ناوی ھەرێمی کوردستان لە باڵاترین موئەسەسەی دەوڵەتدا سرایەوە

2021-08-03

بڵێسە جەبار فەرمان ــ ئەندامی پەرلەمانی عێراق


لەهەموو مەیدانەکانی سیاسەت ئەو دابڕین و ئیعتبار بۆ یەکترینەکردنە دیارەو نەیار دایمە کاری خۆیی لەسەرمان کردووە.
بەقسە ھەموو کۆکن لەسەر ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق و لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقی پێویست دەکات کورد یەکگرتووبێت، لەڕاستیدا کاتێک لە بەغداد کار دەکەیت ئەوکات پەرتەوازەیی کوردو بێکاریگەری کورد لەمەیدانی سیاسی عێراقیدا بۆ ڕوون دەبێتەوە.

بێگومان زۆر لەسەر داکشانی رێژەی کورد لە ھەموو دام و دەزگاکانی حکومەتی ئیتحادی نوسراوە. زۆر لەسەر کاریگەرنەبوونی سیاسەتمەدارانی کورد نوسراوە.
نامەوێ لێرەدا ئاماژە بەو رێژە داکشاندراوە بدەم، دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ھەندێک بڕیاری چارەنوسساز بۆ کوردو عێراق کە لەسەر ئەساسی دژایەتی یەکتری دراون.

ھەرکات پرۆژەیاسایەک ھاتبێتە ژێر قوبەی پەرلەمان پێش ئەوەی یاساکە بە تەواوەتی خوێندنەوەی بۆ بکرێت لەلایەن فراکسیونە کوردیەکانەوە لەڕووی بەرژەوەندی و گرنگی یاساکەوە بۆ میلەتەکەمان و ھەرێمەکەمان، دواتر بریاردان لەسەری. دەبینین پێشوەختەو تەنھا لەسەر ئەساسی ئەوەی ئایا چ لایەنێک پشتگیری دەکات بریاری لەسەر دەدرێت. بڕیار لەسەر پرۆژە یاساکان لەسەر ئەو بنەمایە دەدرێت کە ئایا پارتی لەگەڵ یاساکەیە یا دژە. ئایا یەکێتی چ بڕیارێک دەدات، لەسەر بناغەی دژایەتی کردنی یەکتری بڕیار لەسەر پرۆژە یاساکان دەدرێت.

،،

بێگومان ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ نەبوونی متمانە دەگەرێتەوە. دواتریش بۆ نەبوونی ھەماھەنگی و گفتوگۆی جدیانە لەگەڵ یەکتری.


ھەندێک پەرلەمانتار بڕوایانوایە ھەر بابەتێک یەکێتی و پارتی پشتگیریان کرد یاخود پەسەندیان کرد، ئەوا دەبێت ئەوان رەتی بکەنەوەو دژ بن. ھەندێک لە یەکێتیەکان لەترسی ئەوەی تۆمەتی زەردبوونیان بۆ دروست نەکرێت دژی ھەموو پرۆژە یاسایەکن کە لەلایەن پارتیەوە پشتگیری بکرێت. بەھەمان شێوە پارتیەکانیش هەمان تێروانینیان هەیە بەزیادەوە.
ھەمیشە وتومەو ئەیڵێمەوە کە ئەولەویاتی کاری ئێمە لەبغداد دەبێت لەسەر بنەمای کوردایەتی بێت.
پێش ئەوەی حزبی بین، دەبێت کورد بین. ھەر پرۆژە یاسایەک کە دێتە پەرلەمانەوە لە بنەمای نەتەوەیی و بەرژەوەندی ھەرێم ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین و دوور مەودا تەماشای بکەین.
نابێت گەر حزب و لایەنێک لەگەڵ پرۆژە یاسایەک بوو ئەوا ئێمە دژبین و لە میدیاکان دا دەھۆڵی خۆفرۆشی و جاشایەتی بۆ لێبدەین، وە ھەر یاسایەک ئێمە لەگەڵی بوووین و تێپەری بە دەستکەوت بە میلەتەکەمانی بفرۆشینەوە.
راستە کە کێبرکێی حزبی دیاردەیەکی تەندروستە و دەبێت ھەبێت بەڵام نەک دژایەتی کردن....
نابێ عەینەکی حزبی بخەینە سەر چاوی ساغی دوور تەماشاکردنی نەتەوەییمان.


بێگومان پرۆژە یاساو مەوقیفی زۆرن کە بڕیاری ھەڵەی تێدا دراون، بەڵام دەمەوێ تەنھا ئاماژە بۆ دوو یاسا بدەم:

یەکەمیان یاسای ھەیئەی حەشدی شەعبی
دووەمیان یاسای دادگای فیدراڵی
لەم دوو یاسایەدا کوردەکان پەرتەوازەیی تەواویان پێوە دیار بوو، نامتمانەیی وایکرد کە بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن.
لە دیدگای دوورەوە تەماشای بابەتەکان نەکران، بەڵکو تەنھا لەسەر بنەمای دژایەتی یەکتری و دەستکەوتی شەخسی بۆ ھەندیک کەس بڕیاریان لەسەر درا.
بەحوکمی نەبوونی هەڵسەنگاندنی بێلایەنانەو باش نەخوێندنەوەی مەوقیفەکان هەموو ئەو هەڵانە پەردەیان بەسەردا دراون و هیچ کەس و لایەنێک خۆی بەهەڵە نەزانێ و عاقیبەتیش بێ بەخۆدا چونەوەوە بگوزەرێ.
کە یاسای ھەیئەی حشدی شەعبی لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کراوە زۆر لایەن ھەستیان بە مەترسی دروست کردنی ئەو ھەیئەیە کردوە وە دژی وەستاونەتەوە.
دوای سەرھەڵدانی رێکخراوەی داعش و لەدەستدانی نیوەی خاکی عیراق و شکستی سوپای عیراقی، لەسەر فەتوای سیستانی لە ١٣/٦/٢٠١٤ خۆبەخشێکی زۆر چەکیان ھەڵگرت و بەرەو مەیدانی جەنگ رۆشتن.
ئەمان لە چوارچێوەی سرایا و کەتیبە و گرپدا رێکخران و ھەریەکەیان ناوێکی ھەڵگرت، ژمارەی ئەم سرایا و کەتیبانە زیاتر لە ٨٠ دەبێت.
بە پێی ھەیکەلی حەشدی شەعبی ئەمان ھەموویان لە چوارچێوەی مەنزومەی ئەمنی عێراقی دان و سەر بە حکومەت و سەرۆکی یەکەمی ئەم موئەسەسەی سەرۆک وەزیران دەبێت.
ھەموو ساڵێک بە ملیونھا دۆلار لە یاسای بودجە بۆ ئەم ھیئەیە تەرخان ئەکرێت.
بێگومان ئەم ھەموو سەرایا و کەتائیبانە ھەریەکە سەر بە لایەن یان وڵاتێکە و ئەجێندایەک جێبەجێ دەکات. حکومەتی عیراقی و سەرۆک وەزیران بە ھیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان بەسەر ئەم ھێزەوە نیە. مەترسی دروست بوونی ئەم ھێزە لای ھەمووان روون و ئاشکرا بوو. گەر کورد یەکریز بوایە دەتوانرا لە بەرانبەر دەنگدان بە حەشدی شەعبی بە ھەمان شێوە ھێزی پێشمەرگەش بە یاسا رێک بخرایە و دانی پێدا بنرایە.
ھێزە کوردیەکان ھەندێکیان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد و ھەندێکیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون بەڵام بە دژ دەنگیان دا و ھەندێکیان لەگەڵ یاساکە بوون.
ئەم پەرتەوازەییە بوە ھۆی ئەوەی کە کورد بەبێ ھیچ دەستکەوتێک دەنگیدا بە ھەیئەیەک کە ئێستاو ئایندە مەترسی لەسەر ئەزمونی هەرێمی کوردستان ھەیە.
ئەوانەی دەنگیان بەم یاسایەدا شەرمەزاری ئایندەو نەوەکانمانن
یاسای دادگای فیدراڵی بەھەمان شێوەو ھەمان میکانیزم کاری لەسەر کرا. بیر لەوە نەکرایەوە کە ئەم یاسایە بۆ باڵاترین موئەسەسەی دەوڵەتەو بۆ دەیان ساڵی ئایندەیەو بۆ نەوەی نەوەکانمانە.
لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی یەکتری خراپترین یاسا ھەموار کرایەوە. بەشێک لە ئێمەی یەکێتیەکان دەنگمان پێی نەدا لەگەڵ ئەوەی لە لایەن حزبەوە ئاگادار کرابوینەوە کە لەگەڵ یاساکە بین.
پەرتەوازەیی لایەنەکان بەشێوەیەک بوو کە ھەرکەسەو بە ویژدانی خۆی دەنگی دا.
لەم یاسایەدا پارتی دژ بوو.
ناوی ھەرێمی کوردستان لە باڵاترین موئەسەسەی دەوڵەت دا سرایەوە. بەداخەوە کە دوبارە ململانێی ناتەندروستی حزبی بوە ھۆی لەدەست دانی ناوی ھەرێمی کوردستان لەم یاسایەدا.

ئێستاش کە پرۆژە یاسای پشوو و بۆنە رەسمی و نەتەوەییەکانی عیراق ھاتۆتە پەلەمانەوە وا بڕیارە رۆژی دامەزراندنی ھەیئەی حشدی شەعبی رۆژیکی بۆ دەستنیشان بکرێت.

،،

دڵنیام گەر ھەموو کورد کۆکبێت لەسەر ڕۆژێک وە ڕۆژی پێشمەرگە ئەوا دەتوانرێت رۆژئکی بۆ دیاری بکرێت. بەڵام دڵنیام کە ھەرگیز لەسەردەستنیشان کردنی رۆژێک کۆک نابین.


ساڵانێکی زۆرە پرۆژە یاسای ڕۆژی پێشمەرگە لە پەرلەمانی ھەرێمە و نەتوانراوە کۆدەنگی بۆ بەروارێک بەدەست بھێنرێت بێگومان لە پەرلەمانی عیراقیش بەھەمان شێوە دەبێت.
ئیتر ئاوا بەو شێوەیە هەموویشی لەسەری زمان و لە ژێر زمانی قەوانی یەک ریزبوون ئەڵێن. یەک ریزبون بەر لە هەموو شتێک بۆ ئەوەی دروست ببێ یەک هەوێنی دەوێت، کە ئەویش بە بڕوای من متمانەو سیقە بەخۆبەستن و بە هاو زمان و هاو نەتەوە بەستنیشە.
ئێستا کە ئێمە بەرەو ھەڵبژاردن ھەنگاو دەنێین ھاوپەیمانێتی حزب و لایەنەکان زۆر گرنگە وە ھەروەھا لێک نزیک بوونەوەی حزبەکان و لێکتێگەیشتنی زیاتر.
دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە ئایندەی ھەرێم و بەردەوام بوونی قەوارەکەمان وابەستەیە بە لێکتێگەیشتنی ھەموو حزبەکان و وازھێنان لە ھێرشکردن سەریەکتری و تەخوین کردنی یەکتری
ستراتیجیەتێکی دوورمەودا پێکەوە دارێرێژین. بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان کۆمان کاتەوە.
سیاسەت بە منتق و عقل و ستراتیجیەت ئەکرێت، نەک بە دژایەتی و لە قینی یەکتری و سوشیال میدیا و لایکی فەیسبوک.بۆ ئەمەش یەکێتی ھەنگاوی باشی ناوە.