نەسرین ستودە كێیەو بۆچی زیندانی کراوە؟

2021-06-22

پسپۆڕانی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، داوای ئازادكردنی بە پەلەی نەسرین ستودە چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤی ئێران دەكەن، كە هاوكات پارێزەرێكی نێودەوڵەتییشە، بەلام ئێران بە چەندین تۆمەتی قورس سزای زیندانی كردن و جەڵدی بەسەردا سەپاندووە.

لەحوزەیرانی ساڵی 2018وە، دەسەڵاتدارانی ئێران نەسرین ستودەی تەمەن 58 ساڵ-یان زیندانی كردووە، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك پارێزەر دانی پێدانراوە، ستودە بە 38 ساڵ و شەش مانگ و 148 جەڵد

،،

بە تۆمەتی گەندەڵی و هاندان بۆ بێڕەوشتی حوكمدراوە، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتی بێڕێزیكردن بە ڕێبەری بالای ئێرانی خراوەتە پاڵ.

لە تشرینی دووەمی ساڵی 2020، دەسەڵاتدارانی ئێران نەسرین ستودە-یان بۆ ماوەی یەك مانگ ئازادكرد، ئازادكردنەكەشی بەهۆی هۆشداری چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤەوە بوو، كە ڕایانگەیاندبوو ستودە بەهۆی مانگرتنی لە نان خواردن بۆ ماوەی شەش هەفتە باری تەندروستی تێكچووە، ستودە مانگرتنەكەی تەنها بۆ ئازادی خۆی نەبوو، بەڵكو داوای ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی و چالاكوانانی مافی مرۆڤیش دەكرد.
هەشت ساڵ لەمەوپێش، نەسرین ستودە ، بەهەمان هەمان تۆمەتی ئێستا سزادرا، كە تۆمەتەكان پیلانگێڕی دژ بە دەوڵەت و هاندان بۆ بێرەوشیتی بوو، بەڵام سزاكەی سوكتربوو، تەنها شەش ساڵ بە بەند كردن سزا درا،بەڵام نیوەی سزاكەی تەواوكرد و ئازاد كرا.

ستودە لە ساڵی 2010 دەستگیركرا و سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لەو كاتەدا تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە، بۆیە لە ئەیلولی 2013دا ئازادكرا.
پەرلەمانی ئەوروپا، خەڵاتی ساخاروف بۆ ئازادی بیرو ڕای بە ستودە بەخشی،بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران قەدەغەی گەشت كردنیان لەسەر داناوە، نەیتوانی خەڵاتەكە وەربگرێت.
نەتەوە یەكگرتوەكان ئاماژە بەوە دەكات، كە تۆمەتەكانی ئەم دوایەی ستودە بەهۆی ئەوەیە، كە ئەو چالاكوانە بەرگری لە ژنان دەكات و دژی سەرپۆشی زۆرەملێیە.
پسپۆڕان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا دەڵێن:"نابێت هیچ كەسێك ناچار بكرێت، رەمزێكی ئاین بپۆشێت،كە ئەو كەسانە پێیان وابێت ئەو ڕەمزە بنەڕەتی نیە، تەنانەت لەگەڵ ئاین و بیرو باوەڕیاندا یەك ناگرێتەوە".
دۆبرافكا سیمۆنۆڤیچ بڕیاردەی لیژنەی توندوتیژی دژ بە ژنانی نەتەوە یەكگرتوەمان دەڵێت:" ستودە بەشێوەیەكی بەرنامە داڕێژراو سزا دەدرێت،چونكە ئەو بەرگری لە ژنان كردووە، بەتایبەت بەرگری لەو ژنانە كردووە، كە دژی یاساكانی سەرپۆشی زۆرەمڵێین".
نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت:" بەپێی یاساكانی ئێران، پێویستە ستودە 12 ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە، كە درێژترین ماوەی زیندانیە بۆ سزاكانە".


دۆخی زۆر خراپە:
هەرچەندە، چەندینجار داوای ئازادكردنی ستودە كراوە، بەڵام ئاگادارانی دۆخی ئێران ئاماژە بەوە دەكەن كە" دەسەڵاتدارانی ئێرانی ستودەیان لە زیندانێكەوە بۆ زیندانێكی دیكە گواستۆتەوە، كە دوورە لە خێزانەكەی و بارودۆخیشی زۆر خراپە".
لە ئۆكۆتۆبەری ساڵی 2020دا، ستودە لە زیندانی قەرەجك موكتەز زیندانی كرا، كە زیندانیەكی خراپە لەڕووی هەیكەل و سەلامەتیەوە،چونكە بە پێی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەو شوێنە لە بنەڕەتدا بۆ زیندان دروست نەكراوە.
زیندانیان لەوێ داوای چاودێری تەندروستی دەكەن، چونكە كێشەی كەمی خواردن و خراپی خواردنیان هەیە، ئەمەش كێشەی تەندروستی بۆ دروست كردوون.
ستودە لەكاتی زیندانیدا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، بۆیە لەو كاتەدا تەندروستی تەواو تێكچووبوو.

دەركردنی خێزانەكەی:

پسپۆڕانی نەتەوە یەكگرتوەكان لەسەر سزا قورسەكەی نەسرین ستودە دەڵێن:" ئەو سزا قورسەی دژ بە ستودە دەرچووە،ئامانج لێی ئەوەیە كە لە كارەكانی بێدەنگی بكەن، هەروەها چالاكوانانی دیكە ناچار بكەن، وڵات جێبهێڵن، بەناویاندا خێزانەكەی ستودە".

هاوسەرەكەشی زیندانی دەكرێت:

یەكێك لە دادگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، سزای زیندانی شەش ساڵی بەسەر عەلی رەزا خاندان سەپاند، كە هاوسەری نەسرین ستودەیە، ئەویش بە تۆمەتی ڕەتكردنەوەی باڵاپۆشی زۆرەملێ ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە" لەوەیە لە هەر كاتێكدا بێت، ئەو سزایە جێبەجێ بكرێت".

بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتوەكان، جارێكی دیكە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكەن، كە" نەسرین ستودە بەپەلە ئازاد بكات، هەروەها بە كەیسەكەیدا بچێتەوە و تۆمەتباركردنی خۆی و هاوسەرەكەی ڕابگرێت".