سيناريۆيەك دژى ئۆپۆزيسيۆنى كوردى ئێران و توركيا

2021-09-01

ئەنوەر حسێن (بازگر)


فشارەكانى ئێران و توركيا بۆ دەركردنى ئۆپۆزيسيۆنى كوردى وڵاتەكانيان لە هەرێمى كوردستان و عێراق و داخستنى بارەگاكانيان، تا دێت زياتر دەبێت و پێدەچێت حكومەتى عێراق، ملى بۆ ئەو داواكارييە دابێت و هەرێميش لەژێر فشاردا بێت.


هەرێمى كوردستان سێ ئۆپۆزيسيۆنى پارچەكانى كوردستانى تێدايە، (هى باكور پەكەكە [كە لە زۆنى زەرد و سەوزن]، هى ڕۆژهەڵات ديموكرات، كۆمەڵە و پژاك [يەكەم و دووهەميان لە زۆنى سەوز و زەرد هەن، پژاك و كۆدار و باڵە سەربازييەكەشيان (YRK - يەرەكە) تەنها لە سنورى زۆنى سەوزن]، هى ڕۆژئاواش باڵەكەى سەر بە پەكەكە [لە زۆنى سەوز و باڵەكەى سەر بە پارتيش (ئەنەكەسە) لە زۆنى زەردن]، جگە لە (يەبەشە) كە لە شەنگال و مەخموور)ن.


لە كۆى ئەم گروپانە، (پەكەكە) لە زۆرترين سنورى جوگرافياى هەرێمى كوردستان بڵاوبوونەتەوە، لە نزيكەى (1140) گوندى سنورى زۆنى زەرد و سەوز بارەگايان هەيە و وجوديان هەيە و زۆرجار تووشى شەڕ و بەريەككەوتن دەبن لەگەڵ هێزەكانى پێشمەرگە.

،،

بەڵام پێدەچێت فشارەكانى ئێران و توركيا بۆ دەركردنى (پەكەكە) و (كۆمەڵە و ديموكرات) لە كوردستان، وردە وردە بچێتە بوارى جێبەجێكردنەوە، تەنها لە سنورى پەلامار، بۆردومان، هێرشى فرۆكەى بێ فرۆكەوان و تيرۆر نەمێنێتەوە.


توركيا بە تەنها لە (15/8/2018) تا كۆتايى (ئابى 2021)، (10) لێپرسراوى گەورەى سەربازى و سياسى پەكەكەى لە هەرێمى كوردستان تيرۆر كردوە، دووجاريش لە سەرەتا و ناوەڕاستى (2017) هەوڵى تيرۆركردنى قەرەيەڵان و ڕفاندنى جەميل بايكى داوە، دوايين هێرشى چڕ و پڕ و ئۆپەڕاسيۆنى فرۆكەكانى توركيا بۆ سەر بنكەكانى (پەكەكە و پژاك)، لە ڕۆژى (24/8/2021)، كە (20) فرۆكەى جەنگى بە چاودێرى ڕاستەوخۆى خۆليسى ئاكار وەزيرى بەرگرى لە هێرش بۆ سەر ناوچەكانى شارباژێر و پێنجوێن بە قوڵايى (300كم)، هەڕەشەيەكى جددى و مەترسيدارە، كە نە حكومەتى هەرێم، نە يەكێتى هيچ وەڵامێكيان نەبوە و پرۆتستۆيان نەكردوە، ئەمەش ئاماژەيە بۆ بێ دەنگى بە تايبەتى كە گەريلاكانى (پەكەكە و پژاك) لە سنورى زۆنى سەوز، فشارێكى زۆريان دروستكردوە و بەپێى سەرچاوەكان نزيكەى (1260) گەريلايان هێناوەتە ئەو ناوچانە و بەرپرسە ئيدارييەكانى ناوچەكەش دەڵێن "نائارامييان دروستكردوە و باج و گومرگ لە كاسبكاران وەردەگرن".

پارتيش لاى خۆييەوە، نەك هەر نيگەرانە لە مامەڵە و ڕەفتارى گەريلاكانى پەكەكە لە بادينان، بەڵكو لەوەش زۆرتر وجوودى هێزەكانى (يەبەشە)يە لە شەنگال و مەخموور، كە بەردەوام توركيا بۆردومانيان دەكات، ڕۆژانە وەكو خۆيان دەڵێن "سەرئێشە بۆ پارتى دروستدەكەن و حەشدى شەعبى هاوكارييان دەكات".


قسەكانى (جومعە عيناد)ى وەزيرى بەرگرى عێراقيش ڕۆژى (31ى ئابى 2021) ئاماژەن بۆ هەماهەنگى لەگەڵ توركيا بۆ لێدانى (پەكەكە)، پێشتريش سەردانى ڕۆژى (11/6/2020)ى (هاكان فيدان) سەرۆكى دەزگاى ميت بۆ عێراق و دواتريش سەردانى كازمى لە (17/12/2020)، بەشێكى زۆرى ئەو دوو سەردانە پەيوەندى بە (پەكەكە)ەوە هەبوە، بە تايبەتى كە كازمى لەو بارەيەوە ملى بۆ هەموو داواكانى توركيا داوە و ناردنى پۆليسى فيدڕاڵى و هێز بۆ شەنگال، هەر لەو چوارچێوەيەدايە، بۆ فشار خستنە سەر (پەكەكە) و داخستنى بارەگاكانى (يەبەشە).


سەبارەت بە ئۆپۆزيسيۆنى ڕۆژهەڵاتى كوردستانيش (كۆمەڵە، ديموكرات و پژاك)، ئێرانيش جيا لەوەى ڕۆژى (8/9/2018) بۆردومانى بارەگاكانى (حدك)ى كرد لە كۆيە، (16) كادر و ئەندامى كۆميتەى ناوەندى شەهيد كرد و بەردەواميش نيگەرانى خۆى لە جموجوڵى ئەو هێزانە لە سنورەكان دەربڕيوە، هەوڵى تريشى داوە، بەڵام دوايين سەردانى وەفدى پارتى لە (29/6/2021)، كە پێكهاتبوون لە: (فازڵ ميرانى، هۆشيار زێبارى، پشتيوان سادق) بۆ تاران، يەكێك لە فايلە گەرمەكان، نيگەرانى ئێران بوە، لە بوونى چوار هێزى كوردى ئێران (حدك، حدكا، كۆمەڵەى شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەى زەحمەتكێشان) لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى پارتى و ناوچەكانى هەڵگورد و لەسەر سنور و چوونى پێشمەرگەكانى ئەو هێزانە بۆ ناوەوە، بۆيە پاش گەڕانەوەى وەفدەكە، بەو هێزانەيان ڕايگەياندوە، كە لەو ناوچانە پاشەكشە بكەن و فشاريان لەسەر دروستكردوون.


حەشدى شەعبيش بە جددى كار بۆ ئەوە فايلە دەكات، كە لە ڕێگاى حكومەتى عێراقييەوە، كۆتايى بە بوونى بارەگاكانى (كۆمەڵە و ديموكرات) بهێنن، وەكو چۆن لە (10/9/2016) دوايين كادرى سازمانى موجاهيدنى خەڵقيان لە كامپى ئەلبەرتى لە عێراق دەركرد، ژمارەيەكييان لێ كوژرا و دواتر گواسترانەوە بۆ ئەلبانيا.


وجوودى ئۆپۆزيسيۆنى توركيا و ئێران، هەرچەندە فشارى زۆرى بۆ هەرێم هێناوە لەلايەن ئەو دوو وڵاتەوە، بەڵام پارادۆكسێكى تێدايە، كە (پەكەكە) هێشتا لە پێگە و هەژموونى ئێراندا، بە تايبەتى لە شەنگال و شەڕى نێوان (پەكەكە و پارتى) يەكێكە لە ئەگەرەكان، هەرچەندە ئەمساڵ چەندين پێكدادان و ڕووبەڕووبوونەوەى پچڕ پچڕ هەبوون، كە تێيدا هەردوولا شەهيديان داوە، بەڵام هەوڵى كۆنتڕۆڵكردنى دراوە، بەڵام پارتى دەڵێت "چى تر تەحەموولى ئەو ڕەفتارانەى پەكەكە ناكرێت"، تا ئەو ڕادەيەى لە سەرەتاى تەمموزى ئەمساڵدا (پەكەكە) داوا لە (مەلا بەختيار) دەكەن، هەوڵەكانى خۆى بەكاربهێنێت بۆ ڕێگرى لە ئەگەرى شەڕى نێوانيان و سەردانەكەى (مەلا بەختيار) و بينينى مەسعود بارزانى و سەرۆكى هەرێم، سەرۆكى حكومەت و جێگرى سەرۆكى حكومەتيش هەر لەو پەيوەندييەدا بوە و ئاكامى هەوڵەكانيش ئيجابى بوە، بەڵام ئايا بەريەككەوتنى بەردەوامى ئەو دوو هێزە، مەترسى شەڕى لێناكرێت؟

،،

بەڵام جيا لەوانە هەست بە بوونى سيناريۆ و تارماييەك دەكرێت لە ناوچەكەدا، كە ڕەنگە هێزەكانى ئۆپۆزيسيۆنى كوردى ئێران و توركيا تێيدا زەرەرمەند بن و تووشى گرفت ببن.


- كە پێناچێت حكومەتى هەرێمى كوردستان، يەكێتى و پارتى سەرەڕاى پێناخۆشبوونيان، يان ناڕازيبوونيان، دەرەقەتى ئەو گەلە كۆمەكێيە بێن-