عێراقی دوای هەڵبژاردن دەكەوێتە ژێر عەمامەكەی موقتەدا سەدر

2021-07-03

لە دوای ئەوەی داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ دا لەماوەیەكی كەمدا دەستی بەسەر نزیكەی نیوەی خاكی عێراقدا گرت و سوپا و دام و دەزگا ئەمنیەكان. داڕووخان و داعش گەشتە سنورەكانی هەولێر و بەغداد.

لێرەوە ئەمەریكا لە دوای سێ ساڵ لە كشانەوەی لە عێراق جارێكیتر گەڕایەوە عێراق، بەڵام. ئەمجارەیان. بە ستراتیژێكی نوێی و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی عێراقدا گەڕایەوە ئەویش دورخستنەوەی حیزبی دەعوەو مالیكی بوو لە دەسەڵات.

بۆ ئەم مەبەستە لەمانگی ئەیلولی ٢٠١٤ ئیدارەی ئۆباما لە نامەیەكدا بۆ مالیكی دوو بژاردەی خستە بەردەمی ئەویش سەپاندنی سزا بەسەر مالیكیدا یان كشانەوە لە دووبارە گرتنە دەستی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران.

مالیكی بژاردەی دووەمی هەڵبژاردو عەبادی كە كەسێكی نزیكی مالیكی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی دەعوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا، بەو مەرجەی دەستبەرداری حیزبی دەعوە و مالیكی بێت.

بەڵام لە دوای سێ ساڵ لە دەسەڵاتی عەبادی هەرچەندە سەركەوتوو بوو لە شەڕی داعشدا بەڵام ئەمەریكا خستە ناو گێژاوێكی ترەوە، ئەویش بەهێزبوونی دەسەڵات و نفوزی ئێران و دەركەوتنی میلیشیای چەكدارەكانی بوو، هەربۆیە لێرەوە كارتی عەبادیش سوتاو ئەمەریكا ڕێگری كرد كە بۆجاری دووەم پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.

لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ئەمەریكا لە عێراق لە ئەوپەری لاوازیدا بوو بەهۆی زیادی بوونی نفوزی ئێران و میلیشیا شیعەكانەوە و هاوكات كارتی عەبادی سوتابوو، هەر بۆیە ئەمەریكا نزیك بوو لە ئەوەی كۆتایی بە نفوز و دەسەلاتی بێت

،،

چونكە ئێران عادل عبدلمەهدی وەك سەرۆك وەزیران سەپاند و لە پشت پەردەشەوە ژەنڕاڵێكی ئێرانی حكومی عێراقی دەكرد كە قاسمی سولەیمانی بوو.

ئەمەش وایكرد كە نەك تەنها لە ڕووی سیاسیەوە بەڵكو لە رووی ئابووری ئەمنیشەوە ئێران. و ملیشیاكانی بەتەواوی دەستیان بەسەر جومگە سەڕەكیەكانی عێراقدا گرت بەجۆرێك دزەییان. كردە ناو باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغددا.


ڕێكەوتنی نهێنی سەدر و ئەمەریكا

ئەگەرچی موقتەدا سەدر یەكەم سەركردەی شیعە بوو كەلە ساڵی ٢٠٠٤ جیهادی دژی ئەمەریكا ڕاگەیاند و میلیشیاكانی سوپای مەهدی دامەزراند كە ژمارەیان لە نێوان٧-٩ هەزار چەكداردا دەبوو لە ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠٠٩ بەرپرسیاری كوشتنی ١٢٣٠ سەربازی ئەمەریكا بوون.

لە ئەو قۆناغەدا ئێران. پشتیوانی سەدری دەكرد بۆ شوێنكردنەوەی ئەجنداكانی لە عێراق و لە كۆتاییدا لە ژێر فشاری سەدردا لە ساڵی ٢٠١١ ئەمەریكا لە عێراق كشایەوە، بەڵام سەدر لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بوو بەهێزێكی پەڕاوێزخرا و ئێران. پشتی بەردا و پشتیوانی مالیكی دووژمنی سەر سەختی سەدری دەكرد.

ئەگەر چی سەدر هاوشان. لە گەڵ سونەكاندا لە ٢٠١١-٢٠١٣ جوڵێنەری خۆپیشاندانی پارێزگا سونییەكان. بوو بەڵام بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە ڕێگر لەهەوڵەكانی سەدر كرا بۆ لادانی مالیكی.

بەهەمان شێوە لە ڕووی سیاسیشەوە سەدر بەهاوكاری بارزانی و ئەیاد عەلاوی لە ساڵی ٢٠١٢ هەوڵی لادانی مالیكی كرد بەڵام. ئێران لە ڕێگەی مام جەلالەوە هەوڵەكەی شكست پێهێنا سەدر بڕیاریدا لە ماڵەكەی خۆیدا لە "حەنانە" مان بگرێت.

لەدوای دەركەوتنی داعش و دوورخستنەوەی مالیكی سەدر دەرفەتێكی زێڕینی بۆ ڕەخسا و گەڕایەوە گۆڕەپانەكە و میلیشیاكانی سەرایا سەلامی دروست، بەڵام دروستكردنی زیاتر لە ٦٧ ملیشیای چەكداری لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا ڕێگر بوو لەئەوەی سەدر بەخەونەكەی بگات.

هەربۆیە بەناچاری هەوڵی بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانی لە گەڵ ئێراندادا بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی سالی ٢٠١٨ ئێران جارێكی تر دەستبەرداری سەدر بوو لەبەرامبەر میلیشیاكاندا ئەمەش سەدری تەواو تووڕەكرد، ئەمەش وایكرد كە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٩ سەدر وەفدێك بەسەرۆكایەتی ئەحمەد سەدری برازای بنێرێتە واشنت و وەفدەكە لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریكا و سی ئای ئەی و كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەدا كۆبوونەوە و گەشتنە ڕێككەوتن بۆ هاوكاری كردنی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا.

،،

هاوكات لەسەر ئاستی ناوچەكەش سەدر سەردانی سعودیە و ئیماراتی كرد بۆ ئامادەسازی بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی سەدر و ئەمەریكا بۆ ڕێگری سنوردار كردنی نفوزی ئیران. لە عێراق.

لە كۆتای مانگی ئەیلولی ٢٠١٩ سەدر داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی كرد و شۆڕشی تشرینی شیعەكان هەڵگیرسا، كە دروشمەكانیان دژایەتی ئێران. و میلیشیاكانی حەشد بوو، لەبەرامبەردا ئێران هەوڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان و تیرۆركردنی خودی موقتەدا سەدریاندا لە ڕێگەی فڕۆكەی دوورونی بۆمب ڕێژكراوە بەڵام سەر كوتكردنی خۆپیشاندان. و تیرۆركردنی سەدر بە بڕیاری قاسمی سولەیمانی شكستی هێنا.

خۆپیشاندانە فراوانتر بوو و ئەمەریكاش قاسمی سولەیمانی لە كوتایی ساڵی ٢٠١٩ تیرۆركرد و ئەمەش گۆڕەپانەكەی بۆ سەدر و خۆپیشاندەران چۆڵكرد و لە ئەنجامدا بووەهۆی دەستلەكار كێشانەوەی حكومەتەكەی عبدالمەهدی و نفوزی ئێران لە عێراق گورزێكی گورچك بڕ و كاریگەری بەركەوت.

لە ٨ حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ دا كاندیدەكەی سەدر و ئەمەریكا كە مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگایی هەواڵگەی عێراق بوو وەك سەرۆك وەزیرانی نوێ هەڵبژێردرا كە ئامانجی حكومەتەكەی سنورداركردنی دەسەڵاتی ئێران و میلیشیاكانی و ئامادەكاری بوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە كە میلیشیاكانی حەشد لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەسەڵاتیان سنوردار بكرێت.


سەدر عەمامەكەی لەتاران و بەرژەوەندیەكانیلە واشنتۆنە

تیێزێكی باوی كیسنجەری هەیە دەڵێت ( ئەمەریكا دۆست و دووژمنی نیە بەڵكو بەرژەوەندی هەیە) لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەدر لە ڕابردوودا دووژمنی ئەمەریكا بووبێت ئەوا لە ئێستادا بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا وادەخوازێت كە سەدر دۆست بێت، ئەم هاوكێشەیەش بۆ سەدریش بەهەمان شێوە دروستە چونكە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و سەدر لە ئێستای عێراقدا هاوتەریبە لەبەر چەند هۆكارێك:

١-موقتەدا سەدر سەركردە و مەرجەعێكی ئاینی شیعەی عێراقە بەڵام جیاواز لەگەل مەرجەعەكانی تری عێراقی مەرجەعێكی عروبە خوازەو باوەڕی بەمەرجەعیەتی ناوخۆی عێراقی هەیە نەك دەرەكی.

٢- ئەمەریكا و سەدر لە سنورداری دەسەڵات و نفوزی ئێران لە عێراقدا هاوبەشن هەردوولا دەیانەوێت سنورێك بۆ ئێران. دابنێن و بەبێ هاوكاری یەكتر ئەم كارە ئەستەمە.

٣- بەهەمان شێوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە یەك كاتدا دوژمنی ئەمەریكا و سەدرن و هەڕەشە لە بەرژەوەندی هەردولایان دەكات.

٤-سەدر خەونی گەشتن بە كورسی مەرجەعیەتی سیاسی هەیە لە دوای مردنی سیستانی كە ئێستا دۆخی تەندروستی نا جێگیرە و تەمەنی هەڵكشاوە، بەهەمان شێوە ئەمەریكا لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ دوای مردنی سیستانی و ڕێگری لەئەوەی ئێران دەست بەسەر مەرجەعی یەكەمی شیعەكاندا بگرێت كە نەجەف و كەربەلایە.
٥- هەروەها لە ڕووی سیاسیشەوە تا كە هێزی ڕێكخراو یەكگرتووی شیعە سەدرییەكانە كە ئەمەش بۆ ستراتیژی درێژخانەی ئەمەریكا گرنگە و كەمتر مەترسی دابەشبوونیان هەیە.

٦- لە ڕووی مەزهەبیەتی سیاسی شیعەشەوە سەدر باوەڕی بە ویلایەتی فەقیهی ئێران نیە و ئەمەش بۆ ئەمەریكا گرنگە

،،

چونكە نایەوێت دەوڵەتێكی ئاینی شیعە لە عێراق دروست بێت هاوشێوەی ئێران.

ئەمانە و چەند هۆكارێكی تر وادەكات كە دڵۆپەی بەرژەوەندیەكانی سەدر و ئەمەریكا برژێنە یەك جامەوە، بەڵام ئایا سەدر لە دوای هەڵبژاردن هەڵوێستی چی دەبێت؟ ئایا ئێران لە گەمەكانی ئەمەریكا و سەدر بێدەنگ دەبێت؟ شەقامی عێراقی سەدریان وەك مەرجەع قبوڵە؟ هەڵوێستی كورد و سونە چی دەبێت لەبەرامبەر ستراتیژی ئەمەریكادا؟ئەمانە ئەو گریمانانەن كە گرەنت نەكراون و لە دوای هەڵبژاردن ڕوون دەبنەوە.

دەرئەنجام

١- بەپێی پێشبینیەكان سەدر براوەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەبێت و ڕۆڵی یەكلای كەرەوەی دەبێت لە دیاریكردنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا.

٢- لە دوای خۆپیشاندانەكانی تیشرین و هاتنەسەردەسەڵاتی كازمییەوە حكومەت و جومگە سەرەكیەكانی وەك بانكی ناوەندی و هەواڵگری و سوپا و ئاسایشی نیشتیمانی ڕادەستی سەدرییەكان كراون.

٣- دەوڵەتی قوڵی مالیكی و ئێران لەلایەن كازمییەوە بنكۆڵ كراوە ئەمەش لەبەرژەوەندی سەدر و ئەمەریكایە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

٤-هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق قۆناغێكی ڕاگوزەر دەبێت لەنێوان عێراقی دوای سەدام و عێراقی ئایندەدا و ئەمەریكا و كەنداو ئێران گرەوی لەسەر دەكەن، هەربۆیە مەترسی ئەنجامنەدانی یان یان. پشێوی گرژی پێش و دوای هەڵبژاردن ئەگەرێكی كراوەیە لە ژێر كاریگەری گۆڕانكارییە. ناوچەییەكاندا

٥- بۆ سەدر گرنگە مەرجەعیەتێكی سیاسی لە كوردستان هەبێت كە دژی حەشد و ئێران بێت و هاوكاری بێت لەگەشتن بە كورسیەكەی سیستانی.

٦- لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەدر كاندیدی ڕاستەوخۆی لە ڕەوتی سەدر نابێت چونكە نایەوێت هێز و جڵەوی شەقام لەدەست بدات ، بەڵكو دەیەوێت لە پشت پەردەوە سەرۆك وەزیران دیاری بكات بەهاوكاری ئەمەریكا و كورد.

٧- سەدر پشتیوانی ئەمەریكا و كەندا و ئیسرائیل دەكات بە قەڵغانی بەرگری لەبەرامبەر هێرش و كاردانەوەكانی ئێراندا، مردنی خامەنەئی و گۆڕانكاری لە ئێران،عێراق بەتەواوی دەخاتە ژێر عەمامەكەی موقتەدا سەدرەوە.