داش - عێراق ە کەی هاوسەرۆک و چەند سەرنجێک !

2021-09-27

خالید ڕەزا

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێم کە بەندە بەهیچ جۆرێک (تدخل - ڕۆچون) لە گێرمە و کێشەکانی نیوان هەردوو هاوسەرۆک دا ناکەم. هەروەها حەقم بەسەر ناوەڕۆکی بەیاننامەکەوە نیە.
بەڵام لەسەر ئەو داش عێراقەی لکاندویەتی بە ناوی یەکێتی ی نیشتمانی ی کوردستانەوە و وەکو کەسێک کە ساڵانێکی زۆر لەتەمەنی خۆمم لەو حیزبە و لە کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا بەڕێکردوە، زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە دەرەوەی ئەو حیزبەم بیرو ڕای خۆم ئەنوسم، هیوادارم ئەگەر ڕایەکی جیاوازیان هەیە وەلامم بداتەوە.

لەوە دەچێ ئەو حیزبە وای لێهاتبێ، نەک هەر مێژووی خۆی نە ناسێتەوە، بەڵکە هەڵیشی بگێڕێتەوە. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەوانەی سەرۆکاری دەکەن، مێژووی حیزبەکەیان نازانن.
تایبەت بۆ کەسێک کە هاوسەرۆکی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان بێ و، هەڵەی وا بکات، هی ڕەخنەکردن و تانە لێدانە.
ئەی بۆچی هیچ کەسێک لە حیزبەکەی بەوانەشی زۆرجار لەسەر شاشەی تیڤی و لە سمینار و نوسین و کۆڕبەندەکانیاندا، لافوگەزافی ئەوە لێ ئەدەن کە نە لە تاڵەبانی کەمتریان کردوە، نە لەویش خۆیان بە کەمتر دەزانن و تیایاندا دەلێ بەر لەو کۆمەڵە و یەکێتیی بوم، ئەو هەڵە زلەیان نەبینی؟!

هاوسەرۆکی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان، لاهوری شیخ جەنگی لە رۆژی ٢٥ی ئەیلول ی ٢٠٢١ دا وتارێکی بە ناو نیشانی: " ڕیفراندەم و ١٦ـی ئۆکتۆبەر کێ بەرپرسیارە لەم هەموو شکستە سیاسییە؟ " لە چوارەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم دا، بڵاو کردۆتەوە.
لەو وتارەدا سەبارەت بە سکرتێری کۆچکردوی یەکێتی ی نیشتمانی مامجەلال تاڵەبانی دەڵێ:

،،

 بەڵام ئەو هەر لە سەرەتای درووستبوونی یەکێتییەوە، نیشتمانی بۆ مەیدانی خەبات هەڵبژارد، نەک سۆزی نەتەوەیی و هەر لەو دیدە سیاسییە کامڵ و عەقڵانییەشەوە بوو، ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-عێراقی هەڵبژارد

جا سەبارەت بەوهەڵە مێژوویە و سەبارەت بەو لێکدانەوەیە ئاوەژووکراوەی هاوسەرۆک، تۆمارکردنی ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانم:

یەکەم: لەهیچ کام لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان دا، بە بەیانی دامەزراندنیشەوە کە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە عەرەبی لە ٢٢-٥-١٩٧٥ دا لە دیمەشق بڵاویانکردەوە، بڵاوکردنەوەی هەمان بەیاننامە لە ئەڵمانیا لە لایەن کۆچکردوو دکتۆر کەمال فوئادەوە لە رۆژی ١-٦-١٩٧٥، لەگەڵ کۆی ی بڵاوکراوەکانی یەکێتیی نیشتمانی ی کوردستان بە نامیلکەی ( الاتحاد الوطنی الکردستانی لماذا؟) کە بە عەرەبی مامجەلال خۆی نوسیوێتی و کاک ئارام کردوێتی بە کوردی. هەروەها لە هیچ بڵاوکراوە و ئەرشیفێکی یەکێتی ی پاشگری دا داش عێراق بە ناوی یەکێتیی یەوە، نادۆزیتەوە.
قەت ناوی یەکێتی نیشتمانی ی کوردستان وەک ئەوەی هاوسەرۆک لە زمانی مامجەلالەوە نوسیوێتی: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-عێراقی "ی هەڵبژارد. هەرگیز یەکێتیی پاشگری (داش عیراق)ی پێوە نەبوە. ئەگەر هەیە با بڵاوی بکاتەوە. جگە لە سەردەمێک کە ناوی ڕادیۆکەی نابو "دەنگی شۆڕشی عێراق!" دواترکرا بە " دەنگی گەلی کوردستان."
دووەم: لەوە خراپتر هاوسەرۆک ناوی (نیشتمانی) وەکو عیراق لێکداتەوە لەکاتیکدا یەکێتیی نیشتمانی ی کوردستان، مەبەست سەرزەمینی کوردستانە بە هەر چوار بەشەکەیەوە. نەک ئەو عێراقەی هاوسەرۆک تەفسیری بۆکردوە!
سێیەم: گەلۆ لەناو ئەو حیزبەدا کەسێک نەبوو هەست بەم هەڵە گەورەیە بکات کە پەیوەندی بە گۆڕینی ناوی حیزبێکەوە هەیە کە بەهەزاران لەسەری دەژین و پێێ دەوڵەمەند بوون؟

جا بۆ زیاتر ڕونکردنەوەی ئەم باسە، من لە فەیس بوکی خۆم لە ٢ ئۆکتۆبەری سالی ٢٠١٧ بروسکە بیرەوەریەکی خۆمم لەسەر ناوی (یەکێتی ی نیشتمانی ی کوردستان ) و داوایەکی ئیرانیەکان بۆ گۆڕینی بەم جۆرە یاداشتکردوە، کە بە پێویستی دەزانم بە کەمێ دەسکاریکردنەوە کەلەگەڵ ئەم بابەتەدا بگونجێ، کە پێشتر بۆ بابەتێکی تربو، جارێکی تر لێرەدا بینوسمەوە:

# ئێران و گرێ ی ناوی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان و داش عێراق !

{{ لە دوای ئەنفالەکان، بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی ی نیشتمانیی کوردستان لە قاسمەڕەش جیگیر بو، رژێمی ئیران جگە لەوەی کە بێ وەفابون لە بەرامبەر ڕێکەوتنێک کە لەگەل یەکێتیی کردبویان، گەرچی لەکاتی ئەنفالەکاندا داڵدەیان دابوین، بەڵآم وەک دەڵێن فرسەت تەڵەبیش بوون.

،،

بێگومان هەتا لەسەر خاکی خۆمان بوین و، ناوچەی رزگارکراومان بەدەستەوە بو، لەگەڵمان دۆست و هاوپەیمان و نەرم و نیان بون.



لەدوای شەڕوەستان لە ٨ ی ٨ ی ٩٨٨ دا، چەند مانگیک دوای ئەوە ئیران لەگەڵ عیراق خەریکی جێ بەجێکردنی بەندەکانی ڕێکەوتننامەکەیان بون. لەو سەروبەندەدا کاک نەوشیروان بابەتی : " ئەگەرەکانی جەنگی کەنداوی نوسی" سەرکردایەتی یەکێتیی ترسیان هەبوو ئێران تەنگیان پێ هەڵبچنێ و ڕێگەی چونەوە بۆ عیراقیان لێبگرێ و سنورمان لێ دابخات و سەرکردایەتی و هیزەکان بگوازێتەوە بۆ قوڵایی ئێران و لە کوردستان دامان ببڕێ. لەم کاتەدا مامجەلال لە ئەوروپا بوو. کاک نەوشیروان وەک کەسی یەکەمی یەکێتیی لە قاسمەڕەش بوو، لەمانگی نۆڤەمبەردا ، ئیرانیەکان کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ ڕیکخست کە چەند ئەندامێکی تریش بەشدار بون. لەو کۆبونەوەیەدا داوایان لێکردبو کە : " ناوی یەکیتی ی نیشتمانی ی کوردستان بگۆرن.! یان کوردستانەکەی لێ بکەنەوە، یان داش عێراق ێکی پێوە بنێن !!
وتبویان: یەکیتی ی نیشتمانی  کوردستان بۆ هەمو کوردستانە وئەبێ بیگۆڕن !"


کاک نەوشیروان بە شێوەیەکی دپلۆماسی پێێ وتبون:

،،

 خۆتان ئەزانن ئەوە بەدەست من نیە، پیویستی بە بەستنی کۆنگرە هەیە، ئیمە تازە خەریکی خۆ ریکخستنەوەین لەسەر ئاستی سیاسی وریکخراوەیی و سەربازی و ئەعلامی، مام جەلال سکرتێری گشتیە و لەدەرەوەیە و لیرە نیە، بۆیە قسەکردن لەسەر بابەتیکی وەها پیویستی بەکات و، بریاری هەمو یەکیتی هەیە



لەدوای ئەم بەزمە لە ئەنجامی بەرەو پێشچونی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات (عێراق - ئێران) دیسان تەنگیان بە یەکیتی هەڵچنی تا کار گەیشتە ئەوەی ترسی ئەوەی هەبو لەپڕ دەورمان بدەن و، بمانگوزنەوە بۆ ڕشت ومازندەران و، قوڵایی ئیران ، دەستمان لە خاک و شوینی خۆمان بەر ببێ... بۆیە یەکیتی کەوتە مشورخواردن و بەشێک لە هیزەکەی لە دەرەوەی دەسەلاتی ئیران جیگیرکرد، ئیمەش یان وەک جیهازی مەرکەزی ئاگادار کردەوە، کە دەفتەری بروسکەکان و جیهاز و کەلوپەلی پیویست لە شوێنی تایبەت هەڵبگرین... ریکەوتنی نیوان عیراق وئیران بەو جۆرە نە چوە پێش تا ئەو تەشقەلانەی بە یەکێتی یان کرد بۆیان بچێتە سەر، خۆشبەختانە هەلومەرجەکە بە بارێکی باشترو بەقازانجی یەکیتی گۆرا.}}
ئەوە پەڵپ و بیانوی ئێران لەسەر گۆڕینی ناوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کەچی هاوسەرۆکی یەکێتیی لە دوای ٤٦ ساڵ، زۆر بە سانایی هاتوە داش عێراقێکی لکاندوە بە ناوی حیزبەکەیەوە!

خالید ڕەزا
٢٦-٩-٢٠٢١