بۆچی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم تێكچوو؟

2021-09-13

" هەر لە یەكەم ڕۆژی هاتنیەوە لە ڕووسیا، مەلا مستەفا ئیعلانی كردو وتی من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم، مەلا مستەفا دەیووت تەنها دوو كەس هەیە لە دونیادا كە من ئیتاعەی موتڵەقیان بكەم، یەكێكیان شێخ ئەحمەدەو ئەویتریان عەبدولكەریم قاسمە".
مام جەلال لە كتێبی " دیداری تەمەن"دا دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان عەبدولكەریم قاسم‌و مەلا مستەفا وایووتووە.
بەوتەی مام جەلال، پەیوەندی مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم بەشێوەیەكی زۆر ناڕاست‌و ناڕەوا داڕێژاوەو لەسەرەتای هاتنەوەیەوە لە ڕووسیا، مەلا مستەفا عەبدولكەریم قاسمی زۆر بە گەورە دادەنا.
مام جەلال كە یەكێبووە لەوانەی كە لەسەرەتای ژیانی سیاسیدا زۆر سەرسامی مەلا مستەفا بووە، دەڵێت:" مەلا مستەفا لە خۆپیشاندانێكی جەماوەریدا لە سلێمانی كە بۆ پێشوازی ئەو ڕێكخرا بوو وتی:" من سەربازی زەعیم عەبدولكەریمم، من یەكێكبووم لەوانەی كە پێمخۆش نەبوو، لە وتاری نەورۆزی ئەو ساڵەدا كە خوێندەمەوە باسی مەلا مستەفام وەك سەرۆكی گەلی كورد كرد، وێنەیەكیم بڵاو كرد بوەوەو لە پشتی وێنەكەدا نوسیبووم " سەرۆكی گەورەی گەلی كورد جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی".


وەكو مام جەال وتوویەتی، مەلا مستەفا بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیەی پێناخۆشبووە لەو ئاهەنگی نەورۆزەداو "هەژار موكریانی"ش شیعرێكی خوێندووەتەوەو مەلا مستەفا لە خوێندنەوەی شیعرەكەی هەژاریش ناڕازی بووە.
"لە ترسی ئەوەی نەوەكا لە ئاهەنگەكەدا بێتە سەرمان، ئێمە دوای خوێندنەوەی وتارو شیعرەكە هۆڵی مەلیك فەیسەڵمان بەجێهێشت كە ئاهەنگەكەی تێدا گێڕدرا"مام جەلال وایووتووە.

مام جەلال زۆرتر دەربارەی هەڵوێستی مەلا مستەفا بەرانبەر عەبدولكەریم قاسم دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" مەلا مستەفا لە زۆر جێگەدا دەیووت من زەعیم نیم من عەسكەری عەبدولكەریم قاسمم، دەمانوویست بڵێین تۆ سەرۆكی پارتییەكی كە نەتەوەی دووەمە لە عێراقدا، عەبدولكەریم قاسمیش سەرۆكی هەموو عێراقە، ئێمە لاریمان نییە ئەو سەرۆكی سەرۆكەكەمان بێت

،،

بەڵام نابێت تۆ سەربازی ئەو بیت، بەڵام مەلا مستەفا دەیگوت نەخێر من سەربازی عەبدولكەریم قاسمم".


دەربارەی خۆ بە سەرباز زانینی مەلا مستەفا بۆ عەبدولكەریم قاسم، مام جەلال لە دیداری تەمەندا، باسلەوە دەكات كە مەلا مستەفا ماوەیەكی زۆر لەسەر ئەو بۆچوونە بووەو جارێكیان عەونی یوسف، كە ئەندامی سەركردایەتی پارتی بووە، پێیووتووە" ئەرێ جەنابی مەلا مستەفا ئەوە تۆ چەند ساڵە سەربازیت، هەر بە سەربازی مایتەوە، تەرفیعت نەكردو نەبوویت بە نائیب عەریف؟".
مام جەلال باسیدەكات كە مەلا مستەفا وا خۆی لەگەڵ عەبدولكەریم ڕێكخستووە كە هەموو ڕۆژێ چووە بۆ وەزارەتی دیفاع‌و هەرچی عەبدولكەریم قاسم بیوتایە وایدەكرد. بە وتەی مام جەلال، مەلا مستەفا ویستوویەتی عەبدولكەریم قاسم ڕازی بكات كە دیهاتەكانی بارزان ئاوەدان بكاتەوەو چەكیش بداتە بارزانییەكان.
پەیوەندی‌و سەرسامی مەلا مستەفا بە عەبدولكەریم قاسم زۆر ناخایەنێت‌و پاش دوو ساڵ تێكدەچێت، بە وتەی مام جەلال تێكچوونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكەریم قاسم لە كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێبارییەوە دەستی پێكردووەو ئەحمەد ئاغای زێباریش یەكێكبووە لە دەرەبەگە خوێنڕێژەكانی عەشیرەتی زێباری.
مام جەلال دەیگێڕێتەوە، كە بەهۆی تەقەكردن لە عەبدولكەریم قاسمەوە لە مانگی 10ی ساڵی 1959، ڕۆژێك لەگەڵ مەلا مستەفادا لە نەخۆشخانە سەردانی عەبدولكەریم قاسمیان كردووەو لەوێ باسی كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری كراوە، " كاتێك كە قاسم تەقەی لێكرا، ئێمە چووین بۆ نەخۆشخانە بۆ لای، من لەگەڵ مەلا مستەفادا بووم كە چوینە ژورەوە، عەبدولكەریم قاسم چاكبوو بووەوە، خۆشحاڵ بوو بە هاتنەكەی مەلا مستەفا، دانیشت‌و باسی كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری كرا، مەلا مستەفا باسیئەوەی كرد كە خەڵك لەسەر كوشتنی ئەحمەد ئاغا گیراون، كەریم قاسمیش وەك سەرۆكی دەوڵەت‌و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قسەی كردو وتی ئەوە تاوانێكە كراوە، كوژراو هەیە پێوویستە لە ڕێگەی دادگاوە چارەسەر بكرێت، بزانین دادگا چە بڕیارێك دەدات".
وەكو مام جەالا باسیكردووە مەلا مستەفا وتوویەتی:" وەڵا ئەوە من كردوومە، من ئەو كەسانەم ناردووە ئەحمەد ئاغای زێباری بكوژن، كەریم قاسم وتی، نا تۆ نەتناردون، تۆ پیاویت‌و كاری وا ناكەیت، تۆ دۆستی منیت، تۆ دژی یاسا ئیش ناكەیت، بێگومان ئەو گەنجانە كۆنە ڕقیان لەدڵدا بووە،

،،

مەلا مستەفا لەسەری ڕۆشت‌و وتی نەخێر من ناردومن، ئەگەر ئەو گەنجانە ئەوەیان كردبێت من پێمكردون".


پاشئەوەی كە مەلا مستەفا دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو پیاوی ناردووە بۆ كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری، عەبدولكەریم قاسم قیژاندویەتی بەسەر مەلا مستەفاداو وتوویەتی قانون‌و عەدالەت هەیەو دەبێت ئەو كەسانە بدرێنە دادگا، مام جەلال دەڵێت:" كەریم قاسم قیژاندی بەسەر مەلا مستەفاداو وتی تۆ نەتناردون، مەلا مستەفا مات بوو، چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد قاسم بقیژێنێ بەسەریدا، دواتر قاسم وتی قانون‌و عەدالەت هەیە عەدالەت لەسەرو هەموو كەسێكەوەیە، ئەوانە دەدرێن بە دادگا".


مام جەلال دەشڵێت:" كاتێك قاسم هێور بوویەوە هەندێك قسەی وەبیری مەلا مستەفا هێنایەوەو پێیوت، لە بیرتە یەكەم ڕۆژ كە هاتیتەوە هاتیتە لای من پێمگوتی ئەبێ پاش ئەوەی كۆماری عێراق جێگیر بوو، پێوویستە هەموو برا بین، ئەبێ ئەحقاد نەمێنێ، ئەبێ دوژمانایەەتی كۆن نەمێنێ، وتم پێوویستە ئێستا تۆ وەكو سەرۆكی حیزبێك‌و سەرۆكی نەتەوەیەك هەڵسوكەوت بكەیت، نەك وەكو سەرۆكی عەشیرەتێك، پێوویستە بچی دڵی ئەو عەشیرەتانە بدەیتەوە كە كاتیخۆی شەڕیان لەژی تۆ كردووە، تۆ دەبێت خەڵك كۆبكەیتەوەو ئاشتیان بكەیتەوە، نەك دوژمانیەتی بژیەنیتەوە".
وەكو مام جەلال لە بیرەوەرییەكانیدا باسیكردووە، دوای كوشتنی ئەحمەد ئاغای زێباری‌و ئەو گفتوگۆیەی نێوان مەلا مستەفاو عەبدولكریم قاسم، ئیدی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفاو قاسم تێكچووەو قاسم كەوتووەتە هاوكاریكردنی زێبارییەكان لە دژی مەلا مستەفا.
وەكو مام جەلال باسیدەكات، هۆیەكیتری تێكچوونی كەریم قاسم‌و مەلا مستەفا ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە سەرۆك عەشیرەتەكانی كورد هەموو ئەوانەی لە ئەنجامی ئیسڵاحی زەراعی زەرەرمەند بوون‌و دەسەڵاتیان لەدەستچووبوو، وردە وردە كۆبوونەتەوەو چوونەتە لای مەلا مستەفاو مەلا مستەفاش گرنگییەكی زۆری پێداون‌و كۆی كردونەتەوەو لە مەجلیسی خۆییدا دایناون‌و پشتیوانی لێكردون، ئەوەش عەبدولكەریم قاسمی توڕە كردووەو كێشەكانی نێوانیانی گەیاندووەتە ئاستی تەقینەوە.