هەر کۆمەڵگەیەک شاعیری زۆر بێت کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوە؟

2021-11-07

یـەحـیـا کامیــل

پێشوخت هەرکەسێک ئەم ڕستەیەی سەرەوە بخوێنێتەوە، واهەست دەکات کە شاعیران بەرپرسن لە دواکەوتنی کۆمەڵگە، بەڵام نەخێر بارودۆخێکی هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕستەیەدا هەیە کە وا دەرئەکەوێ شاعیرانیش لەسەر ئەم هێڵەی هۆکارەکانی دواکەوتنی کۆمەڵگابن، ئەو بارو دۆخەش ڕێڕەوی مۆدێرنەیە، لەخوارەوە زیاتر ڕونی دەکەینەوە. سەرەتا بۆئەوەی لەم کێشەیە تێبگەین پێویستە لە مۆدێرنیزم تێبگەین بەشێوەیەکی سەرەتایی.

مۆدێرنە و مۆدێرنیزم بەدیاریکراوی لە سەدەی شازدەوە لەهەناوی داڕوخانی سیستەمی ئاینی کاتۆلیکی و سیستمی کۆمەڵایەتی فیوداڵیزم هاتەدەرێ. مۆدێرنیزم لەسەر چەند هێڵێکی گشتی خۆی جیاکردەوە لە بارودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەر هێڵی ئاینی ئەوەی هێنایە ئاراوە کە کاهینەکانی کەنیسە نوێنەری ڕاستەوخۆی خودا نین، وە خوداش ئەو وێنە ترسناکەی نیە کە کڵێسا و کاهینەکان پیشانی شوێنکەوتوانی دەدات، کە مارتن لۆتەر لە دامەزراندنی مەزهەبی پرۆتستاندا بەیانی کرد.

لەسەر هێڵە فکریەکەش کۆتایی بە فەلسەفەی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ هات و دیکارت کە بە دامەزرێنەری فەلسەفەی نوێی ڕۆژئاوا دادەنرێت، عەقڵگەرایی و گومانگەرایی کردە ڕوانگەیەک بۆ بینی حەقیقەت کە دواتر بەدوایدا کانت هات سنورەکانی عەقڵی تۆکمەتر کرد و ئەو زیادەڕەویەی کە دیکارت کردبووی بەبڕوای خۆی نەیهێشت، پاشان هیگڵ عەقلانیەتی مۆدێرنەی بەرەوپێشتر برد، تا ئەو کاتەی دوو جەنگە گەورە جیهانیەکە ئێخەی مرۆڤایەتی گرت و بۆچوونەکانی نیتچەی لەبەرامبەر عەقلانیەتی مۆدێرنەدا زەق بوویەوە، کە دواتر نیتچەییەکانی وەک فۆکۆ و جاک دریدا و ژیل دولوز ئەم سەنگەرەیان دژ بە عەقلانیەتی مۆدێرن بتەوتر کرد، ئەمە لەکاتێکدا مارکسیزمیش سەنگەرێکی تری گەورە بوو بەرامبەر عەقلانیەتی مۆدێرنە، کە عەقڵی ڕەها و ئازادیان بە پردی پەڕینەوەیان بۆ سیستمی سەرمایەداری دەزانی و بە بەرهەمهێنەری چینایەتی کۆمەڵگەیان دەزانی لەنێوان هەژار و دەوڵەمەندا یاخود کەپیتاڵیست و پڕۆلیتاردا.

لەسەر هێڵە ئابوریەکەش گۆڕانێکی گەورە ڕویدا کە دیوێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە، ئەویش ئەوەبوو پێشتر سیستمی چینەکانی کۆمەڵگا یاخود پەیکەری کۆمەڵگا پەیڕەوکاری سیستەمی فیوداڵیزم(دەرەبەگایەتی) بوو کە پێکهاتبوو لەچینی خاوەن زەوی و جوتیار، ئەم سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابوریە لە دوای سەدەی پازدەوە گۆڕانێکی گەورەی بەسەرداهات کە لە دایکبوونی چینی سێیەم واتی چینی بۆرجوازی بەدوادا هات، کە چینێکی شارنشینی بوو جیاواز لە دەرەبەگایەتی کە لەگوندەکاندا بەرقەراربوو. لەلایەنی جۆر و جوگرافیای دانیشتوانیشەوە گۆڕانکارییەکی گەورە دروستبوو لەساتی لەدایکبوونی مۆدێرنە بەدواوە. ئەویش کۆچکردنی بەلێشاوی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو شارەکان بوو، هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە لەناو شارەکاندا پێشکەوتنی پیشەسازی و وەبەرهێنان زیادیکرد لەسەدەی شازدە بەتایبەت لە بەریتانیا کە شۆڕشێکی تەکنەلۆجی گەورەیان کرد لەچاو ئەو سەردەمەدا کە لەمێژووی ئەوروپادا بە شۆڕشی پیشەسازی ناسراوە، وەک دروستکردنی کارگەی هەڵمی و هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر و پێشکەوتن لەبواری چنیندا، ئەمانە زیاتر خەڵکانی گوندەکانی هاندا لەگوندەکانەوە کۆچ بکەن بۆ شار و هەلی کار بەدەست بێنن لە و پیشەسازیانەدا کە ئابوریەکی سەربەخۆ بوو سەبارەت بەتاکەکان جیاواز لە ژیانی گوندەکان کە ئابورییەکی سەربەخۆیان نەبوو وە کۆیلەی خاوەن زەویەکان بوون.

لە ڕووە سیاسیەکەیشەوە سیستەمی سیاسی ئەوروپا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەرداهات، ئەویش پەڕینەوەبوو لەسیستمی سیاسی داپڵۆسێنەری کڵێسا بۆ سیستەمی دیموکراسی و سیستەمی پاشایەتی دەستوری. تا ئێرە باسکردنی مۆدێرنیزم بەسە وەک ئارگیۆمێنتێکی بەهێز بۆ شیکردنەوەی بابەتەکەمان، کە پەیوەندی ئاستی شیعر و شاعیرانە بە ئاستی کۆمەڵگاوە، پەیوەندی بارودۆخی شیعر وشاعیران چیە بە بارودۆخی مۆدێرنەوە؟ خودی مۆدێرنە دژایەتی شیعر ئەکات یاخود شیعر ناتوانێ لەگەڵ مۆدێرنەدا هەڵبکات؟

ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە سەرجەم لایەنەکان لە دوای سەدەکانی ناوەڕاست واتە لە چەرخی مۆدێرنە بەولاوە گۆڕانکاری گەورەیان بەسەرداهات تەنانەت ئەدەبیش کەوتە بەر شاڵاوی ئەم گۆڕانکاریانەوە, بەڵام لەناویدا شیعر بەئاڕاستەی ژانرەکانی تری ئەدەب بە بارێکی نەرێنیدا گۆڕانکاری تییادا ڕوویدا ، چونکە ئەگەر ئێمە لەلایەنە دەرونناسیەکەیەوە لە شاعیر بڕوانین هەمیشە لە شیعرەکانیدا هەستێکی ناسک زاڵە بەسەریدا کە دوورە لە توند و تیژی و ڕق و ناکۆکی ، لەپێش مۆدێرنەی ئەورپاشدا ئەم هەست ناسکی و جوان ڕوانینە لەڕێگەی سروشت و کانیاو و سەوزاییەکانەوە گوزارشتی لێ کراوە، بەڵام کاتێک مۆدێرنیزم هات و لەڕێگەی پێشخستنی پیشەسازی و کارگەکان سروشت و جوانیەکانی لەناوبرد شیعریش داچۆڕا لە گوزارشتی ناسکانە و خۆشەویستی سروشت، چونکە شاعیران پێشتر دەوروبەریان پڕاوپڕ بوو لە سروشت و سەوزایی و جوانی بۆیە لەوێوە ئیلهامیان بەشیعرەکانیان دەبەخشی بەڵام لەدوای مۆدێرنەوە کاتێک وەک دیکارت دەڵێت مرۆڤ زاڵ بوو بەسەر سروشتدا و تەکنەلۆجیا و پیشەسازی گەورەی بەگەڕ خست و دوکەڵی کارگاکان ئەو سروشتە جوانەی شاعیرانیان نەهێشتەوە کە دانیشتوی شارەکان بوون.

بۆیە کاتێک شاعیرێکی وەک (احمد عبدالمعطی حجازی) سەردانی قاهیرە دەکات کە ئەو قەڕەباڵخی و جەنجاڵی و دوکەڵی شەریکەکان دەبینێت ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆی، دواتر لەدیوانەکەیدا شاری قاهیرە بە (مدینة بلا قلب) شاری بێ دڵ ناو دەبات، یاخود کاتێک (ڕایمۆن بریتۆن)ی شاعیر کاتێک سەردانی ویلایەتەکانی ئەمریکا دەکات، ئەویش هەڵدێت بۆ نیشتیمانەکەی خۆی لە مەکسیک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە دەستی شارستانیەت و تەکنەلۆجیای پێ نەگەشتوە تاکو هەستە شیعریەکانی خۆی هەڵڕێژێ لە سروشتە جوانەکەیدا.


لەناودانی سروشت و جوانیەکانی لەڕێگای پیشەسازی و تەکنەلۆجیاوە بەهاوبەش لەگەڵ جەنگەکانی وەک دوو جەنگە جیهانیەکە هۆکاری سەرەکی بوون لەبەرهەم هێنانی قوتابخانەی ئەدەبی تازەی وەک سۆریالیزم(سەرو واقیع) کە ڕاکردن بوو لەواقیع و ژیانی بەرهەست چونکە واقیعی شاعیرەکان سروشتەجوانەکەیانی تیادا لەناو برابوو وە جەنگیش وەک دێوەزمەیەک دژی هەستە ناسکەکەیان وای کردبوو کە لەواقیع ڕابکەن و لەبان واقیع بژین ، هەروەها قوتابخانەی ڕۆمانتیک و وجودیش بەهەمان هۆ دامەزران. کاتێک سەیری کۆمەڵگەی دواکەوتوی ئەوروپای کۆن دەکەین ڕێژەیەکی زۆر لەشاعیر بەدی دەکرێت، بەڵام لە ئەوروپای پێشکەوتووی ئێستاماندا بەدی ناکرێن، ئەگەر لەڕابردوودا شاعیرانی گەورەی وەک (بۆدلێر و مالارمیە و لۆتاریامون و ڕامبۆ) هەبوبن ئەوا لەئێستادا ئەو ناوە گەورانە بەو ئەندازەیە بونیان نەماوە. مۆدێرنە تەنیا شیعری نەکردە قوربانی بەڵکو بەها ڕۆحی و ئەخلاقیەکانیش نەیانتوانی لەژێرچەپۆکی بارودۆخی مۆدێرنەدا خۆیان بگرن. ژان ژاک ڕۆسۆ لەسەرەتای کاری نوسینیدا، لە وتارێکدا ئاماژە بە ترسناکیەکانی پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆجی دەکات لەسەر بەها ئەخلاقیەکان، مەترسی زانست لەوێوە خۆی بەدەردەخات کە شوناسی خۆی لە ئامرازێکی مرۆییەوە دەگۆڕێت بۆ بەها و ئامانج هاوشێوەی ئەخلاق، بۆیە کاتێک پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکان وەک بەها و مۆڕاڵ ڕۆدەچنە ناو کۆمەڵگا شوێنی بەها ئەخلاقیەکان دەگرنەوە، بەو مانایەی بەرژەوەندی جێگای چاکە دەگرێتەوە لەنیەتی کردەوەکانماندا. ئەوەشمان لەبەرچاوە کە بەها ئەخلاقی و ڕۆحیەکان هاوشێوەی سروشت بەشێکی گەورە و بەرین پێک ئەهێنێت لە دێڕە شیعریەکانی شاعیران.

گەر زیاتر لە دەرهاویشتە خراپەکانی مۆدێرنیزم بدوێین، ئەوە دەڵێین کە سیستمی سەرمایەداری گەورەترین دێوەزمەیە کە لە هەناوی مۆدێرنیزمەوە هاتۆتە دەرێ، سیستەمێک کە تیایدا بەرژەوەندی مادی هەموو بەهایەکە لەجیاتی بەهاکانی تریشدا (بەها ڕۆحی و ئاینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان)، وەک جۆرج لۆکاش ئەڵێت سیستەمی سەرمایەداری و ڕۆژئاوا مرۆڤی تاک ڕەهەند دروست دەکەن، واتە یەک ڕەهەندی مادی و هیچی تر، خاڵی لەهەموو بەهاکانی تر.

ئەرگیۆمێنتەکەمان تا ئێرە بەسیەتی بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەر کۆمەڵگایەکی دواکەوتو لە بواری تەکنەلۆجیا و زانست (کۆمەڵگەی کوردی بەنمونە)، کۆمەڵگایەکە کە ژینگەیەکی لەبارە بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیر، هەڵبەت دواکەوتوویی بەمانا گشتیەکەی نا بەڵکو بەمانا تەکنەلۆجی و پیشەسازیەکەی. بەپێچەوانەیشەوە، کۆمەڵگا تەکنەلۆجیە پێشکەوتووەکان ژینگەیەکی بەرتەسکە بۆ هەناسەدانی شاعیرەکان، هەروەک کۆمارەکەی ئەفلاتۆن شوێنیان نابێتەوە لەو کۆمەڵگەیەدا.