بچوک هەر بچوکە!

2021-10-02

عەبدوڵای مەلا نوری

جاری وا هەیە لە ناو باڵەخانەیەکی زۆر گەورەدا، کە پڕە لە کاڵای گران بەها، ئەوەی زۆر حسابی بۆ دەکرێ تەنیا مشکێکە.
مشک نەک لە بەر ئەوەی بە نرخە، بەڵکو لە بەر ئەوەی، ئەشێ زیان لە کەلوپەلە گرانبەهاکان بدات.
جا کاتێک خاوەنی باڵەخانەکە بە دەستی مشکەکەوە گیر دەخوات، ناچارە پشیلەیەک راگیر بکات.
ئەو پەیوەندییەی، کە لە نێوان خاوەن باڵەخانەکەو مشک و پشیلەکە دروست دەبێت، پەیوەندیەکە لە سەر بنەمای ترس دروست دەبێت.
بێگومان لە ناو تەواوی باڵەخانەکەدا ئەوەی زۆر سەرنجی پشیلەکە رادەکێشێ پارەو ئاڵتون نیە، بەڵکو مشکەکەیە.
بۆیە هەمیشە پشیلەکە بە هەڵسوکەوتی مشکەکە کاریگەر دەبێ و بەردەوام پڕ لە مشکەکە دەدات!
خۆ مشەکەکەش ئەوەی حسابی بۆ بکات تەنها پشیلەکەیە.
جا پەیوەندی نێوان ئەم دوانەش (مشک و پشیلە)کە، هیچ کاریگەریەکی خاوەن باڵەخانەکەی لە سەر نیە، بەڵکو پەیوەندیەکی سروشتی و هەستیارانەی نێوان مشک و پشییە.
بۆیە هەرگیز نابینی مشکەکە رۆژێک لە رۆژان بێتە سەر شاشەو بڵێ: پشیلە تەنها حساب بۆ من دەکات!
چونکە ئەمە شتێکە هەمومان دەیزانین، چونکە تۆ مشکی بۆیە پشیلە حسابت بۆ دەکات.
بە هەمان شێوە بۆیە خاوەنی باڵەخانەکەش حسابت بۆ دەکات چونکە تۆ مشکی.
خۆ ئەگەر گیانلەبەرێکی نازیانی و شەریف بویتایە بێگومان خاوەنی باڵەخانەکەش حسابی بۆ نەدەکردی.
واتە مەرج نیە لە بەر ئەوەی گەورەی خەڵک حسابت بۆ بکات، بەڵکو ئەشێ لەبەر ئەوەی خراپیت زۆرە، بۆیە حسابت بۆ دەکرێ.
جا کاتێک پارچەکانی دەسەڵات، بە هەمو تەکتولەکانیەوە، دێنە سەر شاشەو ئەمیان لە ئەوی تریان خۆی بە گەورەتر ئەزانێ، چاوەڕوانکراوە.
چونکە، خۆیان بە یەکتر بەراورد دەکەن، واتە بچوکێک خۆی بە یەکێک لە خۆی بچوکتر بەراورد دەکات. دزێک بە دزێک، مشکێك بە مشكێک!
سەرنج بدەن: خۆ نابینی لایەنێکی دەسەڵات بڵێ: ئێمە بنەماڵەیی نین، بەڵکو حیزبێکی سەرتاسەرین و لە هەمو کوردستان جەماوەرو پێگەمان هەیە. یان بڵێ: حیزبەکەی ئێمە خیانەتی نەکردووە. یان بڵێ: حیزبەکەی ئێمە گەندەڵ نیە.
ئەم قسانە ناکەن، چونکە ئەم قسانە پێوەری گەورەیین؛ ئێ وەک وتمان: ئەوان گەورە نین بچوکن.
لای منی هاوڵاتی، بچوک هەر بچوکە، جا با دوو بچوک هاوار بەسەر یەکدا بکەن و یەکیان بڵێ: من باشترم لە تۆ. یان بڵێ: من سەروەتی دزێنیم زیاتر کۆکردوەتەوە لە تۆ.
ئەمە لای منی هاوڵاتی هیچ شتێک سەربار ناکات بۆ ئێوە، جگە لە نابوتی زیاتر!
ئەوەی رونە، بەراوردەکانی نێوان ئێوە خاڵیە لە هەمو پێوانەو بەهایەکی ئەخلاقی، کەواتە هەرچی بن سەر ئەنجام هەر هەر بچوکن، هەر لە بەر سیفەتی مشکبونتانە، بونەتە مایەی ترس لای خەڵک و جێی سەرنجی پشیلەشن.