پێبڕی و پێمگوت: جەنابی سەرۆک ! ئەستەمە کورد بە ئۆتۆنۆمی ڕازی بن، بۆیە باشتر وایە سیستمی فیدراڵی ڕابگەیەنن.

سەدام ڕازی نەبوو بە پێشنیارەکەم، بە بیانووی ئەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە هیچ جۆرێک بە فیدراڵی ڕازی نابن.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنی ئەو ڕۆژەدا هیوای سەرکەوتنم بۆ خواست لە ئەرکە قورسەکەیدا و بەوەش دوایین چاوپێکەوتنم لەگەڵ سەدام حسەینی سەرۆکی پێشووتری عێراق کۆتایی هات .


یاداشتەکانی فوئاد عارف