كەوڵكردنی شێرێكی پیر

2021-06-21

ئاهەنگی ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەو مەراسیم و شێوازی رێكخستنەی بۆی كرابوو،زیاتر لە نمایشی كەوڵكردنی شێرێكی پیر دەچووو لەلایەن دوو راوكەری بەهێزەوە كە ئەم دیواو دیوی نێچیرەكەیان گرتبوو.


لەو دیمەنەدا سەید عومەر زیاتر لە نێچیرێكی راوكراو دەچووو،تا سەرۆك حیزبێك كە رێكەوتنی لەگەڵ بكرێت.


وتاری هەردوو هاوسەرۆك لە مەراسیمەكەدا تارادەیەكی زۆر نەبرەی سەركەوتنی تیادابوو، تا ئەو رادەیەی بە هەردوكیان دڵی ڕێكخەریان دەدایەوە كە لە داهاتوودا موراعاتیان دەكەن و دەیانویست ئەو هەستەی پێ ببەخشن كە ئەویش لەم ڕێكەوتنەكەدا سودمەند بووە.

،،

لە زۆر روانگەوە ئیمزاكردنی ڕێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان لەسەردەمی عومەری سەید عەلی و هاوسەرۆكانی یەكێتیدا زۆر جیاوازە لە ڕێكەوتنی دەباشان لە نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفادا.

ڕێكەوتنی دەباشان لەوپەڕی هێز و تین و تاوی گۆڕاندا ئەنجامدرا و بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر لە یەكێتی بەهێزتر نەبوبێت ئەوا هیچی لە یەكێتی كەمتر نەبوو.

خاڵی جەوهەری ڕێكەوتنی دەباشان بریتی بوو لە پڕۆژەیەكی هەمەلایەن و گشتگیر بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێممی كوردستاندا،بە پێچەوانەوە ئەم ڕێكەوتنە وەك هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت ڕێكەوتنێكە تەنها لە پێناوی وەرگرتنی كورسیدا كراوە.

هەروەها كەسایەتی و كاریزمای نەوشیروان مستەفا و سێبەری بەسەر كۆبونەوەكەی دەباشانەوە زۆر جیاوازە لە رۆڵی پەراوێزی عومەری سەید عەلی لەم ڕێكەوتنەدا، دوو هاوسەرۆكەكە زیاتر لەوەی وەك سەرۆك حیزبێك سەیری بكەن بەچاوی ڕێزی پیری و تێكەڵ لەبەزەیی سەیریان دەكرد و قسە و مامەڵەیان لەگەڵ دەكرد.

گرفتی گەورەی گەورەەی گۆڕان لەم ڕێكەوتنەدا ئەوەیە كە لە خراپترین حاڵی خۆیدایە و لە ماوەی تەمەنیدا هەرگیز وەك ئێستا دۆخی خراپ نەبووە، ئێستاش بەم دۆخە خراپەوە چۆتە بەردەم یەكێتی بۆ ڕێكەوتن.

كاتێك لە دورەوە سەیری ئەم ڕێكەوتنە دەكەیت لە راستیدا وەك ریكەوتنی دوو هێزی هاوسەنگ نایەتە بەرچاو،بەڵكو هێزێك دەبینیت بە تێكشكاوی و بە هەموو برینەكانیەوە چۆتە بەردەم یەكێتی و دوو هاوسەرۆكەكەی كە حەزی قوتدان و هێنانەوە ژێر بار بەسەریاندا زاڵە. تا قبوڵكردنی دوو ئیرادەی سیاسی جیاواز.

،،

بە سەرنجدان لە وتاری هاوسەرۆكان لەو مەراسیمەدا كە یەكێتی میوانداری بەرپرسانی گۆڕانی بۆ كردبوو، زیاتر لە مەراسیمی یەكگرتنەوە و تێكەڵكردنەوە دەچوو نەك ڕێكەوتنی دوو لایەنی سیاسی جیاواز.


هەردوو هاوسەرۆك تموحی خۆیان نەشاردەوە كە دەیانەوێت ئەم ڕێكەوتنە لە داهاتوودا ببێتە هەوێنی یەكگرتنەوە و پێكەوە كاركردنی هەردوو حیزب.

هەرچەندە عومەری سەید عەلی و بەشێك لە گۆڕان تەنها وەك ڕێكەوتنێكی تاكتیكی سەیری ئەم هاوپەیمانێتیەدەكەن بۆ ڕزگاركردنی گۆڕان لە غەرغەرەی خنكان و لەناوچوون،بەڵام مەرج نییە دیاریكردنی كات و شێوازی كۆتایهاتنی ڕێكەوتنامەكە بەدەستی ئەوان بێت بەڵكو هێز و پارە و واقیع بڕیاری لەسەر دەدات.

هەر لەبنەماشەوە ملدانی گۆڕان بۆ ڕیێكەوتنەكە ناچاری بووە و دەزانن ئەگەر نەچنە ئەو ڕێكەوتنەوە ئەگەری بردنی تەنها یەك كورسیشیان نییە. لەبەرامبەر دیاریكردنی ئەو 7 كورسیەشدا لە لیستەكەدا تەنها زەمانەتی چواریانی كردووە .

بزوتنەوەی گۆڕان ناچاربوو خۆی تەسلیمی یەكێتی بكات بۆئەوەی یەكێتی نەیهاڕێت و كۆتای پێ نەیەت.
ئەمانە وادەكات بڵێین گۆڕان ڕێكەوتنی نەكردووە بەڵكو تەسلیم بووە بە ڕێكەوتنەكە.

سەرەرای هەموو ئەمانەش رێكەوتنی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بەهەر نرخێك بێت واقعی تر و باشترە لە ناچاربونی بە ڕێكەوتن و چونە باوەشی پارتییەوە.