کۆڕەوەکە و بێلاروسیا

2021-11-08

د. ئەحمەدی مەلا

ئەم دوو هەڵاتنە، لە فۆرمدا پێکدەکەن، بەڵام لە ناواخندا جیاوازن، لەبەر ئەم هۆکارانە:

١/ کۆڕەوی ١٩٩١ کورد لە دەستی ستەمی رژێمێکی تۆتالیتاری بەرەو مەجهول/نەناسراو هەڵدەهات.
٢/ کوردانی هەرێم لە دەستی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی هەڵدێن.
٣/ دنیا بۆ کوردانی ١٩٩١ هێشتا نەناسراو بوو، هیچ دیمەنێکی روون لەبەرچاوی خەڵکی باشوور نەبوو، گلۆبالیزاسیۆن لە سەرەتاکانی بوو، هۆکارەکانی پەیوەندیی سنووردار بوون.

٤/ ئەمڕۆ دنیا، هەنگاوی زەبەلاحی بەرەو گلۆبالیزاسیۆن ناوە، ئەوی دیکە وەک وێنەیەکی روون دەردەکەوێ و پراکتیزەی ژیانی خۆی دەکات ( کۆمەڵگەی ئیستیهلاکی، ئازادیی تاک، سەفەر و کاڵبوونەوەی سنوورەکان)، کوردی باشوور هەموو رۆژێک لە رێگەی وێنە، ڤیدیۆ، ئەوی دیکەی سەرکەوتوو، بەختەوەر دەبینێ، با وێنەکان راستگۆیانەش نەتوانن قسەی خۆیانیان هەبێت.

٥/ هەرێم بە دەستی خۆیەوە دەناڵێنێ، گرفتە ژیارییەکان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن، تەنانەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش، هیچ چارەسەرێکیان بۆ ئایندە پێ نییە.

٦/ زانکۆ وەک دەزگایەک تەنها دەرچوو بەرەهەمدەهێنێ، بە بێ ئەوەی بزانێت ئەم بەرهەمە چ سوودێکی هەیە. شکست لە خودی زانکۆکان نییە، بەڵکو زانکۆ لە دنیایەکە و واقیعی هەرێم لە دنیایەکی دیکەیە.

٧/ هەرێم نەیتوانیوە ببێ بە بەرهەمهێنەری کاڵا، ئەمەش وایکردووە کە هەلی کار لە سنوورێکی زۆر بەرتەسکدا بخولێتەوە. کەرتی خزمەتگوزاریی لە ئاستێکی زۆر نزمە.

٨/ گوتاری دەوڵەت، گوتارێکی کردەیی نییە، بەڵکو قەیران بەرێکردنە و سیاسەتی لە کوێ پچڕا لەوێ گرێی دەوە بەکاردەهێنێ.
٩/ هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر مشوخۆریی دەژێ : داهاتی نەوت، ئیدی ئەمە خورد کەرەوە و بڕۆ خوارەوەی کۆمەڵگە.
١٠/ هیچ پڕۆژەیەک نییە بتوانێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوان هاوتەریب بێ، بۆیە لەشکرێکی بێ کار هەموو ساڵێک پەیدا دەبێ، ئەوانەی زانکۆ تەواو دەکەن یا تەواوی ناکەن.
١١/ئەگەر داهاتی نەوت نەخرێتە خزمەت پڕۆژەکانی ئایندە کە بتوانێ ئیستیعابی ئەو هەموو دەستبەتاڵییە بکات، دواجار شەڕ دروست دەبێ. لەهەر کوێیەک گەنج زۆر بوو، بێکار زۆر بوو، شەڕ دروست دەبێ. ئەم هەڵاتنە شەڕەکان دوا دەخات. بۆیە حکومەت خەم لەو خەڵکە هەڵاتووانە ناخوات.

١٢/ رۆژئاوا چارەسەر نییە کە خودی رۆژئاوا، ئەوروپا بە تایبەت لە سەرەتای قەیرانی وجودیی دایە، لە وڵاتێکی وەکو فەڕەنسا ئاماژەکانی بە تەواویی دەرکەوتوون.

١٤/ ئەگەر لە ساڵانی ٩٠ و ٢ هەزار هێشتا ئەوروپا بوارێکی حەیوی بوو، لە ٢٠٢٠ بەسەرەوە ئەوە ئەو بوارە ژیارییە نییە.

١٥/ ئەگەر بێت و حکومەتی هەرێم زۆر بە جیدیی بیر لە ئایندە نەکاتەوە، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تووشی قەیرانگەلێک دەبێ کە دەرچوون لێی مەحاڵ دەبێ...

١٦/ هەرێم بە شارە مێروولەیەک دەکات، هەموو زۆر مەشغولن و هیچیش دیار نییە!!!