قوباد تاڵەبانی؛ راست دەکات؟

2021-08-22

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

«دەبێت حكومەت سیاسەتی بۆ پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا و پشتیوانیی زانكۆ و پەیمانگاكان هەبێت ... و ... هەماهەنگیی لەنێوان زانكۆ و پەیمانگاكان، بازاڕی کار و كەرتی تایبەتدا بکات.»

ئەو قسە نەستەقەی قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی شەممە (21ی ئابی 2021) لەمیانی گفتوگۆیەکی کراوەی فێستیڤاڵی TECHFEST بۆ کێبرکێی تەكنۆلۆژیا لەسلێمانیی رایگەیاند، دەبوو «بە ئاوی ئاڵتون بنووسرێتەوە»، ئەگەر ھاتوو لانیکەمی زەمینەسازیی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ بکرێت!؟

بەدوور لە پلار و پاکەنەکردن؛ ئەگەر ناوەڕۆکی ئەو قسە نەستەقە دوای دووساڵ لە تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تازەبەتازە بیری لێکرابێتەوەو ھێشتا رۆحی بە بەردا نەکرابێت و نەکەوتبێتە سەر سکە؛ پتر لە ھۆکارێکی ھەیە، لەوانە:

یەکەم: لەسەرەتای دروستبوونییەوە تاوەکو کابینەی نۆیەمی؛ حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بڕوا و متمانەی بە پلان و پرۆژە و پرۆگرامی بیرلێکراوەی پسپۆڕان و توێژەران نەبووە و نییە. واتە ھێندەی میزاج و مۆدێلی کارکردنی وەزارەتەکان و بڕیارسازانی کابینە وەزارییەکە رۆڵی ھەبووە، نیوھێندە گوێگرتن لە سەرنج و پێشنیازی پسپۆڕان و توێژینەوەکانیان رەنگڕێژی ھەنگاو و ھەڵوێستەکانی حکومەتی نەکردووە. تەنانەت ئەوانەیشی کە بە «راوێژکار» دایمەزراندوون، ھێندەی پلە و پۆست و مووچەی بۆ زیادکردوون نیوھێندە راوێژ و بەرچاورۆشنیی زیاد نەکردووە یاخود بەکردەیی بەدوای راوێژەکانیاندا نەچووە. ھەربۆیە بیرکردنەوە لە «سیاسەتی حکومەت» گرێدراوی «سیستمی حوکمڕانی»ییە کە دوای 30ساڵ لە ئەزموونی خۆبەخۆی کورد؛ ھێشتا پۆلێنکردنی زانستیی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سیستمە سیاسییەکاندا ئاسان و ئاشکرا نییە. بۆنموونە، لە ژینگەیەکی وەک ئەمەریکادا کە سیستمە سیاسییەکەی لیبراڵە؛ ئەم لیبراڵیەتە لە ھەموو کەرت و کایەکانی دیکەیدا رەنگیداوەتەوە. جا لە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بیگرە تا بە ئەوقاف و سینەما دەگات؛ ھەموو تایبەتمەندییەکی سیستمی لیبراڵیی بەسەردا جێبەجێکراوە و بەئاشکراش ھەستی پێدەکرێت.

،،

لەھەرێمی کوردستاندا؛ کابرا شیوعییە و سەرمایەداریشە، سەرمایەدارە و قەرزاری حکومەتە، حکومەتە و کرێچی کەرتی تایبەتە، کەرتی تایبەتە و بە پارەی حکومەت و بودجەی گشتیی بەڕێوە دەبرێت.

لەھەموویشی کارەساتبارتر؛ نەبوونی ریزبەندیی نیشتمانیی و لەپێشترنەگرتنی پلەبەندیی گرنگ، گرنگتر و گرنگترینی پرۆژەکانە. ھەر بۆنموونە، لەمڕۆژانەدا کە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراق بەدەست گرانیی نرخی نان و بەنزین و ئازادیی دەناڵێنن، کەچی حکومەت بیر لەتۆخکردنەوەی رەنگی زەردی قەراخی شەقامەکان دەکاتەوە. ھەر بەراست کامیان پێویستتر و لەپێشترن؛ جوانکاریی یان خزمەتگوزاری؟!

دووەم: زانکۆ و پەیمانگەکانی بندەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی لەھەرێمی کوردستانی بندەستی عێراقدا؛ بە دەست نەبوونی سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیی و زانستییەوە دەناڵێنن. دەیان و سەدان کێشەی زۆر سادە و دووبارەبوەوەی زانکۆ و پەیمانگەکان ھەن کە خۆیان بەدەستییەوە داماون؛ چ بگات بەوەی بپەرژێنەسەر کێشە درێژخایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگە و حکومەت. بۆنموونە؛ ساڵانە دەیان بەش و کۆلێژی تایبەت بە تەکنیکی کۆمپیوتەریی و پرۆگرامینگ و داتابەیس لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا دەكرێنەوە و سەدان گەنج دەبنە دەرچووی ئەو بەش و کۆلێژانە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا-ش، بەڵام بەدەگمەن نەبێت ماڵپەرێکی ئاسانکار و ئەپدەیتکراو یان داتابەیسێکی زانیارییبەخش نابینیت کە بەرھەمھێنراو و براندی ئەو زانکۆ و پەیمانگە حکومییانەی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان بن!؟ ھەربۆیە بەتەنیا کردنەوەی ئەو بەشە زانستیانە گرنگ نییە کە بازاڕی کاری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان پڕدەکەنەوە، لەوە گرنگتر ئەوەیە لەگەڵ توندکردنەوەی رێکارییەکانی دیوانی چاودێریی داراییدا؛ زانکۆ و پەیمانگەکان سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیی و زانستیی بەدەستبھێنن و ساڵانە لە رێی ئەنجومەنی نیشتمانیی بۆ توێژینەوەی زانستییەوە دیارترینی ئەو پرس و بیرۆکانە دەستنیشان بکرێن کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستییەتی توێژینەوەیان لەبارەوە بکرێت تاوەکو دواتر لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی توێژینەوەکان؛ پلان و پرۆژە و پرۆگرامی داھاتووی وەزارەتەکان رەنگڕێژ بکرێن و کۆتایی بە میزاجی کەسیی بھێنن. ھاوکات خوێندکار، پرۆگرام، مامۆستا و ژینگەی خوێندن؛ وەک چوارگۆشەی ھەر سیستمێکی پەروەردەیی پێویستیان بە چاکسازیی و نوێبوونەوەیە. ئەوە جگەلەوەی کە توێژینەوەی ورد و فرەپسپۆڕی؛ پێویستیی بە سەرچاوەی دارایی و مرۆیی شیاو ھەیە و پێویستە ساڵانە تازەبکرێنەوە، نەک وەک ھەندێک پۆستی کارگێڕیی نێو زانکۆ و پەیمانگەکان لەسەر کەسێک یان چەند کەس و لایەنێک تاپۆبکرێن و بە 10ساڵ جارێکیش گۆڕانکاریان تیانەکرێت. بۆیە راستکردنەوەی ڕێڕەوی زانستیی و دارایی و کارگێڕیی زانکۆ و پەیمانگەکان و چاکسازیی لە پەروەردە و خوێندنی باڵادا ھەوێنی ھەڵئاوسانی بەھرە و توانا مرۆییەکانە. بەوەیش دەتوانرێت ژمارەی گەنجانی بێکار کەم و زۆریی ژمارەی زانکۆی بێبەرھەم؛سنووردارتر بکرێن.

سێیەم: بازاڕی کار لە ھەرێمی کوردستاندا؛ گرێدراوی گرفت و گەشەی کەرتی تایبەتە کە ئەویش زۆورینەیان درێژکراوەی کۆمپانیا بازرگانییەکانی پارتە سیاسییەکانە. ئەو پارتە سیاسیانەی بوونەتە پێکھێنەری کابینەی وەزاریی «حکومەتی ھەرێمی کوردستان». لێرەشەوە ئەوە دەردەکەوێت کە پارتی سیاسیی فەرمانڕەوا؛ کۆنترۆڵی کەرتی گشتیی و تایبەت دەکات بە بازاڕی کار و زانکۆ و پەیمانگەکانیشەوە. کەواتە ئەگەر کارنامەی پارتی سیاسیی فەرمانڕەوا و ئامانجی کارکردنی گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتبێت؛ ئەوا پێکەوەگرێدانی زانکۆ و پەیمانگە،

،،

بازاڕی کار و کەرتی تایبەت دەبێتە ھەوڵ و ھەنگاوێکی یەکتەواوکەر بە ئاڕاستەی ساغکردنەوەی شمەک و کاڵای ناوخۆیی و زیادکردنی ھەلی کارکردن.



بەسەرنجدان لەو ھۆکارانەی سەرەوە؛ راستیی قسە نەستەقەکانی قوباد تاڵەبانیی دەردەکەوێت کە لەیەککاتدا ددانپێدانانە بە نوشوستی پلان و پرۆژە و پرۆگرامی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدیارییکردنی ئەرکی لەپێشتر و بەرپرسیارێتیی لەجێبەجێکردنی گرنگترینیان. ھاوکات دەکرێت دەستپێکی بەئاگاھاتنەوەی بڕیارساز و بڕیاردەرانی حکومەت بێت لە گرنگیی پشتیوانییکردنی مادیی و مەعنەویی بۆ پێکەوەبەستنەوەی سێکوچکەی کەرتی گشتیی و تایبەت و بازاڕی کار.