ئەو، لەگەڵ هاوسەرو دوو منداڵەكەیدا لەناو ئەو سەدان كۆچبەرە كوردەدایە كە لەنێوان سنووری بیلاڕووسیاو پۆڵەندا، لەبارودۆخێكی سەختو هێجگار دژواردا دەژین.
،،
جەمالو هاوسەرو منداڵەكانی بە ئومێدی گەشتن بە وڵاتی بەریتانیا ڕێگای ئەوروپایان گرتووەتە بەرو وەكو خۆی دەڵێت هەموو ناڕەحەتیو چەرمەسەرییەك تەی دەكەن لە پێناو گەشتن بە ئامانجەكەیان.
جەمال حەسەن، كە كۆچبەرێكی كوردی خەڵكی قەزای سەیدساقە، ئەمڕۆ لەناو ئاپۆرای كۆچبەرانەوەو لە سنووری نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەنداوەو قسەی بۆ "دیبلۆماتیك مەگەزین" كرد وتی:" بارودۆخمان زۆر خراپەو لەبەردەم مەترسی تیاچوونداین، بێنانیو بێئاویو سەرما تەواو پەرێشانی كردوین".
بە وتەی جەمال، ئەوەی ئێستا لە جەنگەڵو دارستانەكانی نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا ڕوودەدات لە هەموو ڕوویەكەوە لە كۆڕەوەكەی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان دەچێت، ئەو كۆڕەوەی كە خەڵكی كوردستان لەترسی ڕژێمی بەعس لە شارەكانیان هەڵهاتنو ڕوویان كردە سنورەكانی ئێرانو توركیا.

ئەو كۆچبەرە كوردە دەڵێت:" ئێستا لە سنووری نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا 2500 تا 3000 كۆچبەری كورد لە ژێر ڕەحمەتی برسێتیو سەرماو سۆڵەداینو بارودۆخمان زۆر خراپەو بەردەوام بەرەو خراپتریش دەڕواتو ئەگەر بارودۆخی كۆچبەران بەوشێوەیە بەردەوامبێت كارەساتی مرۆیی گەورە ڕوودەداتو زۆربەمان تیا دەچین".
جەمال حەسەن باسلەوە دەكات كە ئەوان لە نێوان پۆلیسو سەربازانی بیلاڕووسیاو پۆڵەندان، سەربازانی پۆڵەندا ڕێگەیان پێنادەن بچنە ناو وڵاتەكەیانەوەو سەربازەكانی بیلاڕووسیاش ڕێگەیان پێنادەن بگەڕێنەوە بۆ بیلاڕووسیا.
ئەو كە هاوسەرو دوو منداڵەكەی زیاتر ئەركیان قورسترو خەمەكەیان زیاتر كردووە، ئاماژە بەوە دەدات كە لە شەو و ڕۆژێكدا كاتژمێرێك یان دوو كاتژمێر دەخەوێت، چونكە بەردەوام دەبێت ئاگای لە منداڵەكانی بێتو نەهێڵت ئەو ئاگرە بكوژێتەوە كە خۆیانی پێ گەرم دەكەنەوەو لەسەرمای سەختو بێڕەحمی ئەو جەنگەڵە دەیانپارێزێت.

جەمال زۆرتر باسی ئەو ناڕەحەتیانە دەكات كە هاتووەتە ڕێگەیانو دەڵێت خۆمو منداڵەكانم چوار ڕۆژ بە چەرەسات ژیاینو لەو چوار ڕۆژەدا لە بری نانخواردن تەنها چەرەساتو بادەممان دەخوارد.
كۆچبەرەكەی خەڵكی سەیسادق، بەوپەڕی خەمو حەسرەتەوە باسی لەوەش كرد كە یەكێك لە منداڵەكانی دوو ڕۆژ لەسەریەك لە برساناو بۆ نان گریاوە.
وەكو جەمال دەیگێڕێتەوە، دیمەنی ئەوكاتانەی كە ڕێكخراوە خێرخوازییەكان نانو خۆراكو ئاو دێنن بۆ كۆچبەرەكان، دیمەنێك دروستدەبێت تەواو لە دیمەنی كۆڕەوەكەی ساڵی 1991 دەچێت، ئەو كاتەی كە سەربازە ئێرانییەكان لە سەیارەكانەوە خواردنو خورادنەوەیان بۆ خەڵكی لێقەوماو و دەربەدەری كوردستان هەڵدەدایە خوارەوە.

بەو هەموو ناڕەحەتیو دۆخە سەختەوە كە دەیگوزەرێنن، جەمال باسلەوە دەكات كە بیركردنەوە لە گەڕانەوە بۆ كوردستان لە خەیاڵی هیچ كەسێك لەو كۆچبەرانەدا نییەو ئەوەی لەوێ باسی نییە پەشیمان بوونەوەو گەڕانەوەیە بۆ كوردستان، جەمال دەڵێت:
،،
" بەو هەموو ناڕەحەتیەشەوە، بە دەگمەن كەسێك نابینیت باسلەگەڕانەوە بكاتەوە بۆ كوردستان، ئەگەر زۆر زیاتر لەمەش ناڕەحەت ببین، هەرگیز بیر لەگەڕانەوە ناكەمەوە، تا ئێستا 180 گەڵام سەرفكردووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم بەڵێنی دە دەفتەریشم پێبداتو دڵنیاشبم دەمداتێ هەرگیز ناگەڕێمەوە".
جەمال حەسەن دەڵێت، لەناو ئەو هەموو ناڕەحەتییەدا كە كۆچبەرە كوردەكانی سنووری نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا دەیگوزەرێنن، باسو خواسی وەرگرتنیان لە لایەن ئەڵمانیاوە خۆشیو شادی خستووەتە ناو ئەوانەوەو ئێستا ئەوان بە ئومێدی ڕۆژی دووشەممەوە دەژینو چاوەڕوانن دوو ڕۆژیتربێتو لە سەرماو برسێتیو ناڕەحەتی جەنگەڵی نێوان بیلاڕووسیاو پۆڵەندا ڕزگاریان ببێتو هەنگاوێكیتر لە ئامانجەكانیان نزیكتر ببنەوە.