عومەر گوڵپی
دهقی ڕاگەیەنراوی بهدواداچون لهسهر گرانی نرخی شت و مەک و دواکەوتنی یاسای بودجەو قۆرخکاریی بازاڕو دۆخى هەژارەکان
تەوەری یەکەم/ یاسای بودجە و لێکەوتەکانی دواکەوتنی:
یەکەم/ لەبارەی یاسای بودجەو بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتەوە:
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان پەسەندکردنی بودجەو پاشان چاودێری چۆنیەتی جێبەجێکردنیەتی، لە پەیڕەوی ناوخۆش، لە ماددەی (٩٨ تا ١٠٩) تەرخانە بۆ گفتوگۆو پەسەندکردنی بودجە، هەر بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستە حکومەت پابەند بێت بە ناردنی پڕۆژە یاسای بودجە لە ١٥ی ١٠ هەر ساڵێکدا بۆ ساڵی نوێی دارایی بۆ پەسەندکردن، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە (٨ جار) بە ڕێگای جیاجیای پەرلەمانی فشارمان کردووە بۆ ئەوەی حکومەت پابەندی ئەرکەکانی بێت لەم بوارەدا، هەروەها:
ـ لە (٩/٢/٢٠٢١) لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەڵێنیاندا یاسای بودجە تا کۆتایی مانگ بنێرنە پەرلەمان.
ـ لە کۆبوونەوەی ڕۆژی (١٢/٤/٢٠٢١)ی شاندی دانوستکاری حکومەت، بە پەرلەمان و پەرلەمانتارانیان وت: "لە هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە دەنێرینە پەرلەمان".
ـ لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە (١٤/٦/٢٠٢١)، وتیان: " هەفتەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە دەبێت".
ـ لە چەندین ڕاگەیەنراوو لێدوانی سەرۆک و جێگری سەرۆک و وەزیرەکانی حکومەت، بەلێنیانداوە پڕۆژە یاسای بودجە بنێرنە پەرلەمان، کۆتا بەڵێنیان لە ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٣ی ٦ی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیران بوو.
دووەم/ سودی یاسای بودجە چییە؟
ئەگەر یاسای بودجە بە پشت بە ستن بە داتای ڕاستەقینەو بە جێبەجێکردنی یاساکان و بەرقەراری شەفافیەت و زانستیانەو پیشەییانە دابڕژرێت، ئەوە:
1. بوونی یاسای بودجە واتای بوونی پلان و بەرنامەی دارایی و ئابوری حکومەت.
2. دەکرێت ببێتە هۆی شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکان.
3. دەکرێت ببێتە هۆی بەرجەستەکردنی دادگەری لە دابەشکردنی داهات بەسەر سێکتەرو پێداویستیەکانی خەڵک و شارەکان.
4. دەکرێت ببێتە هۆی ئاسانکاری لە ئەرکی چاودێری داهات و خەرجی حکومەت لەلایەن پەرلەمانتاران و دیوانی چاودێری داراییەوە.
سێیەم/ نەبوونی یاسای بودجە چ زیانێکی بە هەرێم گەیاندووە؟
1. بووەتە هۆی نادیاریی داهاتی جۆراو جۆری حکومەت.
2. بووەتە هۆی نادیاریی خەرجییەکانی حکومەت.
3. بوووەتە هۆی ناعەدالەتی لە دابەشکردنی داهات بەسەر خەڵک و شارەکاندا.
4. بووەتە هۆی نەبوونی بەرچاوڕوونی لای هاووڵاتیان و سەرمایەداران لەسەر ئاراستەی دۆخی دارایی و ئابوری.
5. بووەتە هۆی فەوزاو بێ سەروبەریی لە داهات، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٠ لە بەغداوە بڕی ٣٩٦ ملیار دینار پارە وەرگیراوە بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەڵام حکومەت تەنها نزیکەی ١٠٠ ملیار دیناری داوە بە کەمئەندامان، و هیچ بڕە پارەیەکیشی بە هەژارەکان نەداوەو دیار نییە ١٩٦ ملیار دیناری چی لێکردووە!
6. نادیاریی بڕی قەرزەکان و جۆرو سودەکانیان و شێوازی دانەوەیان.
7. نادیاریی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەو پڕۆژەکان.
8. بووەتە هۆی سەختی کاری چاودێری پەرلەمانتاران و دیوانی چاودێری دارایی بۆ داهات و خەرجییەکانی حکومەت.
9. بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی خەڵک لەسەر ئایندەی ئابوری و دارایی هەرێم و نەزانینی داهات و دۆخی ژیانیان.
10. بووەتە هۆی نادیاریی سیاسەت و پلانی حکومەت بۆ سێکتەرەکان و چۆنیەتی بوژانەوەی کەرتەکان و کردنەوەی دامەزراندن بەپێی پێویست و ڕەخساندنی هەلی کارو .
چوارەم/ پاش دواکەوتنی بۆ ماوەی شەش مانگ، ئایا داڕشتن و ناردنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان ئەو سودەی ماوە؟
هیچ دۆخێک نییە ڕێگە بە حکومەت بدات حەوت ساڵ لەسەر یەک یاسای بودجەی نەبێت و داهات و خەرجی وڵات لە تاریکیدا بهێڵێتەوە، لە کاتی ناردنیشیدا لەدوای مانگی شەشەوە کە نیوەی ساڵی دارایی تەواو دەبێت، ئەوە ئەو سودەی نابێت کە چاوەڕوانی لێ دەکرێت، چونکە یاسای بودجە بۆ سەرەتای ساڵە، بۆ ئەوەیە حکومەت لە کۆکردنەوەی داهات و ئەنجامدانی سەرجەم خەرجییەکانی بە پێی یاسا کار بکات و پابەندی بنەماکانی کاری دەوڵەتداری بێت، نەوەک یاساکانی بواری خەرجی و مووچەو پڕۆژەکان وەلانێت و بە میزاجی چەند کەسێک لە ئەنجومەنی وەزیران بریار لە داهات و خەرجی ئەم وڵاتە بدرێت.
پێنجەم/ هۆکار چییە حکومەت ناتوانێت یاسای بودجە دابڕێژێت؟
1. حکومەت کار بە یاسای ناکات و زۆرێک لە یاساکانی وەلاناوە.
2. دیار نییە لە بواری داراییدا، حکومەت پشت بە چ سیستم و یاسایەک دەبەستێت.(ئەمە ڕەخنەی دیوانی چاودێری داراییشە)
3. نەبوونی داتاو زانیاریی وەزارەتەکان لە بواری داهات و خەرجی لە وەزارەتی دارایی، بەتایبەت نەبوونی داتاو زانیاریی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە وەزارەتی دارایی (ئەمە ڕەخنەی دیوانی چاودێری داراییشە).
4. نەگەڕانەوەی بەشێک لە داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی.
5. ناکۆکی سیاسی نێوان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر گەڕاندنەوەی داهات.
تەوەری دووەم/ گرانبوونی نرخی پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەت:
یەکەم/ نرخەکان چەند زیادبوون؟
پاش بەدواداچوونی ورد بۆ پێداویستی سەرەکی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، بۆمان دەرکەوت زۆرینەی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان بە بڕی (١٠% تا ٥٠% هێندێک حاڵەت بۆ ٨٠%) گرانبووەو هەمان ئەو نرخەی نییە کە ساڵێک لەمەوپێش هەیبووە، بۆ نمونە:
ـ نرخی یەک لیتر ڕۆنی زەیت لە (١٥٠٠) دینار بۆ (٢٧٥٠) دینار، بەریژەی (٨٣%) بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی ٩٠٠ گرام ڕۆنی خەست، لە (٢٥٠٠ ) دینار بۆ (٣٧٥٠) دینار بەڕێژەی (٥٠%) بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی ٨٣٠ گرامی دۆشاو، لە (٢٠٠٠) دینار بۆ (٢٢٥٠) دینار بەریژەی (١٢%) بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی یەک کیسی ٣٥٠ گرامی شیر لە (٣٥٠٠) دینار بۆ (٤٠٠٠) دینار بەرێژەی (١٤%) بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی ٤٠٠ گرامی لە هێندێک جۆری شیری منداڵ لە (٦٧٥٠) بۆ (٨٢٥٠)دینار، بەرێژەی (٢٢%)بەرزبوو.
ـ نرخی یەک پاکەتی ٤٥٠ گرامی هەندێک جۆری چای لە (٤٥٠٠) دینار بۆ (٥٠٠٠) دینار بەڕیژەی (١١%)بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی هێندێک جۆری پەرنیر لە (١٠٠٠) دینار بۆ (١٢٥٠) دینار بەریژەی (٢٥%) بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی هێندێک جۆری دایبی منداڵ لە (٦٠٠٠) دینار بۆ (٧٢٥٠) دینار بەرێژەی (٢٠%)بەرزبووەتەوە.
ـ نرخی هێندێک جۆری صابوون لە (١٥٠٠) دینار بۆ (١٧٥٠) دینار بەریژەی (١٦%)بەرزبووەتەوە.
بە هەمانشێوە بۆ پێداویستی دەرمان و چارەسەرو کەمالیات و سوتەمەنی و کرێ خانوو، نرخەکان لە نێوان (٥% تا ٥٠%)و هێندێک حاڵەت زیاتریش بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.
دووەم/ هۆکاری بەرزی نرخ چییە؟
چەند هۆکارێک هەیە، لەوانە:
أ. دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.
ب. نەبوونی کێبڕکێی ڕاستەقینە لەبازاڕ، و قۆرخکاری ژمارەیەک لە کۆمپانیای حزبەکانی دەسەڵات بۆ بوارە جیاجیاکانی بازرگانی، واتە حزبەکانی دەسەڵات لە بری سیاسەت سەرقاڵی بازرگانین و نرخی هێندێک شمەک لەدەستی ئەواندایەو چۆنیان بوێت بەوجۆرە نرخەکە دادەنێن.
ج. نەبوونی هیچ بەرنامەو پلانێکی حکومەت لە ڕێکخستنی ئەرێنیانەی بازاڕ بەتایبەت بەشداری لە کێبڕکێی دابەزاندنی نرخی شمەک لە ڕێگەی بازاڕی هاوبەش یان بازاڕی پاڵپشتیکراوی حکومی.
د. هێندێک هۆکاری تر.
سێیەم/ بەدواداچوون لە بواری قۆرخکاریی و بەرزکردنەوەی نرخ؟
بەدواداچوونی یەکەم:
بە پێی خاڵی (نۆیەم)ی ئاستی چاکسازی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم، حکومەت کار دەکات بۆ ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری (احتکار) بە پێی یاسای بەرکار و رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ ململانێی بازرگانی ڕەوا و هاندانی کۆمپانیاکانی پشکداری.
بەڵام پاش بەدواداچوونم بۆم دەرکەوت حکومەت لەم بوارەدا هیچی نەکردووە، تەنانەت هیچ بڕگەیەکیشی لە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠١٣) جیبەجێ نەکردووە کە یاسای کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکارییە و یاسایەکی بەرکارە.
لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری ئێمە بریتی بوو لە:
- بۆچی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تا ئێستا یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی (٢٠١٣) یاسای کێبڕکێو قەدەغەکردنی قۆرخکاریی لە هەرێمی کوردستان، جێبەجێ نەکردووە؟
- ئەگەر یاساکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چی کراوە لەو بوارەدا بە بەڵگەوە ڕوونیبکەنەوە.
لە وەڵامدا بۆمان ڕوون بوویەوە کە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی لەم بوارەدا هیچی نەکردووە، و ئەو یاسایەی لە ساڵی (٢٠١٣)ە وە فەرامۆشکرووە،و پاش بەدواداچوونەکەی ئێمە بە ژمارە (١٥٧١) لە بەرواری (١٢ی ٤ی ٢٠٢١) ئەنجومەنی پاراستنی کێبڕکێ و قەدەغەکردنی قۆرخکاریی دروستکردوەتەوە کە ئەنجومەنێکە تا ڕادەیەک دەتوانێت هێندێک لەم بوارەدا هەنگاو بنێت ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، ئەگەرنا بۆ نەهێشتنی ڕاستەقینەی قۆرخکاریی پێویستە لەرێگەی دەزگای چاودێری و دەستەی دەستپاکی و دادگاکانەوە ڕێگە لە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان بگیرێت بازرگانی بکەن و نفوس و دەسەڵاتی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی پارەو سەروەت و سامان بەکاربهێنن، کە یەکێک لە جۆرە پیسەکانی گەندەڵییە.
بەدواداچوونی دووەم: سەیرە، حکومەت خۆی بەشداری بەرزکردنەوەی نرخە!
بە نووسراوی ژمارە (٤٢) لە (٣/٢/٢٠٢١) پرسیارمان لە وەزارەتی کارەبا کرد سەبارەت بە هۆکاری گرانکردنی نرخی یەکەی کارەبا لەسەر هاووڵاتیان، لە وەڵامدا، بە نووسراویان ژمارە (٢٦٢٥) لە (١١/٥/٢٠٢١) وەزارەتی کارەبا ئەڵێن:" لەبەر ئەوەی وەزارەت سەرجەم کەل و پەلی بەکارهاتوو لە سێکتەری کارەبا لە دەرەوەی وڵات بە دۆلار دەکڕێت، و وزەی بەرهەمهێنراو بە دۆلار دەکڕێتەوە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و بەدیناری عێراقی دەیداتەوە بە هاوبەشەکان، دوای بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵ، وەزارەتی کارەبا تەنها جیاوازی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار وەردەگرێت لە هاووڵاتی! نەوەک بەرزکردنەوەی نرخ".
دیقەت بدەن: حکومەت لەم بوارە جیاوازی نرخەکە لە هاووڵاتی وەردەگرێتەوەو کارەبای لەسەر گران دەکات، بەڵام تەنها لە فرۆشتنی داهاتی نەوت لە دۆلار بۆ دینار مانگانە (٧٥ ملیار دینار) داهاتی زیاد بووە، کەچی ئامادە نییە لە هیچ بوارێکدا ئەم زیادەی داهاتە کە لە جیاوازی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار هاتووە، بیخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە و مووچە وەک خۆی دابەش بکات یان خزمەتگوزاری زیاد بکات.
سێیەم/ ئەرکی حکومەت لە گرانبوونی نرخ چییە؟ ئایا دەکرێت تەماشاکار بێت؟
لە دۆخێکدا کە هەژارەکان هەژارتر دەکەون، نرخی شت و مەک و پێداویستی ڕۆژانە بەردەوام لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەبێت، پێویستە حکومەت دەستەوسان نەبێت، بەڵکو ئەبێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنێت:
أ. پلان و بەرنامەی تایبەتی هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی دۆخی خراپی دارایی و ئابوری هاووڵاتیان.
ب. بەرنامەی پشتیوانی دارایی بۆ ئەو خێزانانە ڕابگەیەنێت کە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، کە یەلای کەمەوە لە کوردستان بە ١٠٠ هەزار خێزان و ٥٠٠ هەزار هاووڵاتی دەخەمڵێنرێن.
ج. پشتیوانی دارایی هێندێک بواری ژیانی هاووڵاتیان بکات لە ڕێگەی پشتیوانی کەرتی تایبەت بەمەرجی دابەزاندنی نرخ، یان کردنەوەی بازاڕی پاڵپشتیکراو بۆ پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان یان ڕێگەی تری جۆراو جۆر.
د. چاکسازی ڕیشەیی بکات و داهات زیاد بکات.
ه. ئەگەر بە قەرزیش بووە، پرۆژەکان بەگەڕ بخاتەوەو هەلی کار بڕەخسێنێت، تا گەنجەکان پارێزراوبن و دووربن لە بەڵای بێکاریی و وڵات بەرەو ئارامی و بوژانەوەی ئابوری بڕوات.