فەرهاد شاكەلی: قاسملو دەیووت هێمن موكریانی بووە بە جاش

2021-11-17

فەرهاد شاكەلی، نوسەرو شاعیری ناوداری كورد لە دیدارێكی دوورو درێژدا لەگەڵ گروپی " گوڵنار"دا كە لە كتێبی "دیداری گەورەكان"دا بڵاوبووەتەوە، باس لە شیعرو تەسەوف‌و ئەزموونی شیعریی خۆی دەكات‌و لە پەیوەندی بە شیعرو سیاسەتەوە، لە بەشێكی ئەو دیدارەدا باس لە " هێمن موكریانی" شاعیر دەكات‌و بە بڕوای ئەو، لەبەر ئەوەی شیعرەكانی زۆرینەیان شیعری سیاسین زوو مردون‌و دەشڵێت:" شیعرە باشەكانی هێمن ناگەنە بیست شیعر".


فەرهاد شاكەلی پێیوایەو ئاماژە بەوە دەدات كە زۆربەی شیعرەكانی هێمن شیعری سیاسین، شیعری سیاسیش زوو دەمرێت، هاوكات لەگەڵ خستنەرووی ئەو دیدەیدا دەربارەی هێمن موكریانی، باس لە شیعرە سیاسییەكانی هەردوو شاعیر " كامەران موكری"‌و " گۆران" دەكات‌و ئاماژە بەوە دەكات كە شیعرە سیاسییەكانی ئەوانیش مرون‌و ئێستا كەس نایان خوێنێتەوە :" من لە بیرمە لە شەستەكاندا لە كوردستاندا دوو شێوازی شیعر نووسین هەبوون، لە كوردستان دوو شاعیر هەبوون بوو بوون بە بە سیمبولی دوو لایەن، یەكێكیان " كامەران موكری بوو"، ئەوی دیكەشیان "گۆران" بوو، گۆران لای شیوعییەكان‌و خەڵكانی سەر بە شیوعیەت خودای شیعر بوو، لای ناسیۆنالیستەكان‌و ئەوانەی كوردایەتیان دەكرد " پارتی‌و كاژیك" " كامەران موكری"یان لا پەسەند بوو، لەبەر ئەوەی كامەران شیعری سیاسی بۆ دەنووسین، ئێستا كەس كامەران موكری ناخوێنێتەوە، بەڵام شیعری گۆران بەتایبەت ئەو شیعرانەی بۆ سروشت‌و ئافرەت نووسیوونی هەر دەمێننەوەو هەر شیعری جوانیشن، ئەو شیعرانەی گۆران كە بەلای كۆمەنیستەكانەوە زۆر جوان‌و بەرز بوون شیعرە سیاسییەكانن ئەمڕۆ هیچ نرخێكیان نییەو كەسیش هەر نایان خوێنێتەوە".

سەرباری ئەوەی پێیوایە كە هێمن موكریانی زمانێكی زۆر جوانی هەیە لە نووسینی شیعردا، بەڵام لایوایە بەهۆی سیاسی بوونیانەوە زوو مردوون:" مام هێمن شیعری سیاسی زۆر هەیە، من وتوومە بەداخەوە شیعرە باشەكانی ناگاتە بیست شیعر، هێمن وەكو زمان زمانی جوانی هەیە، بەڵام شیعری هەیە بیكەیتە وتارێكی سیاسی‌و ڕۆژنامەوانی هیچ زەرەر ناكەیت، بۆ نمونە دەڵێت:" دە بڕۆ ئەی شاهی خائین – بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ"، ئەمە چییە؟ ئەمە كەی شیعرە؟".

 


لەگەڵ ئەوە كە پێیوایە زۆرینەی شیعرەكانی هێمن موكریانی مردون‌و ئێستا ناخوێنرێنەوە، فەرهاد شاكەلی، باس لە هۆكاری ناوداربوون‌و گەورەبوونی هێمن دەكات‌و دەڵێت:" من پێموایە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوە بوو " نۆستالۆجیا"یەك لای خەڵك هەبوو بۆكۆماری مەهاباد، ئەوە دەوری هەبوو، هێمن نوێنەری مێژووی كۆماری مەهاباد بوو مابوەوە، لەگەڵ قازی محەمەد وێنەی هەبوو، خەڵك بۆ ئەوە خۆشیان دەویست، شاعیری سەردەمی كۆماری مەهاباد بووە، ئەمانە ڕۆڵیان هەبووە كە خەڵك بەشێوەی نۆستالۆجیانە بیر لە هێمن بكاتەوە".


جیا لەوەش فەرهاد شاكەلی پێیوایە سیاسەتیش لەو گەورەبوونەدا ڕڵی هەبووو:" جگە لەوەش زمانی هێمن زمانێكی جوانە، بەڵام دیسان سیاسەت لەو بوارەدا نەخشێكی گرنگی هەبوو، هێمن سیاسەتی دەكرد كاتێك كە دیوانی " تاریك‌و ڕوون"ی بڵاوكردەوە، خوا لێخۆشبوو دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملو پێشەكی بۆ نووسی، دیارە هەزاران كەس دەبنە عاشقی هێمن‌و شیعری هێمن، بێئەوەی بەشێكیان هیچیش لە شیعر بزانن، بەڵام كاتێك نێوانی هێمن لەگەڵ حیزبی دیموكرات تێكچوو، هەر قاسملو بوو دەیووت :" هێمن جاشەو ئەوەتا لە ورمێ دانیشتووە"، هەر حیزبەكەی خۆی ماوەیەك خستیانە زیندانەوەو پێیانوابوو خائینە".


بەلای فەرهاد شاكەلییەوە دیسان مەرگ‌و غوربەتیش نەخشیان لە گەورەبوونی هێمن موكریانیدا هەبووەو دەڵێت:"مەرگ لە ناساندنی مام هێمندا ڕۆڵی هەبوو، چونكە ئەو نۆستالۆجیای كۆماری مەهاباد بوو، لە لایەكیترەوە لە غوربەتدا ژیاوە، ساڵانێكی دورو درێژ لە باشووری كودستان ژیاوە، ئەوەش وایكردووە خەڵك بە چاوی بەزەیی‌و خۆشەویستییەوە سەیری مامۆستا هێمن بكەن، من ساڵی 1985 لە ورمێ مامۆستا هێمنم بینییەوە ئەوكاتە گۆڤاری " سروە"ی دەردەكرد، ساڵێك دوای ئەوە وەفاتی كرد، شاعیرو سیاسەتمەدر هەر وان، تا لە ژیاندان خەڵك بەربەرەكانێیان دەكات، خەڵك ڕقی لێیانە، بەڵام كە مرد خەڵك بۆچوونی دەگۆڕێت بەرانبەریان، جا مردنی مامۆستا هێمنیش هەروابوو".

هەر سەبارەت بە ڕۆڵی مەرگ لە گەورەبوون‌و ناوداربوونی هێمن موكریانی دا، فەرهاد شاكەلی باسلە هەڵوێستی جیاوازی حیزبی دیموكراتی ئێران لە كاتی ژیان‌و لە پاش مردنی ئەو دەكات‌و دەڵێت:" هەتا لە ژیاندا بوو، بەتایبەت ئەوكاتەی وازی لە حیزبی دیموكرات هێنابوو، حیزبی دیموكرات هەزار قسەی ناشیرینیان پێدەوت، چونكە مام هێمن‌و چوار كەسیتر لە حیزبی دیموكرات جیا بوو بوونەوە، خۆم لە بیرمە دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملو هاتبووە سوید كۆڕێكی هەبوو، من پرسیارێكم كرد، بەڵام خۆم ڕاستەوخۆ پرسیارەكەم لە قاسملو نەكرد، چونكە من ناسیاویم هەبوو لەگەڵیدا، پرسیارەكەم دا بە برادەرێكم، وتم تۆ ئەم پرسیارەی لێبكە، بڵێ ئێستا مام هێمن لەكوێیەو چی دەكات؟


بەداخەوە دكتۆر قاسملو وەڵامێكی زۆر ناشیرینی دایەوە، وتی هێمن جاشە، ئەوەتا لە ورمێ دانیشتووە"، دواتر حیزبی دیموكرات نكوڵی ئەوەیان دەكرد كەوایان وتبێت، وتم تەسجیلەكە بێنن خۆ تێیدایە ئەگەر دەستكاریتان نەكردبێت، نەك هەر من زیاد لە سەد كەس دانیشتبوون كە قاسملو ئەو قسەیەی كرد، مەبەستم ئەوەیە تا لە ژیاندا بوو ئاوا بوو، هەر ئەو حیزبی دیموكراتەی كە ئەو هەمو جنێوەی پێدەدا دوای مردنەكەی ئێستا بە شاعیری خۆی دەزانێتەوەو شانازی پێوە دەكات، مەبەستم ئەوەیە مردن وا دەكات بەربەرەكانێی خەڵك لەگەڵ ئەوكەسەدا نەمێنێت".