کوڕەکەی ئەحمەد شا مەسعودی لێیە

2021-08-17

تا ئەمڕۆش، ویلایەتی " بنجشیر" کە دەکەوێتە بەشی باکوری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان لە دەرەوەی هێزو دەسەڵاتی تاڵیباندایەو تەنها ویلایەتە کە کۆنترۆڵ نەکراوە.

بەشێکی زۆر لە هێزە هەڵهاتووەکانی حکومەتی ئەفغانستان ڕوویان کردووەتە ویلایەتی " بنجشیر"و هاوکات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە چەکداری عەشائیردا، بە سەرکردایەتی کوڕی سەرکردەی بەناوبانگی ئەفغانی " ئەحمەد شا مەسعود" دا ڕایانگەیاندووە کە دژی تاڵیبان دەجەنگن و ڕێگا نادەن شارەکە بکەوێتە دەستی تاڵیبان.


ویلایه‌تی " بنجشیر" دانیشتوانەکەی زیاتر لە سەدو پەنجا هەزار کەس دەبن و لە 98%ی دانیشتوانه‌كه‌ی تاجیكین.

جیا لەو هێزە هەڵهاتووانەی کە لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەفغانستانەوە ڕوویان لێکردووە، زیاتر لە بیست بنكه‌ی سه‌ربازی لێیه‌و هاوکات ناوچه‌یه‌كی زۆر سه‌خت و شاخاوییه‌.

ئێستا ژمارەیەکی زۆر میلیشیایی ناوخۆیی ئەفغانستان و هێزە هەڵهاتووەکانی حکومەت لەوێ کۆبوونەتەوەو " ئەحمەد مەسعود"ی کوڕی " ئەحمەد شا مەسعود"ی سەرکردەی ناوداری ئەفغانی ڕێبەرایەتییان دەکات و بە درێژایی سنوری شارەکە دابەشبوون.
ئاژانسی " سبوتنیك" لە زاری بەرپرسانی سەربازی " بنجشیر"و میلیشاکانی شارەکەوە ئەوەی بڵاوکردوەتەوە کە خۆیان بۆ جەنگێکی گەورەو یەکلاکەرەوە دژی تاڵیبان ئامادە کردووە.

ویلایەتی " بنجشیر" کە دەکەوێتە باکوری کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانەوە، شوێنی لە دایکبوونی "ئەحمەد شا مەسعود"ە، ئەو یەکێکبوو لە سەرکردە ناودارەکانی ئەفغانستان کە ساڵانێکی زۆر ڕێبەرایەتی بەشێک لە موجاهیدینە ئەفغانییەکانی کرد دژی سۆڤیەت و لە ویلایەتەکەدا بە شێری بنجشیر بەناوبانگە.

بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر کاتێک تاڵیبان دەستی بەسەر زۆرینەی ویلایەکانی ئەفغانستاندا گرت، بەشێکی زۆر لە هێزەکانی حکومەت لەوکاتەدا بە ڕێبەرایەتی بورهانەدین ڕەبانی لەم ویلایەتەدا بەرگریان کردو بنجشیر تەنها ویلایەت بوو کە تاڵیبان نەیتوانی دەستی بەسەردا بگرێت و کۆنترۆڵی بکات.

هەرچەندە وا بڵاوکرایەوە کە دوێنێ ئەحمەد مەسعود کە ڕێبەرایەتی هێزەکانی حکومەت و میلیشیاکانی ویلایەتەکە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان، بە کۆپتەرێک ویلایەتەکەی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە، بەڵام ئەمڕۆ ئاژانسی " سبوتنیک" بڵاوی کردەوە کە ئەحمەد مەسعود لە بنجشیر ماوەتەوەو " هاوپەیمانیەتی باکور"یان دژی تاڵیبان ڕاگەیاندووە.