وەڵامی فیکر و تیۆر بە ژەهر و تیرۆر

2021-11-09

ئەنوەر حسێن (بازگر)


کوشتنی نەیارەکان لە ڕێگەی ژەهرخواردکردنەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە. ئەوانەی بەر زەبری ژەهرخواردکردن کەوتوون، بەشی زۆریان دەکرێن بە دوو بەشەوە: نەیارە سیاسییەکان و نەیارە فیکرییەکان. زانایانی بواری تۆکسیکۆلۆژی (ژەهرناسی) مێژووی بەکارهێنانی ئەم مادەیە دەگێڕنەوە بۆ (4500 ساڵ پێش زایین)، بۆ یەکەم جاریش بەکارهێنانی ژەهر وەک چەکێک بۆ لەناوبردنی نەیارەکان، دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (300 ساڵ پێش زایین). هەروەها بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە فیکرییەکان و ئەو کەسانەی کە جیاواز لەوانی دیکە بیر دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ناچارکردنی فەیلەسووفی گەورەی یۆنانی (سوکرات) بە ژەهرخواردکردن.


لە مێژووی سیاسیی کورددا، ئەگەر بەراوردی بکەین بە مێژووی سیاسیی وڵاتانی دیکە، ڕەنگە بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، دیاردەیەکی باو نەبووبێت، یاخود لە باشترین حاڵەتدا دیاردەکە هەبوە، بەڵام دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بە نادیاری و نهێنی ماونەتەوە. لە یاداشتی سەرکردە کوردەکاندا چەندین کەیسی ژەهرخواردکردن لە مێژووی نوێی کوردستانی باشووردا بەرچاو دەکەون.


کاتێک سەرکردەیەک لە ڕووی تیۆرییەوە شکست دەهێنێت لە ململانێ و ڕکابەریی سەرکردەیەکی دیکەدا، پەنا دەباتە بەر تیرۆر. جۆرەکانی تیرۆریش زۆرن. ستالین بۆیە ترۆتسکى کوشت، چونکە بە تواناتر بوو، خۆی و دارودەستەکەی بۆچوونەکانى ئەویان پێ قبوڵ نەدەکرا.

،،

بەڵام ستالین وەکو پەڵەیەکى ڕەش چوە مێژووەوە، ترۆتسکیش وەکو ئایدیا و ڕێبازێک هێشتا خەڵک ڕێزى لێدەگرن.


ستالین نموونەی سەرکردەیەکی لاواز و بێدەسەڵات بوو، کە کاتێک دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست چۆن بە کاری دەهێنێت و چی دەخوڵقێنێت، بە جۆرێک کە هەموو پڕەنسیپە هاوڕێیەتی و مرۆیی و ڕێکخراوەییەکان پێشێل دەکات. ئەو لە سەرەتاکانی شۆڕشدا تەنها کەسێتییەکی ئاسایی ناو پارتی بەلشەڤیک بوو، بەڵام دواتر وردەوردە لە ڕێگەی کۆمەڵێک تاکتیک و فێڵەوە، نزیکەی تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەلشەڤیکی لە ناوبرد، تا خۆی چوە هەڕەمی دەسەڵات.

لەناوبردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی بەلشەڤیک بە ڕێگەی جیاجیا بوون. ئەو پڕۆسە نەگریسەی ستالین بەشی زۆری ئەندامانی پارتی بەلشەڤی پێ لەناوبرد، ناسرابوو بە "دادگا نمایشییەکانی مۆسکۆ"، کە لە ساڵانی کۆتایی سییەکاندا بەڕێوەی برد. لە قۆناغی یەکەمی دادگاییەکاندا هەر یەکە لە (زینۆڤیێڤ، کامینێڤ، سمرینۆڤ، باکاییڤ، مراچکۆڤسکی) لەناوبران. لە قۆناغی دوەم و سێیەمیشدا هەر یەکە لە (بیاتاکۆڤ، سێربریاکۆڤ، ڕاديك، سۆکۆلینکۆڤ، بوخارين، ڕیکۆڤ، کریستانسکی، ڕاکۆڤیسکی، مۆرالۆڤ، درۆبینیس، بۆگۆسلاڤسکی) لە ناوبران. بەمەش ستالین لە ساڵانی (1936-1937) زۆرینەی هەرە زۆری ڕابەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دامەزرێنەرانی سوپای سووری لەناوبرد.


ئەوانەی خەریکی لەناوبردنی مرۆڤەکان دەبن، لە پێناو بەجێگەیاندنی ئامانجەکەیان و ڕەوایەتیدان بە مەرامەکانیان، هەمیشە کەسانێک بە کار دەهێنن کە بە ڕووکەش لە پلە و پایەی ئەکادیمیی بەرزدان. بۆ نموونە ئەو کەسەی کە ستالین وەک داواکاری گشتیی ئەم دادگاییانە دەستنیشانی کردبوو (ئەندێ ڤیچینسکی) بووم کە لە ساڵانی بیستەکاندا سەرۆکی زانکۆی مۆسکۆ بوو، هەروەها دواتریش لە ساڵانی چلەکاندا نوێنەری سۆڤێت بوو لە نەتەوە یەکگرتوەکان.


بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی ڕکابەرە سیاسییەکان، جۆرێکە لە جەنگی بایۆلۆژی. وڵاتی ڕووسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە لە لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان لە ڕێگەی ژەهر و مادە کوشندەکانەوە. ساڵی (1959) ڕووسییەکان تەواوی ئەزموونی خۆیان خستە گەڕ بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەی "بیۆفێرفات" بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، بە تایبەتیش جوداخوازی ئۆکرانی (ستیڤان باندێرا)، کە لە شاری میونخ و لە بەر دەم ماڵەکەیدا لە ناو خوێنی خۆیدا گلا، پاش دوو ساڵ کەسی بکوژ هەڵات بۆ وڵاتێکی دیکە و لەوێ دانی بەوەدا نا کە جۆرە مادەیەکی ترشی بە سەر ڕووخساری (باندێرا)دا ڕشاندوە، کە جۆرە ژەهرێکە و مادەی سیانید دەردەکات.

،،

هەمان ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆژی و کیمیایی، جۆرە ژەهرێکی بەرهەم هێنا تایبەت بە تیرۆرکردنی سەرکردەی یۆگسلاڤی (جۆزێڤ تیتۆ)، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا لە لایەن (ستالین)ـەوە فەرمان کرا بە ڕاگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە.


لۆرکا، شاعیری چەپ و ئازادیخوازی ئیسپانی، خوازیارى ئەوە بوو نەیارەکانى لە پشتەوە نەیپێکن، لە چەند قەسیدەیەکیشدا ئاماژەی بە مەرگی خۆی دابوو، کەچى نامەردانە هەر لە پشتەوە پێکایان. ئەو لە قەسیدەی "پێشبینیی مەرگم"دا دەڵێت: [من دەمزانی کە مردووم/ ئەوان قاوەخانە و گۆڕستان و کڵێساکان بە دوامدا دەگەڕان، بەرمیل و سەرداب و ژێرزەمینەکانیان ئاواڵا دەکرد/ سێ ئێسکەپەیکەری مرۆڤیان دزی تا ددانە ئاڵتوونییەکانی لێ بکەنەوە/ بەڵام هەر منیان نەدۆزییەوە/ ئایا منیان نەدۆزییەوە؟/ نەخێر منیان نەدۆزییەوە].


چەند سەختە شۆڕشگێڕێک، ڕابەرێک و ڕۆشنگەرێک نزیکەى پێنج دەیە لەناو دەیان کارەساتى گەورە و دژوارى ناو دەیان دوژمن، نەیار و چنینى تەونى دوژمنکارانە لە هەوڵى تیرۆر، کوشتن، فڕاندن و ژەهر خواردکردن نەجاتى بوو بێت، وەکو شاخ لە بەرامبەر ئەو مەترسییانە وەستاوە و پاشەکشەى نەکردوە. بەڵام بەهۆى ڕەخنەگرتن و بۆچوونى جیاواز لە نزیکەوە، نزیکەکانى خۆت ژەهر خواردت بکەن، چ بەربەرییەت و بێ پرەنسپی و مەترسیدارە، ئەم ڕووداوە مەترسیدارە، پرۆسەى ژەهر خواردکردنى کەسایەتییە سیاسییەکان وەک (باڤڵ تاڵەبانى، مەلا بەختیار، وەستا حەسەن)، کە ئاکامەکانى دەرکەوتوە و ئەوانەش کە هێشتا مەعلوم نییە، یان بە هەر هۆکارێک نەجاتیان بوە، کە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەمان حیزبدا، ئەوانەش کە جێگەى گومان و نیگەرانین، ڕەنگە هەر هۆکارەکەیان ئەوە بێت، هەر سێ گروپەکە لەناو ئەگەر و گومان و سیناریۆ و واقیعیەتە دەخولێنەوە، کە پیلانڕێژییەکى گەورە و مەترسیدار بەڕێوەچوە، کە سیاسەت دەخاتە ژێر پرسیارێکى قوڵەوە.


ئەوەی کەسێتییەکی وەک مەلا بەختیار بە ئامانجی دڵۆپە ژەهرەکان دەگرێت، هەر تەنها ئەوە نییە کە بکەرێکی سیاسیی کاریگەر و ڕەخنەگر و ڕاستگۆی ناو حیزبەکەی بوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی سیکۆلار و زانستخواز و ڕەخنەگری خورافە و نەریتە کۆنەخوازەکانی کۆمەڵگە بوە، نە سڵی لە ڕەخنەگرتن لە ئایدیۆلۆژیا ڕکابەرەکانی کردوەتەوە، نە سڵی لە دیبەیت و دانیشتن و گفتوگۆی نەیارەکانیشی کردوەتەوە. ئەوەی مەلا بەختیاری کردوە بە نێچیرێک بۆ ژەهرخواردکردن، ئەوە بوو کە ئەو وەک سیاسییەکی بەئەزموون باوەڕی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و قبووڵکردنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی حیزبەکەی هەبوە، ئەگەرچی دەیان ڕەخنە و سەرنجیشی لە سەری هەبوە. هەر ئەمەشە کە جێگەی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی هەوڵێکی لەم جۆرەیان داوە، چوونکە هەر ئەو کەسانە، ئەگەر لە بریی مەلا بەختیار ڕووبەڕووی سیاسییەکی دیکە ببونایەتەوە کە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دیموکراسیی قبوڵ نەکردایە، ئەوا هەرگیز نەیاندەوێرا پەنا بۆ تیرۆرێکی سپیی لەم جۆرە بەرن.

،،

هەرچەندە لە داهاتوویەکى نزیکدا، پەردەى سیناریۆ بۆ نیشاندانى شانۆ تراژیدیەکە لادەبرێت و بەڵگە و دۆکیۆمێنت و بکەران و یاریدەدەرى بکەران دەردەکەون، بەڵام بە خەسارەتێکى یەکجار گەورە، کە ڕەنگە قەرەبووکردنەوەی ئەستەم بێت.


دواجار هەوڵی لەناوبردنی مەلا بەختیار و وەستا حەسەن و ئەوانی تریش هەر بە تەنها هەوڵی پیشگرتن لە هەنگاو و ئامانجەکانی داهاتووی ئەم کەسێتییە نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکیش بوە بۆ لەناوبردنی میمۆرییەکی گەورەی شۆڕشی باشووری کوردستان، کە لە سەروبەندی نووسینەوەی یاداشتەکانیدایە.