هیچ گۆڕانكاریەك ڕوودەدات؟...

2021-09-30

نەخشەی هاوپەیمانی و ڕكابەرابەرایەتیەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردنی عێراق وا بڕیارە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر لەسەرانسەری عێراق، هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، كە دەكاتە پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەكان لە دوای ڕوخانی رژێمەكەی سەددام حسێن لە ساڵی 2003دا، كە بووە هۆی سەرهەڵدانی سیستمێكی نوێی بەڕێوەبردن و دروستبوونی ململانێ لە نێوان هێز و پێكهاتەكانی عێراق.
لە بنەڕەتدا، دەبوو ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەبچێت

،،

بەڵام خۆپیشاندانەكانی عێراق كە لە ساڵی 2019دا بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و كەمی خزمەتگوزارییەوە سەری هەڵدا،وای لە حكومەت كرد كە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات.


ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە باسی بكەین، نەخشەی نوێی هاوپەیمانی و ڕكابەرایەتیەكانی نێوان هێزە سیاسیەكانە و باڵادەستی بەشێك لە هێزەكانە، چاوەڕوانیش دەكرێت كە وەك پێشوو هێزە شیعیەكان باڵادەستی خۆیان بەدەستبهێننەوە و زۆرینە وەربگرنەوە، بەڵام ئەوانیش وەك پێكهاتەكانی دیكە دابەش بوون، كە هەندێكیان خاوەنی میلیشیا و نزیك لە ئێرانن.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 329 كورسی پێكدێت و ئەم هێزانەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی كێبڕكێی یەكتر دەكەن.

ڕەوتی سەدر:
چاوەڕوان دەكرێت، ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، پیاوی ئاینی شیعی، زۆرترین كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
هاوپەیمانێتی (سائرون) ی موقتەدا سەدر، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018 (54) كورسی بەدەستهێنا، ئەمەش وای كرد كە نفوزێكی زۆری لە پێكهێنانی حكومەتدا هەبێت، هەروەها ڕەوتەكەشی لە پەرلەماندا خاوەن هێزێكی زۆر و حساب بۆ كراو بوون.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەش سەدر، بە بەرنامەیەكی نوێ دەستی پێكردووە، سەرەتا بۆ ڕاكێشانی سۆزی دەنگدەران و لایەنگرانی، سەدر ڕایگەیاند كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا ناكات

،،

بەڵام دواتر پاشگەز بوویەوە و خۆی لە هێزە شیعیەكانی دیكە جیا كردووە، بۆ ئەوەی وەك هێزێكی نیشتیمانی جیاواز لە هێزەكانی دیكە خۆی نیشان بدات.


سەدر هەمیشە خۆی وەك نوێنەری هەژاران خۆی نیشان دەدات، هەروەها بەهۆی دژایەتی كردنی هێزەكانی ئەمریكا و كوژرانی باوكی (محمد صادق باقر) كە لەلایەن رژێمی سەددامەوە كوژرا، هێشتا سودیان لێوەردەگرێت و بۆ كۆكردنەوەی لایەنگر بەكاریان دەهێنێت.


ئەو هێزانەی لە ئێرانەوە نزیكن:
گەورەترین هاوپەیمانی بۆ كۆكردنەوەی هێزە سیاسیەكانی نزیك لە ئێران (هاوپەیمانێتی فەتح)ە كە هەموویان لەژێر ئاڵای ئەو هاوپەیمانێتیە بەسەرۆكایەتی هادی عامری كۆبوونەتەوە، كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا توانیان بە بەدەستهێنانی 48 كورسی پلەی دووەم بەدەستبهێنن، چاوەڕوانیش دەكرێت هەمان پلە یان كەمتر وەربگرنەوە.
هاوپەیمانێتی فەتح، باڵی سیاسی گروپی چەكداری (عەسائیبی ئەهلی حەقە) كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەگەڵ رێكخراوی (بەدر) وەك دوو ڕێكخراوی تیرۆرستی ناساندوونی، عەسائیب پەیوەندییەكی پتەو و درێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەها لە ساڵی 1980 بۆ ساڵی 1988 دژ بە وڵاتەكەی خۆیان لە پاڵ ئێراندا شەڕیان دەكرد.
چەند هێزێكی دیكەی نزیك لە ئێران لە دەرەوەی هاوپەیمانێتی فەتح، بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكەن، وەك بزووتنەوەی (حقوق) كە تازە پێكهێنراوە و سەر بە كەتیبەكانی حزبزڵڵایە.


هاوپەیمانێتی هێزە شیعیەكانی دیكە:
هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانی هاوپەیمانێتیەكیان بە ناوی ( هێزەكانی دەوڵەتی نیشتیمانی) پێكهێناوە.
هاوپەیمانێتی عەبادی، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا لە پلەی سێیەمدا دێت و 42 كورسی پەرلەمانیان بەدەتستهێنا، هۆكاری ئەو كورسیانەش بۆ شەڕكردنیان دژی داعش دەگەڕێتەوە.
ڕەوتی حیكمەش 19 كورسیان بەدەستهێناوە.
نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، كۆنترین پارتی عێراقی هەیە كە ئەویش حزبی دەعوەیە( هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا)، كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا 25 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، مالیكی لە شەقامی عێراقیدا بە گەندەڵی و جیاوازی تائیفی دژ بە سونەكان تۆمەتبار دەكرێت، هەروەها تۆمەتباریشە بەوەی بۆتە هۆی باڵادەستی گروپی تیرۆرستی داعش لە ناوچە سونیەكان و كەوتنی شاری موسڵ لەساڵی (2014) لەسەر دەستی ئەو گروپە.


پارتە سونیەكان:
محمد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانێتی (تقدم)ی پێكهێناوە، كە ژمارەیەك سەركردەی سونە لە باكور و خۆرئاوا لەخۆ دەگرێت، چاوەڕوانیش دەكرێت دەنگێكی زۆری سونەكان بەدەستبهێنن.
ڕكابەری سەرەكی حەلبوسی خەمیس خەنجەرە، كە پیاوێكی سەرمایەدارە و چۆتە پاڵ هاوپەیمانێتی (الفتح)، كە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا هاریكاری ئێرانی كرد، هاوپەیمانێتیەكی بە ناوی (عزم) پێكهێناوە.
هێزە سونیەكان، هەوڵێكی زۆر دەدەن، كە دەنگی خێڵە سونیەكان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، بەڵام هێزە سونیەكان لە ساڵی (2003)وە نەیانتوانیوە یەك بگرن و هێزێكی گەورە پێكبهێنن و ڕكابەری هێزە شیعەكانی پێبكەن،بۆیە هەمیشە وەك ڕكابەرێكی لاوازی شیعیەكان دەركەوتوون..

هێزەكانی هەرێمی كوردستان:
لە هەرێمی كوردستان، هەردوو پارتی سەرەكی ڕكابەری یەكتری دەكەن، یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بە دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان و پێكهێنانی (هاوپەیمانی كوردستان) دەیەوێت ڕكابەرێكی بەهێزی پارتی بێت ، هەروەها لەژێر دروشمی " گەڕانەوەی هاوسەنگی" دەیەوێت زۆرترین كورسی بەدەستبهێنێت، هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە دانانی زۆرترین ژن لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەیەوێت سود لە كۆتاكان لەو سنورە وەربگرێت

،،

چونكە نفوزی لە سلێمانی و ناوچەكانی " زۆنی سەوز" كەمە، هەروەها لە هەولێر دەیەوێت سود لە دەنگی پێكهاتەكان وەربگرێت

هەروەها لە دهۆكیش بەهۆی توندوتیژی دژ بە چالاكوانان و نەیارەكانی و ڕێگری لە چالاكی فراوانی هێزەكانی دیكە، دەیەوێت لەو پارێزگایە خۆی بە جیاوازییەكی زۆر هەر لە پلەی یەكەمدا بێت،ئەمەش بۆتە لەمپەر لەبەردەم هێزەكانی دیكە بەگشتی و یەكێتیی نیشتیمانی بە تایبەتی.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 2018دا 25 كورسی هێناوە،هەروەها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش 18 كورسی بەدەستهێناوە، هەموو پارتەكانیش 58 كورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە.


سەربەخۆكان:
بەسود وەرگرتن لە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنەكان، چەندین كەسایەتی وەك " كاندیدی سەربەخۆ" خۆیان هەڵبژاردووە، ئەم كاندیدە سەربەخۆیانە، بەشێكیان پێشتر ئەندامی پەرلەمان بوون و لە پارتەكانیان جیا بوونەتەوە، بەشێكی دیكەشیان هەر سەر بە پارتە سیاسیەكانن و وەك سەربەخۆی خۆیان دەناسێنن.
ماوەتەوە بڵێین، هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر پێناچێت گۆڕانێكی ئەوتۆ ڕووبدات، بەڵام لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و دواتریش لە حكومەتدا، هێزەكان نیازی گۆڕانكارییان هەیە، بۆ نموونە موقتەدا سەدر بە هاریكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت سەرۆك وەزیرانێك لە لایەن خۆیەوە دیاری بكرێت، هەروەها یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، دەیەوێت خۆی ببێتە هێزی كاریگەری پێكهێنانی حكومەت.