ئەفغانستان وەک پەند و عیبڕەت!

2021-08-15

کــــارۆخ خــــۆشناو

 

دوای کشانەوەی بەشی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان، بزوتنەوەی تاڵیبان لە پێشڕەویەکی بێ وێنەدایە بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی پایتەختی ئەفغانستان، لێرەدا گرنگە ئێمەی کورد چەند وانەیەک (وەک پەند و عیبڕەت) لە ڕووداوەکانی ئەفغانستان فێر ببین:

1- پشت بەخۆ بەستن:
دەبێت لەم ڕاستیە تێبگەین کەوا ئەمەریکا هەتا ڕۆژی قیامەت لە هیچ وڵاتێک نامێنێتەوە، بۆیە گرنگە لە ئێستا بەدواوە هەرێمی کوردستان زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت بۆ بەهێزکردن و ڕێکخستنەوەی هەموو سێکتەر و دام و دەزگاکان، بە مانایەکی تر بەهێزکردنی ژێرخانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەقامگیری و پێگەوژیان و....هتد.

2- یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە:
گرنگە هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێن، ئەویش لە پێناو دروستکردنی هێزێکی پێشمەرگەی نیشتیمانی، دوور لە دەستی کارەکتەرە حیزبیەکان، واتە بەهێزترکردنی ژێرخانی ئەمن و ئاسایشی کوردستان.

3- بەردەوام بوونی لەسەر پڕۆسەی چاکسازی:
گرنگە لە ئێستا و داهاتووشدا پڕۆسەی چاکسازی بەردەوام بێت، ئەویش بە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو سێکتەرەکاندا.

4- بەهێزترکردنی پردی پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات:
ئەمەش لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و بە دیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر ئەنجام دەدرێت.

5- پەلەکردن لە نوسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ:
پەلەکردن لە نوسینەوەی دەستورێکی هاوچەرخ بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا (دیموکراتەکان و کۆماریەکان) گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کەوا نابێت ئەمەریکا چیتر (شەڕە بێ کۆتاکان) بکات و باج و خوێنی سەربازانی ئەمەریکا بەفیڕۆ بدات، هەروەک سەرۆکی ئەمەریکا (جۆ بایدن) لە بارەی ئەفغانستانەوە گووتی:
''دەبێ ئەوان شەڕ بۆ خۆیان بکەن''، ئەو قسەیەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەفغانییەکان واتە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ هیچ وڵات و هەرێمێک هەتاهەتایی نییە، بۆیە ئەگەر وڵاتێک یان هەرێمێک نەتوانی بەرگری لە خۆی بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیج کەس و وڵاتێک ئامادە نییە بۆ ئەبەد بەرگری لێ بکات، ئەم ڕاستیەی سەرەوە سادەترین وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.

لە کۆتاییدا پێموایە بە گوێرەی دەرەنجامەکانی دایەلۆگی ستراتیژی نێوان (عێڕاق و ئەمەریکا) ڕێگای تێناچێت ئەمەریکا هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێڕاق دووبارە بکاتەوە، چونکە بارودۆخی (خودی و بابەتی) نێوان عێڕاق و ئەفغانستان جیاوازن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک خاڵی هاوبەش و لێکچووش هەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا، بۆیە گرنگە ئێمەی کورد (سود و پەند و عیبڕەت) لە بارودۆخی ئەفغانستان وەربگرین و هەوڵبدەین کەم و کوڕیەکانمان چارەسەر بکەین و خۆمان بۆ هەموو ئەگەر و سیناریۆکان ئامادە بکەین.

٭ کــــارۆخ خــــۆشناو
(سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)