د. شێرکۆ کرمانج
بەشی یەکەم
کوردەکان بەگشتی، خەڵک، پارتییەکان، بەکوردەکانی ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقیشەوە، لەسەرەتا پشتیوانیان لە شۆڕشی ١٤ی تەموزو لە حکومەتە کۆمارییەکەو سەرکردەکەی، عەبدولکەریم قاسم، کرد. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ: یەکەم، دەستورە کاتییە نوێکەی عێراق ماددەیەکی لەخۆگرتبوو کە تێیدا ئاماژەی بە مافەکانی کورد کردبوو، کورد وەک شەریکی عەرەب لە عێراقدا ناسێنرابوو. دووەم، ڕێگەدان بە گەڕانەوەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مستەفا بارزانی، دوای زیاتر لە دوازدە ساڵ لە ئاوارەیی لە یەکێتیی سۆڤیەت. سێیەم، هەڵوێستی قاسم لە پرسی یەکگرتن لەگەڵ کۆماری یەکگرتویی عەرەبی، کە کوردەکان بە هەڕەشەیان لەسەر بوونی خۆیان دەزانی. چوارەم، قاسم بەیانیکردبوو کە عێراق بەس دەوڵەتی عەرەب نییە بەڵکو دەوڵەتی کوردو عەرەبە.
لەسەر ڕەزامەندی عەبدولکەریم قاسم لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ مستەفا بارزانی گەڕایەوە عێراق. هۆکاری ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی لە مەنفاوە زۆر ڕون نییە
،،
بەڵام هەندێک کەس پێیانوایە کە مەبەستی قاسم لە ڕێگەدان بە گەڕانەوەی بارزانی بەکارهێنانی بوو بۆ لارکردنەوەی هاوسەنگی هێز بەلای بەرەی نیشتیمانپەروەران (الوطنیون) لە بەرامبەر بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان (القومیون) کە لەو ئانوساتدا لە هەڵکشانبوو.
ئەوەی ڕاستی بێت عەبدولسەلام عارفو ناسیونالیستە عەرەبەکانی دیکە ناڕازیبوون لە ڕێگەدان بە هاتنەوەی بارزانی.
قاسم چەند کارێکی سیمبولیکیشی ئەنجامدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کوردەکان بەلای خۆیو دەوڵەتی عێراقی، لەوانە دانانی ڕۆژێکی زەرد لەسەر ئاڵای نیشتیمانیی عێراق، لەگەڵ دانانی خەنجەرێک لەسەر لۆگۆی (emblem) حکومەتی عێراقی هاوتەریبی شیرێک، کە مەبەست لێیان زەقکردنەوەی نوێنەرایەتیکردنی کورد بوو لە سیمبولو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقی (تەماشای الوقائع العراقیة ٢٧/٦/١٩٥٩؛ لەگەڵ وێنەی هاوپێچ بکە). ئەم کارانە سەرەڕای ئەوەی کە سیمبولیک بوون بەڵام گرنگی سیاسییان هەبوو لەبەر دوو هۆ: یەکەم، ئەمە یەکەمجار بوو کە بەو شێوەیە کورد لە سیبمبولەکانی دەوڵەتی عێراقی نوێنەرایەتی بکرێت. دووەم، کورد ئەگەر سیمبولێکیشبووبێت هاوتەریبو هاوپلەی عەرەب لە سیمبولەکانی عێراق نیشاندەدرا. وەک دواتر دەردەکەوێت ئەم کارانە بەفعلی کاریگەرییان لەسەر هەستی کوردەکان داناوە چونکە لە ٢٠٠٣ کە مقۆمقۆ لەسەر ئاڵای عێراق سەریهەڵدا، کوردەکان ئەگەر بۆ کاتیش بێت تەنیا ئەو ئاڵایەی سەردەمی 'قاسم'یان قەبوڵبوو کە لە هەرێمی کوردستان هەڵبدرێت.
لەپاڵ ئەم کارە سیمبولیکانە، حکومەتەکەی قاسم بە فەرمی لە شوباتی ١٩٦٠ ڕێگەی بە کارکردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا. پێشتر بە فەرمی ڕێگەدرابوو بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات (نضال)، کە زمانحاڵی پارتی بوو. لە ژمارەی یەکەمیدا، خەبات خۆتەرخانکردنی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ١٤ی تەموزو سەرکردەکەی، قاسم، ڕاگەیاندبوو. خۆشحاڵی خۆیشی لە کشانەوەی عێراق لە پەیماننامەی بەغدا دەربڕیبوو، چونکە وەک خەبات دەڵێت، ئامانجی لێدانی کوردو سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی کورد بوو. دیارە ناکرێت ئاماژە بەوە نەکرێت کە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی کوردەکان لە قاسم وەک سەرکردەی کامپی نیشتیمانپەروەرانو حیزبی شیوعی بەهێزبوونی بەرەی ناسیونالیستە عەرەبەکان بوو، کە بۆ هەموویان وەک دوژمنێکی هاوبەش دەردەکەوت. کارە سیمبولیکەکانی قاسمو دانانی کورد وەک شەریکی عەرەب بەپێی دەستور، هەستی ئەوەی لای کوردەکان دروستکردبوو کە چیدیکە ئەوان کەمە نەتەوە نین بەڵكو گروپێکی نەتەوەیین، بۆ کوردەکان ئەوە وەک ئەوە وابوو کە ئەخیرەن عێراقییەکان دانیاننا بە کارەکتەری دوو-نەتەوەیی (binational) عێراق.
سەرەڕای ئەم سەرەتا پڕشنگدارە، بەڵام نزیکبوونەوەو هاوکاریی لەنێوان پارتیو حیزبی شیوعیو لایەنگرانی قاسمو حکومەتەکەی درێژەی نەخایاند. لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەیاندا کە لە تشرینی یەکەمی ١٩٥٩ لە بەغدا بەسترا، پارتی ئەو بڕگەیەی کە ئاماژەی بە مارکسیی-لینینیی بوونی حیزبەکە دەکرد لە پەیڕەو و پڕۆگرام لاداو زیاتر ئەجێندای ناسیونالیستی خزاندە نێو پڕۆگرامەکەی. ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە نزیکبوونەوەی کوردەکان، یان پارتی، لە حیزبی شیوعیو مەیلبوونیان بەلای چەپ، هەڵوێستێکی کاتیی بووە نەک ستراتیجیو ڕەنگدانەوەی هەستی دژە-ئیمپریالیزمو سەرمایەداری بووە کە لە سەردەمی پاشایەتی باوبوو.
،،
لەگەڵ ونبوونی ئیمپریالیزم، ناسیونالیستە کوردەکان جەختیان لەسەر پڕۆگرامە ناسیونالیستییەکان دەکرد، بەمەش لە حیزبی شیوعیو کامپی نیشتیمانپەروەرەکان دوورکەوتنەوە.
دوای ئەوەی کە تەپوتۆزی شۆڕش نیشت، ئیدی وردەوردە ڕونتر دەبۆوە کە ئامانجو خەونەکانی کوردەکان لەگەڵ دیدو تێگەیشتنو لێنزیکبوونەوەکانی قاسم یەکناگرنەوە. جیهانبینییەکانیشیان بۆ پرسەکانی شوناسی عێراقو شوناسی خاکو جوگرافیای هەرێمی کوردستانو ئۆتۆنۆمی نەک هەر یەکناگرنەوە بەڵکو بەریەکدەکەون، یان باشتر بڵێین دژبەیەکن. لەم چوارچێوەیەدا، لە سەردەمی قاسم، دوو پرس لەسەرەتا بوون بە مایەی گرژیو ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی مەرکەزیو کوردەکان: یەکەم، پرسی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان. دووەم، هەردوو ماددەی یەکەمو دووەم لە دەستورە کاتییەکەی عێراق کە پێناسەی عێراقو پەیوەندییەکانی نێوان کوردو عەرەبیان لە عێراقدا لەخۆگرتبوو.
لە نیسانی ١٩٥٩ دا، حکومەتی مەرکەزی بڕیاری دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە کوردستان" دا. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، کە ڕێکخراوێکی سەر بە پارتی بوو، هێزی سەرەکی بوو لە پشت هەوڵەکانی گەیشتن بەم دەستپێشخەرییە. ناسیونالیستە عەرەبەکان ترسی ئەوەیان هەبوو کە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەبێتە مایەی گەشەو بڵاوبوونەوەی هەستی جوداییخوازی لەنێو کوردەکان.
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە چڕی هەوڵەکانی خستبوەگەڕ بۆئەوەی حکومەت بڕیارەکەی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت چونکە واپێدەچوو کە حکومەت هەڵوێستی گۆڕابێتو خۆی لە پرسەکە بدزێتەوە. هاوکات، یەکێتی مامۆستایان ڕەخنەی توندی لە حکومەت دەگرت لەسەرئەوەی کە وشەی "کوردستان"ی لە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە لاداوەو وشەی "کوردیی" لەجێگەی داناوە. ئەم کارەی دەوڵەت، کوردەکانی بێزارو توڕە کرد. هاوکات، ئەم ئەڵقەیە ئاماژەیەک بوو، ئەگەر نەڵێین واینیشاندەدا، کە سەرەڕای سیاسەتە نوێو دەستپێشخەرییە سەرەتاییەکانی، کەچی حکومەتی مەرکەزیو هاوکارەکانی هێشتا هەستیارانەو بەترسو گومانەوە مامەڵەیان لەگەڵ زاراوەی کوردستان دەکرد.
دوای ئەوەی کە قەبوڵی ناوگۆڕینی بەڕێوەبەرییەتەکەیان کرد بۆ "بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بۆ خوێندنی کوردیی" ئیدی کێشەی سنوری ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە هاتەپێش. یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەرکی سەرپەرشتی خوێندن لە هەموو ئەو ناوچانە بگرێتەئەستۆ کە زۆرینەی کوردە. ڕۆژنامەی خەبات مکوڕبوو لەسەر ئەوەی ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییەکە هەموو ناوچە کوردییەکان نەگرێتەوە ئەوە دەستپێشخەرییەکە کارێکی بێهودەیە.
کێشەکە لێرە کۆتایی نەهات چونکە کاتێک ئەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەیانگرێتەوە بەیانکرا، پرسەکە ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت. ئیدی پرسەکە لە چوارچێوەی مافێکی کەلتوریو پەروەردەییو زمانەوانیی بوو بە کێشە لەسەر خاکو سنوری کوردستان، کێندەر کوردستانەو کێندەر کوردستان نییە،
،،
کوێ کوردنشینەو کوێ کوردنشین نییە، بوون بە جەوهەری مەسەلەکە، کە لەڕاستیدا هەمیشە کڕۆکی پرسی کورد لە عێراق پێکدێنێت.
کوردەکان داوایاندەکرد کە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانیو کەرکوکو قەزاو ناحیە کوردنشینەکانی پارێزگاکانی نەینەواو دیالە بگرێتەوە. پێکدادانەکان بەس لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکانو ناسیونالیستە عەرەبەکان نەبوو بەڵکو لەگەڵ ناسیونالیستە عێراقییەکانیش بوو. ئەم دوو ڕەوتە ناسیونالیستییە جارجار هەندێک مافی کوردیان قەبوڵکردوە بەڵام کە دێتەسەر داواکانی کورد لەپەیوەند بە پرسی خاکو سنورەکانی کوردستان ئیدی هەردوو ڕەوت ئامادەیی ئەوەیان تێدانامێنێت کە قەبوڵی مافەکانی، کورد بکەن، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی عێراقیش بێت.
ڕۆژنامەی خەبات زۆر هاوارو بانگەوازی لەپەیوەند بە کاراکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرزکردەوە، بەڵام حکومەت هیچ ڕێوشوێنێکو پێوەرێکی کردەیی نەگرتەبەر بۆ کردنەوەو خستنەگەڕی بەڕێوەبەرایەتییەکە. مشتومڕەکان لەسەر سنوری کوردستان تاکە خاڵی جێناکۆک نەبوو لەنێوان ناسیونالیستە کوردەکانو ناسیونالیستە عێراقییەکانو عەرەبییەکان چون پرسی شوناسی عێراق خاڵێکی دیکەی کێشمەكێشەکانی پێکدەهێنا. لە دوو بەشی داهاتودا قسە لەسەر ململانێکانی شوناسی عێراق لەنێوان کورد و عەرەب لە عێراق لە سەردەمی قاسم دا دەکەم.