بێ دوودڵیی، ئەو گردە بگێڕنەوە

2021-10-13

نیاز نەجمەدین

ژیان تەحەدایەكی گەورەیە بۆ تاك بە تاك. ئەوانەی بەرگەی تەحەداكانی ئەگرن زۆرترین جار براوەی راستەقینەی ناو میللەتی خۆیانن. لە ئاوێنەشدا بە جوانیی خۆیان دەبینن.
یەك لە تەحەداكانی ژیان خۆڕاگرییە. وەك چۆن خۆڕاگریی لە رۆژانی سەختدا نیعمەتێكە خودا بە هەموو كەسی نابەخشێت، ئاواش خۆڕاگریی لەبەردەم ئیغرائاتەكانیدا نیعمەتێكە و دەست هەموومان ناكەوێت. زۆربەمان لە رۆژانی سەخت و لەبەردەم ئیغرائاتی ژیاندا جارێك یان زیاتر هەبووە چۆكمان داداوە، بەڵام هێشتا دەرفەتی ئەوە هەبووە و هەیە ددان بە هەڵەی خۆماندا بنێین و تەركی بكەین.

لەم گۆشەنیگایەوە، داوای لێبوردنەكەی گۆڕان بە باش دەزانم، وەك چۆن ئەوەی قوباد تاڵەبانیش لە یاریگای سلێمانی بە باش دەزانم (ئەگەرچی پڕاوپڕ نەبوو،

،،
بەڵام بەراوردی بكە بە پارتیی كە هەمیشە لەسەر موقەدەسی سیاسیی كاردەكات و ئامادە نییە لە گەورەترین هەڵە پەشیمان ببێتەوە و داوای لێبوردن بكات).


بەڵام هێشتا شتی تر ماوە گۆڕان دەبێت بیكات. رام وایە منداڵەكانی نەوشیروان مستەفا هەرگیزا و هەرگیز لەناو میللەتی خۆیاندا بە ویقار و حورمەتەوە دانانشین ئەگەر هەنگاوی دووەم ئەو گردە نەگێڕنەوە بۆ حكومەت. هەر چۆن پاساوی بۆ بهێننەوە، ناتوانرێت ئەوە بشارێتەوە كە ئەوان لەبەردەم ئیغرائاتی موڵك و ساماندا چۆكیان داداوە و نەیانتوانیوە ئالنگاری بن، ئەو وشەیەی یەكەمجار لە باوكی رەحمەتییانەوە بیستمان.
گێڕانەوەی ئەو موڵكە داوایەكی جەماوەرییە و هەزاران كەس دەنگی لە دژی بەرزكردۆتەوە. گێڕانەوەی ئەو موڵكە، دروستكردنی كێشەیە بۆ هەموو ئەو بەرپرسانەی موڵكی خەڵك (حكومەت)یان داگیر كردووە. .


بۆیە بێ دوو دڵیی:
یەكەم، موڵكەكە بگێڕنەوە بۆ حكومەت بە نرخێكی زۆر رەمزیی.
دووەم، بیسەپێنن كە ئەو شوێنە دەبێت بكرێت بە جێگایەكی گشتیی. واتە هەر گێڕانەوەی گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەش گرنگە بیسەپێنن نەكرێت بە بزنس بەڵكو بكرێت بە شوێنێكی گشتیی.
سێیەم، تێچووی خۆتان وەرگرنەوە.
سەردەمێكە دروستكردنی جیاوازیی حورمەتت بۆ دەگێڕێتەوە. یەكێك لە جیاوازییەكانیش لەناو میللەتێكی هەژار و بەشمەینەتی وەك كورددا ئەوەیە سیاسەت بۆ كەڵەكەكردنی موڵك بەكارنەهێنیت و بەشداربیت لە پتەوكردنی ئەو نەریتە سیاسییە.
ئەو كاتەش، لە بری ئەوەی فیشەك بە مەزاركەتانەوە بنێن، بە چەشنی شێركۆ بێكەس، خەڵك دەچن و گوڵ بۆ باوكتان دەبەن.