بۆچی ئیدریس بارزانی لەكۆنگرەی 9ی پارتیدا خۆی بۆ سەرۆكی پارتی نەپاڵاوت؟

2021-08-16

پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول پارتی دیسان چۆن درووستبوویەوە؟ درووستبوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان چ كاریگەرییەكی لەسەر دووبارە سەرهەڵدانەوەی پارتی هەبوو، بۆچی سەرانی سەركردایەتی كاتی پارتی، " قیادە موەقەتە" سامی عەبدولڕەحمان‌و گروپەكەی لەكۆنگرەی 9دا هەموویان جیابوونەوە، بۆچی ئیدریس بارزانی لەكۆنگرەی 9ی پارتیدا خۆی بۆ سەرۆكی پارتی نەپاڵاوت.

ئەوكاتەی كە سەرانی قیادە موەقەتە تێهەڵچوونەوەو دەیانوویست لەپاش هەرەسی شۆڕی ئەیلوول، بەفۆرم‌و ڕێكخستنێكی نوێوە پارتی درووستبكەنەوە، بنەماڵەی بارزانی لەكەرەج بوون، بەڵام لەپاش كۆنگرەی 9و كۆتاییهێنان بەقیادە موەقەتە، پارتی كەوتەوە دەستی بنەماڵەی بارزانی.

سەرچاوە مێژووییەكانی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە دووبارە درووستكردنەوەی پارتی بەڕێبەری‌و ئاگاداری بنەماڵەی بارزانی بووە،

،،

بەڵام هەندێك لەو سەرچاوە مێژووییانەی كە باس لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕش دەكەن لەپاش هەرەسی شۆڕی ئەیلوول، ئاماژە بەوە دەدەن كە بەڵگەنامەی یەكلا كەرەوە لەبەردەستا نییە كە درووستبوونەوەی پارتی

بەئاگاداری‌و چاودێری بنەماڵەی بارزانی بووبێت‌و ئەوكاتەی كە "سامی عەبدولڕەحمان"یش لەگەڵا چەند كەسێكیتردا " قیادە موەقەتە" "سەركردایەتی كاتی پارتی" درووستدەكەنەوە ماڵی بارزانی ئاگایان لێنەبووە، هەندێك سەرچاوەش باسلەوە دەكەن كە سەرانی قیادە موەقەتە دژی بنەماڵەی بارزانی‌و بەتایبەتی دژی ئیدریس بارزانی بوون.

لەگەڵ هەرەسی شۆڕشی ئەیلوولدا، لەبەهاری ساڵی 1975 دا، شتێك بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان نەماو، ئەو حیزبەی كە لە 16/8/1946دا دامەزرا وەكو حیزب كۆتایی هات.

سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی لە كەرەج شوێنی تایبەتییان بۆ ئامادەكراو پێشمەرگەو خەڵكەكەش لەئۆردووگاكاندا لەژێر چاودێری ساواكدا نیشتەجێكران.

كرمانج گوندی لەكتێبی " سی ساڵ خەبات‌و وڵاتێكی وێران)دا باسیلەوە كردووە كە سەرانی شۆڕشی هەرەس پێكراو لەكەرەج، بەكاریگەری گۆڕانكارییەكانی سەرگۆڕەپانی كوردستانی عێراق‌و جموجووڵەكانی مام جەلال‌و سەركردەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی، كەوتنە پەیوەندی كردن بەبڕواپێكراوەكانی خۆیان بەمەبەستی ناردنەوەیان بۆ كوردستان، پاش ماوەیەك توانییان كۆمەڵێك كەس كۆ بكەنەوەو بیان نێرنەوە.
ئەو كەسانە بەڕابەرایەتی " سامی عەبدولڕەحمان" و چەند كەسێكیتر لە 26/5/1976 ( قیادە موەقەتە) "سەركردایەتی كاتی پارتی"یان ڕاگەیاند، وەكو سەر لەنوێ پێكهێنانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرانی قیادە موەقەت پێكهاتبوون لە ( سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، فەلەكەدین كاكەیی، كەریم شەنگاری، وریا ساعاتی، ئازاد خەفاف، عەبدوڵا ساڵح)‌و چەند كەسێكیتر، لەگەڵ دەركەوتنی قیادە موەقەتەش دەست بەجێ لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیدا كە هەر لەو ماوەیەدا خۆی ڕاگەیاندبوو، شەڕی نێوخۆی نێوانیان دەستی پێكردو ناكۆكیی‌و شەڕو ململانێكانی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی نێوان باڵی " جەلالی‌و مەلایی" زیندوو بوویەوەو قۆناغێكی دیكەی دەستی پێكرد.
هەر لەسەرەتاوەو كە تەنها یەك هەفتە بوو، قیادە موەقەتە دەستی بەجموجوڵ كردبوو، لەهاوینی ساڵی 1976 یەكەم مەفرەزەی چەكداری یەكێتی كە ژمارەیان 37پێشمەرگە بووە، بەسەركردایەتی " برایم عەزۆ" لەناوچەی بادینان، بەدەستی هێزەكانی قیادە موەقەتە دەكوژرێن، ئەمە جگە لە شەڕی كارەساتی هەكاری كە هەریەكە لە ( عەلی عەسكەری‌و دكتۆر خالیدو حسێن شێخ بابە) كە سێ‌ سەركردەی باڵی بزوتنەوەی سۆسیالیسی ناو نیمەچە بەرەیی یەكێتی بوون، دوای بەدیل گرتنیان لەلایەن سەرانی قیادە موەقەتەوە كوژران.
هەرچەندە ڕۆڵ‌و كاریگەرییەكی ئەو تۆیان نەبوو، هاوكات لە گەڵا درووستبوونی قیادە موەقەتەدا، بەڕێبەری" دكتۆر مەحمود"و هەریەكە لە " قادر جەباری‌و شەمسەدین موفتی‌و عەدنان موفتی"، "لیژنەی ئامادەكاری پارتی" درووستبووبوو، بەوتەی نەوشیروان مستەفا ئەمانە دەیانوویست‌و بەنیازبوون پارتی لەسەر بنچینەیەكی نوێ‌و هاوچەرخ ڕێكبخەنەوە، بەوپێیەی كە ئەم گرووپە لەسوریا بوون كەسیان لەدەور كۆنەبوویەوە،

،،

چونكە ئەوانەی لە سوریا بوون‌و كاری سیاسییان دەكرد بۆ یەكێتی‌و لەدەوری مام جەلال كۆ بوو بوونەوە.


ئەم گروپەی دكتۆر مەحمود، بەردەوام لەهەوڵدا بوون بۆ خۆ نزیككردنەوەیان لەسەركردەكانی باڵی بزوتنەوەی ناو یەكێتی، هەر بەپێی زانیارییە مێژووییەكان، سەرانی قیادە موەقەتەو هەم دكتۆر مەحمود لەو سەردەمەدا ویستوویانە ناكۆكی‌و دووبەرەكی بخەنە ناو باڵەكانی یەكێتی‌و هەر ئەوانیش ڕۆڵی سەرەكییان بینیووە لەوەی كە سەركردەكانی باڵی بزوتنەوەی سۆسیالستی ناو نیمچە بەرەی یەكێتی، بەسەركردایەتی" ڕەسووڵ مامەند" لەیەكێتی جیاببنەوە، دوای جیابوونەوەشیان لەیەكێتی لەگەڵ " لیژنەی ئامادەكاری پارتی" بەسەرۆكایەتی دكتۆر مەحمود عوسمان، یەكیان گرت‌و سەركردایەتییەكی نوێیان بەناوی ( حزبی سۆسیالستی یەكگرتووی كوردستان- حسیك) پێكهێنا.

جیا لەم دوو گرووپە، "عەلی شەنگاری"ش كە لەشۆڕی ئەیلوولدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەپرسی لقی 5ی پارتی بووە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1975داو لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول لە ئێرانەوە چوو بووە سوریاو لەوێ‌ حیزبێكی بەناوی " یەكێتی دیموكراتی كوردستان" درووستكردبوو، عەلی شەنگاریش بەهەمان شێوەی دكتۆر مەحمودو جەماعەتەكەی دەیوویست بەفۆرمێكی نوێوە دیسان پارتی درووست بكاتەوە، بەڵام ئەمیش هیچ كاریگەرییەكی نەبوو، چونكە سیاسییەكانی سووریا بۆ مام جەلال‌و یەكێتی یەكلایی بووبوونەوە، هەر لەو كاتەدا كە لەسووریا بوو، عەلی شەنگاری بەشداری كۆبوونەوەكانی یەكێتی دەكرد، حیزبەكەی شەنگاری تا ساڵی 1993 بەبێ‌ ڕۆڵ‌و كاریگەری بوونی هەبوو، لەكۆنگرەی 11ی پارتیدا شەنگاری حیزبەكەی هەڵوەشاندەوەو چوویە ناو پارتی بوویە ئەندامی مەكتەبی سیاسی.



زانیارییە مێژووییەكانی ئەو دەمە، ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرانی "قیادە موەقەتە" لەگەڵ "ئیدریس بارزانی"دا نێوانیان خۆشنەبووەو بەتووندیش دژایەتی یەكتریان كردووە، هەربۆیە زۆرینەی سەرانی "قیادە موەقەتە" لەبەر ناكۆكی توندیان لەگەڵ هێڵی ئیدریس بارزانیدا، بەشداری كۆنگرەی 9ی پارتییان نەكردو لەو كۆنگرەیەدا خۆیان نەپاڵاوت‌و دواتریش ڕیزی پارتیان جێهێشت، پاش دوو ساڵیش ئەو سەركردانەی قیادە موەقەتە، جگە لە هەردوو جەوهەر نامیق‌و فەلەكەدین كاكەیی، بەڕێبەری سامی عەبدولڕەحمان، ( پارتی دیموكراتی گەلی كوردستان) "پارتی گەل"یان دامەزراند، "پارتی گەل" كە وەكو پارتێكی نەتەوەیی چەپخواز خۆی وێنا دەكرد.
"كرمانج گوندی" لەكتێبی " سی ساڵ خەبات‌و وڵاتێكی وێران"دا باسلەوە دەكات كە سامی عەبدولڕەحمان‌و سەرانی دیكەی قیادە موەقەتە، بەتوندی دژایەتی ئیدریس بارزانیان دەركرد، بۆیە لەدوای جیابوونەوەشیان‌و درووستكردنی "پارتی گەل" هەر لەسەرەتاوەو بەفراوانتر بەتوندی كەوتنە دژایەتیكردنی پارتی، بەتایبەتی هێڵی ئیدریس بارزانی.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكانی پارتی، قیادە موەقەتە لە 10/11/1975دا یەكەم بەیانی ڕاگەیاندنی دامەزراندنی سەركردایەتی كاتی دەركردووەو لە كۆنفرانسی مانگی ئابی 1976یشدا لە بەرلین، ئەم سەركردایەتییە بەفەرمی جێگیركراون‌و هەر لەو كۆنفرانسەدا هەریەكە لە ( مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانی، سامی عەبدولڕەحمان، عەلی عەبدوڵا، نووری شاوەیس، جەوهەر نامیق، ئازاد بەرواری، عارف تەیفور، كەمال كەركووكی، ئازاد خەفاف، وریا ساعاتی، دڵشاد میران، محەمەد ڕەزا) شەرعیەتییان پێدراوە، ئاماژەش بەوە دەكرێت كە مەسعود بارزانی سەرۆكی سەركردایەتی كاتی‌و سامی عەبدولڕەحمانیش سكرتێری بووە، ئەم سەركردایەتییەش تا ساڵی 1979و كۆنگرەی 9ی پارتی بەردەوامبووە.

،،

هەندێك سەرچاوەی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەریەكە لەئیدریس بارزانی‌و مەسعود بارزانی لەمانگی مایسی 1975دا پەیوەندییان بەژمارەیەك كادیری سیاسی‌و سەربازی شۆڕشی ئەیلوولەوە دەكەن

بۆ درووستكردنەوەی ڕێكخستنێكی نوێ‌، بەوتەی كرمانج گوندی، جموجوڵەكانی مام جەلال‌و سەركردەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران‌و سەركردەكانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی ، وای لە بنەماڵەی بارزانی كردووە كە بكەونە خۆیان.
"پارتی گەل" حیزبەكەی سامی عەبدولڕەحمان لەناوەڕاستی ساڵی 1992دا لەگەڵ هەریەكە لە گەڵ حسك‌و پاسۆكدا كۆنگرەی یەكگرتنیان بەست‌و حیزبێكی نوێیان بەناوی " پارتی یەكگرتن" پێكهێنا، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی كە بە هێزێكی گەورەترو فراوانترەوە بەشداری یەكەمین هەڵبژاردن بكەن لەكوردستاندا، كەمتر لەساڵێكی خایاند " پارتی یەكگرتن" بوون بەچەند بەشەوەو سامی‌و هاوڕێكانی گەڕانەوە بۆ ناو پارتی.
لەساڵی 1979 لەپاش هەڵوەشاندنەوەی سەركردایەتی كاتی، لەكۆنگرەی نۆیەمی پارتیدا، پارتی جارێكیتر بەناوی "پارتی دیموكراتی كوردستان" دەستی پێكردەوەو جارێكیتر ئەو حیزبە كەوتەوە دەستی بنەماڵەی بارزانی، لەو كۆنگرەیەدا كە چەند مانگێك دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی گرێدرا، "مەسعود بارزانی" بەسەرۆكی پارتی‌و "عەلی عەبدوڵا"ش بە سكرتێری پارتی هەڵبژێردران.
سامی عەبدولڕەحمان‌و گروپەكەی، ئەوانەی قیادە موەقەتەیان درووستكردبوو، لەلایەن باڵی دەستڕۆشتووی پارتییەوە ئەوكاتە ناوی چەپەكانی پارتییان لێنرابوو، بەشداری كۆنگرەیان نەكردو ڕازی نەبوون بەمیكانیزمەكانی دیاریكردنی ئەندامانی سەركردایەتی، بەوتەی فازڵ میرانی، ئەوان واتە سامی‌و هاوڕێكانی دەیانزانی كە لەهەڵبژاردن دەرناچن، چونكە كارێكی زۆر بۆ دەرنەچوونیان كرابوو، وە لایەنیتر لە ڕووی نوێنەرانەوە زۆر بەهێزتر بوو، ئەوەش بوویە هۆی ئەوەی خۆیان هەڵنەبژێرن‌و بەشداری كۆنگرە نەكەن.
هەر بەوتەی فازڵ میرانی، مەسعود بارزانی داوای لەئیدریسی برای كردووە كە خۆی بۆ سەرۆكایەتی پارتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئیدریس بارزانی بەهۆی ئەو هێرشە گەورەیەی كە لەسەری بووە ئامادە نەبووە خۆی بۆ سەرۆك هەڵبژێرێت.
ئەم قسەیەی فازیڵ میرانی دیسان جەخت لەسەر ئەو ناكۆكیی‌و ململانێ‌ تووندە دەكاتەوە كە لەنێوان سەرانی قیادە موەقەتەو ئیدریس بارزانیدا هەبووەو ئەو هێرشەی سەر ئیدریس بارزانیش لەوكاتەدا، هەڵبەت هێرشی سامی عەبدولڕەحمان‌و گرووپەكەی بووە.
مەسعود عەبدولخالق كە لەكتێبی ( ناسنامەی حیزبە كوردستانی) یەكاندا باسی لەوە كردووە قیادە موەقەتە وەكو لایەنێكی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی سامی عەبدولڕەحمان، هاتوونەتە مەیدان‌و ماڵی بارزانی ئاگایان لە دروستبوونی نەبووەو سەرانی قیادە موەقەتەش تەنها وەكو هێما ناوی بارزانییان هێناوە.
بەوتەی مەسعود عەبدولخالق، هەرچەندە پاشتر مەسعود بارزانی‌و ئیدریسی برای زاڵبوونەتەوە بەسەر قیادە موەقەتەدا، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە بیسەلمێنێت كە ئەو شۆڕشە یان درووستبوونەوەی پارتی بە ئاگاداری‌و ڕێنمایی بنەماڵەی بارزانی درووستبووبێتەوە.

سەید كاكە لەبیرەوەرییەكانی خۆیدا ئاماژە بەوە دەكات كە قیادە موەقەتەش، وەكو یەكێتی دژایەتی شۆڕی ئەیلوولیان كردووە، سەید كاكە كە یەكێكبووە لەسەركردەكانی باڵی بزووتنەوەی سۆسیالیستی ئەوسەردەمەی ناو یەكێتی‌و لەشەڕی هەكاریدا لەلایەن قیادەموەقەتەوە بەدیل گیراوە، لەبیرەوەرییەكانیدا باسلەوە دەكات كە كاتی گیرانیان لەلایەن قیادە موەقەتەوە بەسامی عەبدولڕەحمانی وتووە كە ئێمە ڕێكەوتنمان لەگەڵ ئیدریس بارزانیدا هەبووە، لەوەڵامدا سامی وتوویەتی ئێوە چۆن لەخۆتانەوە ئیدریس بە بەرپرسی ئێمە دەزانن، ئێمە سەر بەئیدریس نین، سەید كاكە ئەمە وەكو بەڵگە دێنێتەوە كە قیادە موەقەتە نەك هەر بەڕێنمایی ماڵی بارزانی كاریان نەكردووە، بەڵكو چەندە دژی یەكێتی بوون، هێندەش دژی ماڵی بارزانی بوون.


برایم جەلال لەكتێبی"چەپێك لەمێژووی كۆمەڵەدا ئەوە دەڵێت كە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان مەترسییەكی زۆری لە دڵی بارزانی‌و هەندێك لەسەرانی كۆنی پارتی‌و تەنانەت ساواكی ئێرانیش درووستكردووە، بۆیە بنەماڵەی بارزانی كەوتوونەتەتەقەلای خۆ خڕكردنەوە، بەمەبەستی پەیداكردنی هێزی چەكداری‌و جموجوڵی سیاسی بۆ ڕێگە گرتن لەیەكێتی، بەقەولی برایم جەلال بە یەكێتییان ڕاگەیاندووە "ئەگەر شۆڕشیان پێنەكرێت، شۆڕشیان پێ تێك دەدرێت".
ڕاپۆرتی سیاسی مەسعود بارزانیش لەكۆنگرەی 9ی پارتیدا كە لەبەشێكیدا دەڵێت:" دوژمنان‌و خائینان وایان دەزانی پارتی نەماوەو مەیدان بۆ ئەوان چۆڵ بووە" ئەو ئاماژەیەی لێدەخوێنرێتەوە كە درووستبوونی یەكێتی نیشتیمانی گوڕی بە بنەماڵەی بارزانی داوە كە دیسان دەست پێبكەنەوە.


بۆ نووسینی ئەم ڕاپۆرتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

یەك: سی ساڵ خەبات‌و وڵاتێكی وێران – كرمانج گوندی – 1990- سوید.
دوو: بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد لە كوردستانی عێراق 1980 – 1988- د. عەلی تەتەر نێروەی- 2008 – دهۆك.
سێ: ناسنامەی حیزبە كوردستانییەكان- مەسعود عەبدولخالق- 2009- هەولێر.
چوار: چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە- برایم جەلال- چاپی سێیەم- 2011- سلێمانی.