نەوەی نوێ‌ لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا كارتێكی ئاڵۆزە

2021-09-23

ئاڵۆزترین لیستی هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ پەڕلەمانی عێراق، نەوەی نوێییە،لیستەكەی شاسوار تەنها لیستە كە دەستی كەشف نییە و بە ئاسانی ناتوانرێت ئەوە بخوێنرێتەوە چانسی چۆن دەبێت. لەبەر ئەوەی لەلایەك خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری جێگیرنییە و لەلایەكی دیكەش تەنها یەك سوڕ بەسەر ئەزمونی پەڕلەمانی عێراقی جوڵانەوەكەدا تێپەڕیوە.

لە خولی پێشودا نەوەی نوێ‌ تەنها یەك پەڕلەمانتاریشی لە بەغدا نەماو فراكسیۆنە چوار كەسیەكەی لە بەغدا بووە هەڵم.

خاڵی هێزی نەوەی نوێ،‌ شاسوار عەبدولواحیدو مەكینە ئیعلامیەكەیەتی. بەدەر لەوە، نەوەی نوێ‌، نە هێزێكی رێكخراوە و نە خاوەن روئیا. تەنانەت خاوەنی هەیكەلیەتێكی بەڕێوەبردنی تۆكمەش نییە. ئەوە هەم خاڵی هێزە بۆ شاسوار و هەم خاڵی لاوازی.

،،

لەناو ئەو جوڵانەوەیەدا یەكەس بیردەكاتەوە و یەك كەس بڕیار دەدات و جوڵانەوەكە بەدوای خۆیدا رادەكێشێت.

شاسوار لەم هەڵبژاردنەدا، بەپێچەوانەی هەموو هێزەكانی دیكەوە، ریكلام بۆ كاندیدەكانی ناكات،بەڵكو تەنها ریكلام بۆ حیزبەكەی دەكات، خۆی دەڵێت ئەمە بۆ سەرلێ‌ نەشێواندنی خەڵكە. بەڵام ئەوە هەموو راستیەكە نییە،بەشێكی پەیوەندی بەلاوازی كاندیدەكان و بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە خواستی شاسوارەوە هەیە كە هیچ كاندیدێكی نەوەی نوێ‌ لەسەر حسابی دەنگی شەخسی خۆی نەچێتە پەڕلەمان.

بەگشتی پێشبینیكردنی دەنگ و كورسی نەوەی نوێ‌ لە فاڵگرتنەوە دەچێت،هەر ئەوەشە سەری لە هەموو حیزبەكانی دیكە تێكداوە.

هێشتا ئەزمونی ئەوە نەكراوە جەماوەرەكەی پێشوی لێی زویرن یان نا؟ هەروەها 3 تەمەنی نوێش هاتونەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگی تۆراوی گۆڕان و یەكێتیش لە مەیدانەكەدا بونیان هەیە و بە دیاریكراوی نازانرێت دەنگەكانیان بۆ كێ‌ دەچێت.

،،

لەلایەكی دیكەوە نەوەی نوێ‌ هەرچەند دەنگ بهێنێت، گەیشتنی بە كورسی پەڕلەمان دەوەستێتە سەر قەبارەی ساختەكاری دەسەڵات و بواردان بە ئەو یان ركابەرەكانی بۆ بردنی كورسی.

یەكێك لە كێشە گەورەكانی بەردەم نەوەی نوێ‌ ئەوەیە كە جەماوەرەكەی جەماوەری نارازییە و ئەو جەماوەرە ناڕازییەش زیاتر حەزیان لە بایكۆتە تا دەنگدان.
هەرچەندە لە راپرسیە ئەلكترۆنیەكاندا، نەوەی نوێ‌ دۆخی باشە،بەڵام كێشەكە ئەوەیە مەرج نییە ئەوەی لەسەر مۆبایل دەنگدەدات دەنگدەربێت،خۆ ئەگەر دەنگدەریش بوو، مەرج نییە تاقەتی هەبێت بچێت بۆ دەنگدان و خواستەكەی بكاتە دەنگ.

بەپێشبینی ئێمە چانسی نەوەی نوێ‌ لە چوارچێوەی ئەم سیناریۆیانەدا دەبێت:


یەكەم: باشترین سیناریۆی نەوەی نوێ‌
1 كورسی لە بازنەی باكوری سلێمانی – چانسی زۆرە
1كورسی لە بازنەی 4ی رانیە – چانسی مام ناوەندە
1 كورسی لە بازنەی 4ی هەولێر زۆرە – چانسی مام ناوەندە
1كورسی لە بازنەی 5ی گەرمیان – چانسی مام ناوەندە
1 كورسی لە بازنەی دووی سلێمانی – چانسی مام ناوەندە
1كورسی لە بازنەی ٢ کۆیە - چانسی مام ناوەندە
1 كورسی لە بازنەی ١ ی زاخۆ- چانسی كەمە

دووەم: خراپترین سیناریۆش ئەوەیە
تەنها 1 كورسی بەدەستبهێنێت لە بازنەی باكوری سلێمانی
ئەم سیناریۆیە كاتێ‌ رودەدات كە كورسی كۆتای ژنان لە رانیە كاندیدەكەی یەكێتی بیبات و كورسی دووەمی پیاو لە بازنەی چواری هەولێر هەرێمی كەمال ئاغا بیبات و كورسیەكەی ئامێدیش

سێیەم: سیناریۆی ناوەندیش بۆ نەوەی نوێ‌ ئەوەیەە 3 كورسی بهێنێت:
1 كورسی لە بازنەی باكوری سلێمانی- چانسی زۆرە
1 كورسی لە بازنەی 4 ی هەولێر- چانسی مام ناوەندە
1 كورسی لە بازنەی ٤ رانیە- چانسی مام ناوەندە