بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کەڵەگایی و قەشمەڕیپێکردن

2021-10-23

محمد خۆشناو


ڕۆژ نیە رووداوی کەلەگایی و قەشمەریپێکردن«التنمر-بەپڵنگبوون واتە وەکو پڵنگ دڕندەیە» لە هەرێمی کوردستان نەبیستین ، ئەم دیاردەیە لە هەموو جیهاندا هەیە ، لە ولاتێک بۆ ولاتێکی دیکە بەپێی ئاستی هۆشیاری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەگۆرێت…ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە کە کوری بەرپرسێک پاسەوانێک دەکوژێت یا تەقە لە نانەوایەک دەکرێت و بریندار دەبێت یا خاوەن تەکسی سەرنشین دەکوژێت ، یا دەسترۆیشتوێک قسەی نەشیاو و ناشیرین بە کەسێکی لاوازی بێدەسەلات دەڵێت…هتد ، ئەم دیاردەیە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەیە

،،

کەلەگایی هەرتەنها کوشتن و بریندارکردن بە گوولە و چەقۆ و کەرستەی دیکە نیە ، بەلکە رەفتارە دوژمنکارانەکەی کەسی بەپڵنگبوو بەرانبەر کەسە لاوازەکە ، بە زمان یا وشە یا کردار یا قسەپێگووتنی قێزەونانە یان ترساندن و جوێن پێدان و کەرامەتشکاندن دەبێت

ئەمانە بەرانبەر کەسێکی بێدەسەلاتی دەستەوەستان دەکەن ، کە ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و ، ناچار دەکرێت ئەو کارە بکات کە کەسە بەهێزە دەیەوێت.


مەبەست لە زاراوەی کەلەگاییکردن یا قەشمەریپێکردن بریتیە لە: تووڕەیی و رەوشتی خراپ ، کە لایەنێکی بەهێز ئازار و ئەزیەتی لایەنێک دەدات ، کە لەخۆی لاوازترە یا بچووکترە و ، هەوڵی ئیستغلالکردنی لایەنە بێهێزەکە دەدات بۆ هێنانەدی هەندێک ئامانجی خۆی ، لێرەوە «هێز» هەر تەنها بەمانای هێزی مادی و جەستەیی نایەت ، بەلکە مانای هێز بەمانا شمولیەکەیە ، مادی و مەعنەوی…تاوانی کەلەگایی دزەی کردووە بۆ نێو لاوەعیمان ، بێئەوەی ویژدانمان بهەژێنێت و ، تەنها هەست بە خۆم بکەم و قەشمەری بە ئەوانی دیکە بکەم و مومارەسەی ملکەچکردنی دژی بکەین ، لە زانستی سۆسیۆلۆجیادا کەلەگایی بە واتای :هۆکارێکە بۆ ئازاردانی کەسێک لەرووی زارەکی یا جەستەیی یا دەروونی…کەلەگایی لەهەموو جۆرە پەیوەندیەکانی نێوان ئادەمیزاد روودەدات ، هەر بۆیەش جۆرەکانی زۆرن کە ناتوانرێت بژمێردرێن : کەلەگایی ئابووری ، کەلەگەیی سیاسی ، حزبی ، کەلەگایی ئاسایش ئەوەی دیکە کۆمەڵایەتی ، کەلەگایی لەسەر شوناس ، کەلەگایی لەمیانی تویتەر و فێس بووک و سۆشیالمیدیا بەگشتی کە ڕۆلی هەیە لە بلاوکردنەوەی ئەو دیاردە نەفرەتلێکراوە ، کەلەگایی ئایینی ، کەلەگایی دەولی ، کە دەولەتە مەزنەکان کەلەگایی دەکەنە سەر ولاتە تازە پێگەیشتووەکان ، کە ئەوانیش لە ترسان گوێرایەلیان دەبن و دیان گەلەگایی دیکە.

،،

ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی ترسناک و زۆر بلابۆتەوە و ، بەروەرووی کۆمەلگە بۆتەوە ، دیاردەیەکە کە هەموو بەها ئەخلاقی و شەرعیەتی قانونی و ئایینی رەتیدەکەنەوە ، کە لێکەوتەی خەراپی لەسەر ئەوانەی کەلەگاییان بەسەر کراوە دەبێت ، بەتایبەتی لەرووی دەروونی و جەستەییەوە.


نازانم لە پەرلەمانی کوردستان هیچ پرۆژە یاسایەکی هەیە بۆ روبەرووبونەوەی ئەم دیاردە خەراپە ، تا بە میکانیزمێکی جیاواز بەرەنگاری ببنەوە و سنوورێکی بۆ دابنێن و بە تاوانی دابنێن!


هەق وایە دەزگاکانی راگەیاندن بەهەموو جۆرەکانیەوە و مامۆستایانی ئایینی لە مزگەفتەکان و کۆمەلگەی مەدەنی ڕۆلیان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەلگا بە چەمکی کەلەگایی و ترسناکیەکەی ، هەموو ئەوانەی قەشمەری و کەلەگایی دەکەن سزایەکی تووند بدرێن.