فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمیشەیی دەکرێن

2021-05-27

فەرمان سادق- دیپلۆماتیک مەگەزین

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی نزیکی داهاتوودا پڕۆژەی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند پرسی بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕەشنووسەکەدا جێگیر کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست /دیپلۆماتیک مەگەزین/ کەوتووە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە لیژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان بە /دیپلۆماتیک مەگەزین/ی راگەیاند، یەکێک لەو خاڵانەی لە ڕەشنووسی بودجە جێگیر کراوە، بە هەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەستە.

،،

گوتی: بە دڵنیاییەوە ئەو خاڵە جێگیر کراوە و بەمجۆرەش ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، چاوەڕێی دەنگدانین لەلایەن پەرلەمانەوە.

رێباز حەملان راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیران ئاشکرای دەکات کە کورتهێنان لە بودجەدا زیاتر لە 30%یە، بەڵام لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی.

لە 2016ەوە دەرگای دامەزراندن بە ڕووی دەرچووانی زانکۆکان نەکراوەتەوە، جگە لەوانەی لە پێویستی وەزارەتەکان نەبێت کە خۆیان داوایان کردووە.

دووشەممەی ڕابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بە ڕەشنووسی بودجەی 2021 کە وەزیرانی پەیوەندیداریش ئامادەی بوون.
سەرۆک وەزیران لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ڕایگەیاند لە ئایندەیەكی نزیکدا یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن، بەجۆرێک ڕەنگدانەوەی شەفافیەتی تێدا دەبێت لەسەر دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە خەرجی و داهات.

،،

کردنەوەی دەرگای دامەزراندن بەڕووی فەرمانبەرانی گرێبەست لەکاتێک دایە ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەبن.

ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست بە زیاتر لە 32 هەزار دەخەملێندرێن، بەجۆرێک پشكی شێر بەر وەزارەتی شارەوانی كەوتووەو نزیكەی 47%ی فەرمانبەرانی گرێبەست لەم وەزارەتەن، دوای ئەویش وەزارەتی پەروەردە بەرێژەی 19% دێت، ئینجا وەزارەتەكانی تەندروستی و كارەبا بە رێژەی 5% و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رێژەی 3.5%.