لە کۆبونەوەی عەلی باپیر لەگەڵ دوو ئامۆزا نەیارەكە، چی گوتراو چی گوزەرا ؟!

2021-08-01

دوێنێ‌ عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی لە ماوەی کاتژمێرێکدا ھەردوو جەمسەرە جوداو جیاوازەکەی بەسەرکردەوەو كۆبونەوەیان ئەنجامدا.

،،

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین سەردانەکەی کۆمەڵی دادگەری لەلایەك بۆ نێوەندگیری بووەو لەلایەكی دیكەوە بۆ ساغكردنەوەی چارەنوسی ڕێکەوتنەکەیان بووە لەگەڵ یەكێتیدا.

دیداری یەكەمی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی، لە نێو مەکتەب سیاسی یەکێتی لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی هەر لەسەرەتاوە لەڕووی پرۆتۆکۆلیەوە بەدڵی كۆمەڵی دادگەریی نەبوو.

سەرۆكی كۆمەڵ بۆماوەی دوو خولەک لە ئۆتۆمبێلە گوللە نەبرەکەی دانەبەزی و چاوەرێی کرد وەک پرەنسیپی حیزبی ھاوتا یەکێتیەکەی پێشوازی لێبکات، بەڵام تەنھا ڕەفعەت عەبدوڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لێکردو باڤڵ تاڵەبانی لە ژورەوە چاوەرێی بوو.


ــــ بافڵ تاڵەبانی چی گووت؟

لەسەردانی یەکەمیاندا مامۆستا عەلی باپیر و وەفدی ھاوڕێی بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێن سەرەتا ھیوادارن کێشەکانتان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن و پرسیاریشیان لێکر کە ئایا دەکرێت دانیشتن بکەن؟

بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: گرفتەکانی ئێمە گەیشتون بە بنبەست و کۆتایی، ئیجرائات بەرامبەر ھەرکەس کراوە مستەحەق بوەو بە دڵنیایی نە دانیشتن نە گفتوگۆ و سازش ناکەین لەبەرامبەر ئەوانەی تۆمەتبارن بە کۆمەڵێک خراپەکاری و جارێکی تر گەڕانەوە بۆ دواوە نییەو ئەبێت ئەم شارەو ئەم حیزبە پاکبکەینەوە لەوانەی تێکیان دابوو، وە ئەوەی کراوە کاروباری ناوخۆییەو دواجاریش ھەر لە حزبدا جێگیر دەکرێن.

،،

تەوەری دووەمی دانیشتنەکە لەسەر گومان و دوو دڵی کۆمەڵ بووە لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتی و بەتایبەتی لاھور شێخ جەنگی ھەیان بووە، بەتایبەتی پرسی لێكتێگەیشتنەكانی تایبەت بە هەڵبژاردنەوە.

لە پرسیاری ئەوەی ئایا چارەنووسی ئەو ڕێکەوتنە بە کوێ دەگات قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی گوتویانە سەرنجیان لەسەر ڕێکەوتنی کۆمەڵ و یەکێتی ھەیە، بەڵام ڕێكەوتنەكە بەردەوام دەبێت.

بەپێی زانیاریەکانی دیپلۆماتیک مەگەزین قوباد تاڵەبانی پێیوایە دوو خاڵ لەو ڕێکەوتنەدا باش نین و دەبێت دەستکاری بکرێت و بخرێتەوە بەردەم کۆمەڵ کە گومان دەکرێت یەكێكیان پرسی کاندیدێکی کۆمەڵ بێت كە دڵخوازی ماڵی تاڵەبانی نییە.


ـــ لەگەڵ لاھور جەنگی چی گوترا؟
لەدوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی سەرۆكی كۆمەڵ سەردانی لاهور شێخ جەنگی كرد.

سەرنج ڕاکێشترین خاڵ لە کۆبونەوەی لاھور شێخ جەنگی و وەفدی کۆمەڵی دادگەری وێنەی تەنھای لاھور شێخ جەنگی بوو، بێئەوەی کەسی تری لەگەڵ ببینرێت، لە وێنەکاندا بەجۆرێک بۆ پڕکردنەوە تەنیشتی لاھور جەنگی محەمەد حەکیمی ئەندام مەکتەب سیاسی کۆمەڵ هەبوو.

دیپلۆماتیک زانیویەتی ھۆکاری ئەوە تاکتیکی پاراستنی ئەو کەسانە بووە کە ئێستا نزیکن لە لاھور جەنگی و لە ماڵی ئەون، بەڵام دوای وێنە گرتن دوو مەکتەب سیاسی نزیک لە خۆی ھاتونەتە دانیشتنەکە، یەکێکیان دکتۆر میران بووە کە ماوەی سێ ڕۆژە بۆ خۆ قوتارکردن لە دەستگیرکردنی لە ماڵی لاھور جەنگی خۆی پەنا داوە.

،،

لە کۆبونەوەکەدا عەلی باپیر داوای کردووە کێشەکان بە ئاشتی و دوور لە توندو تیژی چارەسەر بکرێن و لاھور شێخ جەنگی گوتویەتی ئامادەم خۆم ھەرچیم بەسەربێت بەمەرجێک کەسێک توشی گرفت نەبێت.

دیپلۆماتیک زانیویەتی کە لە کۆبونەوەکەدا لاھور جەنگی گلەیی لە توڕەیی بافڵ تاڵەبانی کردووە کە حەملەیەکی ڕەشبگیری دەست پێکردوەو دەست لە کەس ناپارێزێت و لە کۆتایی دانیشتنەکەش لاھور جەنگی داوای لێبوردنی کردوە کە بەھۆی وازھێنانی لەسەرۆکی ھاوپەیمانی کوردستانی ناتوانێت ڕێکەوتنی پێشنیارکراوی نێوانیان جێبەجێ بکات و تەنھا ھیوای خواستوە ھەڵنەوەشێتەوە.

ـ