کێ نەوشیروان مستەفای کوشت؟

2021-10-11

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

مێژوو ئەوەی نیشانداوە سیاسیی و سەرکردە و باوک "بەمانا فرۆیدییەکەی نا" تا ئەو ڕۆژە نەمرە و بەرگەی زەمەن دەگرێت کە ماڵی دنیای ناوێ و بە پشتی هەردوو دەستی ڕەتیدەکاتەوە، کاتێک ماڵی دنیای قەبوڵ کرد ئیدی دەمرێت، جا نەخوازەڵا ئەو ماڵی دنیایە موڵکی گشتیی و وەقفی میللی بێت، نەک هەر دەمرێت بەڵکو لە زیهنی خەڵکیشدا بەتەواوی کز و کوێر دەبێتەوە. دەبێت پێش هەموو کەسێک گۆڕان و هەڵسوڕاوانی بەشمەینەتی گۆڕان ئەم پرسیارە بکەن کە داخۆ بۆچی تەرمی مەرحوم نەوشیروان مستەفا ئەمین لە گردی زەرگەتە نێژرا؟

،،

نەوشیروان مستەفا پێچەوانەی شۆڕشگێڕە باشەکانی مێژو و مەرگێکی نمایش کرد کە نەک لەپاڵییدا هەستانەوەی نەنووسییەوە بەڵکو زیاتر خستییە پەرواێزەوە.

حەقیقەت ئەو چیرۆکە نییە کە هەیە بەڵکو ئەو چیرۆکەیە کە ئێمە شوێنی دەکەوین، باوەڕی پێ دەهێنین و شەو و ڕۆژ بە زیکرییەوە دەژین، حەقیقەت هەرچییەک بێت و هەرچۆنێک ئاشکرا بکرێت و بەبەڵگەوە نیشان بدرێت ناتوانێت بەسەر ئەو چیرۆکەدا سەربکەوێت کە چۆتە خەیاڵی خەڵکەوە بۆیە پێویستە پێشوەخت زوڵم لە نەوشیروان مستەفا نەکرێت و کوڕەکانی پێش هەموو کەسێک ڕایبگەیەنن کە ئەو شێوازە ناشتنە نابێتە شێوازی وەسێتکردنی پیاوێک کە بیرکردنەوە و یاداشتەکانی لە کتێبەکانی کوردو عەجەم، پەنجەکان یەکتر دەشکێنن، لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ و بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین نووسیوە. گەر ڕاستەخو خۆی وەسێتێکی لەوجۆرەی کردووە ئەبێ تێبگەین کە نەوشیروان مستەفای باوکی چیاو نما هەمان ئەو نەوشیروان مستەفایە نییە کە باسی لەخەونی گۆڕانکاری و حوکمی قانون دەکرد، تائەوەی حیزبێک و شارێک و دەڤەرێک و هاوڵاتیانی مەملەکەتێکی بۆ شەق کرد بۆ دوو بەرە و بیری جنێو و قەبوڵنەکردنی ئەوی دیکەی کردە سەرتای دەستکەلای دەستپێکردنی کایەکەی.

،،

گەر دەەتەوێ عەوام دواتکەون و سوژدە بۆ دەسەڵاتت بەرن، دەبێت تۆش سوژدە بۆ عەقڵی عەوام بەریت. گەر سوژدە بۆ عەقڵی عەوام نەبەیت سوژدە بۆ دەسەڵاتت نابەن


شۆڕشیش هەر وایە گەر ئەوانی کە بەرزنەکەیتەوە بۆ ئاستی تموحی شۆڕش ئەوا خۆت دادەبەزیت بۆ ئاستی هەڵپەی ئەوان، شۆڕش کردەیەکی زۆر هەستیارە، هەستیارییەکەی بەڕادەیەکە گەر شۆڕشگێر زۆر بە وریایی مامەڵە نەکات شۆڕشەکە بە ئەگەری زۆر یا دەبێتە تیرۆر یا کۆمپانیای وەبەرهێنان. گەر ئامانجەکە دیارنەبێ تیرۆرە و گەر شۆڕشگێڕانیش دەستکەن بە گیرفان پڕکردن ئەوا کۆمپانیا و بزنسێک زیاتری نامێنێتەوە. ئەمڕۆ خەڵکی سلێمانی پێی وایە سولەیمانەکەی سەر تەختەکەی گۆڕان ئوغری کردووە، عەرشەکەی بەجێهێشتووە بەڵام لە جیگای ئەو عفریتەکانی سەڵتەنەتە پەڕۆینەکەی گۆڕانکاریی خەریکی شەترەنجبازی موحاسەسە و "ماستاوکردنن".

نەوشیروان مستەفای باوکی نما و چیا گردێک و مۆڵێک و کارگەیەکی چیمەنتۆی بۆ کوڕەکانی و شیوێک نائومێدیی و چیایەک دڵشکان و بزوتنەوەیەکی ئیفلیج و ڕێکخەرێکی "ماستاونەکەری" بۆ گۆڕانخوازان بە تایبەتی و شاری سلێمانی بە گشتی بەجێهێشت.

نەوشیروان مستەفا خۆی ڕەخنە لە هێنانەوەی تەرمی بارزانیی باوک دەگرێت و وەک پێشهاتێک تەماشای دەکات کە بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت لەڕێگەی گۆڕی مەلا مستەفاوە دەست بەسەر کوردستاندا بگرن. لە کتێبی "لەکەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ" هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا لە شنۆوە بۆبلێ و بارزان دەشوبهێنێت بە مردنی لالە سەرحەدی باپیر و دەنووسێت:

"کاتێک بیستم تەرمی بارزانی دەهێننەوە بۆ بارزان، ئەم چیرۆکەم بیر کەوتەوە. گوایا لالە سەرحەدی باپیر کاتێک پیردەبێت وەسیەت دەکات بۆ کوڕەکانی و پێیان دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕزگارتان بێت لەمەینەتی کۆچەری و ببنە خاوەن موڵک، هەرکات مردم هەوڵ بدەن لەجێگەو ناوچەیەکی بەپیتدا بمنێژن و پاش ماوەیەک دەسبگرن بەسەر ئەو زەویە بەپیتانەدا کە لەو ناوەدایە و ئەگەر کەسێک یان هۆزێک ویستی رێگەتان لێبگرێت بڵێن : بابە موڵکی خۆمانە ،ئەوە نیە گۆڕی باوکمانی لێیە!

،،

گوایا کوڕەکانی بارزانیش بەهەمان تەماعەوە تەرمەکەی باوکیان گواستبێتەوە بۆ بارزان."

کورد بە گشتی و شاری بەناو ڕۆشنبیری بەتایبەتی میلەتێکین ناخوێنینەوە، ئەگەر زاکیرەی ماسیمان نەبوایە و کەمێک خوێندەواریمان هەبوایە دەبوو ڕۆژی وەفاتی ئەو پیاوە هەموو بەیەکجار هاوارکەین نابێت ئەو پیاوە بشکێنن، بۆچی دەتانەوێ مردنەکەی لە ژیانەکەی زیاتر بێت. لەبری قوڕپێوان و فینگە فینگی گریان بۆ ئاسوودەبوونی ڕۆحی دەبوو کار بەو نووسینانە بکەین کە تەعبیر بوون لەو پیاوە. گەر خۆشی بیلفیعل ئەوەی ویستووە کە ڕێشی تێ دەچێت وابێ "دواجار ئینسان و باوکە" ئەوا با ئەو بتەی بۆ ئەو دروستکراوە بیشکێنین و بۆ ئەبەد نەهێڵین کەسی وا دزە بکاتە نێو زیهنی نەوەکانمان.

تکایە کەس نەنووسێت گەر لەوێ نەنێژرایە یەکێتی گردەکەی داگیر دەکرد.