لەو دیو ناکۆکییەکانەوە

2021-08-11

جەعفەر عەلی


(١)
هیچ تۆمەتبارکردنێک لە یاسادا ناتوانێ بەهای قانونی وەربگرێت تا تۆمەتەکە بەسەر تۆمەتباردا ساغ نەکرێتەوە. تۆمەتبار بێ تاوانە تا ئەو کاتەی تاوانەکەی دەسەلمێنرێت. ئەمە سەرەتایەکی یاساییە و خەڵکانی دەرەوەی یاساش، تایبەت سیاسییەکان پێویستە بیزانن.


لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتییەوە ئەوەی کەمێ ئاگایی سیاسی بووبێ دەیتوانی ئەو راستییە هەست پێبکات، کە ئەم دوو سەرە (بافڵ و لاهور) لە مەنجەڵێکدا ناکوڵێن، بەڵام سەرباری ئەم راستییە روونەش، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بە پەسەندکردنی سیستەمی هاوسەرۆکی، ئەم دوو سەرەی هەڵدایە ناو یەک مەنجەڵی سیاسییەوە.


جوڵەکانی هەر یەک لە هاوسەرۆکان، لە ئاستی ناوخۆی هەرێم، عیراق و پەیوەندییە کوردستانییەکان، وەک نامەیەکی ترسناک بۆ ئەویدی دەبینرا. لاهور بە حوکمی ئەوەی وەک ئەنتی پارتی نمایشی خۆی دەکرد، پێگەی جەماوەری لە بافڵ بەهێزتر کردبوو. لەسەر ئاستی حیزبی و کۆبوونەوە حیزبییەکان، لە ئاستی پەیوەندی کوردستانی لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانی هەرێم و بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە گۆڕەپانی عیراقیشدا، جوڵەی سیاسی لاهور پێش بافڵ کەوتبوو. ئەم جوڵانە رۆژ بە رۆژ کێرڤی سیاسی و جەماوەری لاهوری بەراورد بە بافڵ، بڵندتر دەکرد، بە تەنیشتیشییەوە هاوسەرۆکێکی دی، کە خۆی بە میراتگری مێژوویی و سیاسی تاڵەبانی باوک دەزانێت، پێناچێ بەم جوڵە و پەیوەندییانەی لاهور ئارام و دڵخۆش بێت، بۆیە بە دەست لە پشتدان و پشتیوانی و راوێژی بنەماڵەی برایم ئەحمەد و بەشێک لە کۆنە مەکتەب سیاسییەکانی یەکێتی، هەمانکات جوڵەی پارتی لە رێی داشەکانی خۆیەوە لە ناو یەکێتی، چۆن خوازیار بوون وەها ئیدارەی ئەو دۆخە دەروونییە نائارام و سیاسییەیان کرد

،،

ئێمە لە نێوان دوو جەمسەری یەک حیزب و یەک خێزانی سیاسیداین، کە هەردووکیان بێ ئەنداز گوناهیان دەرهەق بە خەڵکی ئەم هەرێمە بەگشتی و، سلێمانی بەتایبەتی کردووە، گوناهی گەورەش، کە ئەگەر سیستەمی دادوەری هەرێم لە قەفەسی حیزب و بنەماڵە و خێزانی سیاسیدا بەند نەکرابایە، دەبوایە کۆی کارەکتەرەکانی ململانێ، چ لە ناو یەکێتی و چ دەرەوەی یەکێتی، لە گۆشەیەکی زینداندا، لە چاوەڕوانی حوکمی دادگادا ژیان بەسەربەرن

چونکە هەم وڵاتانی ناوچەیی، تورکیا و ئێران، هەم وڵاتانی گەورەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەمریکا، بریتانیا و فرەنسا، کە هەمووان ئامادەیی سیاسی، سەربازی و هەواڵگرییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە ناکۆکی و بەریەککەوتنێک دڵخۆش نابن، ئەگەر بەرژەوەندییەکانیان بخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە، یان سەرەنجامی ململانێکان بە قازانجی بەهێزتربوونی پێگەی نەیارێکیان بەرامبەر ئەویدی تەواو بێت. واتە ئەم یارییە تا زیاتر درێژە بکێشێت، بەشداری ژمارەی یاریزانەکان و بزوێنەری داشەکانیش ئەگەری فراوانتربوونی دەبێت.



(٢)
کێشە چییە؟

٨ی تەمموزی ٢٠٢١ سەرەتای تەقینەوەی ناکۆکییەکان بوو، ئەو چرکەساتە بوو ئیدی دەبوایە راستییە شاراوەکان، دیوی نهێنی ململانێکان، حەقیقەتی پشتی گوتار و بەیاننامە و کۆبوونەوە حیزبی و میدیاییەکان، روونتر و بە زمانێکی جیاوازتر پێناسەی خۆیان بکەنەوە، پێناسەیەک کە گوزارشت بێت لە دیوە سیاسی و سایکۆلۆژییە پەنهانەکەی دوو سەری ناکۆکی ناو مەنجەڵە سیاسییەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. پێناسەیەک لەبری درێژەدان و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی وشە و رستەی رەنگاڕەنگی گوتاری تەبایی و برایەتی ناو خێزانی سیاسی، بە زمانێکی بازاڕی و وشەی سادە گوزارشت لە بەیانکردنی ناکۆکی قوڵ و ناخی دۆزەخی کارەکتەرە سەرەکییەکان دەکات. ئێستا کێشە، نە کێشەی حیزبە، نە ململانێ لەگەڵ هێزێکی نەیار و ناوچەیی، نە گەندەڵی و قاچاغچێتی، نە دروستکردنی باندی تیرۆر و رفاندن و تۆقاندن. هەموو ئەو خراپەکارییانە هەبوون، ئەنجام دراون و ئێستایش بەردەوامە

،،

بە دڵنیاییەوە ئەم بەریەککەوتنەی نێوان ئامۆزاکان کۆتایی دێت، بەڵام خودی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و چاو لەسەر میراتی مێژوویی و سیاسی لەگەڵ ئەم کۆتاییە بە کۆتا ناگات. بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی ململانێ و بەریەککەوتنی ئامۆزاکان لە دوور مەودادا دەرگا بە رووی بەریەککەوتنی خێزانی تاڵەبانی و خێزانی برایم ئەحمەد دەکاتەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت فیگەرێک بکەوێت، تا فشەڵی تەبایی و لێکنزیکی ئەوانیدی ببینین.

منداڵێکیش دەزانێت کە گەندەڵی و بێ رێزی بە ئینسان لەم نیشتیمانەدا لە ئاستێکی ترسناکدایە، ئەو راستییەش روونە، کە ئەوەی بافڵ و قوباد و بنەماڵەی برایم ئەحمەد، بە ناوی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵییەوە ریکلامی بۆ دەکەن، جگە لە درۆیەکی گەورەی تەمەن کورت، هیچی دیکە نییە. کێشەکە، ململانێی دوو بەرە و دوو دونیابینی جیاواز نییە، یەکیان گەندەڵ و ئەویدی گەردێکی بەسەرەوە نەنیشتبێت. ئێمە لە نێوان دوو جەمسەری یەک حیزب و یەک خێزانی سیاسیداین، کە هەردووکیان بێ ئەنداز گوناهیان دەرهەق بە خەڵکی ئەم هەرێمە بەگشتی و، سلێمانی بەتایبەتی کردووە، گوناهی گەورەش، کە ئەگەر سیستەمی دادوەری هەرێم لە قەفەسی حیزب و بنەماڵە و خێزانی سیاسیدا بەند نەکرابایە، دەبوایە کۆی کارەکتەرەکانی ململانێ، چ لە ناو یەکێتی و چ دەرەوەی یەکێتی، لە گۆشەیەکی زینداندا، لە چاوەڕوانی حوکمی دادگادا ژیان بەسەربەرن. بۆیە ئەم ململانێ و دەستشکانەوەی ئێستا هەیە، هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، گەندەڵی و قاچاغچێتی و کاری ناقانونی نییە.



(٣)
درێژەکێشانی ململانێ، خولیای دەسەڵاتی خودایی

لە سەرەتادا بەپێی ئەوەی بافڵ وەک براوەی ململانێکە سەیری خۆی دەکرد و بڕوای وابوو بە زوویی و لە رێی گۆڕانکاری لە دوو پۆستی گرنگی ئەمنی حیزبی لە سلێمانی کۆتایی بە هەموو شتێک هاتووە و ئیدی ئەنجامی یارییەکە بە دڵی ئەو و قوبادی برای، بە قازانجی بنەماڵەی برایم ئەحمەد و پشتیوانەکانیان بە خاڵی کۆتا گەیشتووە، بۆیە لە بری دەستەواژەی هاوسەرۆک، سەرۆکی بەکاردەهێنا، دوای چەند رۆژێک (هاو) هاتەوە پێش وشەی سەرۆک و جارێکی دی لە سەرۆکەوە بووەوە بە هاوسەرۆک. لێرەوە هەر کەسێک کەمێک ئاگایی سیاسی هەبێت دەزانێ ئەوەی دەگوزەرێ، بەشێکی سەرەکی و گرنگی شەڕە لە پێناوی سڕینەوەی دوو هاوسەرۆک وەک دەستەواژەیەک و لەبری ئەوە دانانی (سەرۆک)ە لە دوای ناوی (بافڵ تاڵەبانی)یەوە. سەرۆک، مانای دەسەڵاتی رەها، پارە، تفەنگ، دادگا و... . سەرۆک واتە دانیشتن و بڕیاردان لەسەر کورسی بە خودابوون.


لە رۆژهەڵاتدا دەسەڵات واتە هێزی پارە، تفەنگ، دادگاو... هتاد. دەسەڵات لە یەککاتدا لە گۆشەیەکەوە وەک دایکە تیریزا نمایش دەکات، لە گۆشەیەکی دیکەدا دەبێتە چەقۆی تیژی دەستی جەللادێکی چنگ بە خوێن، تەنانەت ئەوەی دەتوانێ بێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، رۆژی ژیان و مردنی هاوڵاتیان، نەیارێک، نوسەرێک و رۆژنامەنوسێکی ئازاد و سەربەخۆ، دیاریبکات، خودی دەسەڵاتە. دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا، لە دەرەوەی هەر لێپرسینەوە و دادگاییکردنێکدایە. سنورەکانی دەسەڵات، سەروو قانونین، قانونی نوسراو هەبێ یان نا، دەسەڵاتی نابەرپرس و بێ سنور، وەحشێکی زەبەللاحە و هێزی قوتدانی کۆی یاسا بابەتی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی هەیە. لێرەوە شەڕ لە پێناوی دەسەڵات، راستەوخۆ یەکسانە بە شەڕ لە پێناوی بوون بەو خودا زەمینییەی، لە بری خودای ئاسمانی دەتوانێ بڕیاری ژیان و مردن لە چارەنوسی مرۆڤەکان بدات. گەیشتن بە دەسەڵاتێکی وەها، گەیشتنە بە پلەی خودابوون، خودایەک بێ ئەوەی هیچ جوانی و میهرەبانییەکی بەخشی بێت، خەریکی داگیرکردنی جوانی و میهرەبانی ژیانە لە ئەوانیدی و بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات لە بری بەشینەوەی بەختەوەری و ئارامی دەروونی، مرۆڤەکان و کۆمەڵگە نغرۆی گێژاوی نائارامی و بێ هیوایی بکات. لێرەوە شەیدایانی شەڕی دەسەڵات پێویستیان بەوە دەبێت، نمایشی بە خودابوون و بە شەیتانیکردن تێکەڵ بە جەوهەری کێشە و ناکۆکییەکانیان بکەن.


ئەوان، هیچ بەرەیەک لە بەرەکانی ململانێ ددان بەو دیوە شاراوەدا نانێن، کە ململانێ و ناکۆکی بۆ؟ لە پێناوی چی؟ جیاوازییە سیاسی و فیکرییەکان چین؟ ئەوەندە نەبێ هەر یەکێک لە ئەوان خۆی بە خودا و ئەو کۆمەڵگە بچووکە ملکەچەش کە بە دەوری خۆیاندا دروستی دەکەن بە کۆمەڵگەی خودایی، بەرەی بەرامبەریش بە شەیتان و کۆمەڵگەی شەیتانی پێشان بدەن.

،،

بەرە ناکۆکەکانی ئێمە، خاوەنی هیچ ژێرخان و بنەڕەتێکی مەعریفی و فیکری ململانێ نین، لە هیچ پنتێکەوە بەریەککەوتن و جوڵە و گوتاری سیاسیان ناچێتەوە ناو دونیایەک، کە مەعریفە و هۆشیاری سیاسی خۆراکی پێببەخشێت.

ئۆگەستین، خەریکی دابەشکردنی دونیا بۆ شاری خودایی و شاری زەمینی بوو، حیزبەکان و کارەکتەرە ناکۆکەکانی ئێمەیش بە درێژایی مێژووی شاخ و شاریان، بە ئێستایشەوە، خەریکی دابەشکردنەوەی دونیان بە هەمان میتۆدی دابەشکارییەکەی ئۆگەستین. شاری خودایی، شاری هەموو خێر و چاکە و پاکێتییەک، شاری زەمینی، شارێک پڕ لە ئاشوب و خراپەکاری و بەدکاری. لە ماوەی مانگی رابردوودا، هاوسەرۆکانی یەکێتی و کۆمەڵگە بچووکەکانی کە وەک بازنەیەکی مرۆیی ملکەچ خەریکی دروستکردنیانن، جگە لەمە هیچ شتێکی دیکەیان نەخستووەتە سەر خەرمانی مێژووی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێو مێژووی ئێمە. بە دڵنیاییەوە ئەم بەریەککەوتنەی نێوان ئامۆزاکان کۆتایی دێت، بەڵام خودی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان و چاو لەسەر میراتی مێژوویی و سیاسی لەگەڵ ئەم کۆتاییە بە کۆتا ناگات. بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆتایی ململانێ و بەریەککەوتنی ئامۆزاکان لە دوور مەودادا دەرگا بە رووی بەریەککەوتنی خێزانی تاڵەبانی و خێزانی برایم ئەحمەد دەکاتەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت فیگەرێک بکەوێت، تا فشەڵی تەبایی و لێکنزیکی ئەوانیدی ببینین.


مێژووی حیزبی کوردی و کارەکتەرە سیاسییەکانی، پڕیەتی لە ناشیرینی، ئەمجۆرە لە بەریەککەوتن و ناکۆکیانەش، جگە لەوەی سەدان لاپەڕەی دیکە بۆ ئەم دەفتەرە رەشە دەوڵەمەند و زەبەللاحەی ناو مێژووی ئێمە زیاد دەکات، هیچی دیکەی بۆ ژیانێکی ئارام، چاکسازی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەک، کە مرۆڤەکان وەک هاوڵاتی و وەک ئینسان بە رێزەوە تیایدا بژین، پێنابێت.