وەڵامێک بؤ ئەندامپەرلەمانە پەیامنێرەکە(هێڤیدار ئەحمەد)

2021-10-31

ڕێبین نەسرەدین


ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠٥ وە زؤر باش دەزانین ئێوەی پارتی کوێتان دەئێشێت هەر بؤیە زؤر ئاسایی و ئاسانە بؤ تێگەیشتنمان لە هؤکاری نرکە و ناڵە و ئازارتان.


ئەو کۆنە پەیامنێرەی ڕووداو لە هەمان تۆڕ نوسینێکی خەیاڵ ئامێزی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دەڵێت کە گوایە یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوی کوردستان بە کەمکردنی دەنگەکانی لە بادینان و بەتایبەتی زاخۆ توشی شۆکێکی گەورە دەبێت.

،،

خۆی لە خۆیدا تەنها ئەم نوسینەی ئەم ئەندامپەرلەمانە کەم ئەزمونەی پارتی بەسە بۆ تێگەیشتن و خوێندنەوەی ترس و سایکۆلۆژێای دۆڕاوی پارتی جا چ سەبارەت بە هەڵبژاردنی ١٠ی١٠ی عێڕاق یاخود هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی کوردستان.


ئێمە زۆر باش دەتوانین لەو برادەرە بێ هیوایەمان تێبگەین چونکە لە ڕاستیدا بۆ پارتی ئاسان نیە سەرۆکی هەرێم بە خۆی و دەستە و تاقمەکەیەوە و بە بەکارهینانی تەواوی دەستکەوتە حوکومی و حیزبەکەیەوە لەبەردەم جەماوەرە بەزۆر بردراوەکەی حیزبەکەیدا پەنجەی ڕابوەشێنێت و تکا و ڕجای دنیایان لێ بکات تەنها بۆ ڕێگەنەدانیان بە دەرچونی کاندیدەکەی یەکگرتوو لە دەرئەنجامیشدا ئەوەبێت کە ڕویدا کە تیایدا نەک تەنها دەرچوون بەڵکو تۆمارکردنی پێوانەیەکی نوێی تۆمارنەکراو بوو لە بادینان.


ئەمە جیا لە ٥٦ هەزار دەنگەکەی سەیدا جەمال کە بووە بە ٥٦ هەزار زام و داخ و ئاه بەسەر دڵ و جەستەی پارتیەوە.
هێڤیدار بەم نوسینە نەزۆکەی هەوڵی شاردنەوەی لەدەستچوونی ٣٠٤ هەزاردەنگی پارتی دەدات لە تەواوی هەرێمی کوردستان بە ڵام مەخابن چیتر دەنگی ئەم دەهۆڵە دڕاوەتان ناگاتە حەوشەی ماڵەکانیشتان.