چیرۆكی مەرگی سەڵاح

2021-11-16

محەمەد سەید موحسن
و. سەرحەد یونس

كاتێك لە سوریا بووم دراوسێی نوسەری بەناوبانگ عبدالرحمن منیف بووم، باسی ژیانی خۆم بۆ كرد كە چیرۆك نوسم‌و ژیانم لە دیلێتی لە ئێراندا بەسەر بردووە، وە پێكەوە لەگەڵ ناوبراودا چیرۆكی ژیانی خۆم نوسییەوە.


بە هۆی ئەوەی كە ڕووداوی زۆرم لە ژیانی خۆمدا بینی بوو، وەكو شایەتحاڵێك هاتمە سەر باسی كەسێك بە ناوی صلاح حسن فەتلاوی‌و چیرۆكی ئەو كەسەشم بۆ بەڕێز منیف گێڕایەوە.


صلاح پێشتر كە نەهاتبووە سریەكەی ئێمەوە ڕێپێدراوی ئاسایش بووە، واتە (مفوض امن)، كاتێك لە مانگی شوباتی ساڵی 1986دا لە فاو هاتینەوە‌و ڕۆشتین بۆ زرباتییە وتیان ئێوە بچنە سەر كەتیبەی (بی كەی سی) كە چەكێكی مام ناوەندی بوو شریتێكی 500 فیشەكی دەخرایە سەر‌و ڕیزەكانی دوژمنی پێ‌ شپرزە دەكرا. من‌و صلاح‌و كەسێكی تر بە ناوی صباح بووین بە عدد بی كەی سی. لەو ڕۆژانەدا بەرەی جەنگ لە زرباتییە گەرم بوو، لە هەردولاوە یەكترمان ئاگار باران دەكرد، نزیك بووین لە یەكەوە سەد مەتر یان كەمێ‌ زیاتر لەیەكەوە دوور بووین، جنێومان بە یەكتر دەدا، جگەرە كێشان قەدەغە بوو لە شەودا چونكە خێرا لە لایەن چەكی قەناصەوە دەكرایە ئامانج، چەندین سەربازی عێراقی بەو شێوەیە شەهید كران. من‌و صباح لە سەنگەری خۆماندا بووین، وتم كوا صلاح؟ وتی واز لەو بێ‌ دەماغە بێنە، كاتێكم زانی سلاح لەسەر بەرزایی سەنگەرەكە جگەرەی داگیرساندووە‌و نەفەسی بە قووڵی لێ‌ دەدات‌و یەك مێش میوانی نییە.وتم صلاح دابەزە گولەی قەناص دەتكوژێت، وتی نا من لێرە نامرم، دەستم برد قاچیم گرت‌و ڕامكێشایە خوارەوە، وتم تۆ ئاگات لە خۆتە چی دەكەیت؟ خەریكە خۆت دەكوژیت! ئەویش بە ڕۆحێكی ساردەوە وتی من لێرە ناكوژرێم، ژنە عەڕڕافەكەی دراوسێمان پێی وتم تۆ هەر بەو مردنە دەمریت كە خەریك بوو بمریت‌و ڕزگارت بوو. وتم كام مردن؟ وتی بۆت باس دەکەم.

بۆ ڕۆژی دوایی کە زیاتر یەککمان ناسی و کەوتینە باس و بەسەرهاتی خۆمان، تەماتەیەکمان سور کردەوەو بە ئیشتیهاوە خواردمان وتی ئەزانی من تا دوێنێ شەو راتکیشامە خوارەوە لەم سەنگەرانەدا لە گولەی دوژمن نەترساوم و بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە لەم جۆرە شوێنانەدا بکوژرێم ،من پێش ئەوەی بێمە ناو ڕیزەكانی سوپاوە لە دەزگای ئاسایش بووم، بەهۆی ئەوەی كە ڕۆژێك كەسێكیان هێنا بۆ دەزگاكەمان زۆریان لێدا‌و سزای زۆریان دا، بیجامەی لە پێدا بوو، ئەفسەرەكە وتی دەبێ‌ تۆ لەگەڵیدا بخەویت!!! منیش ڕەفزی قسەكەیانم كرد‌و ئەو كارەم نەكرد، بەو هۆیەوە لە ئاسایشەوە گواستمیانەوە بۆ یەكەی پیادە، منیش پەیوەندیم نەكرد بە ڕیزەكانی سوپاوە‌و فیرارم كرد

،،

بە پێی یاسا بووم بە پۆلیسی هەڵاتووی ئاسایش كە سزاكەی سزای ئەفسەری هەڵاتوو بوو لە ڕیزەكانی سوپا كە سزای گولەباران كردنە تا مردن.

لەگەڵ كۆمەڵێك ئەفسەری حوكمدراوی تردا بردینیان بۆ جێگایەك پێیان دەوت حەصوە كە شوێنی گولەباران كردن بوو، چەند دارێك لە تەنیشتی یەكەوە لە زەویدا چەقێنرا بوون، دوو كەس دوو كەس بە یەكیانەوە بەستبووین، ئەو كەسەی بەسترابوو بە منەوە وەكو بی ناو ئاو دەلەرزی، منیشی بەخۆیەوە دەلەرزاند، مەوقیفەكە زۆر ترسناك بوو، ئەوانەی لە پێشی ئێمەوە بوون دەبەستران بە دارەكانەوە كە ژمارەیان بیست كۆڵەكەی دار دەبوو، دوای قسە بۆكردن‌و گوێگرتن لە داواكارییەكانیان گولەباران دەكران. ئێمە وەجبەری چوارەم بووین كاتێك سەرەمان هات بەستینیان بە دارەكانەوە‌و كەوتنە پرسیار چیتان دەوێت‌و چی دەخۆن لەم جۆرە پرسیارانە؟ یەكێك دەهات دەیوت ئێوە عێراقین‌و پێمان ناخۆشە لەدەستتان دەدەین، بەڵام چارمان نییە چونكە ئێوە ترسنۆك بوون‌و ڕیزەكانی سوپاتان جێ‌ هێشتووە، لە كاتی گولەباران كردندا ئەم قسانە بۆ مەحكومەكان دەكرا. لەناكاو لە دوورەوە دەنگی فیشەكێك بیسترا، ئەفسەرێك هات‌و وتی جێبەجێكردنی حوكمەكە بوەستێنن، هەركەس ماوە مەیكوژن ئەمانە بەر لێبوردن دەكەون. ئەوە بوو باڵیان كردینەوە، ئەو كەسەی پێشتر بە منەوە بەسترابوو لە ترسدا دەلەرزی، فریای لێبوردنەكە نەكەوت‌و لە ترسدا گیانی سپاردبوو.

كاتێك هاتمەوە ئەو ژنە عەڕڕافەی دراوسێمان وتی تۆ ئەم جارە رزگارت بووە بەڵام بە ڕوداوێكی هاوشێوەی ئەمە دەمریت، واتە هەر بەو حوكمی گولەباران كردنە. بۆیە تا ئێستا لە ناو بەرەكانی جەنگدا لە گولە نەترساوم تا تۆ دوێنێ‌ شەو قسەت بۆ كردم‌و وتت گولە هەر گولەیە لەناو جەنگ‌و لە كاتی گولەباراندا بێت جیاوازی چییە! صلاح لەکاتی نان خواردن و دەمەتەقەی نیوانمان ئەمەی بۆ گێڕامەوە.
ڕۆژ هات‌و ڕۆشت لە ساڵی 1987 گواستراینەوە بۆ بەرەی جەنگی ماوەت لە پارێزگای سلێمانی. بەرەی جەنگی باكوور گەرم بوو، بۆ یەكەم جار بوو ببینم پارە لە گوێنیدا دابەش بكەن بەسەر جاشەكاندا، وتم بە نەقیبەكە ئەم پارە زۆرە بۆ كێیە؟ وتی بۆ جاشەكانە كە ئێمە پێیان دەڵێین فرسان واتە سوارچاك‌و عوسات واتە پێشمەرگە پێیان دەڵێن جحوش واتە جاش . ئەمانە پارەیەكی زۆریان لە حكومەت وەردەگرت بۆ ئەوەی بەرەیەكی شەڕ پڕ بكەنەوە، بەڵام پارەكەشیان دەخوارد‌و خیانەتیشیان دەكرد.

ئێرانییەكان بە شیعاری ئەڵاهوئەكبەرەوە هێرشیان دەستپێكرد، فەوجەكەی ئێمە شكا‌و بەناو دۆڵ‌و شیوەكاندا خۆمان كردەوە بە قەڵاچۆلاندا كە خەلفییەكەمان لەوێ‌ بوو، ژمارەیەكی زۆرمان ئەسیر كران‌و كوژران‌و بریندار بوون، ئەوەمان ماینەوە بە شپرزی ‌و ماندووبوون پاشەكشەمان كرد. ئەو شەوە ماینەوە كە هێشتا پشومان نەدابوو،كاتێكمان زانی بۆ بەیانییەكەی زوو (لیژنەی چارەسەكردنی دزەكردووان) پەیدابوون كە ئێمە پێمان دەوتن لیژنەی لە سێدارەدان، موقەدەمێك بە ناوی محمد بنان فەرماندەیان بوو، هەرچی جنێوی ناشیرین‌و قسەی سوك هەیە كە بە درێژایی تەمەنم لە قاموسی هیچ كەسێكدا نەمبیستووە بارانی بەسەرماندا.

،،

دواتر كۆیان كردینەوە‌و سریە سریە جیایان كردینەوە، وتیان بە فەرماندەی سریەكان، ئادەی یەكی دوو سەرباز دەستنیشان بكەن‌و بیان هێننە دەرەوە بۆ ئەوەی گولەبارانیان بكەین بە بەرچاوی ئەوانی ترەوە تاوەكو ببێت بە پەند بۆیان هیچ كات لە بەرەكانی جەنگ هەڵ نەیەن.




فەرماندەی سریەی دوو نەقیب ڕەزاق بوو، وتی بە محمد بنان گەورەم ئێمە هەوڵی خۆمان داوە‌و بەرگری تەواومان كردووە‌و كەس ڕای نەكردووە، هەر ئەوەندەمان پێ‌ كراوە كە كردوومانە، فەرماندەی مەرگ گوێچكەی گرت‌و وتی زۆر باشە كەس دەستنیشان مەكە ئێمە خۆت گولەباران دەكەین. نەقیب ڕەزاق لە ترسی گیانی خۆی دوو سەربازی هێنایە دەرەوە‌و ڕەوانەی كۆڵەكەی مەرگی كردن. ملازم حامید فەرماندەی سریەكەی ئێمەش كەوتە چاوخشاندن بە سریەكەیدا دوو كەس دەستنیشان بكات، یەكەم كەس بدر جەسانی هەڵساند، ئەوەی بە خەیاڵی كەسدا نەهاتبوو صلاح بوو كە بیباتە دەرەوە، دەبوایە من بوومایە ، لە پڕ وتی ئادەی صلاح وەرە دەرەوە. صلاح بە كۆڵێك خەم‌و پەژارەوە هەستا‌و ئاوڕی لە من دایەوە بە نیگایەكی بێ‌ دەنگ پێی وتم: محمد پێم نەوتیت كە من بە حوكمی گولەباران دەكوژرێم! ئەوەتا ژنەكەی دراوسێمان ڕاستی كرد‌و تۆش درۆزن دەرچوویت! ئەم قسانەم لەكاتی هەستان‌و ئاوڕلێدانەوەكەیدا لێ‌ خوێندەوە، وتی بە ملازم حامید، بەخوا ستەمت لە خۆت كرد، قەرزاری قیامەتم بیت.

هەموو ئەوانەی هێنرانە دەرەوە چاویان بەسترا‌و زۆر بێ‌ بەزەییانە گولە باران كران. دوای دوو كاتژمێر ڕۆشتین بۆ مامەڵەی بەڵگەی مردنەكانیان، من داوای ئەوەی صلاحی هاوڕێم كرد، پزیشكەكە وتی هێشتا صلاح ماوە‌و گیانی دەرنەچووە، لە خۆشیدا هاوارم كرد دەی سوپاس بۆ خوا زۆر باشە چارەسەری بكەن با چاك بێتەوە،

،،

وتی نا یاسای ئەمانە وایە هەركەس دەستبەجێ‌ نەمرێت دەبێ‌ چاوەڕێ‌ بكرێت تا دەمرێت، صلاح چوار كاتژمێر بەو شێوەیە لە گیانەڵادا بوو، تا گیانی پاكی دەرچوو.ئای چ یاسایەكی ستەمكارانە بوو.

 

بەڵگەی مردنی صلاحم وەرگرتەوە، پاش دوو ڕۆژ خانەوادە‌وكەسوكاری هاتن، كە پڕی پاسێكی كۆستەر بوون، تاوەكو جەنازەكەی ببەنەوە، براكەی كەناوی فەلاح بوو، كەم ئەندام بوو، قاچێكی لە شەڕی نەگریسی عێراق-ئێرندا بڕابوویەوە، دزداشەی لەبەردا بوو، عەگالی بەسەرەوە بوو شواربەكانی درێژ بووبوون، پێكەوە تێر بۆ مەرگی صلاح فرمێسكمان ڕشت. كاتێك جەنازەكەیان دانەوە دینارێك‌و حەوت سەد‌و پەنجا فلسیان لە حەقی فیشەكەكاندا لێ‌ وەرگرتن‌و وتیان بە ژنەكانیش ئەوە چییە لە خۆتان ئەدەن‌و شین‌و شەیپور ئەكەن، كەس نابێت بۆ ئەم خۆفرۆشە ترسنۆكە بگری، ئەمە خیانەتی لە نیشتمان كردووە.