سەنگاپورا و هەرێمی کوردستان

2021-10-30

محمد خۆشناو


لە سەنگاپورا سزای هەر کەسێک زبڵ و خاشاک یا قونکە جگەرە و دەبەی ئاو فڕەبدات غرامەکەی لە نێوان 1000 دۆلار تا5000 هەزار دۆلارە ، لەگەل ناچارکردنی کەسی سەرپێچیکار کە دەبێت تێکەلی خزمەتگوزاری ناچاری کۆمەلایەتی بێت وەکو هەڵگرتنەوەی دەبەی ئاو و خاوێنکردنەوەی شەقام و ڕێگاکان تا خزم و کەسوکاری بیبینن ، ئەم یاسایە کە «لی کوان یو»ی ڕابەری بوژانەوە و دامەزرێنەری سەنگاپورا دەریکرد و کاریپیکرد.


هەر لە سەنگاپورا سنووریان بۆ بنێشت جووین دانا و ، قەدەخەی فرۆشتنی بنێشتیان کرد ، ئەگەر یەکیکیان دیتبا وا بنێشت فڕەدەدات سزایەکی زۆر تووندیان دەدا ، تاکە بنێشت کە ڕێگە پێدراو بوو بفرۆشرێت ئەو بنێشتە بوو کە بۆ بەکارهێنانی پزیشکی بەکار دەهات.


لە سەنگاپورا قەدەخە بوو وێنە و نیگار و نوسین لەسەر دیوار بکێشریت ، ئەگەر یەکێکیان دیتبا وا نوسین یا وێنە لەسەر دیواری سەر شەقام- هەتا لەسەر دیواری ماڵی خۆی- دەکات سزاکەی لێدان بوو بە دار ، لەو ولاتە نێرگەلە و جگەرەی ئەلکترۆنی و گەمەی ئاگرین و خواردنەوە لە شوێنە گشتیەکان و ئازاردانی گیانداران و یا کەسێک گیاندارێکی دەگمەنی هەبێت قەدەخە بوو ، هەرکەسێک سەرپێچی کردبا سزاکەی زۆر تووند بوو ، لی کوان لە بەرگی دووەمی یادەوەریەکانی بەناونیشانی « لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم ، چیرۆکی سەنگاپورا 1965-2000 » دا دەڵێت:

،،

ئەرکی من گۆرینی سەنگاپورا نیە ، بەلکە گۆرینی بیرکردنەوەی هاولاتی سەنگاپوریە تا ئەوان سەنگاپورا بگۆرن.


فەلسەفەی باوک و دامەزرێنەری سەنگاپورا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە : بڕوابوون بە هێزی بازاڕی ئازاد ، ڕۆلی گەشەپێدان لە لایەن حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز و ، سەرلەنوێ رۆشنبیرکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاولاتی تەنانەت ئەگەر لەسەر حسێبی ئازادیەکانی شەخسیش بن ، لەوانە بە تاوان و تۆمەتزانینی تف ڕووکردن لە شوێنە گشتیەکان.


ئەگەر ئەمەی باسمانکرد بەراوردی بکەین لەگەل هەرێمی کوردستان ، ئێمە لەکوێ و ئەوان لە کوێ! چەندین جار خۆم بینیوومە لەناو سەیارە دەبەی ئاو و کلینکس و هەرچی کەلوبەلی پیسی ناو ئۆتومبێل هەیە لە پەنجەرەوە فڕەی دەدەنە سەر شەقام و شۆفێرەکەش بە پێکەنینێکی بێمنەتانەی سەرسەریانە تەماشات دەکات ، یا ورە سەیری شۆستەی نێوان هەردوو شەقام بکە کە پڕە لە دەبەی ئاو و قوتووی بیبسی و خواردنەوەی تر و لایلۆن و ئەو شتانە کە کۆمپانیای خاوینکردنەوە پێڕاناگەت هەلیانگرێتەوە ، جارێ ئەگەر تۆ پێویستت بە ئاودەستخانەکانی مزگەفتەکان بوو بەراستی کارەسات دەبینیت ، بەداخەوە زۆربەی خێزانی کوردستان ماڵی خۆی خاوێن ڕاگرتووە و بەلام ئامادەنیە چەند مەترێک دوور لە ماڵەکەی خاوێن بکاتەوە ، زۆر جار بینیومە حاویەی زبڵ لە تەنیشتیەتی کەچی پاشماوە لەسەر جادە یا لەناو ئەو شوێنەی لێیدانیشتووە فڕەدەدات ، کە سەیری زارکی ئاو و ئاوەڕۆکانی سەر شەقامەکان دەکەیت کە پڕ بووە لە زبڵ و خاشاک و پسایی ، بەدەست خۆت نیە خەفەت دەخۆیت.


ڕابەری بووژانەوەی سەنگاپورا و هاوڕێکانی ، یاسای تف رووکردنیان زۆر بە تووندی جێبەجێکرد و ، حکومەت ساڵی یەکەم 128 کەسی بە تۆمەتی تف ڕووکردن غەرامە کرد و ساڵی 1985 , 139 کەسی دیکە ، بۆیە هەر لەسەرەتای جێبەجێکردنی یاسایەکە تف ڕووکردن لەسەر شەقام و شوێنە گشتیەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەمتر بووەوە و تا وایلێهات گەلی سەنگاپورا بوون بە مایەی ڕێزگرتن لە ولات و لەیەکتری ، ڕاستیەکەی کارکردنی ئەم پیاوە بۆ ئەوە بوو کە ویستوویەتی لەنێو کلتووری گەلی سەنگاپورادا ، بیرۆکەی پیرۆزی و ڕێزدانانێک لەنێو ژینگەی گشتیدا بخولقێنێت ، یان بیرۆکەیەک لەنێو مێشکی هاولاتیان بچەسپێنێت کە سەنگاپورا ولاتی هەمووانە بۆیە دەبێت رێز لە دانیشتوانەکەی بگرین.

،،

لە ولاتانی دیکەی خۆرهەلاتی ئاسیا هەمان سیاسەتی قەدەخەکردنی تف رووکردنیان لە شوێنە گشتیەکان گرتەبەر ، ئەمەش وەک سیمبولێک بووە بە مایەی جیاکردنەوەی مرۆڤی شارستانی لە مرۆڤی ناشارستانی.


هەق وایە هەرێمی کوردستانیش یاسایەکی هەبێت کە ئەوەی ڕەچاوی پاک و خاوێنی ئاودەستخانە گشتیەکان نەکات و یا دەبەی ئاو و قووتوی بیبسی و خواردنەوەکانی دیکە فڕەبداتە سەر شەقام و شوێنە گشتیەکان و گەشتیاریەکان سزای گونجاو بە غرامە کردن و ناچارکردنی کەسەکە بە خاوێنکردنەوەی شەقام و شوێنەکانی دیکەی بەسەردا بسەپێنن تا نەبنە مایەی تێکدانی ژینگەی کوردستان.