کۆتایی قارەمانی پەرلەمانی

2021-10-16

ڕزگار عومەر


لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢١ دا عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێك لە ساردوسڕترین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بەڕێکرد. ساردوسڕی ئەمجارە؛ بۆ ئەو جەماوەرەی نەچوو بۆ دەنگدان " ساغ" بوونەوەو جۆرێك لە نیمچە دڵنیابوونێکی گشتی بوو کە ئەم پڕۆسەیە پەیوەندیەکی نەماوە بە ژیانی ڕاستەقینەی خەلك، بۆ هەندێك ناوی پەرلەمانی و بزوتنەوەی سیاسی" شۆکێکێ" گەورە بوو، گوزەر کردن بە نێو دۆخی شۆك بوون و چاوەڕوان نەکردنی ئەو ئەنجامانە پێش ئەوەی تەعبیر بێت لە درێژبوونەوەی چەند تاڵێك لەوەهمێکی جەماوەریی ، بریتیە لە وەهمی نوخبەیەکی بە "قارەمان" کراو کە پێیان وابوو، ئەو شەڕە ئیعلامیانەی لە دژی هێزە گەورەکانیان دەکرد زەمانەتی دەنگ هێنانیان بۆ دەکات.


قارەمانە پەرلەمانیەکان چ لە کوردستان چ لە عێراق، لە یەك پۆلین ئەستەمە ڕێکبخرێن، ڕەنگە هەر یەکەیان خاوەنی میتۆدێکی جیاواز بێ لە کرداری ڕاستەقینە، لە نمایشی ١٠٠ لەسەدی میدیایی و لە لرمە لرمەی پۆستی سۆشیال میدیا، ڕەنگە نیەتێکی خزمەت کردن، یان بە پێچەوانەوە نیەتێکی بەرژەوەند خوازیان لە ئەندێشەدا هەبووبێت، بەڵام یەك هێڵی گشتی هەر هەموویان کۆ دەکاتەوە، کە بریتیە لە " دابڕان" ی ئەوان لە شتێکی گرنگتر!


وەڵامە هەرە چاوەڕوان کراوەکەو ئامادەکە ئەوەیە: ئەگەر ئەوان تاك تاكە وەربگری لەوانەیە ببینیت نا ئەوان " دابڕانیان" نەبووە لە گەڵ کێشەو پێویستیەکانی خەڵك، ئەوان شەڕی گەندەڵیان کردووە، ئەوان سکاندەڵەکانی حیزبەکان و کەسایەتیە دەسەڵاتدارو ترسناکەکانیان بڵاو دەکردەوە ... تا کۆتایی،

،،

بەڵام لێرە ئێمە باس لە " دابڕان" ی ئەوان ناکەین لە جەماوەر، چونکە ئەوان بە ڕاستی کڕیاری هەموو لوتف و ئاوڕدانەوەیەکی جەماوەرن، کێشەکە لە شوێنێکیترە، لە سوچێکی دیالیکتیکی مێژووە، کە ئەستەمە قارەمانی نوخبەوی دەرکی پێبکات.


پڕۆسەی دروست بوونی "قارەمان" بە شێوەیەکی گشتی لە مێژوودا هەرگیز فۆرمێکی یەکگرتووی نیە، چونکە یاساکانی گۆڕانکاری خۆی جێگیر نیە، بەڵام بە " قارەمان " کردن چ ڕاستەقینە بێت، چ بڵقێکی پۆپۆلیستی و یان میدیای بێت، بەشێك لە ئامرازەکانی جڵەوکردنی گۆڕانکاری لە هەمان کاتیشدا میکانیزمێكیشە بۆ ئاراستە کردنی ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەی لە پشتی قارەمانە بۆ چەند بەرامبەرکێ ی مەیدانی کە قارەمان نوێنەرایەتی ئەم هێزە کۆمەڵایەتیە لە ئەستۆ دەگرێت بۆ وەڵامدانەوە بە نیازێکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی.


ئەم هاوکێشەیە ئەوەندەی لە کۆمەڵناسی نزیکە، ئەوەندە لە ماتماتیک نزیك نیە، بۆیە ڕەنگە بەشێك لە خوێنەران دێر بە دێر حەوسەڵەیان کەمتر دەبێ و دەپرسن کێشەکە چیە؟ ئێمە باس لە کام " دابڕان" دەکەین! ئێمە باسی لە " دابڕان" ێکی فراوانتر دەکەین. کاتێ " قارەمان " بە بێ بوونی پایەی چینایەتی، لە نێو فەزایەک دروست دەبێت کە هیچ شوناسێکی سیاسی، هەژموونێکی شۆڕشگێڕانە نیە لە ئارادا، ئەو دەمە ئەو قارەمانانە بەشێکن لە " کۆسپ" نەك " چارەسەر"، چونکە ئەوان لەسکرینی گشتی سیاسەتدا شۆیەك دەکەن کە ئەنجامەکەی تەنیاو تەنیا خزمەتی تەئجیل کردنی بەرامبەرکێ ڕاستەقینەکانە، بزنسی بە "جەماوەری" بوون، ڕوئیای بوون بە تاقە خۆشەویستی سۆشیال میدیا، هەموو ئەوانە ئەنجامی هەبێ یان نا لە بازنەیەك دەخولێتەوە کە بریتیە لە " هێشتنەوەی هەموو شتێك وەکو خۆی"، ناکۆکی ئەوان لە گەڵ دوژمنەکانیان، لەسەر ئیمتیازاتی بوونە لەسەر شانۆکە، نەك ئەوەی خودی شانۆکە درۆیەکی گەورەیە.


قارەمانی پەرلەمانی نوخبەیەك دەگرێتەوە کە لە دوای ٢٠٢١ وە دەکەونە دەرەوەی مێژوو، چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا لە هیچ وەرچەرخانێکی مێژوویی شۆڕشگێڕانە دروست نەبوون، ئەوان بەرهەمی " بۆشایی" ن ، بۆشایی ئەو هێزە کۆمەڵایاتیانەی کە پەرتەوازەیی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەوەندە قوڵە کە دیار نیە کەی دەبنەوە خاوەنی شوناس و دەگەرێنەوە ئەم بۆشاییە. ئەو نوخبە پەرلەمانیە کە بەشی زۆریان قوماری خۆکاندید کردنەوەی کردەوە ، خوێندنەوەیان نیە بۆ بارودۆخی کۆمەڵگە

،،

میتۆدێکی پتەویان نیە لەوە تێبگەن کە چیتر بڵقەکانی نێو هەڵمەتی هەڵبژاردن ناتوانێ شوێنی متمانەی جێگیر بگرێتەوە،

قارەمانە پەرلەمانیەکان شکستیان نەهێنا لەو هات و هاوارانەی دەیانکرد، بەڵکو پشت تێکردنی شەپۆڵێکی نوێ ی جەماوەر بوو لە وەهمی شانۆیەك، ئەم شەپۆڵە مەرج نیە لەسەر بنچینەی ڕێکەوتنێکی شۆڕشگێڕانەو ئەو کارەیان کردبێ، بەڵام لە بەختی قارەمانەکانی پەرلەمان ئەم شەپۆڵە تازەیە ئەو بەشە دەگرێتەوە لە جەماوەر کە تا چەند ساڵێك لەمەوبەریش ڕەنگە سەرسامی شەڕی ئیعلامی قارەمانەکان بوون، ئەم شەپۆڵە دەنگ نەدانێکی ساردی بێ ڕەواتر بوو، لە هات و هاواری پەرلەمانێك کە وەکو تەقە تەقی بەرمیلی بەتاڵ جاڵە دەبێ، بەلای کەمی ئەم دەنگ نەدانە حورمەتی ئەوەی بۆ دەگەڕێنێتەوە کە چیتر کوشتەی "وەهم"ی پەرلەمان و بزنسی قارەمان نیە!