نەفرینی سلێمانی

2021-11-06


ئەوە چ نەفرینێكە ڕووی لەم شارە كردووە؟ بۆچی خەڵكەكەی ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن؟هەمووان لە ململانێدان لە دژی هەمووان؟ كەس كەسی قبوڵ نییە، بەزەحمەت دوو كەس لەسەر كارێك بەیەكەوە كۆدەبنەوە،ئەگەر كۆش ببنەوە هێندە نابات لەیەكتری جیا دەبنەوە.
هەر بەراست ئەمە زیندوێتی سلێمانییە، یان نەفرینێكە بەسەر ئەم شارەوە دەگەڕێت؟.

بۆچی نا؟، بێگومان كە سەیری رابردووەكەی دەكەیت،سلێمانی دڵی زیندوی كوردستانە.
لەسەدەی نۆزدە، یەكەمین ململانێی دوو قوتابخانەی فیكری و عیرفانی لە سلێمانی بووە.یەكەمین موبادەرەكانی شیعر و هۆنراوەی كوردی بە شێوەزاری سۆرانی هەر لە سلێمانی بووە

،،

هەر ئەڵێی دابەشبوون نەفرینێكە و لەشەوێكی درەنگی زستاندا لەگەڵ باران بەسەر ئەم شارەدا باریووە.

یەكەمین موبادەرەكانی دەوڵەتی كوردی سەدەی بیست، هەر لە سلێمانی بووە، یەكەمینن چاپخانە و رۆژنامەی كوردیش لە باشوری كوردستان هەر لەم شارە بووە.

ئەمانە هەمووی راستن، بەڵام بۆمن پرسیارە، بۆچی خەڵكی ئەم شارە ناتوانن لەدەوری یەك كۆببنەوە؟ بۆچی هەر گروپێك دروست دەبێت چوار گروپی دیكەی لێدەبێتەوە،هەریەكەش لەو چوارە دابەش دەبن بۆچواری تر هەتا تۆزیان نامێنێ‌ و دەتوێنەوە.

بۆچی خەڵك و فكرو سیاسەت و رۆشنبیریی لەم شارەدا بە بەردەوامی وەكو ئەمیبا دابەش دەبن.
ئەی هاوار، ئەم هەموو دابەشبوونە لەم شارەدا لە كوێوە دێت؟

هەر ئەڵێی دابەشبوون نەفرینێكە و لەشەوێكی درەنگی زستاندا لەگەڵ باران بەسەر ئەم شارەدا باریووە.

راستە جیاوازبوون نیشانەی سەربەخۆیی و ئازادی و باوەڕبەخۆبوون و زۆرشتی ترە،بەڵام هەڵنەكردن لەگەڵ یەكتر و قبوڵنەكردنی یەكتریی، دەردە كوشندە راستەقینەكەی پشت ئەم دیاردەیەیە.

،،

10 ساڵیشە شتێك لەسەر ئاستی سیاسی و رۆشنبیری و كولتووریی دروست نەبووە لەسەر ئاستی كوردستان.حیزبێكی سیاسی لەودیوو ددێگەڵەوە دروست نەبووە. كەچی سلێمانی لە پڕێكدا ژانی 3-4 حیزبی سیاسی دەیگرێت.

بەراست ئێمە لە خۆمان پرسیوە ئەم شارە بۆ وایلێهاتووە؟ حیزبێكی سیاسی دروست دەبێت پاش چەند ساڵێك پارچە پارچە دەبێت و پارچەكانیشی دواتر چەند پارچەیەكی دیكەیان لێ جیادەبێتەوە. هەرگروپێكی مۆزیك یان شانۆیی دروست دەبێت پاش چەند مانگێك دابەشدەبن و بەشێكیان لێ‌ جیا دەبێتەوە. میدیاكارەكانی ناتوانن لەدەوری پرۆژەیەكی رێكوپێك بسرەون،هەریەكەیان ماڵێكی جیا دەكاتەوە و دوای ماوەیەكیش هەر ئەو ماڵە بچوكە دەبێت بە چەند ماڵۆچكەیەك.

ئێستاش هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە جارێكی دیكە سلێمانی وردتر دەبێتەوە. هەڵبەت مافی هەمووانە كە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بكەن و كەسیش دژ بە رەوت و حیزب و ئایدیای جیا نییە لەم شارەدا.بەڵام ئەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت وردبونەوەی زیاتر و بەردەوامی هێز و تواناكانی ئەم شارە بەمانای پەرتبونی شار و لەدەستدانی كاریگەریەكەی دێت.


بەنموونە 10 ساڵیشە شتێك لەسەر ئاستی سیاسی و رۆشنبیری و كولتووریی دروست نەبووە لەسەر ئاستی كوردستان.حیزبێكی سیاسی لەودیوو ددێگەڵەوە دروست نەبووە. كەچی سلێمانی لە پڕێكدا ژانی 3-4 حیزبی سیاسی دەیگرێت.

پرسیارەكە ئەوەیە،جگە لە گرفتی دەرونی و بابەتی كەسی چی وادەكات ئەم هێزانە كەبڕیارە لە هەناوی بایكۆتەوە دروست ببن نەتوانن پێكەوە كۆببنەوە لە دەوری ئامانجێكی هاوبەش؟.
بەراستی حەیف بۆ سلێمانی لەوەتەی هەیە ورد دەبێتەوەو بچووک دەبێتەوە.