ئایا تەزویری هەڵبژاردن ڕودەدات؟:

2021-10-08

ٲمین بکر


ئەم خولەی هەڵبژاردن ئەگەری تەزویر لاوازە ، لەهەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۱٨ سێ جۆر تەزویر کرا، تەزویرێکیان لەسلێمانی و کەرکوک کرا لەبەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی لەڕێگەی دانانی بەرنامەیەکەوە بوو لەسەر ئامێری دەنگدانەکە( بیکۆس)و بەشێوەیەک هەر دەنگێکت بدایە وەک ئەوە ئەژماری نەدەکرد کە دەنگدەر دیاری کردبوو بەڵکو بەپێ ی ڕێژەیەک کە لەسەر بەرنامەکە دیاری کرابوولەسلێمانی ٤۲% بۆ یەکێتی ئەنارد و ۲۱%بۆ گۆڕان و ۱٤% بۆ نەوەی نوێ و ٦%بۆ کۆمەڵ و ٥% بۆ یەکگرتوو ، واتە وەرەقەکانی ئەژمار دەکرد کەلەئامێرەکە کراوەو بەپێ ی ڕێژەکە ئەی نارد بۆ حزبەکان و،تەنانەت ناوی کاندیدی حزبەکانیش بەپێ ی بەرنامەکە ڕیزبەند کرابون.

،،

ئەم جارە بۆ ڕێگرتن لەم جۆری تەزویرە ئەم کۆمیسیۆن چەند ڕێکارێکی گرتۆتەبەر ، لەوانە پشکنینی ئامێری بیکۆسەکە پێش وەختە بۆ دڵنیابون لەوەی هیچ بەرنامەیەکی تری لەسەر دانەنراوە

ڕێکارێکی تر دانانی خاڵێکە لەناوڕێنمایەکانی کۆمیسیۆندا کە لەهەر بنکەیەکی دەنگدان یەکێک لەسندوقەکانی دەنگدان لەڕێگەی تیروپشکەوە دیاری دەکرێت و دەنگەکانی ناوی بەدەست ئەژمار دەکرێت ئەگەر هاتو جیاوازی لەئەنجامی دەنگی بەدەست ئەژمارکراو لەگەڵ ئەنجامی دەنگی بە ٲلکترۆنی ئەژمار کراو ٥% و،بەرەو ژور بوو ئەوە هەمو سندوقەکانی تری ئەو بنکەیە بەدەست ئەژمار دەکرێنەوەو دەرئەنجامی دەستی اعتباری بۆدەکرێت،بۆیە ئەم جۆرەی تەزویر لەم خولەی دەنگداندا ئاسان نیە.


جۆری دووەمی تەزویر کە لەزۆرێک لەناوچەکانی عێراق ئەنجام دراو پارتیش ئەم جۆرە تەزویرەی ئەنجام دا، بەکارهێنانی کارتی دەنگدانی دەنگدەرانی تربوو کەهەندێکیان لە لای کۆمیسیۆن مابونەوەو وەرنەگیرابونەوە ،یاخود هی کەسانێک بوون کەنەچوبون بۆ دەنگدان ، ئەم جارە کۆمیسیۆن بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە تەزویرە ئامێری بەراوردکردن (تحقق)ی کارا کردوە واتە ئەگەر ناوو پەنجە مۆر وەک یەک نەبون ئەوا ڕێگە لەدەنگدانی هەڵگری کارتەکە ئەگیرێت، بۆیە ئەم تەزویرەش ئاسان نابێت ئەگەر زۆرینەی هاوڵاتیان بچن بۆدەنگدان و ئامێری بەراوردکردنەکەش بەباشی کاربکەن، جۆرێکی تری تەزویر لەڕێگەی ئەو سندوقانە بوو کە ئەنجامەکەی بە الکترۆنی نەدەخوێندرایەوە، ئەوا ئەوهێزانەی لەو ناوچانە باڵادەست بوون بەئاسانی دەیانتوانی دەنگەکانی ناو سندوقەکان وئەنجامەکانیان دەستکاری بکەن ،و لەزۆرێک لەو شوێنانەی کەهێزێکی سیاسی بەتەنها باڵادەست بوە ئەو جۆرە تەزویرە ئەنجام دراوە، لەهەولێر وبەشێک لەناوچە سونیەکان و دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەرچاو دەکەوێت ،بۆ ڕێگرتن لەم جۆرە تەزویرەش، ئەم جارە کۆمیسیۆن دەنگدانی دەرەوەی وڵاتی هەڵوەشاندەوەو پشکنینی پێش وەختەی بۆ ئامێرەکان کردۆتەوە بۆ دڵنیابون لەئیش کردنیان، بۆیە هەرچەند ئەمجارە هەندێک لە لایەنەکان لەهەوڵدان بۆ تەزویر کردن ،بەتایبەت لەڕێگەی فشار خستنە سەر بەرپرسانی کۆمیسیۆن لە ناوچەکانی ژێر نفوزی خۆیاندا

،،

بەڵام تائێستا هیچ ڕیگەیەکی تەزویرکردنیان نەدۆزیوەتەوە ، بۆیە ئەگەر ڕێگەیەک هەبێت بۆ تەزویرکردن لەکارخستنی ئامێری بەراوردکردنەکەیە (تحقق)،

ئەو جۆرە تەزویرەش لەکاتێکدا دەکرێت کەکارتی دەنگدانی دەنگدەرانیان لەبەر دەستا بێت، وکارمەندانی کۆمیسیۆن هاوکاریان بن ، کۆمیسیۆن هەوڵی داوە لەڕێگەی گۆڕینی بەرپرسانی کۆمیسیۆن و دانانی دادوەر لەشوێنیان و گرتنە بەری ڕێ وشوێنی چاودێری ڕێگە لەم جۆرە تەزویرەش بگرێت، ئەگەر چی ئەو ڕێگریانە سەد دەر سەدیش ئەنجامەکانیان نەپێکن ،پێدەچێت ڕێژەیەکی بەرچاو تەزویر کەم بکرێتەوە ، بۆیە واباشەو پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کەمافی دەنگدانیان هەیە خۆیان بچن بۆ دەنگدان وگوزارشت لەئیرادەی خۆیان بکەن بەو شێوەیەی کەدەیانەوێت تا کارتی دەنگدان لەبەر دەستی تەزویرچیەکان ئەوەندە نەبێت کەبتوانن بۆ،ئامانجی تەزویر و گۆڕینی دەرئەنجامەکان سودی لێ وەربگرن ،بەپێچەوانەوە نەچونیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان کەلێنێک بۆ تەزویر کردنی ئیرادەی دەنگدەران دروست دەکات.